Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13729 بابەت
هەواڵ
05-05-2024

مەسرور بارزانی:ڕووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە و بەسەر زۆربەیاندا زاڵ...

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5 ی ئایاری 2024، لە شاری هەولێر، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیداری خوێندنی باڵای ئۆردن-کوردستان لە لەژێر ناونیشانی (وێناکردنی ئایندە لەرێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) لە هەولێری پایتەخت دەستی پێ کرد. لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد وجەختی لەوە کردەوە کە پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامه‌زراوه‌ ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان و دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له‌ ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنه‌ یارمه‌تیده‌ری پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابووریمان. ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە: بە ناوی خوا گەورە و میهرەبانمیوانان و ئامادەبووانی بەڕێز زۆر بەخێر بێن بەخێرهاتنێکی گەرمی میوانانی بەڕێز، شاندی شانشینی هاشمی ئوردنی دەکەم بۆ هەرێمی کوردستان و سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم دیدارە گرنگە دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی دەخوازم . هیوادارم لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا، ئەنجام و ڕاسپاردەی گرنگ و بە سوود بخرێنە ڕوو هەروەها ئەم دیدارە، ببێتە مایەی پێشخستنی زیاتری خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان .ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی شانشینی ئوردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.خۆشحاڵین کە پەیوەندییەکی لەمێژینە و دۆستانەمان لەگەڵ شانشینی هاشمی ئوردنی بەڕێبەرایەتی خاوەن شکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم هەیە کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا، هاوکار و پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بووه. بەڕێزان: پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامه‌زراوه‌ ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان کە دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له‌ ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنه‌ یارمه‌تیده‌ری پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابووریمان. ڕاستە لە ساڵانی ڕابروودا، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بووینەوە و بەسەر زۆریشیاندا زاڵ بووین، بەڵام چەند کێشە و قەیرانەکانیشمان هەبێت، هەرگیز ساردمان ناکەنەوە لەوەی بایەخ و گرنگییەکی تەواو، بە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی خوێندن و زانکۆکانمان بدەین . پێویستە زانکۆکانمان، هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و لە ڕێگەی پلان و نەخشەڕێگەیەکی زانستییانەوە ، هاریکاريی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی درێژە بە بەرنامەی چاکسازیی هەمەلایەنەی خۆی بدات. ئێمە چاوەڕوانییەکی زۆرمان لە زانکۆکان هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەر و کارای خۆیان نەک تەنیا وەک مەڵبەندێکی زانستی فێرکاری و پێگەیاندنی نەوەکانمان بگێڕن، بەڵکوو دامەزراوەیەکی زیندووی ڕۆشنگەریی و بزوێنەری نوێخوازی و داهێنانيش بن . هەمیشە خوازیاری ئەوەین کە ئارامی و سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان بەگشتی هەبێت. لەم چوارچێوەیەشدا، هەمیشە هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە و کاری کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی ئەرێنی هەبێت لە دابينكردن وپاراستنی سەقامگیریدا ، چونکە تەنیا لە دۆخێکی سەقامگیردا، دەتوانین کار لە سەر پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان لە هەموو بوارەکاندا بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵات و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، کە ئێمە لە ڕووی سامانی مرۆیی و ماددییەوە، هیچمان لەو کۆمەڵگەیانە کەمتر نییە و تەنیا بارودۆخێکی ئارام و سەقامگیر و بەڕێوەبردنێکی ژیر و زانستی و داهێنەرانەمان پێویستە بۆ ئەوەی لە ئاست پێشکەوتنەکانی سەردەمدا بین. جارێكی دیكه بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکانمان دەکەم و ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارە و هیوای سەرکەوتننان بۆ دەخوازم. هەر شاد و سەرکەوتووبن .

هەواڵ
05-05-2024

نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی

ئەمرۆ یەکشەممە 5/5/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 145,600 دینار لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەکرا.

هەواڵ
05-05-2024

یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دیاری کرا

د. تەها ڕابح، سەرۆكی پەیمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی فەلەكناسی و جیۆفیزیكی لە میسر ڕایگەیاندووە، سەرەتای مانگی زیلقیعدەی ساڵی١٤٤٥ی كۆچی، لە ڕووی فەلەكییەوە هاوكات دەبێت لەگەڵ ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو (٩ی ئایاری ٢٠٢٤) و بەوەش مانگی زیلقیعدە ٢٩ڕۆژ دەبێت. ڕاشیگەیاندووە، هیلالی مانگی نوێ (زیلحیجە) بۆ ماوەی ٣١ خولەك دوای ڕۆژئاوابوون لە مەككە دەمێنێتەوە، هەروەها لە قاهیرە بۆ ماوەی ٣٨ خولەك، لە شارەكانی تری وڵاتانی عەرەبی، مانگی نوێ بۆ ماوەی نێوان ٣٢-٤٠ خولەك دەبینرێت. سەرۆكی پەیمانگەی نیشتمانی ڕوونیشی كردۆتەوە، پێویستە مسوڵمانان بزانن ڕۆژی وەستانی حاجییان لە عەرەفات لە ڕووی فەلەكییەوە ڕۆژی شەممە ١٥ـی حوزەیران ٩ی زیلحیجە) دەبێت و ڕۆژی یەك شەممە ١٦ی حوزەیران (١٠ی زیلحیجە) دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە ڕووی فەلەكییەوە.

هەواڵ
05-05-2024

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەسەردانێکی فەرمی دەچێتە كۆماری ئیسلامی ئێران.  پێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌ت به‌خۆیان له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بووك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەسەردانێکی فەرمی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 5ی5ی2024 ده‌گاته‌ تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران.  به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

هەواڵ
04-05-2024

مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێكى سێناتى ئه‌مه‌ريكى دەکات

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5/4 مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا كرد كه‌ له‌ سێناتۆر تێد بە‌د و سێناتۆر جۆنى ئێرنتس پێكهاتبوو.له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و مارک سترۆ کونسولی گشتی لە هەرێم ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی برەودان بە پەیوەنديی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و گرنگیی پاراستنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.شاندی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، پشتگیریی وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کرد، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی پێشمەرگەدا. جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و هەروەها ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووريی هەرێمی کوردستان کردەوە.تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و دادپەروەرانە، بە بەشداری هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کرایەوە.

هەواڵ
04-05-2024

وادەی ناردنی یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێم بۆ سعودییە ڕاگەیەنرا

وابڕیارە یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێم، لەرۆژی 28 و 29ی ئەم مانگە بەرەو وڵاتی سعودییە بەرێکەون. كاروان ستونى، وتەبێژی بە‌ڕێوە‌بەرایەتی گشتی حە‌ج‌ و عومرە‌ی هە‌رێم بە وه‌كاله‌ت رایگەیاند، “ئامادەكارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەردەوامی هەیە بۆ ئەوەی ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو ئەو كەسانەی كە ناوییان دەرچووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج رەوانەی سعودییە بكرێن، لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی 28ی ئە‌م مانگە‌ یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێم ده‌گه‌نه‌ سعودیه‌”. به‌ وته‌ى وتەبێژی بە‌ڕێوە‌بەرایەتی گشتی حە‌ج‌ و عومرە‌ی هە‌رێم، “لەدوای ناردنی یەكەم كاروانی حاجییان بە رێگای وشكانى کە ژمارەیان هەزار و 500 كەسە، لە رۆژی 29ی ئە‌م مانگە‌ش دووەم كاروانی حاجییان، كە ژمارەیان سێ هەزار و 185 كەسە لەڕێگەی ئاسمانییەوە دەچنە سعودیە، تاوه‌كو رۆژی 5ى حوزه‌یران سەرجەم حاجییانی هەرێم دەگەنە سعودییە به‌مه‌به‌ستى به‌جێهێنانى فه‌ریزه‌ى حه‌ج”. به‌پێى زانیارییه‌كانى بە‌ڕێوە‌بەرایەتی حە‌ج‌ و عومرە‌ی هە‌رێم تێچوی حەجی ئەمساڵ لەڕێگەی هێڵی ئاسمانیه‌وه‌ شەش ملیۆن ‌و 650 هەزار دینارە، لەڕێگەی وشكانیشەوە بڕی پێنج ملیۆن ‌و 300 هەزار دینارە تێچووه‌كه‌ى. هاوكات ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌مه‌به‌ستى به‌جێهێنانى فه‌ریزه‌ى حه‌ج روو له‌ سعودیه‌ ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، بریتییە لە چوار هەزار و 685 كه‌س.

هەواڵ
03-05-2024

بەرهەمهێنانەوەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی دەبێتەوە

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆمپانیای دانەغاز، ئاستی بەرهەمێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتووەتەوە سەروو ئاستی 500 ملیۆن پێ سێجا. کۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاند: ئێستا توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی دامەزراوەکە لە 500 ملیۆن پێ سێجا ستانداردی غاز و 1100 تۆن غازی شل و 15 هەزار بەرمیل گازی چڕ تێدەپەڕێت. کۆمپانیاکە دەڵێت: دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان لەسەر بنەمای ئەو ڕێوشوێنە چارەنووسسازانە دێت کە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتوویانەتەبەر لەسەر ئاستی ئەمنی و بەهێزکردنی بەرگرییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لە کێڵگەی کۆرمۆر. ئەمەش دوا ئەوەدێت، لەچەند رۆژی ڕابردوو بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بەرهەمهێنانی غاز لەو کێڵگەیە وەستا و بەو هۆیەشەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا وەستا.

هەواڵ
03-05-2024

چه‌ند ڕێنماییه‌ك له‌ به‌رگریی شارستانی هه‌ولێره‌وه‌ بۆ خۆپاراستن لە هە...

بەرگری شارستانی هەولێر چەند رێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لە کاتی روودانی هەورەبروسکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە شوێنەکراوەکان دوور بکەونەوە. رێنماییەکانی بەرگری شارستان ی هەولێر: ١_ باشترین پەناگە باڵەخانەکانن کە خاڵی کەرەوەی دژە بروسکە (مانع الصواعق )هەیبێت کەوا وەک وایەرێک لە بالەخانەکاندا دەبەسترێنەوە بە زەویەوە یان ناو بالەخانەکان لە شوێنە کراوەکان باشتر و لە بارترن . ٢_بەگشتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە سەریان کانزایان لەسەرە ، وەک ئۆتۆمبێل، پەناگەیەکی باشن،ئەوەش لەبەرئەوەی کارەبا بەدەوری کانزاکەدا دەڕوات، نەک لەبەرئەوەی ئۆتۆمبێلێک لەسەر تایەی لاستیک بێت. ٣_دوورکەوتنەوە لە پەناگەی پاس و کەپرەکان کەپێکهاتەکانی تر کەبۆ بەمەرجی خۆپارێزی و دژە بروسکە دروست نەکراون. ٤_ئاگاداربوون لە ڕەشەباو هەورە بروسکەکان پێش دەستپێکردن و دوای کۆتاییهاتنیان بەمەرجی بەرچاوگرتنی کارلێک کە دەبێتەهۆی زیانەکانیان بەدووبارە بوونەوەیان. ٥_ ئەگەر پەناگەت نەدۆزیەوە، لەسەر زەوی چەقۆ بکە واتا دانیشتن یان خۆ درێژکردن بکە نەک شێوەی بەرزبوونەوەو راوەستانتان. ٦_ دوور بکەوەرەوە لە شوێنە کراوەکان بەتاییەت ناوچە بەرزە شاخاویەکان و سەرباڵەخانەکان یان مەیدانە پان و بەرینەکان. ٧_دوور بکەونەوەلە تاوەرو شتە بەرزەکان و دارەکانی نزیک یان دارە تەرەکان. ٨_ئەگەر لە یاریگاکاندان پێویستە گوێ لە هەواڵ و هۆشدارییەکان بگرن هەرچی زووە ئەو شوێنانە چۆڵ بکەن . ٩_هەورو بروسکەکان بەگشتی دوو جار دووبارە دەبنەوە لە شوێن بەرکەوتەکان بۆیە زۆرێک لە مرۆڤەکان دووجار بەرکەوتە دەبن . ١٠_ وەرگرتنی زانیاری زیاترو خوێندنەوەی چیرۆکە مێژوویەکانی مرۆڤایەتی وەک لە دارەکانی لوتکەی و شاخەکاندا دەردەکەوێت کە بەهۆی چەندین لێدانەوە تەقێنراونەوە پارچە پارچە بوون بەڕوونی درکیان پێ دەکەن. ١١_ئاگاداربە تەنها لەبەر ئەوەی شوێنەکەت جارێک لێی دراوە، نابێتە هۆی ئەوەی کە سەلامەت بێت جارێکی تر لەو شوێنە دووبارە دەبێتەوە. ١٢_هەورەبروسکەکان ئاسمان رووناک دەکەنەوەو بەشێوەی تۆری جالجاڵوکەیی وێنای ئاسمان دابەش دەکەن بۆیە پێویستە بزانیت بەوەی مەرتسیەکان زۆر گەورەن و پێویستە بەگرنگ وەریان بگرن . ١٣_پێویستە لەناوچە شاخاویەکان بچنە ناو ئەشکەوت و شوێنە پارێزراوەکان تا کەش و هەوا دەگەرێتەوە دۆخی ئاسای خۆی. ١٤_دوورکەوتنەوە لەدەم ئاوو شوێنە تەرەکان چوونکە ئەو جوگرافیایانە زیاتر ئەگەری گریمانەی زیاتری بەرکەوتەیان لێ بەدی دەکرێت. بۆیە زۆر گرنگە هاولاتیان زۆر ئاگاداربن لە ئان و ساتی تێک چوونی کەش و هەوا بەجۆرێک دەبێت خۆیان بپارێزن لە مەترسیەکانی بەرکەوتەی بروسکەی هەورەکان کە زۆر مەترسیدارن لەکاتی گوێ بیستی هەورەکان دەبن، دەکرێت مرۆڤەکان لەوپەری دڵنیایدا خۆیان پەنا بدەن بۆ مەرجی مانەوەیان لە ژیان کە کاری ئێمەی بەرگری شارستانیە هەمیشە بەزانیاریەکان بە هاوڵاتیان ببەخشین تاکو بەشداربن هۆشیاریەکانی خۆپارێزی و مەرجەکانی سەلامەتی بەرادەیەک زانراون بن بەلایانەوە بۆئەوەی دانەبرێن بەزانستەکانی بەرگری شارستانی و تەواوی مەترسیەکان بم هەنگاوانەش بەشداردەبن لە بەرجەستە کردنی دڵنیایی دان و سەلامەتی و خۆپارێزیدا. بە ئومێدی سەلامەتی گشتی بۆ هاونیشتمانیانمان Erbil Civil Defence بەرگرى شارستانى هەولێر

هەواڵ
02-05-2024

مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری کارەبای فیدراڵ دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/2 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای فیدراڵ کرد. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کار و پرۆژە و چاکسازییەکانی کەرتی کارەبا و پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا کرا.سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە هێرشە تیرۆریستییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد و دووپاتی کردەوە کە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابووریى هەرێمی کوردستان، زیانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق هەیە و پێویستە کۆتایی بەو پەلامارانە بهێنرێت و ڕێگەی لێ بگیرێت. سەرۆکی حکومەت هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاریکاری و هاوئاهەنگییەکی پێویست لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەربڕی لە پێناو پەرەپێدانی ژێرخانی وزە، کە پێویستە ئەنجامدانی هەر کار و پرۆژەیەکیش تەنیا لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت. وەزیری کارەبای عێراق، ستایشی هاوئاهەنگی و پەیوەنديی باشی نێوان هەردوو وەزارەتی فیدراڵ و هەرێمی کرد، بە ئاراستەی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان کە ئامانجی هاوبەشی هەردوولایە.

هەواڵ
02-05-2024

کەشناسی وادەی هاتنی شەپۆڵێکی بارانبارینی بەلێزمە ئاشکرا دەکات

کەشناسی: لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە لێزمە باران و هەورەبرووسکەیە و سبەیش هەینی بەردەوام دەبێت. رۆژی پێنجشەممە، 02-05-2024، بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ زۆربەى کاتەکان ئاسمان هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ تاوە باران و هەورە برووسکە، لە دوانیوەڕۆوە کاریگەریی بەهێز دەبێت بۆ لێزمە باران لە زۆربەی ناوچەکان.  سەبارەت کەشوهەوای سبەی هەینی کەشناسی ڕایگەیاند، سبەی هەینی ئاسمان هەورى تەواو دەبێت، بارینی لێزمە باران و برووسکەی ناوبەناو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و پلەی گەرما 2 بۆ 4 پلە نزم دەبێتەوە. 

هەواڵ
02-05-2024

حکومەتی هەرێم بڕیارێكی گرنگ لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەدات

حکومەتی هەرێم، لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و هاوبەشانی ئاودا، گۆڕانكاری لە چۆنیەتیی لێخۆشبوونی 20%ی قەرزی ئاو كراوە. ئاری ئەحمه‌د، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: "لە لێخۆشبوونی قەرزی ئاودا گۆڕانكارییەك كراوە، پێشتر كە لێخۆشبوون دەكرا، پێویست بوو هاووڵاتی ئەو قەرزەی لەسەری بوو، هەمووی بە یەك جار بداتەوە، بەڵام ئێستا بەپێی توانای هاووڵاتییەكەیە، بۆ نموونە، كەسەكە یەك ملیۆن قەرزارە، بەڵام 250 هەزار دینار دەدات، ئەوا 20% لەو بڕە لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت." ئاماژەی بەوەش دا: "كەسێك 200 هەزار دینار قەرزار بێت و توانای 100 هەزاری هەبێت، ئەوكاتە 80 هەزار دینار دەدات و 100 هەزار دینارەكەی دیكەشی لەسەر دەمێنێتەوە." ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی جەختی كردەوە، دوابه‌دوای داواكارییه‌كی زۆری هاووڵاتیان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئاو، بۆ رێكخستنی چۆنیەتیی لێخۆشبوون، بڕیار درا هه‌ر بڕێك بگرێته‌وه،‌ كه‌ هاووڵاتیان ده‌توانن له‌ كۆی گشتیی قه‌رزه‌كانیان بیده‌نه‌وه‌، گوتیشی: "هه‌ر هاوبه‌شێك توانای هه‌بوو هه‌ر رێژه‌یه‌ك له‌ قه‌رز بگێڕێته‌وه‌، ده‌تواندرێت بۆ ئه‌م رێژه‌یه‌ داشكاندن بكرێت و هیچ كێشەیەك نییە، فشاریش نییە و هاووڵاتیان سەرپشكن." ئاری ئەحمەد روونیشی كردەوە، ئەوەی قەرزی ئاوی هەیە، بۆ سوودمەند بوون لە بڕیارە تازەکە، دەبێت سەردانی فەرمانگەکانی ئاو بکەن.

هەواڵ
01-05-2024

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، پیرۆزبایی لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. ئەرک و ماندووبوون و ڕۆڵی دیاری كرێكارانی كوردستان لە ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی ئابووریی کوردستاندا بەرز دەنرخێنم.لەم بۆنەیەدا، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو باشترکردنی ژیانی کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان، لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی و دابینکردنی مافە یاساییەکانیان دووپات دەکەینەوە.ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پیرۆز بێت و هیوای ژیانێکی شایستە و باشتریان بۆ دەخوازم.مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 

1 2 ... 206 207 208 ... 1144 1145