وەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕێزلێنانی پێشکەش بە مامۆستا و فەرمانبەرانى خانەنشین لە دیوانى وەزارەت کرد و ڕایگەیاند: لە زانکۆ و دامەزراوەکانى سەر بە وەزارەت زیاتر لە هەزار و 600 مامۆستا و فەرمانبەر خانەنشینی دەیانگرێتەوە. سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمێک بۆ بەخشینی ڕێزلێنان بە مامۆستا فەرمانبەرانی خانەنشینی دیوانی وەزارەتەکە ساز کرا. بە پێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، 29 مامۆستا و فەرمانبەری دیوانی وەزارەتەکە کە خانەنشینی دەیانگرێتەوە، ڕۆڵیان لە خزمەتکردنی کەرتی خوێندنی باڵا و ڕایکردنی کاروباری هاووڵاتییان بەرز ڕاگیرا. سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕۆژی 15ـی کانوونی دووەمی 2025، لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی هەمواركراوی جێبەجێ کرد و بەم جۆرەش تەمەنی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان لە 63 ساڵەوە کەم کرایەوە بۆ 60 ساڵ. پالپشت بەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران، هەزار و 623 مامۆستا و فەرمانبەر لە زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا خانەنشینی دەیانگرێتەوە.
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕۆژی پێنجشەممە بەرواری ٦ی شوباتی ٢٠٢٥ هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى٢٠٢٥/١ بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بەدیوانی وەزارەت و یەکه كانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت، دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان(ژمێریاری سەربازی)، ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بەکۆتا هێناوە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی شوباتی ٢٠٢٥ هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی (١) دابەشدەکرێت. هەروەها، لەلایەن هاوپەیمانانەوە جەختکرایەوە کە هاوكارى دارايى بەردەوام دەبێت.لەم مانگە سەرووی(٤٠٫٠٠٠) چل هەزار پێشمەرگە و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن ئەمەش ئەوە دەردەخات کە وەزارەتی پێشمەرگە بە پێی خاڵەکانی نامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیماناندا دەروات.
لە ئێوارەى ڕۆژى چوارشەممە، ڕێکەوتى 5/2/2025 کاریگەریی شەپۆلی نزمەپاڵەپەستۆى دەریاى سپیی ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکەمان. سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە بەرز و سنوورییەکان و بەشێک لە ناوچە جیاجیاکان نمەباران دەست پێدەکات، لە کاتەکانى ئێوارە لەگەڵ بەفرێکى کەم لە ناوچە سنوورییەکان. ڕۆژى پێنجشەممە کاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان زیاد دەکات و باران لە سەرجەم ناوچەکەمان دەبارێت و ئاستى باران مامناوەند و هەندێ کات لێزمەباران دەبێت و ئەگەرى هەورەتریشقەش هەیە. شەپۆلێکى بەفربارینیش ناوچە سنووری و شاخاوییەکان دەگرێتەوە. پلەکانى گەرما بە گشتى نزم دەبێتەوە بە (5-7) پلەى سیلیزى و لە ناوچە شاخاوییەکان لە کاتەکانى بەرەبەیان دادەبەزێت بۆ سفر پلەى سیلیزى. بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانى/ بەشى پێشبینی
دوای تەواوبونی ڕێکارەکانی گواستنەوەی تەمویلی مووچە بۆ بانکەکان، سبەی چوارشەممە 5ی شوباتی 2025 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت. لە چەند کاتژمێری داهاتوودا خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم ڕادەگەیەنرێت. وەزارەتی دارایی و ئابووری
ئەمڕۆ سێشەممە 2/4 مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە محەممەد ئەلحەسسان نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق و سەرۆکی نێردەی ( UNAMI) کرد. لە کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ئاڵوگۆڕ کرا .هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان. هەروەها هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بە هەنگاوێکی ئەرێنی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان دانرا.سەرۆکی نێردەی یونامی لە عێراق، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکومەتی لە پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەرز نرخاند.سەرۆکی حکومەت ستایشی ڕۆڵی بنیاتنەرانە و ئەرێنی نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكانی له عێراق،لە ڕووی لەیەکنزیکردنەوەی لایەنە سیاسیەکانی عێراق و چەسپاندنی سەقامگیریی کرد.
سێشەممە، 4ـی شوباتى 2025، ليژنهى هاوبهشى دانووستانكارى پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، دواههمين كۆبوونهوهى خۆیان کرد. ليژنهى هاوبهشى دانووستانكارى پارتی و یەکێتی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، ئهمڕۆ 4ـی شوباتى 2025 له ههولێر، ليژنهى هاوبهشى دانووستانكارى پارتى ديموكراتى كوردستان و يهكێتيى نيشتمانيى كوردستان، دواههمين كۆبوونهوهى خۆمان کرد، ئهوهش دواى چهندين دانیشتنی چڕوپڕ و گفتوگۆى بنياتنهرانه بهمهبهستى كارى هاوبهش له قۆناغى داهاتووى حوكمڕانيدا، به شێوهيهك كه له ئاستى قۆناغی ههستیاری ئێستا و چاوهڕوانيى هاووڵاتييانى ههرێمى كوردستاندا بێت. ئەوەش هاتووە، له ميانى كۆبوونهوهكاندا، لێكگهيشتنى هاوبهش و ڕێككهوتنى سهرهتايى لهسهر زۆربهى تهوهرهكان هاتووهته ئاراوه، هەروەها ئهنجامى كۆبوونهوهكان دهخرێته بهردهستى ليژنهى باڵاى دانووستانكارى ههردوولا، بۆ يهكلاكردنهوهى پرسەکان. بە گوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ڕەشنووسێکی نۆ تەوەری ئامادە کراوە، کە 15 خاڵ لە خۆ دەگرێت و دەخرێتە بەردەم لیژنەی باڵای دانووستانی پارتی و یەکێتی. گرنگترینی تەوەرەکان لایەنی سیاسی، پەرلەمان، دارایی ، پەیوەندییەکان، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، پێشمەرگە ، وزە، دەسەڵاتی دادوەری دەگرێتەوە، کە دەبێتە بنەمایەک بۆ کارنامەی چوار ساڵی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خۆ دەگرێت. لەدوای ئەم کۆبوونەوەیە، هەر خاڵێکی ناکۆک مابێتەوە بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای دانووستانکاری پارتی و یەکێتی بەجێ دەهێڵرێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 2/4، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆ و دیدارەکانیان لە بەغدا تایبەت بە هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو. سەرۆکی حکومەت سوپاسی ئەندامانی شاندەکە و هەموو تیمە تەکنیکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە زۆر پیشەییانە و دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە ، هیواشى خواست دەنگدان لەسەر هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
پێنجەمین کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم کۆتایی هات. لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ڕەشنووسێکی نۆ تەوەری ئامادە کراوە، کە 15 خاڵ لە خۆ دەگرێت و دەخرێتە بەردەم لێژنەی باڵای دانووستانی پارتی و یەکێتی. گرنگترینی تەوەرەکان لایەنی سیاسی، پەرلەمان، دارایی، پەیوەندییەکان، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، پێشمەرگە ، وزە، دەسەڵاتی دادوەری دەگرێتەوە. لەدوای ئەم کۆبوونەوەیە، هەر خاڵێکی ناکۆک مابێتەوە بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای دانووستانکاری پارتی و یەکێتی بەجێ دەهێڵرێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.
هاوینی ئەم ساڵ پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو بۆ هەولێر تەواودەبێت و کێشە گەورەکەی شارەکە چارەسەر دەبێت و تینویایەتی دەشکێت. پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو بۆ هەولێر، 75٪ـی تەواوبووە و بڕیارە کۆتایی مانگی 6 کۆتایی بە کارەکانی بێت. بۆرییە گەورەکانی پڕۆژەکە گەیشتوونەتە نێو هەولێر و دەورووبەری، زیاتر لە 70٪ـی شارەکە و دەورووبەری سوودی لێ دەبینن، لە پلانی پرۆژەکەش هاتووە کۆتایی بە کێشەی نەبوون و کەمی ئاو دێت، چونکە لە کاژێرێکدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دەگەیێنێتە هەولێر. پەیام حەسەن، ئەندازیارە لە کۆمپانیای هێمن گرووپ و لەبارەی کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە دەڵێت، "دەمانەوێت ئەو پڕۆژەیە بە زووترین کات تەواو بکەین کە دەکەوێتە هاوینی ئەم ساڵ، لە کۆتایی مانگی شەش بۆ سەرەتای مانگی حەوت. لە کاژێرێکدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دەنێرێت بۆ وێستگەکانمان، بەراورد بە هێڵەکانی ئیفرازی یەک، دوو و سێ، کە بە هەر سێکیان ئەگەر بەبێ گرفت کاریان کردبووایە، لە کاژێرێکدا 13 هەزار مەتر سێجا ئاو دەنێرن. لەو پڕۆژەیە ئاو هێندە بەهێز دەڕوات، توانای هەیە سێ بۆ چوار نهۆم ئاو بەسەربخات و پێویستی بە مزەخە نەبێت". بۆ ئەوەی هیچ شکانێک نەبێت، لە پرۆژەکەدا جۆرێک لە بۆری بەکارهێندراوە کە هەمان کوالێتی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەیە. بە درێژایی رێڕەوی بۆرییەکانیش هێڵێکی ئینتەرنێت داندراوە بۆ ئاگاداربوون لەهەر کێشەیەک. پەیام حەسەن لەبارەی شکانی بۆرییەکانیش باس لەوە دەکات، "دەمەوێت ئەوەش رابگەیێنم، ئەو کێشەیە نامێنێت کە دەگوترا بۆری شکاوە، لەگەڵ بۆری جۆری کاربۆن ستیل شکان زۆر زەحمەتە، ئەو جۆرە بۆرییە کە 1,600 ملیمە، تاوەکو ئێستا بەو قەبارە و کوالێتییە لە عێراق بەکارنەهاتووە". لە پڕۆژەکەدا 480 کم بۆری قەبارە جیاواز بەکاردەهێندرێت، لەرێگەیەوە ئاو لە زێی گەورەوە دەگەیێندرێتە تۆڕی ئاو لە هەولێر و دەورووبەری. هاوتەریب لەگەڵ بەستن و گەیاندنی بۆرییەکان، هێڵی کارەبای تایبەتیش بۆ پڕۆژەکە رادەکێشرێت. زانا کازم، کارمەندی سەرپەرشتیارە لە کۆمپانیای هێمن گرووپ و لەبارەی پێویستیی کارەبا بۆ پڕۆژەکە ئاماژە بەوە دەدات، "پڕۆژەکە زیاتر لە 30 مێگاوات کارەبای پێویستە، گەیاندنی ئەو تاوەرە زۆرانە خۆی لە خۆیدا بە پرۆژەیەکی گەورە دادەندرێت، وەک کۆمپانیای هێمن گرووپ 105 تاوەری بەرزی کارەبامان دابینکردووە، هاوتەریب لەگەڵ بۆرییەکان هێڵی کارەباش دەگەیێندرێت". بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر، لە کۆی 1,350 بیری ئاوی خواردنەوە، زیاتر لە هەزاریان دادەخرێن. بە تەواوبوونی پرۆژەکە، پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن، تاوەکو 30 ساڵی داهاتوو کێشەی نەبوون و کەمی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر چارەسەرببێت.
لە کاتێکدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ پرسی مووچە لە بەغدا بووە، لەکاتی کۆبوونەوەکان گفتوگۆیەکی تایبەت لەبارەی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەیەکی عێراق دەکات. لە کۆبوونەوەکەدا سەرکردەیەکی عێراقی کە هەڵوێستی زۆر تووندی لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەبووە و زۆر جاریش هێرشی کرووەتە سەر هەرێم، بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت: ئەگەر کێشەی مووچە لەگەڵ ئێوە چارەسەر بکەین، دیسان بیر لە جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان ناکەینەوە؟ پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەو کاتەدا سەرۆکوەزیران مەرسرور بارزانی وەڵامی سەرکردە عێراقییەکەی دایەوە و گوتی: -پرسیار لە خۆت بکە ئێمە بۆ گەیشتینە ئەو بڕوایە. -ئێوە هاووڵاتییانی ئیمە بە پلە دوو سەیر دەکەن. -ئێوە مووچەی هاووڵاتییانی ئێمە نادەن، فشار لە فەرمانبەر و مامۆستایانی ئێمە دەکەن. -تۆ بەرگە دەگریت منداڵەکەت برسی بێت و شیری نەبێت بۆ خواردنەوە؟ -ئەگەر تۆ هاووڵاتیی من بە پلە دوو سەیر دەکەیت، چاوەڕیی هەر هەڵوێستێکی من بە. - ئەگەر تۆ مووچەی فەرمانبەران دەنێریت و مافی هاووڵاتییان جێبەجی دەکەیت، ئەوا ئێمەش ئیلتیزامی پێوە دەکەین.
ئەمڕۆ سێشەممە 2/4 , مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە فەرامەرز ئەسەدی کونسوڵی گشتی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر کرد. لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتی کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە. .
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە یەک گوژمە بڕی 958 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە زووترین کاتدا مووچە دابەش دەکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی ئەو پارەیەی خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، بەدیاریکراوی (958,012,332,759)یە، واتە نۆسەد و پەنجا و هەشت ملیار و 12 ملیۆن و 332 هەزار و 759 دینار. راشیگەیاند، لە زووترین کاتدا وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک دەکات.