كەشناسی عێراق پێشبینییەكانی خۆی بۆ كەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاو كردەوە و ڕایەدەگەیەنێت، ئەگەری هەیە لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان باران ببارێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی 9ی 2024، دەستەی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند: لەچەند ڕۆژی داهاتوودا پلەی گەرمی لە چەند ناوچەیەک نزمتردەبێتەوە و لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانیشدا ڕۆژی هەینی باران دەبارێت." هەر لەسەر كەشوهەوا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستانیش بڵاوی كردەوە، كە "ئەمڕۆ و سبەی پلەی گەرمی لە ناوچەکانی هەرێمی كوردستان نزمتردەبێتەوە." ئاماژەی بەوەش كردووە، كە "سبەی پێنجشەممە لە هەندێک ناوچەی هەرێمی كوردستان ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە هەندێک ناوچەی دیکەیش هەوری تەواو دەبێت."
ئەمرۆ چوارشەممە 18/9/2024 لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بڵاوکردەوە. ئەمەش دەقی ڕاگەیەنراوەکەیە: چەند شەوێکە لە شەقامە سەرەکیەکانى شار و شوێنە گشتیەکان، کەسانێک بە كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێل و داپۆشى جام و ژمارەى ئۆتۆمبێلەکانیان بە وێنه و پۆستهر و دروشم و لۆگۆ و بەکارهێنانى ئامێرى بێزاركهر، جگە لە دروستکردنى قەرەبالغیەکى زۆر و ئاستهنگى هاتووچۆ، بوونەتنە هۆى ناڕهحهتى و بێزارى هاوڵاتییان، بۆ ئەو مەبەستەش ئاگادارى هەموو لایەک دەکەینەوە لە ئەمڕۆوە تاکوو دەرکردنى بڕیاریى پێویست لە بارەى بانگهشهى ههڵبژاردن، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بەهیچ شێوەیەک ئەو کارانە ڕێگە پێدارونییە و ( پۆلیسى هاتووچۆ، ئاسایش، پۆلیس ) دەستکراوەکراون بۆ وەرگرتنى ڕێکارى یاسایی لە بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک ئەو جۆرە سهرپێچییانە ئەنجامدات، بەپێچەوانەوە هەرکەسێک پابەند نەبێت دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەى دادەگیرێت. لیژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێر2024.9.18
ئەمڕۆ چوارشەممە 9/18، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە شاری هەولێر دانا. سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا جەختی کردەوە كە كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان هێشتا خزمەت و چاكسازیی زۆری پێویستە. هەروەك باسی لەوەش كرد كە لە كەرتی تەندروستیی هەرێمدا، دەبێت كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت هاوسەنگ و هاوتەریب گەشە بكەن، كوالێتی و ئاستی خزمەتگوزاری لە كەرتی گشتیی تەندروستیدا دەبێت باشتر بێت. ئەمەش دەقی گوتارەکەیە؛ بە ناوی خودای گەورە و میهرەبانئامادەبووانی بەڕێز، بەیانیتان باش، زۆر زۆر بەخێر بێن. خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەردی بناخەی پرۆژەیەكی زۆر گرنگ لە شاری هەولێر دادەنێین، كە پرۆژەی نەخۆشخانەی چارەسەركردنی شێرپەنجەیە، كە بە ئاست و كوالێتییەكی پێشكەوتوو دروست دەكرێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتیيانی خۆشەویستی شاری هەولێر و هەموو كوردستان. ئێمە لە هەرێمی كوردستان چەند نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجەمان هەن كە خزمەتێكی زۆر بە هاووڵاتیيانمان دەكەن، هەروەها نەخۆشەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش، بە تایبەتی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق بۆ چارەسەر ڕوویان تێدەكەن. بۆیە بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو پزیشك و كارمەندانی ئەو نەخۆشخانانە بكەم بۆ ئەو ئەركە پیرۆز و مرۆڤانانەی ئەنجامی دەدەن. كەرتی تەندروستیمان هێشتا خزمەت و چاكسازیی زۆری پێویستە، لە سەرەتای كابینە، چاكسازی لە سیستەمی تەندروستی لە یەكەم هەوڵەكانم بوو، بۆ ئەو مەبەستەش پرسمان بە پسپۆڕانی دەرەوەی وڵاتیش كرد، بەڵام بەداخەوە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ، فشار و قورسایی پەتای كۆرۆنا هەمووی كەوتە سەر ئەم كەرتە و كاریگەری لەسەر هەنگاوەكانمان هەبوو. وێڕای ئەوەش، هەنگاوی بەرچاو لە بواری ڕێكخستنەوە و كوالێتیی داو و دەرمان نراوە. لە كەرتی تەندروستیی هەرێمدا دەبێت كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت هاوسەنگ و هاوتەریب گەشە بكەن، كوالێتی و ئاستی خزمەتگوزاری لە كەرتی گشتیی تەندروستیدا دەبێت باشتر ببێت، هاووڵاتی دەبێت لە نەخۆشخانە گشتییەكاندا هەست بە ئاسوودەیی و هەبوونی خزمەت بكات. هەندێك هەنگاوی كردەییمان لەم بوارە دەست پێكردووە و نووسینگەی خۆم ڕاسپاردووە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، وەك پرۆژەی تاقیكاری، چەند نەخۆشخانەیەكی كەرتی گشتی پێش بخەن كە بە نەخۆشخانەی ڕزگاری - هەولێر (كە یەكێكە لە گەورەترین نەخۆشخانەكانی كوردستان) دەست بەم پرۆژەیە كراوە. بەڕێزان: ڕێژەی شێرپەنجە لەم ناوچەیەدا وەكوو هەموو جیهان زیادی كردووە، بۆیە پێویستە بە وردی هەم كار لەسەر كەمكردنەوەی هۆكارەكانی تووشبوون بكەین، هەمیش باشترین چارەسەرەكان بۆ نەخۆشەكانمان دەستەبەر بكەین، لەپێناو كەمكردنەوەی بارگرانیی تێچووی چارەسەركردنی نەخۆشەكانی شێرپەنجەش، ئێمە پاڵپشتیی سندووقی تایبەت بە كۆمەككردنی تووشبوانی شێرپەنجە دەكەین و هیوادارین كەرتی تایبەت و هاووڵاتیانیش بەپێی توانا یارمەتیی ئەو سندووقە بدەن. حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو توانای خۆی لەپێناو باشتركردنی دۆخی تەندروستی و بەرزكردنەوەی ئاست و كوالێتیی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكانمان دەخاتە گەڕ. لە هەرێمی كوردستان توانای زانستی و پزیشكیی باشمان هەیە و پزیشكی زۆر باشمان هەیە كە دەتوانن بە شێوەیەكی باشتر خزمەتی هاووڵاتیيانمان بكەن. لە كۆتایی، هیوای ساخ و سەلامەتی بۆ هەمووان دەخوازم و ئومێدی چاكبوونەوەی خێرا بۆ هەموو نەخۆشانی شێرپەنجە دەخوازم و ئێمەش هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ هاوكاریكردن و چارەسەركردنیان درێخی ناكەین. دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكاری ئەم پرۆژەیە دەكەم، هیوادارم لە كاتێكی زوودا بتوانن ئەم نەخۆشخانەیە تەواو بكەن بۆ ئەوەی بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیيان، چ لە شاری هەولێر، چ لەسەر ئاستی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراق. بەڵام ئەمە تەمەننا دەكەم خەڵك مەجبوور نەبێت سەردانی بكات.لە كۆتاییدا هیوادارم هەمووتان شاد و تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.
پەیجەر، ئامێرێكی بێتەلی شێوە مۆبایلە، لە ساڵی 1960 لەلایەن کۆمپانیای مۆترۆلۆ دروستکراوە و لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو بەربڵاو بوو، دواتر لەگەڵ بەكارهێنانی مۆبایل بەكارهێنانی كەم بووەوە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشێکی ئەلیکترۆنی کرایە سەر ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنان و لەڕێگەی هاککردنەوە تەقێنرانەوە، تاوەکو ئێستا کوژرانی هەشت کەس و بریندابوونی دوو هەزار و 750 کەس لە لوبنان و، برینداربوونی دەیان کەسی دیکە لە سووریا ڕاگەیێنراوە. دوای پەیدابوونی مۆبایل، ئێستا پەیجەر لەو شوێنانە بەكاردەهێنرێت كە تۆڕی مۆبایل لێیان لاوازە، هاوكات لەلایەن بەشێك لە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان بەکاردەهێنرێت، بۆ ئەوەی زانیاری دزە نەكات و ئۆپەراسیۆنەكان بەسەركەوتوویی بەڕێوەبچن، لەنێویشیاندا چەكدارانی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ پاراستنی زانیارییەكانیان بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی نەكەونە دەست ئیسرائیل. پەیجەر، لە هەندێک لە نەخۆشخانەکانیش بەكارهێنراوە، پزیشكان پەیجەریان پێ باشترە لە مۆبایل بەهۆی ئەوەی كاریگەریی خراپ و زیانی بۆ نەخۆش كەمترە و لەرەلەری نییە. لەیەك كاتدا دەتوانرێت سەدان ئامێری جۆری پەیجەر بە یەك تۆڕ ببەسترێنەوە و پەیامێك لە تۆڕی سەرەكییەوە بۆ سەرجەم ئامێرەكان بنێردرێت، ئەمەش لەلایەن چەكدارانی حیزبوڵڵاوە پەیڕەو كراوە و فەرمانەكان بەمشێوەیە دەنێردران. ژێدەر ئاڤا
ئەمڕۆ سێشەممە 9/17، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەی لە پارێزگای هەولێر دانا.سەرۆکی حکومەت لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە دەڤەری قوشتەپە و خەڵكی نیشتمانپەروەری ئەم ناوچەیە، شایستەی هەموو خزمەتێكن. کە دووپاتیشی کردەوە كە دەڤەرەكە زەمینەی لەباری بۆ پێشكەوتن لە ڕووی كشتوكاڵی و پیشەسازی و سامانی ئاو هەیە، بۆیەشە یەكێك لەو شوێنانەیە كە پلان و بەرنامەكانی داهاتوومان دەیگرێتەوە و پەنا بە خوا دەبێتە یەكێك لە دەڤەرە پێشكەوتووەكانی كوردستان. هەروەها گوتی : هەنگاو بە هەنگاو وا دەكەین لە كوردستان چیتر كێشەیەك بە ناوی كێشەی ئاو و كێشەی كارەبای نەمێنێت، ئەمەش دەقی گوتارەکەیە؛بە ناوی خودای گەورە و میهرەبانئامادەبووانی بەڕێز زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەردی بناخەی ئەو پڕۆژە گرنگە لێرە لە قوشتەپە دادەنێین. پێش چەند ڕۆژ بەردی بناخەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێرمان دانا، ئەم پرۆژەی ئەمڕۆش تەواوكەری ئەو پرۆژەیەیە كە ئاوی پاك بۆ دانیشتووانی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری دابین دەكات. بەم جۆرە لانیكەم بۆ 20 ساڵی داهاتوو كێشەی كەمئاوی لەم دەڤەرە چارەسەر دەبێت.كێشەی كەمئاوی تا ئەو ئاستە لە دەڤەری قوشتەپە سەخت ببوو كە مەترسیی چۆڵكردنی هەندێك گوند هەبوو، زۆربەی بیرەكانی ئەم دەڤەرەش كە لە قووڵترین بیرەكانی كوردستانن، وشك بوون كە ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە و گەشتنی ئاو بۆ سەرانسەری دەڤەرەكە، زۆربەی ئەو بیرانە، چیتر پێویستییان پێ نامێنێت و بە دروستكردنی چەندەها پۆندی دیكەش لەم دەڤەرەدا، ئاوی ژێرزەوی دەبووژێنینەوە و مەترسیی وشك ساڵی كەمتر دەبێتەوە.دەڤەری قوشتەپە و خەڵكی نیشتمانپەروەری ئەو ناوچەیە، شایستەی هەموو خزمەتێكن. ئەم دەڤەرە بە ڕێز و میهرەبانی و دڵسۆزییەكی زۆرەوە، ژن و منداڵ و خانەوادەی زۆرێك لەو بارزانییانەیان لە خۆ گرت كە لە لایەن رژێمی پێشووی عێراقدا ئەنفال كران. ئەم هەڵوێستە نیشتمانپەروەرانەی خەڵكی قوشتەپە و هەولێر و دەوروبەری، هەمیشە جێگەی ڕێز و پێزانینە. ئەم دەڤەرە زەمینەیەكی لەباری هەیە بۆ پێشكەوتن لە رووی كشتوكاڵی و پیشەسازی و سامانی ئاو، بۆیەشە یەكێك لەو شوێنانەیە كە پلان و بەرنامەكانی داهاتوومان دەیگرێتەوە و پەنا بە خوا دەبێتە یەكێك لە دەڤەرە پێشكەوتووەكانی كوردستان. پێویستە هەرچی زووتریشە، پارێزگای هەولێر و قەزای قوشتەپە و لایەنە پەیوەندیدارەكانمان، رێكاری ئیداریی باشتر بگرنە بەر بۆ ڕێكخستنەوەی ئەم دەڤەرە لە هەموو ڕووێكەوە، بۆ ئەوەی خزمەتێكی باشتری خەڵكی دەڤەرەكە بكرێت و ئاستی ئەو دەڤەرە لە ڕووی هاتوچۆ و پاكوخاوێنی و سیمای شار و ڕێگەوبانەكان، باشتر ببێت. خۆشتان بینیتان كە كێشەی كارەباش هێشتا كێشەیەكی بەردەوامی هەموو كوردستانە، ئەوەش لە بەرنامەماندایە كە پشت بە خوا چارەسەرێكی گونجاو بۆ كارەبای هەولێر و دەوروبەر و هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانیش دەدۆزینەوە، هەنگاو بە هەنگاو وا دەكەین لە كوردستان چیتر كێشەیەك بە ناوی كێشەی ئاو و كێشەی كارەبای نەمێنێت، جارێكی دیكەش سوپاستان دەكەم، بە هیوای ناوچەیەكی گەشەسەندووتر و كوردستانێكی ئاوەدانتر.
ئەمڕۆ سێشەمممە 9/17، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.لە کۆبوونەوەکەدا کە ئاندرۆ بیزلی، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەی بوو، بیر ڕا لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و دادپەرەرانە و دوور لە ساختەکاری و پێشێلکاری. هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
مەسرور بارزانی بەردی بناغەی 15 باخچەی ساوایان و قوتابخانە لە سنوری قەزای خەبات دادەنێت . ئەمرۆ سێ شەمە 17.9.2024 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ،بەردی بناغەی 15 باخچەی ساوایان و قوتابخانە لە سنوری قەزای خەبات دادەنێت، لەپێناو نەمانی كێشەی خوێندن لەم سنوورە . جگە لەمەش دوێنی مەسرور بارزانی بەردی بناغەی بەنداوی دوینی داناوە كە بەیەكێك لە پرۆژە ستراتیژیەكان دادەنرێت، لە كابینەی دەیەم تا ئێستا 10 بەنداو دروست كراوە
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی هەرێم: لیستی مووچەی مانگی 8 دراوەتە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و لیستی مووچەی مانگی 9ش تەواو ئامادەیە و دەنێردرێت. بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: "لیستی مووچەی مانگی 8 لە بەغدایە و دراوەتە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ." سەبارەت بەوەی ئەمجارە ڕاستەوخۆ لیستەکە دراوەتە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، بەرپرسەکەی دارایی گوتی: "بەپێی ڕێککەوتنی ئەو شاندەی حکوومەتی عێراق، کە هەفتەی پێشوو لە هەولێر بوون، لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەك کراوە، سەرەتا لیستەکە بدرێتە دیوانی چاودێریی دارایی، بۆیە دوای ئەوەی بۆ بەغدا نێردرا، لیستەكە لای ئەوانە و وردبینی دەکەن." جەختی کردەوە، لیستەکە دوای وردبینی دەدرێته بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی دارایی فیدراڵ و چاوەڕێی ناردنی ناردنی تەمویل دەکەن، گوتیشی: "كاری زۆر ورد بۆ لیستی مووچەی مانگی 8 کراوە و هەموو تێبینییەکان چارەسەر کراون." سەبارەت بە لیستی مووچەی مانگی 9، بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان گوتی: "شەممە و یەکشەممە لەگەڵ ئەوەی پشوو بوو، لە دارایی دەوام کراوە، بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 9، ئەمڕۆ فەرمانگەیەک مابوو ئەویش لیستەکەی تەواو کرا." باسی لەوەش کرد، لیستی مووچەی مانگی 9 بە سیدی و کاغەز هاتووە، ماوەتەوە وردبینیی کۆتایی بکرێ، ئەمڕۆ تاوەکوو بەیانی ئەگەری هەیه بۆ بەغدا ڕەوانە بکرێت.لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 11/9/2024ى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوە هاتووە: "دەبێ حکوومەتی فیدراڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت، کە خەرجکردنی ڕاگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێمی كوردستان دابەش بکرێت، ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ مووچەی مانگی 9، هاوتای مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق."
لە بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر بنکەیەکی چەکدارانی پەکەکە کەسێک کوژراو و دووانی دیکەش بریندار بوون. بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئەیلوولی 2024، کاتژمێر 9:45ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بنکەیەکی کۆبوونەوەی ئەندامانی پەکەکەی لە کەمپی مەخموور کردە ئامانج و، بەهۆیەوە کەسێک کوژراو و دووانی دیکەش بریندار بوون کە لە نێو کوژراو بریندارەکاندا بەرپرسی پەکەکە هەیە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی بەنداوێکی دیکەی ستراتیژی دانا و وەزیری کشتوکاڵ ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەم بایەخی سەرەکی دروستکردنی بەنداو و پاراستنی سامانی ئاو بووە. بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت: لە هەشت کابینەی ڕابردوودا تەنیا 14 بەنداو تەواو کرابوون کە توانای گلدانەوەی 50 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەبوو، بەڵام تا کۆتایی تەمەنی ئەم کابینەیە 10 بەنداو تەواو دەبێت و توانای گلدانەوەی 160 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان دەبێت، ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی 10 ملیار و 122 ملیۆن مەتر سێجا ئاوە. بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت: دروستکردنی ئەم بەنداوە لەڕووی مێژووییەوە بایەخی زۆری هەیە، چونکە قەڵای میرنشینی سۆران بووە، لەڕووی گەشتیاریش نزیکە لە شەقڵاوە و بۆ سامانی ماسی ناوچەکە گرنگی هەیە. بەنداوی دوین، بەرزیەکەی 75 مەترە و درێژیەکەی 320 مەترە، توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی بەنداوێكی گەورەی دیكە بە گوژمەی دەیان ملیار دینار دادەنێت. ئەمرۆ دووشەممە 16-9-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی بەنداوی دووین لە سنووری پارێزگای هەولێر دادەنێت کە لە پێنج ڕووەوە سوودی دەبێت. بەنداوەکە بە شێوازی کۆنکریتی RCC بە گوژمەی دەیان ملیار دینار جێبەجێ کردبێت، 75 مەتر بەرز دەبێت و لە بەرزترین ئاستیدا 320 مەتر درێژ دەبێت. بەنداوەكە دەكەوێتە نزیك قەڵای دێرینی دووین، توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و ڕووبەری چوار كیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی بە ئاو دادەپۆشێت. دروستکردنی بەنداوەکە جگە لە گلدانەوەی ئاو، چەند سوودێکی دیکەی دەبێت: - دیمەنێكی جوان بە ناوچەكە دەبەخشێت و دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری.- دەبێتە پاڵپشتی بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەدان دۆنم بەراو دەکات.- ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرز دەکاتەوە کە ئێستا یەکێک لە قەیرانە ژینگەییەکانی هەولێر و ئاستی ئاوی ژێرزەوی زۆر دابەزیوە. - مەترسیی لافاو لەسەر ناوچەكە و دەوروبەری ناهێڵێت، هۆكارێك دەبێت بۆ ڕێكخستنی ڕێڕەوی ئاو لە ناوچەكە و ڕێگەگرتن لە كارەساتی سرووشتی. - ناوچەكە دەگۆڕێت بۆ ناوەندێكی گەشەسەندووی ڕاوەماسی، ئەمەش سوودی زۆری ئابووری بۆ دانیشتووانی نزیك بەنداوەكە دەبێت.
ڕاگەیەنراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانەوە: دوو بازرگان دەستگیرکران و بڕی (٧٨) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیرا. لەدوو چاڵاکییدا لە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی ٩ی ٢٠٢٤ (بەڕێوەبەرایەتی ئاساییشی بازگەکان)ی سەر بە (بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاساییش) لەبازگەی (هیران) توانییان بڕی (٧٨)کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵ دەستبەسەردابگرن، یەکەمییان بڕی (٧٣) کیلۆگرام لەنێو ئوتۆمبێلێکی بارهەڵگر و دووەمیشیان بڕی(٥) کیلۆگرام لەنێو ئوتۆمبێلێکی تایبەتدا حەشار درابوون . هاوکات هەر لەم دوو چاڵاکییەدا توانراوە (٢) بازرگان دەستگیربکەن کە بەنیاز بوون ئەم دوو بڕە ماددەهۆشبەرە بۆ شاری هەولێر و دهۆک بگوازنەوە. لە دادگا دۆسیە بۆ تاوانەکە کراوەتەوە و تاوانباران بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانەوە بەدواداچوون بەردەوامە بۆ ئەم دۆسیەیەو دەستگیرکردنی تەواوی ئەم تۆڕە بازرگانییە. بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان.١٥ی٩ی٢٠٢٤