ئەمڕۆ چوارشەممە 8/21، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە کلاودیۆ کۆردۆن، نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق بە وەکالەت کرد. بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق بە وەکالەت، سوپاسی پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئامادەکارییەکان و هەماهەنگیکردنی باشی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەپێناو ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئازادانە و دادپەروەرانە و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری کرد، بۆ ئەم مەبەستەش جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی کردەوە، کە پێویستە بە شێوەیەکی کارا چاودێريی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت.
وەزارەتی دارایی: نەهاتنی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، کێشەی نەهاتنی مووچە سیاسییە نەوەک ئیداری. دەقی ڕاگەیەنراوەکەی ورزارەتی دارایی و ئابوری: ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی ناڕاست و ناڕەوا دژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەشێک لە پەرلەمانتار و میدیاکان دەستی پێکردووە و دەیانەوێت هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو ڕێگایەوە چەندین زانیاری ناڕاست لەسەر لیستی مووچە بڵاو دەکەنەوە کە گوایە هۆکاری نەناردنی مووچە زیادبونی تەمویلی مووچەو ژمارەی فەرمانبەرو مووچەخۆرەو هتد….. ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی دەخەینە ڕوو. ١- سەبارەت بە دووبارە بونەوەی ناوی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغداد، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاساو دۆسیەی تەواویان هەیە بەڵام لە حکومەتی عێراق سودمەندن لە هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی ڕاگرتنی مووچە پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکاریەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک مووچە، پێویست بوو لەکاتی بوونی سەرپێچی یاسایی لەلایەن هەردولاوە ئیجرائاتی پێویست بکرایە، هەندێک حاڵەتی بونی مووچەو هاوکاری لەیەک کاتدا بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان ڕێگە پێدراوە، ئەگەر بەدەر لەم حاڵەتە دوبارە بونەوە هەبێت راستتر وابوو هاوکاریەکە ڕابگیرێت نەک مووچە لەبەرئەوەی فەرمانبەرەکە لەڕووی یاساییەوە بۆ پێدانی مووچە هیچ گرفتێکی نییە، وە ئەبوایە هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ لە ڕێی لیژنەی هاوبەشەوە بەدواداچون و وردبینیان بۆ دۆسیەکان بکردایەو چۆنیەتی سزاو بڕەکەیان دیاری بکردایە، کەڕەنگە هەندێک لەم حاڵەتانە نایاسایی نەبێت بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم. ٢- سەبارەت بە کێشەی نەبونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بەهەندێک هۆکاری جیاواز لەوانە بونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن و هتد….. ئەوەش بەو مانایە نایات ئەوەی کە بایۆمەتری نەبێت مووچەخۆر نییە، لەجیاتی ئیعتیماد لەسەر بایۆمەتری کە حکومەتی هەرێم بەفەرمی وتویەتی تەواو نەبووە، باشتربوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی ئیعتیمادی لەسەر کارتی نیشتیمانی بکردایە کەهەموو هاوڵاتی و مووچەخۆرێک بەسەربازی و مەدەنیەوە هەیەتی لە تەواوی عێراقدا. ٣- بەشێکی تر لەو ناوە دوبارانەی لە لیستی مووچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکى حکومەتى هەرێم کە یەکێک لە تێبینیەکانی تیمى هاوبەشە دواى بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتەکان دەرکەوتووە ناوی چواریان دووبارەیە بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە ( تشابە الاسماء)، وەهیچ یاسا شکێنیەکی تیا نییە، بەڵام بەبێ گەرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە نیازە مووچەیان ببڕێت ، شایەنی باسە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەم بابەتە بۆ ناردون. ٤- سەبارەت بە کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکوک و فەرمانگەکانى ترى کەرکوک کە میلاکیان لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە ئەوەش کێشەیەکی کۆنەو لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە بەردەوامە تاکو ئێستا وەکوو کێشەیەکی ماوە لەنێوان هەرێم و بەغداد درێژەی هەیەو پێویستی بەچارەسەری بنەڕەتی هەیە واتە ڕێکەوتنی سیاسی. ٥- سەبارەت بە زیاد بوونى تەمویلی مووچەى نێوان مانگى (٦و ٧)ـ ٢٠٢٤ ، بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتا کردووەو بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووەو بڕی (٥٤،٢٠٨،٠٠٠،٠٠٠) پەنجاو چوار ملیارو دووسەدو هەشت ملیۆن دینار زیادبووە، شایەنی باسە ئەگەر ئەم بڕە پارەیەی سەرەوە لە تەمویلی داواکراو بۆ مووچەی مانگی حەوت لاببەی ، تەمویلی داواکراو نزیکەی ٩٥٦،٨٧٦،٠٠٠،٠٠٠ نۆ سەدو پەنجاو شەش ملیارو هەشت سەدو حەفتاو ملیۆن دینار دەمێنێتەوە کەنزیک و هاوشێوەی تەمویلی پێنج مانگی ڕابردووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی خەرجی کردووە. لە کۆتایدا پێویستە هەموو لایەک ئاگادار بن حکومەتی هەرێم لەدوای ساڵی ١٩٩٢ وە دابڕانێکی دورو درێژی لەبواری سیستەمی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاری هەبووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تا دەرچونی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە شوباتی ئەمساڵ تایبەت بەمووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان. لەدوای ئەو بڕیارەوە هەردولا کاردەکەن بۆ ئەوەی ئیجرائاتە ئیداری و دارایی و یاسایی و ژمێریاریەکان یەک بخەن، کەئەمەش کارێکی ئاڵۆزو پڕ گرفتە. ئێمە لەساڵی ڕابردووەوە کاری لەسەر دەکەین و بەردەوامیشین ، ئومێدەوارین تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن. وە داواکارین لەوەزارەتی دارایی فیدراڵ هاوکار و هەماهەنگ بێت لەگەڵمان بۆ چارەسەر کردنی ڕێژەیەکی کەم لەو کێشە هونەریانەی تائێستا چارەسەر نەکراوە، نەک ئیجرائاتی (تعسف) ی بەرامبەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات. چونکە پێمان وایە ناکرێت بەبێ وردبینی و بەدواداچوون لەو تێبینیانە مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت تەنها بەبڕیارێکی ئیداری. بەبیر هەموو لایەکی دەهێنینەوە دوای ( ٣١ ) ڕۆژ لە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی، تا ئەم ساتە وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری خەرجکردنی ( ١،٤٢٦،٠٠٠،٠٠٠ ) تەنها یەک ملیارو چوار سەدو بیست شەش ملیۆنی دەرکردووە بۆ تەمویلی موچەی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و دەستەی ژینگە، کە دەکاتە (%00.14)کۆی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئیتر مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان خۆتان قەزاوەت بکەن کێشەکە ( ئیداری و دارایی و ژمێریارییە یان ســیاســــــــــــــــــــــی) بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابوری. ٢٠٢٤/٨/٢١
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: داوا لە عێراق دهكهین بە تەواوی رێز لە ئازادی ئایین، بیروباوەڕ و مافەکانی ئافرهتان و منداڵان بگرن. ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پهیامێكیدا له تۆڕی كۆمهڵایهتی ئیكس رایگهیاند، لە بەرامبەر پێشنیازی ههمواری یاسای باری کەسی عێراق هەست بە نیگەرانی قوڵ دەکەین چونكه زیان بە مافەکانی ئافرهتان و منداڵان دەگەیێنێت. ههروهها رایگهیاند، بۆ دیالۆگێکی مەدەنیانه هانی عێراقییهكان دهدهین و داواش دهكهین بە تەواوی رێز لە ئازادی ئایین، بیروباوەڕ و مافەکانی ئافرهتان و منداڵان بگرن. لای خۆشیهوه ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق له پۆستێكیدا له تۆڕی كۆمكةلایهتی ئیكس رایگهیاند، هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی لە عێراق مافەکانی ئافرەتان و منداڵان پێشێل دهكات. وتیشی، ئەگەر یاساکە هەموار بکرێتەوە، ڕێگەپێدراوە کچان لە تەمەنی نۆ ساڵی و لە دەرەوەی دادگاکان بە شوو بدرێن. ههورهها هاوسەرگیریی کاتی ڕێگەپێدراو دەبێت و لەکاتی جیابوونەوە منداڵ لای باوک دهمێنێتهوه و پرۆسەی هاوسەرگیری چەندین گۆڕانکاری بەسەردا دێت. ئاماژهی بهوهش كرد، ئەمانە دەكرێت ببنە هۆی بەرتەسككردنەوەی مافەكانی ئافرهتان و منداڵان، بۆیه لێرەوە داوا لە عێراقییەكان دەكەین كە بەرەو گفتوگۆیەكی مەدەنییانە بڕۆن كە تێیدا ڕێزێكی تەواو لە ئازادیی ئایین یان بیروڕا و مافەكانی ژنان و منداڵان بگیرێت. پرسی ههمواركردنهوهی یاسای باری كهسی له عێراق، جگهل لهسهر ئاستی ناوخۆ كاردانهوهی ئهمهریكای بهدوای خۆیدا هێنا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و باڵیۆزی ئهمهریكا له عێراق وێرای دهربڕینی نیگهرانی قوڵی واشنتۆن رایانگهیاند، یاساكه زیان بە مافەکانی ئافرهتان و منداڵان دەگەیێنێت.
دوای چەند هەفتەیەک ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران بارزانی کۆدەبێتەوە و چەند پرسێکی گرنگ گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەشی زۆری گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە لەبارەی؛ یەکخستنی ڕێکارە داراییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، چاودێری دارایی و دۆخی دارایی و کاری هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە دەبێت.گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەماهەنگیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت. وابڕیارەی دوا بڕگەی کۆبووەنەوەکە پەیوەست بێت بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، سەبارەت بە گەنمی جووتیاران و ناردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و بەبازارکردنی بەرهەمی گەنم.
دوای پێدانی 40 هەزار دۆلار بە سامی هومامی یاریزانی توونسی، فیفا سزایەکەی سەر یانەی هەولێری لادا. یانەی هەولێر لە روونکردنەوەیەکیدا رایگەیاندووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بە نووسراوی فەرمی ئاگاداریکردوونەتەوە سزایەکەیان لەسەر لابردوون، کە بەهەۆی ەندانی شایستە داراییەکانی یاریزانێکی توونسی یانەکەی قەڵاومنارە لە تۆمارکردنی ناوی یاریزانە نوێیەکانی سڕکرابوو. ئەمەش دەقی ڕوونکردنەوەکەیە؛ به فهرمی فیفا سزای سهر یانهی وهرزشیی ههولێر ههڵدهگرێ یهكێتیی نێودهوڵهتیی تۆپی پێ (فیفا) سزای سهر یانهی ههولێری ههڵگرت، ئێوارهی دوێنێ دووشهممه فیفا ئیمهیلێكی بۆ یانهی وهرزشیی ههولێر ناردووه، تێیدا هاتووه به فهرمی سزای سهر یانهكه ههڵگیرا. ئهو سزایهی كه بهسهر یانهكه سهپێندرابوو دوای ئهوهی سكاڵایهك له لایهن یاریزانی توونسی سامی ئهلهومامی دژی یانهكه له فیفا تۆمار كرابوو. ئهم كاره ئهنجام درا، دوای ئهوهی نوێنهری یانهی ههولێر دكتۆر سیروان تهها بهڕێوهبهری كارگێڕی سهردانی وڵاتی توونسی كرد و له نزیكهوه چاوی به یاریزانه توونسییهكه كهوت و ئهو شایسته داراییهی كه دوا خرابوو، كه بڕهكهی 40 ههزار دۆلار بوو و ئیدارهی پێشووی یانهكه لێی بهرپرسیاره ، به كاش گهیاندییه دهستی. لهو چاوپێكهوتنهدا پارێزهری یاریزانهكه و وهكیلی كارهكانی ئامادهی بوون.بهم شێوهیه یانهی ههولێر سیستمی تۆماركردنی یاریزانانی له لایهن فیفا كراوهیه و هیچ كێشهیهكی نهماوه.
بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دڵنیایی بە مووچەخۆران دەدات. ئیخلاس دلێمی، بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لهبارهی پرسی مووچهی مانگی حهوتی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستانهوه، ڕایگهیاند: له تهواوی پارێزگاكانی عێراق ئهو كێشهیه ههیه، كێشهیهك ههیه له لیستهكاندا، بهڵام دڵنیایی دهدهمه خهڵك لهوانهیه ههندێ دوا بخرێ، بهڵام بێگومان دابهش دهكرێ، كهمتر له ههفتهیهكی تر تهواوی مووچهكان دابهش دهكرێ له ههرێمی كوردستان، باوهڕم وایه ئهمه تهنیا بۆ ئهم مانگه بوو، ئهو كێشهیه چارهسهر كراوه و لهگهڵ پارێزگاری بانكی ناوهندی و وهزیری نهوت گفتوگۆ كراوه و باوهڕم وایه مانگی داهاتوو ئهو كێشهیه نامێنێ.
ئەمڕۆ دووشەممە 8/19، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد فەزلولباری، باڵیۆزی بەنگلادێش لە عێراق کرد، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو. لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەنديی دوولایەنە، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی کرا.سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی بەنگلادێشی کرد، بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردووە و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.باڵیۆزی بەنگلادێش پێزانینی خۆی بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی باشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی دەربڕی.
کەمێک پێش ئێستا، یەکەم گوژمەی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. بەگوێرەی زانیاریەکان، وەزارەتی دارایی عێراق، وەکو یەکەم گوژمە، ملیارێک و 425ملیۆن دیناری خستە سەر ژمارە حسابی بانکی هەرێم بۆ مووچەی مانگی حەوت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. سبەی دووشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت. پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 42 سلێمانی :41 دهۆک : 41 کەرکوک : 45 هەڵەبجە : 43 زاخۆ : 42 سۆران : 41 حاجی ئۆمەران : 27 گەرمیان : 46
ئەمرۆ یەکشەممە، 18/8/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 149,300 دینار لەبازارەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەگەل داخستنی بازارەکانی دراو، نرخی 100 دۆلار بەرامبەربوو بە 149,900 دینار.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، سوپای ئیسرائیل کۆتایی هێنا بە ئۆپراسیۆنە زەمینیەکانی لە غەززە. ئەمڕۆ شەممە پێگەی "شەفەق نیوز" هەواڵەكەی لە دەستەی بڵاوكردنەوەی ئیسرائیلیی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، بەرپرسە سەربازییەكانی ئیسرائیل، بە فەرمی فەرماندەیی سیاسیی وڵاتەكەیانیان ئاگادار كردووەتەوە كە ئۆراسیۆنی سەربازیی سوپای ئیسرائیل، ئەركەكەیان خۆیان بە كۆتا هێناوە و بەوەیش ئۆپراسیۆنی سەربازی گەیشتووەتە كۆتا. بەرپرسە سەربازییەكانی ئیسرائیل روونی كردووەتەوە، وێڕای ئەوەی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە غەزە بە كۆتا هاتووە، بەڵام هەر زانیارییەكی هەواڵگری بكەوێتە بەردەستیان، بەردەوام دەبن لە نەهێشتنی تیرۆر، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەركەكانیان بە كۆتا هێناوە. بەپێی دەستەی بڵاوكردنەوەی ئیسرائیلی، بەرپرسانی سەربازی، خاوەن بڕیارەكانی وڵاتەكەیان ئاگادار كردووەتەوە كە لیوایەكی تایبەت بە شاری رەفەحی سەربە حەماسیان هەڵوەشاندووەتەوە و دەتوانرێ بگوترێ ئێستە ئەو لیوایە بە كۆتا هاتووە. لەلایەكی تریشەوە دامەزراوەی تەناهی لەسەر ئاستی سیاسیی ئیسرائیل رای گەیاندووە، بە كۆتاهاتنی ئۆپراسیۆنە سەربازەكانیان، كاتی هاتووە هەنگاو هەڵبگرن بۆ رزگاركردنی دیل و بارمتەكانیان كە لە بەردەستی بزووتنەوەی حەماسدان، ئەویش دوای ئەوەی زۆربەی یەكە سەربازییەكانی حەماسیان هەڵوەشاندووەتەوە و بەكۆتایان هێناوە.
شەپۆلێکی تاوە باران و هەورە بروسکە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوه . هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای کەشناسی رایگەیاند، بەگوێرەی نوێترین ئاپدێتی دەزگای کەشناسی کەنەدی( GEM) لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو بەدیاری کراوی لەڕۆژی یەکشەممەوە ڕێکەوتی ( ٢٥/ ٨/ ٢٠٢٤) کەشێکی ناسەقامگیر ڕوو بەشێکی زۆری ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات شەپۆلێکی تاوەباران وهەورە بروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە لەهەندێ شوێن ئەگەری نمەباران هەیە، لەهەندێ شوێن و ناوچەبە تایبەت ناوچە شاخاوییەکانی هەولێرو ڕاپەڕین و دهۆک ئەگەری بارانی مامناوەند هەیە. باسی لەوەش کرد، ئەگەر هەیە شەپۆلەکە فراوانتربێت بارانبارین سەنتەری شارەگەورەکانیش بگرێتەوە شەپۆلەکە تائێستا لەژێر چاودێریدایە جێگیرنیە لەگۆڕانکارییدایە ، لەکۆتایی ئەم هەفتەیە زیاتر ڕووندەبێتەوه.