لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا. دوای تەواو کردنی سەرجەم ڕێکارەکان ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٤/٦/٢٧ لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشارستانی و سەربازیەوە ئامادەکراو ڕەوانەی بەغداد کرا. سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٩ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ، سەرجەم لیستەکان لەلایەن تیمی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کرا. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری. ٢٠٢٤/٦/٢٩
تیمی هەژماری من ڕایدەگەیەنێت، لە دوای وەرگرتنەوەی کارتی بانکی لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری من، چەند خاڵێك هەیە نابێت فەرمانبەران و مووچەخۆران لەیادی بكەن بۆ پاراستنی خۆیان و هەژمارە بانکییەكەیان. تیمی هەژماری من لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە کاتی بوونی هەر نا دڵنیاییەک یا پرسیارێک، دەتوانیت پێوەندیی بە ڕاژەی بەشداربووانی بانکەکەی خۆتەوە بکەیت یا پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی هەژماری من بکەیت لە ڕێی ژمارە تەلەفۆنی 1991ەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە دەرەوەدا ئاگاداری خۆتبە لە كاتی مامەڵەكردن بە ئامێری پارە راكێشانەكە و كارەتەكەت و كلیل پادەكە بشارەوە لە چاوی خەڵكی تر، لەبیریشت نەچێت كە كارتەكەت لە ئامێرەكە وەربگریتەوە، كە مامەڵەكەت جێبەجێ بوو. تیمی هەژماری من رێنوێنی داوە لە كاتی ونكردن یا دزرانی كارتی مووچەخۆردا، ئەوا مووچەخۆر دەبێت دەستبەجێ بانكەكەی ئاگادار بكاتەوە و پەیوەندی بە بانكەكەیەوە بكات بێ دواكەوتن بۆ رێگریكردن لەوەی مامەڵە بەكارتەكەیەوە بكرێت. بەهۆی ئەوەی لە رێگەی كارتی بانكی هەژماری منەوە چەندان خزمەتگوزاری بانكیی بەردەستن و یەكێكیش لەوان كڕینی ئۆنلاینە، تیمی هەژماری من ئامۆژگاری مووچەخۆر دەكات، “لە كاتی بازاڕكردنی ئۆنلایندا تەنیا لە ماڵپەڕە باوەڕپێكراوەكان كارتەكەی بەكاربهێنێت، چونكە ئەو ماڵپەڕە باوەڕپێكراوانە داوای زانیاری ناپێویست ناكەن لەسەر كارتەكەت، كە ببێتە هۆی ئەوەی پارێزراو نەمێنێت”. تیمی هەژماری من ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستە هەردەم كارتە بانكییەكە “دێبیت كارت” لە شوێنێكی پارێزراودا هەڵبگیرێت و دووربێت لە شوێنی بەرچاو.
مەسرور بارزانی بۆ کردنەوەی پرۆژەیەکی گرنگ، سەردانی هەڵەبجە دەكاتەوە. ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕۆژی یەك شەممە شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی پارێزگاكە دەكاتەوە. ڕاشیگەیاند، “سەردانەكەی سەرۆك وەزیران بە مەبەستی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجە دەبێت، كە تێچووەكەی نزیكەی 25 ملیار دینارە”. وتیشی، “سەرۆكی حكومەت لە كاتژمێر ١٠ لە هەڵەبجە ئامادە دەبێت تا کاتژمێر دوو، دواتر كۆتایی بە سەردانەكەی دەهێنێت و دەگەڕێتەوە هەولێر”. پێشتریش لە 22-02-2024 مەسرور بارزانی سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كردبوو، جگە لە دانانی بەردی بناغەی پردی تووەقوت، پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەڵەبجەشی ڕاگەیاند.
کەشناسی هەرێم رەوشی کەشوهەوای دوو رۆژی بڵاوکردەوە. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە ئەمڕۆ هەینی و سبەی شەممە كەشوهەوای ناوچەكانی هەرێمی كوردستان تۆز و خۆڵاوی دەبێت و بەهۆیەوە پلەكانی گەرماش بەرز دەبنەوە. كەشناسی سەبارەت بە كەشوهەوای ئەمڕۆ هەینی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک لە شارەکانى هەرێم، بەڵام لە باشووری هەرێم ڕێژەى تۆزەکە زیاتر دەبێت، هەروەها پلەكانی گەرماش بە شێوەیەکى گشتى کەمێک بەرزتر دەبێتەوە بە ڕێژەى (1-2) پلە لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ پێنجشەممە. بۆ كەشوهەوای سبەی شەممەش، كەشناسی رایگەیاند: ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بەردەوامبوونی تۆزێکی سووک بە گشتى لە شارەکانى هەرێمی كوردستان، هەروەها ڕیژەکەى تۆزەکە زیاتردەبێت لە باشوورى هەرێم بە تایبەتى شارى کەرکووک و ڕۆژئاواى شارى کەرکووك. هەروەها رایگەیاند كە پلەکانی گەرماش بۆ سبەی شەممە نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ هەینی. كەشناسی ئاماژەی بەوەش دا كە خێرایی با لەو دوو رۆژەدا مامناوەند دەبێت ئاراستەكەشی باکوورى ڕۆژئاوا . ئەمەی خوارەوە پلەكانی گەرمای پێشبینیكراوی شارەكانی هەرێمی كوردستانە:- هەولێر : 43 سلێمانی : 40 دهۆک : 39 کەرکووک : 44 هەڵەبجە : 40 زاخۆ : 40 سۆران : 40 حاجی ئۆمەران : 26 گەرمیان : 46
کونسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا، لە هەولێر پێشوازیی لە ڕاگەیاندنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە 20ـی ئۆکتۆبەری داهاتوو. کونسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئاماژە بەوە دەکات، فەرەنسا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات. چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 کە تێیدا هاتووە: پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیارماندا بە: یەکەم: دیاریکردنی ڕۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق. دووەم: گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە. سێیەم:ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێ بەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، وادەیە نوێیەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوای هەڵسەنگاندنێکی تەواوی پێداویستییەکانی هەڵبژاردن، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و گوێ گرتن لە بیروبۆچوونەکان دیاری کراوە.
ئەمرۆ پێنجشەممە 27/6/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 146,850 دینار لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش لەکاتێکدایە لە دوو رۆژی ڕابردوو نرخی 100 دۆلارد بۆ 148,000 دینار بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژی 20-10-2024، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا، پێشوازییەکی فراوانی لێکراوە. لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، بەبۆنەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، دەستخۆشی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەم، پاڵپشتی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دوور لە دەستێوەردان دەکەین. سەرۆک بارزانی دەڵێت، خوازیارین لایەنە سیاسییەکان بە ڕەچاوکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسیارێتییەوە هاوکار بن بۆ سەرخستنی پرۆسەیەکی دیموکراسییانە و پاراستنی سەقامگیری و پێکەوەژیان.
پاش نیوەڕۆی ئهمڕۆ چوارشەممە 6/26 مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له ئەنجومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد. شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجەکانی دروستبوونی ئەنجومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە و هەروەها ژمارەیەک داواکاییان لە پێناو باشتر خزمەتکردنی خەڵکی پارێزگاری هەڵەبجە خستەڕوو ، کە یەکێک لە سەرەکیترین داواکارییەکانیان ، تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بوو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە. ئاماژەشیان بەوە دا کە کاتی خۆی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی ، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی دا کە مایەی پێزانینە.شاندەکە سوپاسی سەرۆکی حکومەتیشیان کرد کە لە دوا سەردانیدا بۆ هەڵەبجە، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دەرکرد .سهرۆكی حکومەت دووپاتی کردەوە کە خزمەتکردنی هەموو کوردستان و بەتایبەتیش هەڵەبجە وەک سیمبولی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین و هەرچی لە تواناماندا بێت، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هەڵەبجە دەیکەین. سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، وەکوو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە دەکات و لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە پەیوەندی بەردەوامدایە تا ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکەن کە مافێکی ڕەوای خەڵکی هەڵەبجەیە.
جەماوەرى خۆشەویستى کوردستان لە ساڵى ٢٠٢٢ پارتیمان زۆر هەوڵى دا کە پێش تەواوبوونى وادەى یاسایى پەرلەمانى کوردستان ڕێکارەکانى پێویست بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەست پێبکرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر ئاستەنگ دروستکران، کە ئەو ئاستەنگانە بە زیانى پرۆسەى سیاسى و یاسایى بۆ هەرێمى کوردستان شکانەوە و رەنگدانەوەى خراپیانبەرامبەر دەسەڵات و مافەکانى هەرێمى کوردستان بەدواى خۆدا هێنا. لە دواى ئەوەش هەوڵماندا ئەو پێشنیارانەى هەبوون، بۆ پەرلەمانى هەڵبژێردراو جێبێڵین بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکى یاسایى کە ئەمەش ڕێگرى لێکرا. بۆیە لە ١٨/٣/٢٠٢٤ پارتیمان هەڵوێستى خۆى بۆ جەماوەرى تێکۆشەرى کوردستان ڕاگەیاند لەگەڵ دیاریکردن و ئاماژەدان بەو کەموکوڕى و نا دادپەروەریانەى كە هەبوون چ لە مافى پێکهاتەکان هەتا کێشەى پەنجەمۆر و هەوڵى بێبەشکردنى سەدان هەزار کەس لە دەنگدان. ئەمانە و چەندین بابەتى دیکەى پەیوەندار بە رێکارەکانى پرۆسەى هەڵبژاردنەوە، کە دواى ئەم هەڵوێستەى پارتیمان بەشێک لەوتێبینى و کەموکوڕیانە چارەسەرکران و بەشێکیشیان لە چارەسەرکردن دان، هەرچەندە هەموو چارەسەریەکان لەسەدا سەد نەبوون بەڵام بەشێک لە مافەکان بۆ پێکهاتەکانى کوردستان گەڕایەوە و بابەتەکانى دیکەش بەشێکی باشیان چارەسەرکراون، بۆیە دواى ڕاگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن بەرێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان. هیوادارین هەڵبژاردنێکى دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەى لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان دابێت. مەحمود محەمەد گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد. ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 کە تێیدا هاتووە: پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیارماندا بە: 1. دیاریکردنی ڕۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق. 2. گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە. 3. ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێ بەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، وادەیە نوێیەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوای هەڵسەنگاندنێکی تەواوی پێداویستییەکانی هەڵبژاردن، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و گوێ گرتن لە بیروبۆچوونەکان دیاری کراوە. هەر چەندە پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 10-06-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردبوو، بەڵام بەهۆی بەشداریی نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکان، بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و "دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە"؛ هەڵبژاردنەکە لەو کاتەدا نەکرا.
ئهمڕۆ چوارشەممە 6/26 مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له ئەندرو بیزلی كونسوڵى گشتيى نوێى شانشینی یەکگرتووی له ههرێمى كوردستان كرد. سهرۆكی حکومەت پيرۆزبايى دهستبهكاربوونی لێکرد و هيواى سهركهوتنى لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کونسوڵی نوێ دەربڕی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی بەهێزی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان. كونسوڵى گشتيى نوێى بهريتانيا، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە . لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، بیرو ڕا لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ئاڵوگۆڕ کرا .
لەمەبەدوا هاوڵاتیان دەتوانن بەو تابلۆ نێودەوڵەتییەی لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ وەریدەگرن، بە ئۆتۆمبێلەکانیان گەشت بۆ هەر وڵاتێک بکەن کە دەیانەوێت. ئەمرۆ چوارشەممە 26-6-2024، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بڵاویکردەوە: "ئەو شۆفێرانەی تابلۆی گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان وەرگرتووە، دەبێت لە یەک مانگدا بیگەڕێننەوە، لە بەرامبەردا تابلۆی نوێی نێودەوڵەتییان پێ دەدرێت". هاونیشتمانیان دەتوانن بەو تابلۆ نێودەوڵەتییەی لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ وەریدەگرن، بە ئۆتۆمبێلەکانیان گەشت بۆ هەر وڵاتێک بکەن کە دەیانەوێت. پێشتر کە تابلۆی گەشتکردن بە هاونیشتمانیان درا، نەیاندەتوانی گەشتی دەرەوەی وڵاتی پێ بکەن، بەڵام تابلۆ نوێیەکە هیچ کێشەیەکی نییە.