حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە یەک گوژمە بڕی 958 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە زووترین کاتدا مووچە دابەش دەکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی ئەو پارەیەی خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، بەدیاریکراوی (958,012,332,759)یە، واتە نۆسەد و پەنجا و هەشت ملیار و 12 ملیۆن و 332 هەزار و 759 دینار. راشیگەیاند، لە زووترین کاتدا وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 2/4، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کەسایەتیی ئايینی ناسراوی کوردستان شێخ مادح شێخ عوسمان نەقشبەندی کرد. لە دیدارەکە جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان و پاراستنی بەها بەرزەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە میانڕەوی و لێبوردەیی و ئاشتەوایی کرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 2/3 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،پێشوازی لە شاندێکی سەڵتەنەی عومان بە سەرۆکایەتی قەیس بن محەمەد ئەلیوسف وهزیری بازرگانی و پیشەسازی و برەودان بە وەبەرهێنانی سەڵتەنەی عومان کرد. لە دیدارەکەدا جەخت لە پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سەڵتەنەی عومان، لە بوارە جۆراجۆرەکاندا، بە تایبەتی بازرگانی، پیشەسازی و وەبەرهێناندا کرا.سەرۆکی شاندی عومان ، خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئامادەیی وڵاتەکەیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دەربڕی. لەمبارەیەوە ئاماژە بە گرنگیی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی عومان لە هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا کرا . سەرۆکی حکومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەڵتەنەی عومان دووپات کردەوە.
دەقی ڕاگەیێنراوەکە: شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتنە ڕێککەوتن. دوای ١٥ ڕۆژ کاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی. هاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە ٣ ی شوباتی ٢٠٢٥، لەبینای ئەنجومەنی ئابووری عێراق بەڕێوەچوو، شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز (ئاوات شێخ جەناب)وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان لەبەغداد و خالید هادی چاوشلی ڕاوێژکار لەئەنجومەنی وەزیران بەڕێوچوو، شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێزان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ و پشتیوان بوون بۆ ئەوەی لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بگەنە ڕێكکەوتن. لەلایەکی ترەوە شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد کە هاوکار و پشتیوان بوون بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بوودجە بەتایبەت بڕگەی تایبەت بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی (٢٠٢٥ )ن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بەگەیشتنی تەمویلەکە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت. شایانی باسە شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان لەتەواوی کۆبونەوەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر شانی هەرێمی کوردستان ، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردوو لەبواری لیستی مووچەو خشتەکان و تەمویل وتەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق لەکاتی خۆیداو بەبێ کێشە مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.
بەهۆی ستایشکردنی سەدام حسێن سەرۆکی حزبی بەعس، عومەر فەقێ سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکرێت کە بەشێکیان کەسوکاری ئەنفال کراوانن.لە بەرنامەیەکدا عومەر مەحمود فەقێ دەڵێت، " سەدام حسێن قەبر پڕ نوور بێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "من باسی لایەنە باشەکانی دەکەم لایەنە خراپەکەی خودای گەورە خۆی باجی پێدا". ئەم قسانەی عومەر فەقێ بووە جێگای سەرنجی میدیاکان و کۆمەڵێک رەخنەو گازندەی لێ کەوتەوە لەلایەن رۆژنامەنووس و هاونیشتیمانیان، تا ئەو رادەی کە سكاڵای لەسەر تۆمارکرا لەلایان بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بەپێی زانیارییەکان ١٨ واژۆ کراوە بۆ سکاڵا تۆمار کردن لەسەری. هاوکات، لە تەواوی قسەکانی عومەر فەقێ ستایشێکی زۆر دەبینرێت بۆ سەدام حسێن و حزبی بەعس لە بەرامبەردا چالاکوانان و رۆژنامەنوسان دەڵێن ئێمە شەهیدمان داوە لە پێناو رووخاندنی حزبی بەعس. ئەمەلەکاتێکدایە رژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن کە عومەر فەقێ وەسفی کردووە زوڵم و ستەمێکی زۆری لە گەلی کورد کردووە، بە ئەنفال کردن و کیمیاباران کردنی هەڵەبجە و چوار دەورەکەی.
وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، لەسەر هەر 12 مووچەی ساڵی 2025 لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتین. ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لەسەر مووچە لەگەڵ دارایی عێراق گەیشتینه ڕێکوەوتن و لە ساڵی 2025 بێ کێشە مووچە خەرج دەکرێ." ئاماژەی بەوەش دا، لەم یەک دوو ڕۆژه پلانی دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک دەستپێدەکات. ئەوەشی خستە ڕوو: "ماوەی 10 ڕۆژ لە هەولێر و 5 ڕۆژ لە بەغدا، بەخێر بۆ خەڵکی کوردستان گەڕایەوە توانیمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بگەینە ڕێککەوتن ساڵی 2025 مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بێ گرفت خەرج بکرێت." جەختی كردەوە: "ئەو رێكەوتنەیكراوە بە هەوڵی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق بووە."
نیوەرۆی ئەمرۆ لە چەمچەماڵ، لە رووداوێکدا تەرمی هاوڵاتییەک کە شوێنەواری چەقۆ بە ملییەوە دیارە دۆزرایەوە. ئەمڕۆ دووشەممە ٣ـی شوباتـی ٢٠٢٥،تەرمی هاوڵاتییەکی ژن لە گەڕەکی سەرشەقامی چەمچەماڵ دۆزرایەوە سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکان رایگەیاند، ئەو کەسەی کوژراوە فەرمانبەری زانکۆی چەرمۆیە، هەروەها خوێندکاری ماستەر بووە و هاوسەر و دوو مناڵی هەیە. هاوکات، تاکو ئێستا دیار نیە هۆکاری کوژرانەکەی کێشەی کۆمەڵایەتیە، یان بکوژ لەرووی دەروونیەوە تەواو نەبووە.
ڕاگەیێنراوی فەرمی: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی عێراق تایبەت بە تێچوونی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە چارەسەری کوتایی دۆسێی نەوت دەزانێت. ئومێدەوارین ئەم هەنگاوە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت لە چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كار بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و تێپەڕاندنی تەواوی کێشەکان و ئامادەکردنی رێكارە تەكنیكییەكانی بكات.
لە چەند پێگەیەکی میدیایی و سۆشیاڵمیدیا لێدوانێک بەناوی جەنابی سەرۆک بارزانی بڵاو بووەتەوە کە گوایە سەرۆک بارزانی دژی دووبارە دانانەوەی بەڕێز محەمەد شیاع سودانیە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق،لێرەوە ڕای دەگەیێنین کە ئەم بابەتە هیچ بنەمایەکی نیە و دوورە لە ڕاستی، ئامانجیش لە بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانە تێکدانی ئەو کرانەوە و کەشە ئیجابیەیە کە لە پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ هاتۆتە ئارا. بارەگای بارزانی3ـی شوباتی 202
لە پارێزگای سلێمانی تەرمی کچێک بە کوژراوی دۆزرایەوە چوار رۆژ بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو. رۆژی یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، پێشەوا بەختیار، رایگەیاند، "ئەم شەو لە گەڕەکی کانی کوردە لە سلێمانی لە نزیک مزگەوتی رەحمان، تەرمی ژنێک دۆزراوەتەوە و شوێنەواری چوار گولـلە بە جەستەیەوە بووە." ئەو ژنە چوار رۆژ بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو. پەیامنێری رووداو دەڵێت، "بە سەردان گەڕابووەوە ماڵی باوکی، هەر لەلای ماڵی باوکی بە مردوویی دۆزراوەتەوە." کەسوکاری ئەو ژنە رایانگەیاند، نازانن هۆکاری کوشتنی کچەکەیان چییە، "بەڵام کچەکەمان کێشەی لەگەڵ کەس نەبوو، ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێنابوو، چاوەڕێ دەکەین هێزە ئەمنییەکان بابەتەکە یەکلایی بکەنەوە." هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بکوژەکە دەستگیرنەکراوە، بەڵام ناسراوەتەوە و لێکۆلینەوەکانیان لە رووداوەکە و هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی، بەردەوامن. ئەو ژنە لە دایکبووی ساڵی 1995یە، دانیشتووی پارێزگای سلێمانی بوو، تەرمەکەی لە پزیشکی دادە دواتر لە سلێمانی بە خاک دەسپێردرێت.
پێشوازیی لە دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەر هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ دەکەین.دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەین هاوکاربوون لە سەرخستنی هەموارکردنەکە. هەروەها سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمیش دەکەین بۆ کارکردن لەپێناو دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.هیوادارین ئەم هەنگاوە ئەرێنییەی هەموارکردنی یاسای بودجە، ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
ڕاگەیێنراوی فەرمی: کاتژمێر (7:05)ی ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە غاز بگەیەنرێت. بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە و پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکە دەكرێت.