کارەبای هەرێم: لە ماوەیەکی نزیکدا بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی كوردستان ئاسایی دەبێتەوە. كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان رایگەیاند: دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند كە بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆڕمۆر دەستی پێ کردۆتەوە، وەزارەتی کارەبا لە چاوەڕوانی هەناردەکردنی غازی سروشتییە بۆ وێستگەکانی غازی کارەبا. راشیگەیاند: لە ماوەیەکی نزیکدا یەکە غازییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ئیشی پێ دەکرێتەوە و بەمەش بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی كوردستان ئاسایی دەبێتەوە. ئەمەش لەكاتێكدایە، سەرلەئێوارەی رۆژی هەینی رابردوو بە درۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنووری شارۆچكەی چەمچەماڵ، هێرشەكە ببووە هۆی راوەستانی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەكە و هەروەها نەگەیشتنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا.
ئەمڕۆ سێشەممە 4/30 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن و بەشداربوونی هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردندا.سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە ، کە پشتیوانیی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و یاسایی و دادپەروەرانە دەکەینەوە کە جێی متمانە بێت و لە ژێر چاودێری و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت و گەرەنتی پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات.دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و ناردنی مووچە و شایستە داراییەکان و بەردەوامبوونی هاریکاری و پشتیوانیکردنی پێشمەرگە، چەند بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
کات و شوێنى ئەو ناوچانە بڵاوکرایەوە کە بە گوێرەی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان باران و هەورەتریشقەی بەهێز دەیانگرێتەوە. ژوورى ئۆپراسیۆن و بەڕێوەبردنى قەیران و کارەسات لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەگوێرەى پێشبینییەکانى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسى و بومەلەرزەزانیى هەرێمى کوردستان، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەتریشقەی بەهێز بەڕێوەیە، پێویستە هاونیشتمانییان ئاگاداربن بەمەبەستی خۆپارێزی و گرتنەبەری رێکاری پێویست. بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە پارێزگاى هەولێر لە کاتژمێر 1ـى نیوەشەوی 3ـی ئایار تاوەکو کاتژمێر 11ـى شەوی هەمان رۆژ، باراندەبارێت و ئاستى دابارینى پێشبینیکراو 20 بۆ 25 ملیمەترە، لە سلێمانی ئاستى دابارینى پێشبینیکراو 30 بۆ 40 ملیمەترە، لە دهۆک ئاستى دابارینى پێشبینیکراو 25 بۆ 35 ملیمەترە، لە هەڵەبجە 35 بۆ 40، لە گەرمیان و راپەڕین ئاستى دابارینى پێشبینیکراو 40 بۆ 50، لە زاخۆ 25 بۆ 35 و لە سۆران ئاستى دابارینى پێشبینیکراو 25 بۆ 30 ملیمەترە. هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ژوورى ئۆپراسیۆن و بەڕێوەبردنى قەیران و کارەسات کە پشتی بە پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بەستووە، رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە بڕی دابارین بەراورد بە رۆژی هەینی کەمترە.
بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتىی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانى هەرێمی کوردستان کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە. بە گوێرەی پێشبینییەکان، لە ئەم شەوەوە نمە باران دەست پێ دەکات و لە سبەی دوای نیوەڕۆشەوە باران و هەورە بروسکە چەند ناوچەیەک دەگرێتەوە. کەشناسیی عێراقیش ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە باران و خۆڵبارین عێراق دەگرێتەوە. هەروەها سەبارەت سبەیینێ سێشەممە، پێشبینی دەکرێت، ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو بگۆڕێت لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵێکی کەم لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان، بەڵام لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ تاوە باران و بروسکە سەرەتا ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی دەگرێتەوە و دواتر بارانی پچڕ پچڕ دەبێتە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
ماوەی دوو رۆژە نرخی دۆلار بەردەوامە لە دابەزین و لە ئێستاشدا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٤٤ هەزار و ٩٠٠ دینارە. ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەی دوو ساڵە نرخی دۆلار بەمشێوەیە دانەبەزیوە.
باڵیۆزخانەی هیندستان لە عێراق ڕایدەگەیێنێت، 60 کۆمپانیای هیندی بۆ وەبەرهێنان دێنە هەرێمی کوردستان. پراشانت پیسێ، باڵیۆزی هیندستان ڕایگەیاند: "60 کۆمپانیای هیندی بۆ وەبەرهێنان دێنە هەرێمی کوردستان، هەروەها لە بوارە جیاوازەکانی خوێندندا 50 قوتابی هەرێمی کوردستان دەنێرن بۆ هیندستان.” ڕاشیگەیاند، “هیندستان بە پەرۆشە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان". باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێدانی ڤیزای هیندستان بۆ خاوەنکاران ماوەی سێ ڕۆژی پێدەچێت، بەڵام ڤیزای قوتابیان لە ماوەی یەک ڕۆژدا بەردەست دەبێت.
ئەمرۆ یەکشەممە 28/4/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 145,800 دینار لەبازارەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش لەکاتێکدایە لەماوەی 10 مانگی ڕابردوو یەکەمجارە نرخی دۆلار بۆ ئەو ئاستە دابەزێت.
لە 24 کاتژمێری داهاتوو شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە چەند ناوچەیەک مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە. هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "لە ڕۆژانی 29 و 30ی5ی2024، کەشوهەوایەکی ناسەقامگیر و ناجێگیر ڕوو لە بەشێکی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات ئەگەری تاوەبارانی بەهاری و هەورەبرووسکە، بەشێوەیەکی هەڕەمەکی هەیە، بەڵام مەرج نییە هەموو ناوچەکان بارانبارین و هەورەبرووسکە بیانگرێتەوە." ئاماژەشی بەوە داوە: "لە ڕۆژی چوارشەممە 1/5/2024، بەهۆی کاریگەری هەردوو نزمە پەستانی ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای سوور شەپۆلێکی بارانبارینی مامناوەند بۆ بارانی بەخوڕ و بەلێزمە سەرتاسەری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە زۆربەی ناوچەکانی (هەولێر، دهۆک، موسڵ، کەرکووک، گەرمیان، سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران، زاخۆ، شەمامک، گوێڕ، قەراج و کەندیناوە، مەخموور و سەرگەڕان) ئەگەری بارانبارینی زۆر باش هەیە." ڕوونیشی کردووەتەوە کە چەقی بارانبارینەکە دەکەوێتە رۆژانی 1 و 2 و 3ی مانگ واتا ڕۆژانی چوارشەممە، پێنج شەممە و هەینی ئەگەر هەیە لەم ڕۆژانە زۆرترین بڕی بارانبارین ببارێت. ئەوەشی خستووەتە روو: "بەهۆی کاریگەری شەپۆلەکەی دەریای سوور و هاتنی سێ مەداری لە باکووری ئەفریقا و لە ناوچەکانی کەنداوی عەرەبی پێشبینی دەکرێت بڕی بارانبارین لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان 100ملم تێپەڕ بکات بە تایبەت ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک، گەرمیان، سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕین، شوێن بۆ شوێنیش دەگۆڕێت لە ڕووی بڕی بارانبارینەوە، ناوچەکانی باکووری هەرێمی کوردستان بە تایبەت سنووری پارێزگای دهۆک و موسڵ ئەگەر هەیە لە سەرووی 60ملم باران ببارێت." ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی راشیگەیاندووە: "لە زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بەهێزی شەپۆلەکە زۆری شێ ڕێژەیی لەهەودا ئەگەری دروستبوونی هەوری کەڵەکەبووی زەبەلاحی ڕەش کە بە هەوری (سوپەرسێڵ) ناسراوە هەیە، کە ئەم هەورە زۆرترین بڕی باران دەبارێنێت و ئەگەری بارینی تەرزەش کراوە دەبێت لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان."
بەپێی ڕۆژژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە، 01ـی ئایار بەبۆنەی ڕۆژی کرێکارانەوە لەسەرجەم دامودەزگەکان پشووی فەرمی دەبێت.
ئەلینا رۆمانۆوسکی: بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان دەکەین. ڕۆژی هەینی 26ـی 4ی 2024 ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند: بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین ئەمشەو کرایە سەر ژیرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی کارمەندانی شوێنەکە. ئەلینا رۆمانۆوسکی وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانییانی هێرشەکە، داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە لێکۆڵینەوەی تەواو لە ڕووداوەکە بکەن و بکەرانی ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە. هەروەها باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ بەردوامی لە کارکردن لەگەڵ هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پاڵپشتیکردن لە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری عێراق.
بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم. سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو چوار هاووڵاتییە سڤیلە دەکەم کە گیانیان لەدەستدا، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم. وەزارەتی تەندروستیم ڕاسپاردووە کە هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بکات.داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەم کە بە شێوەیەکی جیددی لێکۆڵینەوە بکات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بکات و دڵنیایی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات. بەپێی زانیاریی سەرەتایی، ئەم هێرشانە لە ناوچەیەکی نزیک لەناو خاکی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن. چاوەڕوانی ڕێکاری خێرا دەکەین لە بەغدا بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات ئەم جۆرە هێرشانە ببنە مایەی هەڕەشە بۆ ئێمە. دەبێت کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەکدارییە نایاساییانە بکات کە زیان بە هەموومان دەگەیەنن.هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی وزە کە کارەبا دەدەنە ملیۆنان ماڵ لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. هەروەها هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ پەرەپێدانی سێکتەری وزە تێکدەدات. ئەم هێرشانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و بە تاوانی جەنگ دادەنرێن.ئامادەین لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بکەین بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت.
بەیاننامەیەک لەحکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لەماوەی ڕابردوو هەوڵی باش دراوە بۆ باشتر کردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، و لە کاتێکدا کە هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکرێن، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆرییان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووەو کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو. ئەم هێرشە دووبارانە پێویستە ڕابگیرێن و داوای هەماهەنگی و هاوکاری بەپەلە دەکەین لە دەزگا پەیوەندیدارەکانیحکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوەو ڕادەستی یاسا بکرێن و ڕێگری یەکجاری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە. داواکارین لە خودای گەورە کە جێگای شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش شیفایان بۆ بێت. پێشەوا هەورامانیوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان