کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژکردەوە. جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، بە میدیاکانی راگەیاند، سبەی ماوەی پێشكەشكردنی داواكارییەكانی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تەواو دەبوو بەڵام بەگوێرەی بڕیارەكەی كۆمسیۆن، تا كۆتایی دەوامی ئاسایی 15ـی تەمووز كاتی تۆماری حزب و هاوپەیمانیەتییەكان بەردەوام دەبێت. باسی لەوەشكرد، تا ئێستا هیچ هاوپەیمانیەتییەكی نوێ لەماوەی درێژکردنەوەکەی کاتەک تۆمار نەكراوە، بەڵام داواكاری پێشكەش كراوە بۆ ئەوەی ئەو كاتە درێژ بكرێتەوە. بڕیارە لە 20ـی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و ئێستا كۆمسیۆن سەرقاڵی ئامادەكارییەكانە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نووسراوی سەرۆکی دادگای فیدراڵی دەکات کە وەڵامی نووسراوێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەک هەموو مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لە بەبانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکی حکومی یان تایبەت لە چوارچێوەی ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆسەکەدا. ئەم نووسراوەی دادگای فیدراڵی، هەنگاوێکی باش و دادپەروەرانەیە و مووچەخۆران ئازاد و سەرپشک دەکات لە هەڵبژاردنی بانکەکانیان ، لەم چوارچێوەیەدا ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارکردن بە پێی ڕێنماییەکانی بانکیی ناوەندی عێراق و پێویستە بانکەکانی بەشدار لە پرۆژەی (هەژماری من ) هەر لە چوارچێوەی ئەم ڕێنماییانەدا ، درێژە بە پرۆسەکە بدەن و تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانلەم پرۆسەیە تۆمار بکرێن . حکومەتی هەرێمی کوردستان2024/7/2
دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نووسراوێکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندی لەسەر پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکەکانی (هەژماری من) دا. جاسم محەممەد عەببوود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە نووسراوێکدا کە ڕۆژی 01-07-2024، ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە بە پێی بڕیاری دادگای فیدرالی، پرۆسەی بەبانکیکردن هەموو بانکە حکوومییەکان و هەموو ئەو بانکانە دەگرێتەوە کە لە لایەن بانکیی ناوەندیی عێراقەوە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە. نووسراوەکەی دادگای فیدراڵی، ئاماژە بە لیستێکی هاوپێچی بانکیی ناوەندی عێراق دەکات کە ناوی 66 بانکی تێدایە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەو بانکانەشەوە کە لە پرۆسەی ( هەژماری من) بەشدارن. به گوێرهی ئامارەکانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، تاوهكو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.
ئەمڕۆ سێشەممە، 02-07-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی بەرنامەی پاڵپشتی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی تیرۆریستانی داعش لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا، لە شاری هەولێر بەڕێوە چووە. بەشێکی گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانی رێوڕەسمە: بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان ئامادەبووانی بەڕێز، خوشکانی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش ڕۆژتان باش و زۆر زۆر بەخێر بێن. ئەمڕۆ، شەرەفمەندین کە ڕێز لە قوربانیانی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش دەگرین. ئەگەر چی ئەمساڵ یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژیی شنگال و دەوروبەری دەکەینەوە، بەڵام بەداخەوە ئێش و ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و برایانی ئێزدیمان لە دەڤەری شنگال، دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە، هێشتا کۆتایی نەهاتوون. ئەمڕۆ لێرە بە ڕێز، شکۆ و پێزانینێکی زۆرەوە یادی هەموو قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییەی دەستی تیرۆریستانی داعش لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەینەوە. هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی خۆڕاگری، قارەمانییەتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەینەوە کە بە ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی تیرۆریستانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان ڕزگار کرد. دوای 10 ساڵ لەم کارەسات و کۆمەڵکوژییە، هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە. هەروەها بەهۆی خۆسەپێنی و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان لە کەمپەکاندا ماونەتەوە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و بەم هۆیشەوە تا ئێستا ناوچەکانیان ئاوەدان نەکراوەتەوە. لەم بۆنەیەدا، پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە و پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت و ڕێککەوتنامەی شنگال وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و دۆخی ئەو ناوچەیە ئاسایی بکرێتەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاریی حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بتوانین دەڤەرەکە ئاوەدان بکەینەوە و دەسەڵاتی ناوچەکەش بگەڕێتەوە دەستی خەڵکی ڕەسەنی شنگال. ئامادەبووانی بەڕێز، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی ناوە بۆ سووککردنەوەی ئازارەکانی کەسوکاری قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی بینیوە لە ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆری ڕفێندراوانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر لە دەستی تیرۆریستانی داعش و لە هەوڵەکانیشی بەردەوام دەبێت بۆ زانینی چارەنووسی هەموو ئەوانەی تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە. هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردووە بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش وەک تاوانی جەنگ، بۆ ئەم مەبەستە بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش، داوامان کرد دادگایەکی تایبەتمەند دابمەزرێت بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکانیان، بەڵام بەداخەوە ئەم هەوڵانە تا ئێستاش لە ئاستی فیدراڵیدا وەکوو پێویست پێشوازیی لێ نەکراوە. دەستخۆشیی لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی کوردانی ئێزدی بە فەرمی بەجینۆساید ناساندووە. هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت لە کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان بە سەربەرزی و ئازادی. بەڕێزان، قوربانیانی ڕزگاربووی دەستی داعش، وێڕای ئەو هەموو ئێش و ئازار و نەهامەتییەی ڕووبەڕوویان بووەوە، بەڵام جێگەی خۆشحاڵی و شانازییە کە ئەوان خۆڕاگرانە بەردەوامن لە هەوڵ، کارکردن و کۆڵنەدان لە پێناو درێژەدان بە ژیان؛ زۆریشیان بوونەتە نموونە و سیمبولی لێهاتوویی و چیڕۆکێکی ئیلهامبەخش لە خۆڕاگری و سەرکەوتن.
وەزارەتی دارایی عێراق، زیاتر لە 232 ملیار دیناری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد. بەگوێرەی زانیاریەکان، وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 2-7-2024)بڕی 184 ملیار و، 338 ملیۆن و 216 هەزار دیناری وەکو مووچەی مانگی حوزەیرانی خانەنشینانی مەدەنی و مووچەی خانەنشیانی سەربازی بۆ مانگی ئایار و حوزەیران خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق هەر ئەمڕۆ بڕی 10 ملیار و 191 ملیۆن دیناری مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی چاودێری کۆمەڵایەتی خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندیی عێراق. وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 37 ملیار و 755 ملیۆن و 156 هەزار دیناریشی وەکو مووچەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری ئەنفالکراوان و کیماباران و زیندانیانی سیاسی خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە راگەیاندنی لیستی مووچە گوتی: "لیستی مووچە بەپێی ئەو شوێنانە رادەگەیێندرێت، کە وەزارەتی دارایی عێراق پارەکەی بۆ خەرجکردوون." ژێدەر رووداو
سەرۆک بارزانی بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ سەردانی بەغدا دەکات. بڕیارە سبەی چوارشەممە، 3ی 7ی 2024 سەرۆک بارزانی، سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتەکانی عێراق، لەنێویاندا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە لە کۆبوونەوەکاندا چەندین پرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تائێستا بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، تاوتوێ دەکرێت کە گرنگترینیان یەکلاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و زەوی جووتیارانی کوردە، سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەری ئەو پرسانە و چەند پرسێکی دوای شەش ساڵ جارێکی دیکە سەردانی بەغدا دەکات. بە گوتەی سەرچاوەیەک لە نووسینگەی عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانی حیکمە: چوارشەممە سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدا دەکات و بەشداری کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەممار حەکیم دەکات و بەشێکی زۆری سەرکردەکانی عێراق دەبینێت. بەگوێرەی زانیاریەکان، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، خاڵەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، پرسی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق پرسی سەرەکی گفتوگۆکان دەبن. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، جگە لە یاسای نەوت و غاز و یەکلاکردنەوەی پرسی پارێزگارێک بۆ کەرکووک و پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای فیدراڵی عێراق. دوایین سەردانی، سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، رۆژی پێنجشەممە 22ـی 11ـی 2018 بوو، کە بە یاوەریی شاندێك و بە مەبەستی دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی و تاوتوێكردنی پرۆسەی سیاسیی سەردانی بەغدای كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەكانی عێراق پێشوازیی لێكرا.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق: بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن پەکەکەوە سووتێنراون. وەزارەتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی سووتانی بازاڕەکانی قەیسەری لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی ڕایانگەیاند لەلایەن تۆڕێکی پەکەکەوە سووتێنراون. د. هێمن میرانی، بهڕێوهبهری گشتیی دیوانی وهزارهتی ناوخۆی ههرێمی كوردستان، لهبارهی ئهو كهسانهی بازاڕ و شوێنهكانی ههولێر، دهۆك و كهركووكیان سووتاندووه، وتی: سێ لهو تاوانكارانهی لێرهن، یهكێكیان سهرپهرشتكاری كارهكه بووه ناوی هونهر فهخرهدین ئهحمهده و كارمهندی یهكهی حهفتایه، ئهوی تریان ناوی محهمهد نهجات حهسهنه و ئهفسهره له دژهتیرۆری سلێمانی، ئهمانه لهلایهن پهكهكهوه تهجنید كراون، كادیرانی ئهمنی و عهسكهریی پهكهكه له توركیا و سووریا، له قهندیل، هاتوون له كفری، له سلێمانی، له سهنگهسهر راهێنانیان پێ كردوون بۆ ئهوهی كاره تیرۆرستییانه بكهن و ئێسته دهستی عهدالهتیان پێ گهیشتوون.
سەرچاوەیەک وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند، خشتەی دابەشکردنی مووچە ئامادەیە و پارەکە بگات دەست بە دابەشکردنی دەکەین. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕایگەیاند: تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق باسی ناردنی پارەی لە ڕۆژی 1-7-2024 نەکردووە، بەڵام ئەگەر دووشەممە وردبینی لیستەکەیان تەواوکردبێت، دواتر پارە دەنێرن. سەرچاوەکە دەڵشێت: خشتەی مووچە ئامادەیە و ئەگەر پارە بنێردرێت ڕۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی دەکەین.
ئەمرۆ دووشەممە١ی ٧ی٢٠٢٤ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەست بە کۆبوونەکانیان دەکەن، ئەنجامی کۆبوونەوکانیش ڕادەگەیەنن. بهپێی زانیارییهكانی، بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەست پێبکات، کە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزیری ناوخۆ و دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان پێکدێت، کۆبونەوەکەیان لەگەڵ وەزیری پلاندانان و ئاوەدانکردنەوە و بەرێوەبەری دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەبێت.کۆبونەوەکانیان تایبەتە بە چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا وپرسی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان.
مەسرور بارزانی لە کاتی کردنەوەی سایلۆی هەڵەبجە گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: لە ڕێگەی پڕۆژەی جۆراوجۆرەوە گەشە بە ئابووری پارێزگاکە دەدەین.سەرۆکوەزیران ڕاشیگەیاند، هەرچی لەدەستمان بێت درێغی ناکەین بۆ هەڵەبجە. سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ڕاگهیاند، خۆشحاڵم جارێكی تر دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخسا کە بێینەوە خزمەتی خەڵکی خۆشەویست و نیشتمانپەروەری هەڵەبجە بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی سایلۆی هەڵەبجە کە پێویستە لە کاتی خۆی و بەپێی مەرج و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکرێت و بخرێتە خزمەتی خەڵک و جووتیارانی ئەم دەڤەرە.مهسرور بارزانی، ئاماژهی بۆ ئهوهش كرد، هەفتەی ڕابردوو، شاندێکی بەڕێزی ئەنجوومەنی پاڵپشتیی پارێزگای هەڵەبجە كە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی پارێزگەی هەڵەبجە پێكهاتبوون، سەردانیان کردین و گفتوگۆیەکی بە سوودمان کرد لەبارەی چۆنیەتیی پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکان و بنەما و ژێرخانی ئابووری لەم دەڤەرەدا، بە شێوەیەک كە وا بکەین خەڵکی ناوچەکانی تری کوردستان و عێراق و دەوروبەریش بۆ کاروباری بازرگانی، ڕوو لەم دەڤەرە بکەن ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەی جۆراوجۆرەوە دەبێت کە هیوادارم کەرتی تایبەتیش لێرە و لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش هاوکار و یارمەتیدەر بن بۆ زیاتر گەشەپێدانی ئابووری لە پارێزگەی هەڵەبجە. هاوكات، سهرۆكی حكوومهت، ڕاشیگهیاند، هەرچەندە زیاتر لە ده ساڵ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی داوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەران و حكوومەتی فیدڕاڵەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە ئەم ڕێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت، لەم ڕووەوە ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو ڕێکارانە تەواو بکرێن.لهمیانهی گوتارهكهیدا، مهسرور بارزانی ئهوهشی خسته ڕوو، هەڵەبجە وەک زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، قوربانییەکی زۆری داوە و زوڵم و ستەمێکی زۆر لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لێی کراوە و بووەتە سیمبولی ستەمكردن لە خەڵكی كوردستان، دەبووایە خەڵکی زیانلێکەوتووی دەستی ڕژێمی پێشوو لە کوردستان و عێراق بە گشتی، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە. هەوڵەكانمان لەم بوارەدا چڕ دەكەینەوە و پێویستە گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمیش لە بەغدا، هاودەنگ و هاوهەڵوێست بن لەم بوارەدا.له كۆتاییشدا ڕایگهیاند، هیوادارم هەڵەبجە و کوردستان بە گشتی، هەمیشە هەر لە گەشانەوە و پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتردا بن.ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەكات و بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجە بە گوژمهی 26 ملیار دینار دادەنێت.سایلۆكه لەسەر ڕووبەری 52 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی دهبێ، لەگەڵ 10 کۆگا بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵەکان و بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە 700 ڕۆژ دیاری کراوە.
سەنتەری میترۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا داوای ئازادکردنی ئەو گەنجە دەکات کەلەسەر کۆمێنت نوسین لە هەڵەبجە دەستگیر کراوە، لەمابرەیەوەش رۆژنامەنوس نەبەز رەشاد دەلێت: “یەکێتی کە بەردەوام لاف و گەزافی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و سۆسیال دیموکرات لێدەدات.. کەچی خەڵك لەسەر کۆمێنت نووسین دەسگیر دەکات!” ڕاگەیەنراوەکەی سەنتەری میترۆ سەنتەری میترۆ داوای ئازادکردنی دەکاتهەڵەبجە ـMIC لەسەر نوسینی کۆمێنتێکی رەخنەیی لە قائیمقامی شارەکە، گەنجێک بەناوی بڕیار کەمال زیندانی دەکرێت و دادوەریش رەتیی دەکاتەوە بە کەفالەت گەنجەکە ئازاد بکات. ئەمڕۆ شەممە، سەنتەری میترۆ لەسەر رووداوەکە رایگەیاند کە “نیگەرانی و بێزاری خۆی لە زیندانیکردنی گەنجێک لە شاری هەڵەبجەی شەهید دەردەبڕێت بەهۆی نووسینی کۆمێنتێک لە پەیجێکی فەیسبوک. “ میترۆ دەڵێت”بەپێی زانیارییەکانی «میترۆ» گەنجەکە کە ناوی «بڕیار کەمال محەمەد» (لەدایکبووی ١٩٩٩) لە ڕۆژی چوار شەممەوە لە سەر سکاڵای قایمقامییەتی قەزای هەڵەبجە لە گیراوە و داوای ئازادکردنیشی بە کەفیل لە دادگا لە لایەن کەسوکارییەوە ڕەتکراوەتەوە.” سەنتەری میترۆ پێیوایە ئەم جۆرە لە توندکردنی سزا لەسەر دەربڕین و گرتن لە رۆژانی کۆتایی دەوام ئاماژەنمایەکی خراپ و مەترسییە لەسەر ئازادی و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو گەنجەو داخستنی دۆسیەکەی دەکات چونکە زیندانیکردن لەسەر کۆمێنت مایەی نیگەرانی و پێشینەیەکی خراپە.
سەرۆکی لیژنەی باڵای بەبازارکردنی گەنمی جووتیاران، ئاشكرای دەكات ئەمرۆ چەكی پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەكرێت. لە راگەیاندراوێكدا هێمن قادر، جێگری پارێزگای هەولێر و سەرۆکی لیژنەی باڵای بەبازارکردنی گەنمی جووتیاران بڵاوی كردەوە: "لیژنەی باڵای بەبازار كردنی گەنمی جووتیاران، جووتیاران ئاگادار دەکاتەوە، كە ئەمرۆ پارەی گەنم دابەش دەكرێت." لە راگەیاندراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو: "رۆژی یەکشەممە 30/6/2024 دەست بە دابەشکردنی چەکی جووتیاران دەكرێت، لە زنجیرە 1 تاوەکوو زنجیرە 70 كە لە رۆژانی 6 و 7و 8ی حوزەیرانی 2024 گەنمەکانیان رادەستکردۆتەوە، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە جووتیارانی قەزای قوشتەپە سەردانی سایلۆی هەولێر بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی شایستەیی دارایی خۆیان."