Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13727 بابەت
هەواڵ
06-02-2025

مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەکات

پێنجشەممە، 6ـی شوباتی 2025، سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە سی و یەكەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەکات و دەڵێت: جەخت لە پێویستیی پێكەوەیی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسیەكان و دەستگرتن بە هێڵە ستراتیجییەكان و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان دەكەینەوە. دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بەبۆنەی سی و یەكەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان پیرۆزبایی لە برای بەڕێز مامۆستا سەلاحەددین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم. لەو یادەدا پێزانینمان بۆ ڕۆڵ و كاریگەریی یەكگرتووی ئیسلامی و سەركردایەتییەكەی لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان و عێراق و هەڵوێستەكانیان لە وێستگە جیاجیاکاندا هەیە. هەروەها جەختیش لە پێویستیی پێكەوەیی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسیەكان و دەستگرتن بە هێڵە ستراتیجییەكان و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان دەكەینەوە.

هەواڵ
06-02-2025

پلەی زیاتر لە هەشت هەزار پێشمەرگە بەرز کرایەوە

بەشی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، پلەی (8168) پێشمەرگە و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە بەرز کرایەوە لە نووسراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، بەپێی فەرمانی وەزاری ژمارە(2307) لە بەرواری 6-2-2025، کە ئیمزای وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، پلەی 8168 پێشمەرگە و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە لە خشتەی ئەیلوولی ساڵی 2024، بەرز کرایەوە. وەزیری پێشمەرگە باسی لەوە کردووە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە پشتیوانیی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانیومانە؛ پلەبەرزکردنەوەی پێشمەرگە و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە بخەینە سەر ڕێچکەی ئاسایی و یاسایی خۆی، لە پاڵ ئەوەشدا، دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان، لە ئەولەوییەتی کاری وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازیی بووە.  ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە، پێویستە پێشمەرگە هەمیشە لە بەرەوپێشچوون و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانیدا بێت.

هەواڵ
06-02-2025

مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت

ڕۆژی سێشەممە (11ی شوباتی 2025) مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025ی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، کە تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت. وەزارەتی دارایی و ئابووری

هەواڵ
06-02-2025

سەرۆكی حکومەت پیرۆزبایی لە یەكگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/6، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی(31)مین ساڵیادی ڕاگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی؛ بەڕێز سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان؛ بە بۆنەی‌ (31)مین ساڵیادی ڕاگه‌ياندنى يه‌كگرتووى ئيسلاميى كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و سەرکردایەتی و ئەندامانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەکەم و هيواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.ئومێدەوارم یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە کار و خەباتیدا بەردەوام بێت، لەپێناو داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و دەستکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2025/2/6

هەواڵ
05-02-2025

کەسوکاری ئەو کچەی سووتێندرا هۆکارەکەی ئاشکرا دەکەن

لەسەرچاوە ئەمنییەکان زانراوە، نوور بە دەستی کوڕێکی سووریایی خنکێندراوە. کەسوکارەکەی دەلێن، دوای کاژێر 10ـی شەوی سێی ئەم مانگە نوور تەلەفۆنەکەی داخراوە و دوای چەند جار پەیوەندیکردن، ئاگادارکراونەتەوە کە تەرمی نوور بە سووتێندراوی لە سنووری قەزای بەحرکە دۆزراوەتەوە. کەسوکارەکەی دەلێن بکوژ کوڕێکی سوریایی تەمەن 18 ساڵە، تاوەکو ئێستا ناو و چۆنیەتی یەکتر ناسینی بکوژ و کوژراویان بۆ روون نەبووەتەوە. بە قسەی کەسوکاری بکوژ دوای تاوانەکە ئۆتۆمبێل و زێرەکانی نووریشی بردووە. شەمس دلێمی خوشکی نوور باس لەوە دەکات، "ئێمە نەماندەزانی، ئەو ( نوور) شەوی رابردوو چووبووە دەرەوە لە درەنگانی شەو، کاژێر 4ـی بەرەبەیان ئاگاداریان کردینەوە کە رووداوێکی بەسەردا هاتووە، لە بنکەی پۆلیس پێیان گوتین کوڕێکی سووریایی بکوژە، لەبەر ئۆتۆمبێل و پارەکانی کوشتوویەتی، ئێمە هیچ کێشەمان لەگەڵیدا نەبوو. چووین سەیری کامێراکان بکەین گوتیان ئێمە خەوتبووین و ئاگادار نەبووین، ئاخر چۆن لەو هۆتێلە هێنایانە خوارەوە بە کوژراوی، چۆن بردیە دەرەوە بۆسەر رێگای بەحرکە؟ چۆن لەوێ سووتاندی، ئەمە ناگونجێت کەسێک بە تەنیا ئەم تاوانەی کردبێت." لە دوای رووداوەکە بکوژ دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە، تەرمی نوور دوای توێکاری پزیشکی برایەوە بەغدا. کەسوکارەکەیشی سکاڵایان تۆمارکردووە. مەروە دلێمی، خوشکی نوور لەبارەی چۆنیەتی کوژرانی نوور دەڵێت، "سەرەتا پێیان گوتین بکوژەکان دوو کەسن، کوڕێکی سووریایی لەگەڵ کوردێک کە خەڵکی هەولێرە، دواتر چووین بۆ بنکەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، ئەوان پێیان گوتین، نەخێر بکوژ تەنیا یەک کەسە و کوڕێکی سووریاییە، ئێ باشە ئەی ئەوانەی لە هۆتێلەکە کاریان دەکرد؟ بۆ نەیانهێناون بۆ لێکۆڵینەوە؟ چۆن دەبێت لەبەر چاوی ئەوان ئەو تاوانە روویدابێت، کەچی دەڵێن ئەوان کاژێر دووی شەو خەتوون، چۆن هۆتێلی ئاوا گەورە کەس ئاگای لێنەبووە و هەمووی خەوتووە؟" نوور دلێمی خەڵکی بەغدایە و ماوەی 8 ساڵە لەگەڵ دوو خوشکی دیکەی لە هەولێر نیشتەجێبوون.

هەواڵ
05-02-2025

پۆلیسی هەولێر بکوژی نوور دلێمی دەستگیر دەکات

پۆلیسی هەولێر ڤیدیۆی ئەو گەنجەی بڵاوکردووەتەوە کە نوور دلێمیی خنکاند و دواتر تەرمەکەی لە چۆڵەوانی سووتاند. بەگوێرەی ڤیدیۆکە، گەنجێکە درەنگی شەو دەچێتە بەنزینخانەیەکی هەولێر و دەبەیەک بەنزین لەگەڵ خۆیدا دەبات، دواتر لە چۆڵەوانییەک ئاگر لە تەرمی نوور دلێمی بەردەدات. پۆلیسی هەولێر دەڵێت، گەنجەکە بە رەگەز سووریاییە و پێشتر کچەکەی خنکاندووە، دواتر ئاگری لە تەرمەکەی بەرداوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیسی هەولێر، کچ و کوڕەکە بووەتە دەمەقاڵەیان، دواتر تۆمەتبار ئافرەتەکەی لە ژوورێک خنکاندووە، پارە و ئاڵتوونەکانی لێ بردوون، بەوەشەوە نەوەستاوە، تەرمی ئافرەتەکەی بردووەتە شوێنێکی دوور و سووتاندوویەتی.

هەواڵ
05-02-2025

ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمرۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوکرایەوە

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، کە لە پەیوەندی بەردەوامدابن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتیە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێم، تا لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی شوباتی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سوپاسی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی و تیمەکەی کرد بۆ هەوڵ و کۆشش و ماندووبوونیان بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنێکی گشتگیری هاوسەنگ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی ساڵی 2025، بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە نیگەرانیی و نەهامەتی مووچەخۆران، کە بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا، زەحمەتی زۆریان بینی و سەرۆک وەزیران سوپاسی پشوودرێژیی مووچەخۆرانی کرد و دڵنیاییدا کە حکومەتی هەرێم، درێخی ناکات لە کارکردن بۆ زامنکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران و بەردەوامبوونی ڕێكکەوتنی ئەم دواییە لەمبارەیەوە. سەرۆک وەزیران هەروەها سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی فیدڕاڵ و وەزیرە کوردەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیشی کرد، بۆ ڕۆلیان لە گەیشتنن بەم ڕێککەوتنە لە بارەی بودجە و هەروەها هەموارکردنی یاسای بودجەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار، ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم خستەڕوو، هەر لەمبارەیەوە و لە پێناو زامنکردنی بەردەوامبوونی ئەم ڕێککەوتنە، چەند پێشنیارێک خرانەڕوو بۆ ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفی گشتیی بۆ ساڵی 2025 لە بەر ڕۆشنایی دوا ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم. ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاری پەسەندکردنی سەرجەم ئەو پێشنیارانەی دا کە لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، لە پێناو زامنکردنی مووچەی هەر دوانزدە مانگی ساڵی 2025 و نەهێشتنەوەی هیچ پاساو و بیانوویەکی تەکنیکی بۆ ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بڕیاری پەسەندکردن و پابەندبوونی بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 دا بە گوێرەی ئەو ژمارە و خەرجییانەی لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، هەروەها بڕیاردرا بە پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەک لایەنی تایبەتمەند بە خانەنشینی لەسەر تاسەری هەرێم . دواتر هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی بەئەلکترۆنیکردنی لیستی پێدانی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی خستەڕوو، کە بۆ یەکەمجار لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە ، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ئاسانکاری باشی کردووە و کاریگەری بەرچاوی هەبووە. لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بوودجەی عێراقی فیدڕاڵ کرد تایبەت بە ماددەی 12 لە یاساکە تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، كە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەموارکردنەوەی یاساکە دەکات و بەهەنگاوێکی گرنگی لە قەڵەمدا بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کە بەهۆی ڕاگرتنیەوە، زیانێکی زۆر بەر بودجەی گشتیی کەوتووە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیی خۆی بە هەمواری یاساکە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتیە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێم، تا لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن سۆمۆ دەست پێ بکاتەوە و داهاتەکەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدڕاڵی. لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرا و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵ بۆ مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2025 بۆسەر حیسابی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە چەند ڕۆژی داهاتوو.

هەواڵ
05-02-2025

حكومەتی هەرێم بڕیارێکی نوێی بۆ مامۆستایانی ئاینی دەرکرد

حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دەربڕی بە نوێكردنەوەی مینحەی هەزار و 500 مامۆستایانی ئاینی  خۆبەخش بۆ ساڵی 2025 و داواكارییەكەیانی بۆ بوون بە گرێبەست قبوڵ نەكرد. بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم كە، تێیدا هاتووە كە حكومەتی هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر نوێكردنەوەی مینحەی هەزار و 500 مامۆستای ئاینی خۆبەخش وەك پێش نوێژ و وتارخوێن. هەر لە نوسراوەكەدا هاتووە، ئەو مامۆستا ئاینیە خۆبەخشانە بۆ ماوەی یەك ساڵی تر مانگانە 250 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەكرێت. لە ماوەی رابردوودا مامۆستایانی ئاینی خۆبەخش چەندین جار گردبوونەوەیان كرد و داوایان كرد وەك مامۆستایانی وانەبێژ ئەمانیش بكرێن بە گرێبەست، بەڵام حكومەتی هەرێم داواكەی قبوڵ نەكردن و وەك ساڵی رابردوو مینحەی بۆ بڕینەوە.

هەواڵ
05-02-2025

بڕیارێکی گرنگ لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ خانەنیشینان

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و سێ تەوەری پەیوەست بەمووچە و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان تاووتوێ دەكات.شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای گەڕانەوەیان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوونەوە و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنە نوێیەکەیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی خستەڕوو، بڕیاریشە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لێکەوتەکان و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی، لە تەوەری یەکەمی كۆبوونەوەكەدا لە پێنج خاڵدا بارودۆخی دارایی و مووچە تاووتوێ دەكرێ كە بریتین لە: - ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفیی گشتیی.- پەسەندکردن و پابەندبوون بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە ژمارە و پلە و خەرجی) بۆ ساڵی دارایی 2025.- پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی.- پابەندبوون بە سنووری دیاریکراوی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان.- بەئەلیکترۆنیکردنی لیستەکانی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە. لە تەوەری دووەمدا ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی پەسەندکردنی یاسای هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی گشتیی فیدڕاڵ تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکات.لە تەوەری سێیەمدا ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و بەشی وەزارەتەکان لە داهات و ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ گفتوگۆ دەكرێت.

هەواڵ
05-02-2025

مەسرور بارزانی پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەندروستی کردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2/5، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەندروستی ( MEDICO)ی لە هەولێر کردەوە.سەرۆکی حکومەت بەشەکانی پێشانگاکەی بەسەرکردەوە کە ‎یەکەمین و گەورەترین پێشانگەی نێودەوڵەتی تەندروستییە لە عێراق و کوردستان و زیاتر لە 150 کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشداریان تێدا کردووە کە لە 5 تا 8ی شوبات لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێوەدەچێت. 1 2

هەواڵ
05-02-2025

ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەكات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی 2ی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و سێ بڕگە تاووتوێ دەكات. لە بڕگەی یەکەمی كۆبوونەوەكەدا لە پێنج خاڵدا بارودۆخی دارایی و مووچە تاووتوێ دەكرێ كە بریتین لە:1- ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفیی گشتیی.2- پەسەندکردن و پابەندبوون بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە ژمارە و پلە و خەرجی) بۆ ساڵی دارایی 2025.3- پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی.4- پابەندبوون بە سنووری دیاریکراوی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان.5- بەئەلیکترۆنیکردنی لیستەکانی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە. لە بڕگەی دووەمدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی دەكات لە پەسەندکردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یاسای هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی گشتیی فیدڕاڵ تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم. لە بڕگەی سێیەمدا ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و بەشی وەزارەتەکان لە داهات و ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ گفتوگۆ دەكرێت.

هەواڵ
05-02-2025

ترەمپ: ئامادەم گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بکەم

دۆناڵد ترەمپ واژۆی لەسەر یاداشتێکی سەرۆکایەتی کرد تاوەکو ئەمریکا سیاسەتێکی تووند بەرامبەر بە ئێران بگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگەی لێبگرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.  رۆژی دووشەممە، 4ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی ژمارەیەک فەرمانی سەرۆکایەتی واژۆ کرد، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.  ترەمپ دوای ئەوەی فەرمانی سەرۆکاتی بۆ گوشارکردن لەسەر ئێران جێبەجێ کرد، هیوای خواست کە پێویست نەکات ئەو گوشارە بکاتە سەر ئەو وڵاتە.  بەگوێرەی ئەو یاداشتەی کە ترەمپ بۆ گوشارکردنە سەر ئێران واژۆی کردووە، هەموو فەرمانگەکانی حکومەتی ئەمریکا دەبێت سزای نوێ بۆ سەر ئێران دابڕێژن.  ترەمپ پەشیمانی لەبارەی گرتنەبەری رێکارەکان بەرامبەر بە ئێران نواند و گوتی، "ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە لێی دوودڵم. هەموو کەس دەیانەوێت من ئەوە واژۆ بکەم، من واژۆیان دەکەم. ئەو [ئەو یاداشتانە] زۆر تووند دەبێت بۆ ئێران." هەروەها سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "بەهیوام کە پێویست نەکات [رێکارەکان] زۆر بەکاربهێنم. دڵخۆش نیم بە کردنی ئەمە، بەڵام لەراستیدا بژارەی زۆرم نییە، چونکە دەبێت بەهێز بین." لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ ئێران، ترەمپ گوتی، "سەیر دەکەین بزانین دەتوانین رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەین یان نا. رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەکەین و هەموو کەس دەتوانن بەیەکەوە بژین." پرسیاری ئەوە لە ترەمپ کرا کە "ئێران چەند لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکە؟" لە وەڵامدا گوتی، "ئەوان زۆر زۆر نزیکن". لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر خۆی و ئەگەری هەوڵی کوشتنی پرسیار لە ترەمپ کرا، ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "ئەوان ئەو شتەیان نەکردووە و شتێکی زۆر خراپە ئەگەر ئەوە بکەن... ئەگەر ئەوان ئەوە بکەن، دەسڕێنەوە. رێنماییم بەجێهێشتووە، ئەگەر ئەوان ئەمە بکەن، دەسڕدرێنەوە، هیچ شتێک نامێنێت. هەروەها نابێت توانای ئەوەیان هەبێت." لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی دژی ئێران پەیڕەو کرد و ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کشاندەوە.  تاران پابەندی رێککەوتنەکە بوو تاوەکو واشنتن لە 2018 لێی کشایەوە، بەڵام دواتر دەستبەرداری بوو. هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە لەو کاتەوە شکستیان هێناوە.  رێککەوتنەکە میکانیزمێکی تێدایە کە رێگە بە واژۆکاران دەدات سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا بسەپێننەوە، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت. رۆژی 20ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و بووە سەرۆکی ئەمریکا. ئەو بەردەوام لە گوتەکانیدا دژایەتیی خۆی بۆ ئێران دەبڕیوە و ئەو وڵاتەی بە مەترسی لەسەر وڵاتەکەی و ئیسرائیل داناوە.

1 2 ... 133 134 135 ... 1143 1144