بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان بەبیستنی هەواڵی ناخهەژێنی ئاگركەوتنەوە لە باڵاخانەیەكی نیشتەجێبوون لە شاری سۆران زۆر خەمبار بووم، كە بەداخەوە لەو ڕووداوەدا ژمارەیەك هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. پرسە و سەرخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری قوربانیانی ئەو كارەساتە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لەخودای گەورە داواکارم ڕۆحی قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامی بە خانەوادەکانیان ببەخشێت و شیفای خێراش بە برینداران بدات. انا للە و انا الیه راجعون مسعود بارزانی8ی کانوونی یەکەمی 2023
ئەمشەو هەینی 12/8 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بۆ بەدواداچوونی ڕووداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوەی باڵاخانەیەک لە سۆران ، لە ڕێی تەلەفۆنەوە، پەیوەندیی بە هەڵگورد نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە کرد.سەرۆکی حکومەت وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ڕاسپارد کە هەرچی پێویستە بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ڕووداوەکە بکەن .سەرۆکی حکومەت هەروەها ڕایسپاردن لێکۆڵینەوە ی ورد و جیددی لەبارەی هۆکاری ڕوودانی ئەو کارەساتە بکەن ، بەدواداچوونیش بۆ ڕێکارەکانی سەلامەتیی لە باڵاخانە و شوێنە گشتیی و تایبەتەکان بکرێت .
ئێوارەی ڕۆژی هەینی 8-12-2023، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی لە شاری هەولێر کردە ئامانج. ئەم هێرشە تەنها زیانی ماددیی لێ کەوتەوە.وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە لە دژی هاووڵاتییانی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی عێراق بە بەرپرسیار دەزانین لە ڕاگرتنی ئەم هەوڵانەی گرووپە لەیاسادەرچووەکان.
لە هەولێر درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8ی کانوونی یەکەمی 2023، کاتژمێر 18:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.
باڵیۆزخانەی چین لە عێراق رایدەگەیەنێت: کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، هەر هاووڵاتییەکی عێراقی کە خاوەنی پاسپۆرت بێ و بیەوێ سەردانی وڵاتەکە بکات، نرخی ڤیزای بۆ کەمدەکرێتەوە. ئەمڕۆ هەینی 2023/12/8 لە بەیاننامەکەیدا باڵیۆزخانەی چین لە عێراق رایگەیاند: بە مەبەستی ئاسانکاریی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سەردانیکردنی خەڵکی بیانی بۆ وڵاتی چین، باڵیۆزخانەی چین لە عێراق کرێی ڤیزای تاوەکو کۆتایی ساڵ کەمکردەوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت: بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر بارەگاکەیان لە بەغدا. ئەمڕۆ هەینی 2023/12/8 ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، "لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکانەوە بە مووشەک هێرشکرایە سەر بارەگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و زیان بە باڵەخانەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتووە." ئەرشەد حاکم جەختی کردەوە کە دەزگاکەیان بەدواداچوون دەکات بۆ ئەم کردەوە تاوانکارییە. ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ ھەینی به مووشهک هێشكرایه سهر باڵیۆزخانهی ئهمهریكا له شاری بهغدا.
محهممهد شوكری، سهرۆكی دهستهی وهبهرهێنانی ههرێمی كوردستان رایگەیاند، سهقامگیری دۆخی سیاسی و فره كولتووری و دیموكراسیی و ئاسایش، لە هۆکارە هاندەرەکانن بۆ راكێشانی وهبهرهێنهران بۆ ههرێمی كوردستان. سهرۆكی دهستهی وهبهرهێنان راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیكهی 200 كۆمپانیای بهریتانی لەکۆی زیاتر لە 3500 كۆمپانیای دیكهی جیهانی له ههرێمی كوردستان هەن و رێگەیان پێدراوە له بوارهكانی خوێندن، خۆراك، گواستنهوه، چاودێری تهندروستی، كهرتی پیشهسازی، كهرتی نهوت و غاز كاربکەن، هەبوونی ئهو ژماره زۆرەی كۆمپانیای بهریتانی له ههرێمی كوردستان، بەهۆی بههێزی پهیوهندییه ئابوورییهكانە لهگهڵ ئهو وڵاته کە ساڵانێکە هەیانە. محهممهد شوكری باسی لەوەش کرد، ههوڵهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان لەسەر ئهنجامدانی پرۆژهكانی ژێرخانی ئابووری بنهڕهتیین، لەوانەش وزه، بهنداوهكان، هێڵی شهمهندهفهر، باشتركردنی خزمهتگوزارییهكانی گشتی، رێگاوبانی خێرا و تهكنهلۆژیا، هەرێمی کوردستان زۆر کارگەی گەورە و مۆدێرنی دامەزراندووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/7 ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئێوارەخوانێکی تایبەتدا بەبۆنەی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵ، پێشوازی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا، پیرۆزبایی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵی لێ کردن و هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و سەرکەوتنی بۆ خواستن.سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و نیگەرانی و خەمگینی خۆی بۆ گیان لەدەستدانی قوربانییانی سڤیل دەربڕی و جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوازێکی ئاشتییانە کردەوە.هەروەها داوای کرد کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێن. لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا، سەرۆکی حکومەت باسی لە ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیانی خەڵک کرد و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاریکاریى کۆمەڵگەی نيودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کرد.
پەرلەمانی دانیمارک بڕیایدا سووتاندنی قورئان قەدەغە بکات. ئەمڕۆ پێنج شەمە 07.12.2023 پەرلەمانی دانیمارک کۆبووەوە و پرۆژە یاسای قەدەغەکردنی سووتاندنی قورئانی پەسەند کرد. بەپێی ئەو یاسایە، لەمەودوا هیچ کەسێک بۆی نییە قورئان بسووتێنێت و ئەگەر ئەو کارە بکات، دەدرێتە دادگا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/7، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاولا گانلی، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی. سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی ئوسترالیای کرد بۆ هەوڵ و کارکردنی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیى دوولایەنە، هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست. باڵیۆزی ئوسترالیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی وەبەرهێنان و بازرگانیدا دەربڕی.لە تەوەرێکی کۆبوونەوەكهدا، دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و جەخت لە پێویستیی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا بۆ ئەوەی چیتر ستەمیان لێ نەکرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت. 1 2 3 4 5
رۆژی پێنجشەممە 07-12-2023 ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە شاری کەرکووک رایگەیاند، "رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە تەواو بووە و بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت". لەبارەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵیش، ئومێد سەباح گوتی، "مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نامەیەکی فەرمی بۆ محەممەد شیاع سوودانی ناردووە و ئەو بابەتەش ئێستا بووەتە بابەتێکی ستراتیژی و گرنگ و خاڵی یەکەمی گفتوگۆکانمانە". لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی، "گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی گشتگیرن لەسەر بودجە، نەوت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بەرەو ئاراستەی باش دەڕۆن و لەگەڵ ئەم حکومەتە دەرگای باش بۆ گفتوگۆکردن کراوەتەوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک بگەڕێنەوە بەغدا بۆ باسکردنی ئەو مەلەفانەی کە هەیە".
کەشناسی هەرێم، پێشبینی کەشوهەوای 24 کاتژمێری داهاتووی ڕاگەیاند. ئەمڕۆ پێنجشەممە 7/12/2023 بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش هەوری تەواو دەبێت. سەبارەت بە کەشی سبەینێ هەینی ئاماژە بەوە کراوە، ئاسمان بە گشتی نیمچەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : ٢١ پلەى سیلیزى سلێمانی : ٢١ پلەى سیلیزى دهۆک : ١٨ پلەى سیلیزى کەرکووک : ٢٢ پلەى سیلیزى هەڵەبجە : ٢٠ پلەى سیلیزى زاخۆ : ١٨ پلەى سیلیزى گەرمیان : ٢٤ پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: ١٣ پلەى سیلیزى سۆران : ١٨ پلەى سیلیزى