Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
هەواڵ
02-08-2026

وادەی ناونووسین بۆ پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ کۆتایی دێت

شەوی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، دوا مۆڵەت دەبێت بۆ ناونووسینی پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ و ئەم ماوەیە بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە. کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان: "تاوەکوو ئەمڕۆ، زیاتر لە 45 هەزار داواکاری لە لایەن هاووڵاتییانەوە لە سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج تۆمار کراون."  کاروان ستوونی دەشڵێت "کۆتا وادە بۆ وەرگرتنی داواکاریی هاووڵاتییان، رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی 5ـی ئابی 2026، کاتژمێر 12ـی شەو دەبێت." ستوونی داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان کرد، کە پێش بەسەرچوونی کاتەکە، ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بەو پێیەی بەهۆی خشتەی پلانەکەوە، ئەم ماوەیەی دیاریکراوە بە هیچ شێوەیەک بۆ جارێکی دیکە درێژ ناکرێتەوە. پڕۆسەکە لە 21ـی تەممووزی 2026 لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆوە دەروازەی ناونووسینی ئەلیکترۆنی بۆ حاجییان بۆ ساڵانی 2027 و 2028 کاریەوە و بۆ ماوەی 15 رۆژ بەردەوام دەبێت، واتە تاوەکو 5ـی ئابی 2026 کاتژمێر 12ـی شەو.

گشتی
01-08-2026

بۆرسەکانی ئەمریکا داخران

پێنوێنی ناسداک" (Nasdaq) بە رێژەی 1% بەرزبووەوە. هەروەها پێنوێنی ئێس ئاند پی (S&P 500) بە رێژەی 0.7% بەرزبووەوە و پێنوێنی داو جۆنس بە رێژەی 0.53% رووی لە هەڵکشان کرد. لەم هەفتەیەدا، سوودی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا بۆ ماوەی 30 ساڵ، بۆ بەرزترین ئاستی لە دوای ساڵی 2007ـەوە هەڵکشا و گەیشتە 5.25%. هەروەها سوودی قەواڵەکانی 10 ساڵەی گەنجینە ئاستی 4.7%ی تێپەڕاند، ئەمە بەرزترین ئاستە لە دوای کانوونی دووەمی 2025ـەوە تۆمار کرابێت. ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە هاتن، وەبەرهێنەران متمانەیان بە توانای کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندی کەمبووەتەوە بۆ رێگریکردن لە هەڵاوسان، ئەمەش وایکرد سوودی قەواڵەکان بەرزببنەوە. هەرچەندە وارش ئاماژەی بە پابەندیی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان کردووە، بەڵام لەم هەفتەیەدا گوتی، "هیچ گۆچانێکی سیحریمان بەدەستەوە نییە." تێری ساندڤێن، گەورە ستراتیژیستی بازاڕەکان لە کۆمپانیای (ئو ئێس بانکرۆپ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لەگەڵ نزیکبوونەوەی سوودی قەواڵەکانی 10 ساڵە لە ئاستی 5%، رەنگە ئەمە ببێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە بازاڕ و گوشار بخاتە سەر نرخی پشکەکان." ئەو ستراتیژیستە جەختی لەوە کردەوە، ئێستا بازاڕ وەک "شەمەندەفەرێکی خێرا وایە کە پڕە لە دڵەڕاوکێ و دەرفەتیش". ساندڤێن هەروەها دەڵێت، "لە لایەکەوە، ژینگەی بازاڕ جێی سەرنجە؛ هەڵاوسان تاوەکو رادەیەک جێگیرە، سوودی بانکی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودایە و داهاتی کۆمپانیاکانیش بەهێزن. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامن، ئەوەش نرخی نەوت بەرەو سەرەوە پاڵ دەنێت کە بێگومان دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان."

هەواڵ
01-08-2026

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ئید میلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، چەند پرسێکی پەیوەست بە ئاسایشی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تاوتوێ کران. وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، تاران لەگەڵ وڵاتی عومان خەریکی رێکخستنی میکانیزمە یاسایی و تەکنیکییەکانی هاتوچۆی دەریاییە لە گەرووی هورمز و هۆشداری دا هەر دەستێوەردانێکی لایەنی سێیەم لەم پرسەدا دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخەکە.   هاوکات عێراقچی بە توندی رەخنەی لە هەڵوێستەکانی بەریتانیا گرت و ئەو وڵاتەی تۆمەتبار کرد بەوەی هاوکار و تێوەگلاو بووە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە بڕیارەکەی لەندەن بۆ ناساندنی هێزە چەکدارەکانی ئێران وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا و داوای کرد پێداچوونەوە بەم جۆرە سیاسەتانەدا بکرێت. لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە لایەنە یاساییەکانی ململانێکان کرد و رایگەیاند، بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەر وڵاتێک خاک یان دامەزراوەکانی بخاتە خزمەت هێرشکردنە سەر وڵاتێکی دیکە، ئەوا وەک بەشێک لە کردەوەی شەڕەنگێزی ئەژمار دەکرێت و ئەمەش مافی بەرگری رەوا بە ئێران دەدات. سەبارەت بە هەوڵە سیاسییەکانیش، عێراقچی ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی پێشتر بۆ گەیشتن بە ئاشتی هەنگاوی رژدی ناوە و لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا گەیشتبوونە رێککەوتنی کۆتایی بۆ راگرتنی جەنگ، بەڵام ئەمریکا بەڵێنەکانی شکاندووە و رێگری لە جێبەجێکردنی کردووە. لە بەرامبەر ئەم تێبینییانەدا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دڵنیایی دایە لایەنی ئێرانی کە حکوومەتە نوێیەکەی لەندەن خوازیاری جەنگ نییە و بەشێک نییە لە هیچ ململانێیەکی سەربازی دژی ئێران، بەڵکو ئامانجی سەرەکییان پەنابردنە بەر دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی گرژییەکانە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

هەواڵ
01-08-2026

وەزیری نەوتی عێراق سەردانی تورکیا دەکات

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، 1ـی ئابی 2026، باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، دەچێتە تورکیا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک بۆ گواستنەوە و بارکردنی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی بۆری جەیهانەوە.   نوێ دەکرێتەوە...

هەواڵ
01-08-2026

هەرەشە لە عێراق دەکرێت

میدیاکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، حکومەتی عێراق ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی لە حکومەتی ئوردنەوە پێگەیشتووە، کە گرووپێکی سەربازی لە عێراق دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر ئوردن، لە ئەگەری بوونی هەر هێرشێکیش؛ ئوردن وەڵامی سەربازی تووندی بەرانبەر عێراق دەبێت. بەگوێرەی وتەی بەرپرسێکی سیاسیی عێراقی، ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، نامەیەکی بۆ حکومەتی عێراق ناردووە و تێیدا هاتووە: گرووپی سەرایا ئەولیا دەم بەتەمایە هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەیان. - لە نامەکەدا وەزیرەکە بە عێراقی ڕاگەیاندوو، لە ئەگەری ڕوودانی هەر هێرشێک، وڵاتەکەی بەشێوەیەکی وەڵامی دەداتەوە و هێرش دەکاتە سەر عێراق.  هاوکات، لەگەڵ ئەم هەڕەشانە، بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، تەواوی هێزە چەکدارەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشیی بەرزەوە و هەوڵەکانیش بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی چڕ دەکرێنەوە.  ئەم پەرەسەندنانە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیە و ئەمریکا دێن بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی، بە پاساوی هێرشی هێرشی گروپە عێراقییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ سەر سعوودیە.

هەواڵ
01-08-2026

عێراقیەکان ئامادەییان دەربڕیوە بەرەنگاری ئەمریکا ببنەوە

باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەڵێت، زۆربەی هۆزەکانی پارێزگاکانی عێراق ئامادەیی خۆیان دەربڕێوە، بۆ داکۆکی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە چەک بەرەنگاری ئەمریکا ببنەوە. محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا لە هەڤپەیڤینێکی میدیاییدا باسی لە ئامادەیی خەڵکی عێراق کرد بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئەمریکادا و رایگەیاند: ''لە زۆرێک لە پارێزگاکان، هۆزەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، بە چەک داکۆکیمان لێ بکەن.'' بەگوتەی محەممەد کازم ئال سادق، خەڵکی پارێزگاکانی عێراق پێیانوایە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل ''سەرفراز''ـی کردوون، بۆیە ئامادەی هەر بەرگرییەکن لە تاران، ''ئێمەش پێمان گوتوون ئێستا جەنگەکە ئاسمانییە، ئەگەر زەوینی بووایە بێگومان ئێوە پێشتر ئامادە دەبوون و بەشداریی جەنگەکەتان دەکرد." 28ـی شوباتی 2026 جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد. سەرەڕای ئەوەی دوای 40 رۆژ، ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوانیان راگەیێندرا، ئەمریکا بە چەندین قۆناخ هێرشی کردووەتەوە سەر بنکە سەربازی و کۆگەکانی چەک، تەقەمەنی، درۆن و مووشەک لە ئێران. لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.

گشتی
01-08-2026

سەرۆکی فیفا لەژێر گوشاردا خۆی بەدەستەوەدا

 جیانی ئینفانتینۆ، کشانەوەی پڕۆژەی "فیفا فۆروۆرد ئینتەرپرایز"ـی بەبەهای 20 ملیار دۆلار رادەگەیێنێت. سەرۆکی یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، لە بڵاوکراوەیەکدا، کە لە ماڵپەڕی فەرمی فیفا بڵاوکراوەتەوە، کشانەوەی پڕۆژەی "فیفا فۆروۆرد ئینتەرپرایز" و راگرتنی جێبەجێکردنی راگەیاند. ئەمەش دوای ئەوەی راوێژەکان لەگەڵ فیدراسیۆنە نیشتمانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەریانخست کە پێشنیازەکە بووەتە هۆی دروستبوونی جەمسەرگیری و ناکۆکییەک کە خزمەت بەو ئامانجە ناکات کە پڕۆژەکەی بۆ دەستپێکراوە. ئینفانتینۆ روونی کردەوە کە ئامانجی پڕۆژەکە دۆزینەوەی چوارچێوەیەک بووە بۆ بەهێزکردنی فیدراسیۆنە ئەندامەکان و پەرەپێدانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی پێویستی زۆریان بە پاڵپشتی هەیە. جەختیشی کردەوە کە بەردەوامبوون لە پڕۆژەکە لە سەرەتاوە مەرجدار بووە بە بەدەستهێنانی رەزامەندی زۆرینەی فیدراسیۆنە ئەندامەکان، ئەوەش دوای گفتوگۆ لەگەڵ ئەنجووومەنی فیفا و فیدراسیۆنە کیشوەرییەکان. سەرۆکی فیفا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بۆچوونانەی لە قۆناخی راوێژکاریدا کۆکراونەتەوە، بەڕوونی دەریانخستووە کە پڕۆژەکە بووەتە هۆی دروستبوونی دابەشبوون، ئەمەش وادەکات بەردەوامبوون تێیدا، بەبێ گوێدانە ئاستی ئەو پشتگیرییەی کە هەیەتی، لەگەڵ ئامانجە بنەڕەتییەکەی فیفا نەگونجێت. جیانی دووپاتی کردەوە کە ئامانجی یەکێتیی نێودەوڵەتی هەمیشە یەکخستن و پەرەپێدانی تۆپی پێ دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەکە بەردەوام نابێت و قۆناخی داهاتوو کارکردن دەبێت بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکان لەژێر چەتری هەماهەنگی و بەرژەوەندی هاوبەش بۆ گەشەپێدانی یارییەکە. کورتەیەک دەربارەی پڕۆژە هەڵوەشاوەکە: فیفا پێشنیازی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی پاشکۆی کردبوو بە بەهای 20 ملیار دۆلار لەژێر ناوی "فیفا فۆروۆرد ئینتەرپرایز" بۆ بەڕێوەبردنی جامی جیهانی و چالاکییەکانی دیکەی، هەروەها بڕیاربوو 20%ـی پشکەکانی کۆمپانیاکە بۆ وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت بێت. بڕیار بوو سندوقی Thrive Eternal کە لەلایەن کۆمپانیای ترايف کاپیتاڵی سەر بە جۆشوا کوشنەر بەڕێوەدەبرێت، سەرکردایەتی گرووپی وەبەرهێنەران بکات. جۆشوا برای جارید کوشنەرە، کە زاوای دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە. لای خۆشییەوە ترەمپ رایگەیاندبوو کە لەگەڵ ئینفانتینۆ باسی ئەو بابەتەی نەکردووە، سەرەڕای پەیوەندییە نزیکەکەیان و میوانداریکردنی جامی جیهانی 2026 لەلایەن ئەمریکاوە.

هەواڵ
30-07-2026

مەسرور بارزانی پێشوازی لە محەممەد ئەلحەلبووسی سەرۆکی حزبی تەقەدوم کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 7/30، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە محەممەد ئەلحەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم و شاندێکی یاوەری کرد. هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندی و هاریکاری و هاوئاهەنگیی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان كرد. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی سیستەمی دیموکراسی و فیدراڵیی عێراق و پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵ لەپێناو پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گشت پێکهاتەکان و خزمەتکردنی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بێ جیاوازی.

هەواڵ
29-07-2026

بۆچی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دەکرێنە ئامانج ؟

دوای ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی غەززە، گۆڕەپانی عێراق بووەتە شوێنی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و خێرا لە نێوان سوپای ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکانی ناسراو بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق. نوێترین ئالنگارییش هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمەریکا و سعوودیە بوو بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی عێراق. کە 20 چەکداریان کوژراوە و 32ـی دیکەش برینداربوون، هەورەها زیانێکی زۆری ماددیشی لێکەوتەوە. بۆچی بارەگا و هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکرێنە ئامانج؟ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) هەموو جارێک رایدەگەیەنێت، بۆردومانەکانیان وەک وەڵامێکە بۆ ئەو هێرشە بەردەوامانەی بە مووشەک و درۆن دەکرێنە سەر بنکە و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و وڵاتانی ناوچەکە . هەروەها بەشێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی، وەک کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەیدولشوهەدا، عەسائیبی ئەهلی حەق، لە هەمان کاتدا ئەندامن لە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و سەربەخۆ لە ئەرکە فەرمییەکان هێرش دەکەنە سەر ئامانجە ئەمریکییەکان. لە زۆربەی هێرشە ئاسمانییەکاندا، ئەمریکا بە درۆن ئەو فەرماندە و بەرپرسە سەربازییانەی حەشد یان گرووپەکان دەکاتە ئامانج کە بە گوێرەی ئاژانسە هەواڵگرییەکانی واشنتن، تۆمەتبارن بە دارشتنی پلان یان جێبەجێکردنی هێرش بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا. چەند رۆژێک بەر لە ئێستا سێنتکۆم رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکان زیاتر لە 600 هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا. ڤیتۆی ئەمریکا لەسەر بەشداریی سیاسیی حەشدی شەعبی بەر لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، مەرجی سەرەکی ئەمریکا بەشداری نەکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بووە لە حکوومەت، هەروەها پێداگریی کردووە لە هەڵوەشاندنەوە ئەو گرووپانە و تێکەڵکردنەوەیان بە هێزە سەربازییەکانی عێراق. پەیوەست بەم بابەتەوە تاوەکوو ئێستا سێ گرووپی چەکدار خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە و چەندین گرووپی دیکەش رەتیان کردووەتەوە چەک دابنێن و پێیان وایە بۆ بەرگریی کردن دەبێت چەکیان هەبێت   گرووپەکانی حەشدی شەعبی چین و کێن؟    لە 13ـی حوزەیرانی 2014، دوای کەوتنی شاری موسڵ و بەشێکی زۆری پارێزگاکانی عێراق بەدەست رێکخراوی داعش، ئایەتۆڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای "جیهادی کفایی" دەرکرد، بەپێی ئەم فەتوایە، بە هەزاران گەنجی شیعه و پێکهاتەکانی تر چەکیان هەڵگرت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.   لە ساڵی 2016دا، پەرلەمانی عێراق "یاسای دەستەی حەشدی شەعبی" ژمارە (40)ی پەسەند کرد، بەپێی ئەم یاسایە حەشدی شەعبی بوو بە هێزێکی سەربازیی فەرمی و سەربە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەڵام تا ئێستاش خاوەنی سەربەخۆیی فەرماندەیی و ستراتیژی خۆیەتی و لەژێر هەژموونی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان نییە. ژمارەی چەکداران و بودجەی حەشدی شەعبی ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە رەوتێکی گەشەسەندنی بەردەوامدا بووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، لە ئێستا ژمارەی کارمەند و چەکدارانی دەستەی حەشدی شەعبی لە نێوان 200 هەزار بۆ 238 هەزار چەکدار و فەرمانبەر دەخەمڵێندرێت. هەروەها لیواکان و فەوج و بەرەکانی حەشدی شەعبی زیاتر لە 67 تا 70 لیوای سەربازی پێکهاتووە کە لەسەرانسەری عێراقدا دابەشبوون.  ئایدۆلۆژیا و دڵسۆزی گرووپەکان گرووپەکانی ناو حەشدی شەعبی یەک پارچە نین، بەڵکو دابەشبوون بەسەر 3 تا 4 رەوت و ئاڕاستەی سیاسی و فکری سەرەکیدا.   1- گرووپە وەلائییەکان (نزیک لە ئێران / بەرەی بەرگری)   ئەم گرووپانە فەرماندەییی راستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێران (فەیلەقی قودس) وەک مەرجەع دەبینن و بەشێکی سەرەکین لەو هێزەی بە "بەرەی بەرگریی ئیسلامی" ناسراوە، زۆربەی ئیدارە و جومگە هەستیارەکانی فەرماندەیی حەشد بەدەست ئەم گرووپانەوەیە.   رێکخراوی بەدر: بە سەرۆکایەتی هادی عامری، خاوەنی گەورەترین ژمارەی لیواکانە لە ناو حەشددا. عەسائیبی ئەهلی حەق: بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی. کەتائبی حزبوڵڵا: بەهێزترین و توندڕەوترین گرووپی چەکداریی سەر بەم ئاڕاستەیەن. بزووتنەوەی نوجەبا: بە سەرۆکایەتی ئەکرەم کەعبی. کەتائبی سەیدولشوهەدا: بە سەرۆکایەتی ئەبو ئالا وەلائی. کەتائبی ئیمام عەلی.   2- گرووپەکانی حەشدی شەعبی نزیک لە سیستانی   ئەم گرووپانە خۆیان بە پاشکۆی فەتوای سیستانی دەزانن و پەیوەندییان بە ئێرانەوە نییە، لە ساڵی 2020ەوە لە رووی ئۆپراسیۆنەوە خۆیان لە فەرماندەیی دەستەی حەشد جیاکردەوە و راستەوخۆ سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراقن. لیوای عەلی ئەکبەر فیرقەی عەباس بۆ قیتال لیوای ئەنسار ئەلمەرجەعیە لیوای فۆرسان ئەلتەف 3- گرووپەکانی سەر بە رەوتی سەدر سەرایا سەلام : ئەم گرووپە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتی دەکات و سەرپەرشتی لیواکانی (313 و 314) دەکات، بەڵام بەم دواییە خۆیان هەڵوەشاندەوە و دەچنە ریزی هێزە ئەمنییەکانی عێراق. 4-حەشدی پێکهاتە و کەمینەکان (سوننە، مەسیحی، شەبەک، ئێزدی و تورکمان)   هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەت لە ناوچەکانی خۆیان دەکەن.   حەشدی عەشایەری (سوننەکان) زیاتر لە 40 تا 50 هەزار چەکداری سوننەن لە ئەنبار، نەینەوا و سەڵاحەدین. لیوای بابلیۆن (مەسیحییەکان - لیوای 50) بە فەرماندەیی رەیان کلدانی. لیوای 30 (هێزەکانی دەشتی نەینەوا - شەبەک) لە دەشتی نەینەوا جێگیرن. لیوا تورکمانییەکان لیوای 52 و 53 لە تەلەعفەر و توزخورماتوو. کەتائبی لالش و هێزەکانی شنگال (ئێزدییەکان).  سەرکردایەتیی دەستەی حەشدی شەعبی   لە ئێستادا فالح فەیاز سەرۆکایەتی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات، هەروەها عەبدولعەزیز مەحمەداوی سەرۆکایەتی ئەرکانی حەشدی شەعبی دەکات کە یەکێکە لە فەرماندە باڵاکانی پێشووی کەتیبەکانی حزبوڵڵا و لەبری ئەبو مەهدی موهەندیس دانرا. حەشدی شەعبی بەهۆی خاوەندارێتی لە دەیان هەزار چەکداری مەشقپێکراو، چەکی قورس، داهاتی سەربەخۆ لە بودجەی دەوڵەت و هەبوونی باڵی سیاسی لە پەرلەمان و کابینەی حکومەتدا، گۆڕاوە بۆ دامەزراوەیەک کە بەبێ رەزامەندیی ئەو، هیچ بڕیارێکی ئاسایشی یان سیاسیی چارەنووسساز لە عێراقدا تێنەپەڕێت. سەرەڕای فشاری وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوە یان تێکەڵکردنەوەی بە تەواوەتی لەناو سوپادا، بەڵام دەستەکە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەگی خۆی لە پێکهاتەی دەوڵەتی عێراقدا قووڵتر دەکاتەوە.

هەواڵ
29-07-2026

مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری پەروەردە و خوێندنی سووریا دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 7/29، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەممەد عەبدولرەحمان تورکۆ، وەزیری پەروەردە و خوێندنی سووریا کرد. لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سووریا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەتایبەتی پەروەردە و خوێندندا کردەوە. وەزیری پەروەردە و خوێندنی سووریا، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ میوانداریکردنی سەدان هەزاری پەنابەری سووری لە ساڵانی ڕابردوودا. ئاماژەشی بە هەنگاوەکانی حکومەتی سووریا دا بۆ گرنگیدان بە خوێندن بە زمانی کوردی لە سووریا. سەرۆکی حکومەت ئامادەییی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەموو هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەگەڵ حکومەتی سووریا و پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە دەربڕی.

گشتی
29-07-2026

کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبێتە ئەکتەر

کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێری پۆرتوگالی، خۆی بۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونی ئەکتەرایەتی ئامادە دەکات و بۆ یەکەمجار بەشداری لە درامایەکدا دەکات. رۆژنامەی 'سەن'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، دۆن لەگەڵ ماتیۆ فۆن کار لەسەر درامایەک دەکات، کە چیرۆکی بەڕێوەبەری کاری یاریزانانی تۆپی پێ لە بەریتانیا دەکات. رۆناڵدۆ لە رێگای کارە درامییەکەوە بەناوی 'Day 1s'، کە درامایەکی تەلەڤیزیۆنییە و باسی نهێنییە سەرنجڕاکێشەکانی ژیانی بەڕێوەبەری کاری یاریزانان و چۆنیەتی ئەنجامدانی گواستنەوەکان دەکات، بۆ یەکەمجار وەک ئەکتەر و بەرهەمهێنەر بەشداری دەکات. لە دراماکەدا، کریستیانۆ لەگەڵ تێری هێنری ئەفسانەی فەرەنسی بەیەکدەگەن و ئەوەش دەبێتە یەکەم بەیەکگەیشتنی نێوانیان، پاش ساڵانێک لە ململانێی نێو یاریگاکان. دراماکە، یەکەم پڕۆژەی تەلەڤیزیۆنی زەبەلاحی کۆمپانیای UR•Marv Studios دەبێت کە رۆناڵدۆ بەهاوبەشی لەگەڵ ماتیۆ فۆنی دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری بەناوبانگی بەریتانی دروستیکردووە. کاری وێنەگرتنی دراماکە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەستیپێکردووە، لەگەڵ وێنەگرتنی چەندین دیمەنی وەرزشی و تەکتیکی لە یاریگای بارنت لە باکووری رۆژئاوای شارەکە. بەپێچەوانەی دراما کلاسیکییەکانی دیکەوە کە فۆکەسیان لەسەر یارییەکانی نێو یاریگاکانە، دراماکەی رۆناڵدۆ دەچێتە نێو وردەکاریی دانوستاندن و بەڕێوەبردنی گرێبەستی یاریزانان و گوشاری سیاسی و بازرگانیی، لە چواردەوری ئەستێرەکانی تۆپی پێ. رۆڵی سەرەکی لە دراماکەدا بە دامیان لویسی ئەکتەری بەناوبانگی بەریتانی دراوە، کە پاڵەوانی سەرەکییە و زۆرینەی رووداوەکان لەچواردەوری ئەو کەسایەتییە دەسووڕێنەوە کە ناوی ستانلی دالتۆن دەبێت لە دراماکەدا. لە دراماکەدا هەروەها راپەری بەریتانی دیڤ بەشداری دەکات، لەگەڵ ژمارەیەک ئەکتەری دیکەی بەناوبانگ. تاوەکو ئێستا دیار نییە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دراماکەدا چ رۆڵێک دەگێڕێت، بەڵام بەشداریکردنی لە زنجیرەکانی دراماکەدا، یەکلایی کراوەتەوە.

گشتی
29-07-2026

مانچینی بووەوە راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا

  فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا، دۆسێی دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکەی یەکلایی کردەوە، پاشئەوەی بڕیاریدا رۆبێرتۆ مانچینی بکاتەوە راهێنەری ئازۆری.   دەستنیشانکردنی مانچینی پاش زنجیرەیەک لە هەوڵ و داوای لێبوردن و مشتومڕ ئەنجامدرا، کە رۆژانی رابردوو باڵیان بەسەر هەواڵەکانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیادا کێشابوو.   دەستنیشانکردنی مانچینی، پاش چەند کاژێرێکی کەم لە دەستلەکارکێشانەوەی هەریەکە لە پاوڵۆ ماڵدینی و لیۆناردۆ دێت، دوای ئەوەی تەنیا 16 رۆژ لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا کاریانکرد و بەهۆی ناکۆکی لەسەر دەستنیشانکردنی ئەندریا پێرلۆ بە راهێنەری هەڵبژاردەکە، دەستیان لەکارکێشایەوە.   پێرلۆ کە بەربژێرێکی زۆر نزیکبوو بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەکە، بەهۆی بوونی گرێبەستی ئەو راهێنەرە لەگەڵ کۆمپانیایەکی گرەوکردنی رووسی، رووبەڕووی ناڕەزایەتی زۆر بووەوە، لە دەستنیشانکردنی بۆ مەشقدانی ئیتاڵیا. بەر لە پێرلۆ، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا، هەوڵی رازیکردنی هەریەکە لە پێپ گواردیۆلا و کارلۆ ئەنچێلۆتیدا، بەڵام هەردوو راهێنەرەکە بەهۆکاری جیاواز، ئەرکەکەیان رەتکردەوە. مانچینی تەمەن 61 ساڵ، دوای چوار ساڵ لە رۆیشتنی لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە پۆستەکەی. مانچینی، پێشتر لە نێوان 2018 تاوەکو 2022 سەرپەرشتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیای کرد و پێشەوایەتیکرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆی 2020، بەرلەوەی بەهۆی شکست لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال، بەرامبەر مەسەدۆنیای باکوور و سەرنەکەوتن بۆ مۆندیالی 2022، لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە. فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا، هەروەها بڕیاریداوە کلاودیۆ رانیێری راهێنەر و گابریێلی ئۆریالی لە شوێنی پاوڵۆ ماڵدینی و لیۆناردۆ، پۆستی راوێژکارانی هەڵبژاردەکەیان بداتێ. ئامانجی سەرەکی مانچینی، گێڕانەوەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەبێت بۆ ئاستی پێشتر و سەرخستنی هەڵبژاردەکە بۆ مۆندیالی 2030 دوای سێجار سەرنەکەوتن لە سێ مۆندیالدا.

1 2 ... 16 17 18 ... 1142 1143