لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری, کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری گەیشتە چوار گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر. شەممە، 8ـی ئاداری 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی، وەزارەتی کارەبا کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ چوار گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر بۆ گەڕەکەکانی (زانیاری، تەعجیل، عەرەبان و منارە) دابین دەکات، کە نزیکەی 12،500 هاوبەشیان لەخۆ گرتووە. ئاماژە بەوەش کراوە، پێشتر 17 گەڕەک بە 65 هەزار هاوبەش سوومەند ببوون لە پرۆژەی ڕووناکی، کە بریتین لە (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی، نیشتیمان، ڕاپەڕین، نەورۆز و ماردین). بەم شێوەیەش بەکۆی گشتی لەسەر ئاستی هەولێر، تا ئێستا 21 گەڕەک و 77،500 هاوبەش و نزیکەی 265 هەزار هاووڵاتی لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوونە. ڕوونیشی کردووەتەوە، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی ڕووناکی لەڕێگای ژمارە 1992 لەکاتی هەبوونی هەر پرسیارێک یان کێشەک. سەنتەرەکەش لەکاتژمێر 9ـی بەیانی تاوەکو 9ـی شەو بەردەستە.
بە بۆنەی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، پیرۆزبایی لە سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم. ڕێز و پێزانینی زۆرمان بۆ خەبات و تێکۆشان و ڕۆڵی دیاری ئافرەتانی کوردستان لە مێژووی گەلی کوردستاندا هەیە، کە هەمیشە نموونەی نیشتمانپەروەری و ئازایەتی و گیانفیدایی و قوربانیدان بوون. جێی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی بەرچاو و کارایان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و پابەندیشین بە زیاتر ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتانی کوردستان و بەرزکردنەوەی ڕێژە و ئاستی بەشدارییان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردن، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک لە دژی ئافرەتان. هەشتی مارس پیرۆز بێت و هیوای پێشکەوتنی زیاتر بۆ ئافرەتانی کوردستان دەخوازم. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2025/3/8
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە عێراق کرد "بە زووترین کات" پشتبەستن بە سەرچاوە وزەی ئێرانی ڕابگرێت. لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا واشنتن گەیشتووەتە ڕێککەوتنێک بۆ نوێکردنەوەی بەخشینی عێراق لە سزاکانی سەر هاوردەکردنی گازی ئێران، کە سبەی شەممە، 8ـی ئاداری 2025 کۆتایی دێت، تامی بروز، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "لەم کاتەدا هیچ شتێکمان نییە سەبارەت بە لێخۆشبوون کە 8ـی ئادار کۆتایی دێت". ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێمە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو لێخۆشبوونانەی سزاکانی ئێستا دەکەین، پێوەرێک بۆ یارمەتیدانی ئابووریی و دارایی دابین دەکەن". گوتەبێژەکە پێشوازی لە پابەندبوونی محەممەد شەیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق "بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە" کرد، هیوای خواست ئەمەریکا پێشەنگایەتی بکات. لە ئێستادا عێراق 27 هەزار مێگاوات کارەبا لە ڕێگەی وێستگەکانەوە بەرهەم دەهێنێت، زۆربەیان بە گاز کاردەکەن، بەڵام هەندێکجار توانای بەرهەمهێنانی بۆ 17 هەزار مێگاوات دادەبەزێت. ئەم بڕە کارەبایە پێداویستییەکانی وڵات دابین ناکات، بەو پێیەی عێراق پێویستی بە زیادکردنی بەرهەمهێنان هەیە تاکوو بگاتە 40 هەزار مێگاوات بۆ ئەوەی دابینکردنی وزە بە درێژایی کاتژمێر مسۆگەر بکات. بۆ چارە کردنی ئەم قەیرانە، عێراق پەنای بۆ هاوردەکردنی بڕێکی زۆر لە گازی ئێرانی برد، ئەمەش هەڕەشەی سزای ئەمەریکای لێ کەوتەوە. لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دەسەڵات، بەڵێنیدا سیاسەتی "زۆرترین فشار" بەرامبەر ئێران پەیڕەو دەکات. لە ئەنجامدا حکوومەتی عێراق داوای لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا کردووە ئەو لێخۆشبوونە درێژبکاتەوە، لەلایەن ئیدارەی پێشووەوە پێی دراوە، بەپێی لێدوانەکانی پێشووی سودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئەلشرق". سودانی لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەدا دەستی خستە سەر پرسی کۆتایی هێنان بە پشتبەستن بە پێداویستییەکانی ئێران و ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکە پلانی هەیە تا ساڵی 2028 بە تەواوی کۆتایی بە هاوردەکردنی گاز بهێنێت و دەشڵێت: سەربەخۆیی وزەی ڕوون دەبێتەوە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە کۆتاییدا پێویستمان بەم ئیستسنایە هەیە بۆ ئەوەی بە درێژایی ئەم ماوەیە بەردەوام بێت. لە هەمان کاتدا دەستمان بە پرۆسەی بەستنەوەی وزە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کردووە بۆ ئەوەی پێداویستییەکانمان دابین بکەین و ئەمەش بەشێکە لەو چەمکە یەکگرتنە کە لەگەڵ براکانمان بەدوایدا دەگەڕێین. ئەمە یەکەم لێدوان نییە لەم جۆرە، بەڵکو چەند ڕۆژێک مارکۆ ڕۆبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندیی بە محەممەد شەیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کرد، لەوێدا باسیان لە نفوزی ئێران کرد لە ناوچەکەدا، ڕۆبیو داوای لە عێراق کرد "سەربەخۆیی وزە بەدەستبهێنێت". ڕەنگە بەیاننامە نوێیەکەی ئەمەریکا بەو مانایە نەبێت کە واشنتن ئەو لێخۆشبوونە نوێ نەکاتەوە کە بە عێراق دراوە، بەڵام ئاماژەیە بۆ زیادبوونی فشارەکان بۆ سەر بەغدا بۆ ئەوەی لەو پێداویستیانە ڕزگاری بێت. ئەم لێدوانانە دوای چەند کاتژمێرێک دێت کە سکۆت بێزانت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە ئەمەریکا سزاکانی سەر ئێران توندتر دەکات و هەروەها ئەمەریکا بە بەکارهێنانی پێوەر و هێڵی کاتیی پێشوەختە دیاریکراو کەرتی نەوتی وڵاتەکە "دادەخات". ئاماژەی بەوەش کرد، "جارێکی دیکە مایەپووچ بوونی ئێران سەرەتای سیاسەتی گەمارۆ نوێکراوەمان دەبێت". وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا پێشنیاری کرد، ئەمەریکا لەگەڵ ئەندامانی هەرێمەکە کار بکات بۆ ئەم کارەش پێدەچێت یەکێک لەو وڵاتانە ڕووسیا بێت، سەرەتای ئەم هەفتەیە ئاماژەی بە ئامادەیی خۆی کرد بۆ یارمەتیدانی ئەمەریکا لە دانوستان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پشتیوانیکردنی لە بریکارەکانی ناوچەیی دژە ئەمەریکا. بێزانت گوتی: گەنجینەی ئەمەریکا ئامادەیە گفتوگۆی ڕاشکاوانە لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا بکات، "ئێمە کاردەکەین بۆ داخستنی کەرتی نەوتی ئێران و تواناکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان".
لە چەند کەناڵێک وا بڵاوکراوەتەوە گوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی غازی ماڵان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە کە بەرپرسبێت لە دابەشکردنی غازی ماڵان، ئەم بابەتە هیچ ڕاستییەکی نییە و هیچ گرێبەست و ڕێککەوتنێک لەگەڵ کەس لەئارادا نییە و شێوازی بەدەستگەیشتنی غاز بەهەمان سیستەمی ئێستا دەبێت کە بەنرخی پاڵپشتیکراوە لەلایەن حکومەتەوە. لەهەمانکاتدا ئەوانەی (دژی روناکین) هەڵمەتێکی میدیایی مەبەستدارییان دەستپێکردووە! دژی پڕۆژەی ڕوناکی و دەیانەوێت لەگرنگی پڕۆژەکە بدەن، ئێمە لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دوپاتی دەکەینەوە بە ڕەچاوکردنی دۆخی هاوڵاتییانمان و بەرژەوەندی ئەوان حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی خۆی لەهەموو کوردستان جێبەجێدەکات و بۆیەکەمین جار دوای چەندین ساڵ حوکمڕانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی کارەبای ۲٤ کاتژمێری. ئێستاش ژمارەی هاوبەشانمان لەپڕۆژەی ڕوناکی بۆتە ۸٦ هەزار خێزان و هەموو خێزانەکانیش لەداهاتوو سودمەند دەبن. داواکارین میدیاکاران بە ئەمانەت و بە مەسئولییەتەوەو پیشەییانە زانیاری بگەیەننە وەرگرانییان و کارێک نەکەن پیشەیبون و ڕاستگۆییان نیشانەی پرسیاری لەسەر دروستببێت کە بەداخەوە لەسەر بەشێکیان دروستبووەو بەپێچەوانەوە لەمەودوا داوای یاساییان لەسەر تۆماردەکرێت، لەئەگەری بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست. پێشەوا هەورامانیوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی بەدواداچوونێک، پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانیش دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرەتا گەڕەکی تووی مەلیک، سیستمەکەی تێدا جێبەجێ دەکرێت. ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 06ـی ئاداری 2025) بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، "بەشێکی بازاڕی سلێمانی پێشتر کراوە بە 24 کاتژمێری، بەشەکەی دیکەشی مانگێکە کاری تێدا دەکرێت، تەواو کراوە و لە رۆژانی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە." لەبارەی گەڕەکەکانەوە، ئەو بەرپرسە گوتی "کارکردن بۆ کارەبای 24 کاتژمێری لە گەڕەکی تووی مەلیک دەستیپێکردووە، دوای ئەوێش گەڕەکانی هەمان سنوور، کارەباکەیان دەکرێتە 24 کاتژمێری." کارەبای 24 کاتژمێری لەچوارچێوەی (پڕۆژەی رووناکی)ـدایە، کە 17-10-2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا. بەگوێرەی پڕۆژەکە، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سەنتەری پارێزگاکان کارەبایان دەکرێتە 24 کاتژمێری و تاوەکو کۆتایی 2026، پڕۆژەکە لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت. بەگوێرەی کارەبای سلێمانی، پارەدانی کارەبای 24 کاتژمێری پێشوەختە نابێت، مانگانە لە رێگەی فەرمانبەرەوە لە گەڕەکەکان پارە کۆدەکرێتەوە، ئەگەر کەسێک پارەکە دوابخات، دووجار ئاگادار دەکرێتەوە و پارەکە رادەست نەکات، کارەباکەی دەبڕدرێت. تاوەکو ئەمڕۆ نرخی کیلۆواتی کارەبای 24 کاتژمێری بە فەرمی یەکلانەکراوەتەوە، بەڵام ئەو پارەیەی ئێستا لەو شوێنانەی کراون بە 24 کاتژمێری وەردەگیرێت بەمشێوەیەیە: 400 کیلۆواتی سەرەتا یەک کیلۆوات بە 80 دینار دەبێت، 400ـی دووەم 100 دینار و 400 سێیەم یەک کیلۆواتی بەرز دەبێتەوە بۆ 200 دینار". بەگوێرەی بەرپرسانی کارەبا، "ماڵێکی ئاسایی مانگێک نزیکەی هەزار و 200 کیلۆوات کارەبای پێویست دەبێت. هەندێک ماڵ کە گەورە بێت و ئامێری کارەبایی زیاتر بێت، زۆر زیاتریان پێویستە." ئەگەر هەر ماڵێکی ئاسایی مانگانە هەزار و 200 کیلۆوات کارەبا لە پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری بەکاربهێنێت، تێچووەکەی 152 هەزار و بەمشێوەیە دەبێت. - ئەگەر ماڵێک لە مانگەکەدا تەنیا 400 کیلۆوات بەکار بهێنێت 32 هەزار دیناری بۆ دێتەوە. - ئەگەر ماڵێک لە مانگەکەدا 800 کیلۆوات بەکاربهێنێت، 400 کیلۆواتی دووەمی 40 هەزار دینار دەبێت و بەگشتی 72 هەزار دیناری بۆ دێتەوە. - ئەگەر ماڵێک لە مانگەکەدا 1200 کیلۆوات بەکاربهێنێت، 400 کیلۆواتی سێیەمی بەهاکەی 80 هەزار دینار دەبێت و کۆی پارەی یەک مانگی دەبێتە 152 هەزار دینار. تاوەکو ئەمڕۆ، لە 17 گەڕەکی هەولێر پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری چووەتە جێبەجێکردنەوە و نزیکەی 65 هەزار هاوبەش تێیدا بەشدارن. ئەو گەڕەکانەی هەولێر کە کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری، ئەمانەن: راپەڕین، نەورۆز، ماردین، نیشتمان، شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، رزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی و راستی.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چۆمان بەدواداچوون لەسەر ڕووداوێک دەکات کە هەفتەی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی چۆمان ڕوویداوە، دەڵێت 'هەر کەسێک کەمتەرخەم بێت سزا دەدرێت'. ڕۆژی 2025-02-28، کەسێک توشی جەڵدە دەبێت دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی چۆمان، ماوەی دوو کاتژمێر دەهێڵدرێتەوە، بەڵام پزیشکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکە لە نەخۆشخانە نەبووە، هەروەها شۆفێری ئەمبوڵانسیش لە نەخۆشخانەدا نەبووە، بۆیە کەسوکاری نەخۆشەکە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان نەخۆشەکە بۆ نەخۆشخانەی سۆران دەگوازنەوە. د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان ڕایگەیاند: ڕووداوەکە هەفتەیەک پێش ئێستا ڕوویداوە و دوو کاتژمێر نەخۆشەکە هێڵدراوەتەوە، بۆیە دوو شۆفێری ئەمبوڵانس لەسەر ئەم بابەتە سزای ئیداری دراون، دوای بڵاوبوونەوەی بابەتەکەش لە میدیادا داوای ڕاپۆرتمان کردووە، ئەگەر هەر پزیشکێک کەمتەرخەم بووبێت، ئەوا سزا دەدرێت.بەوتەی بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، ڕەنگە دوو پزیشک لەو شەوەدا ئیشکگر بووبن، ئەگەر لە بەدواداچوونەکاندا دەربکەوێت ئەوان کەمتەرخەمن، ئەوا سزا دەدرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/6، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا (ئۆستریا) لە عێراق کرد.لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و بە تایبەتی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق تاوتوێ کرا. باڵیۆزی نەمسا سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگیکردنی حکومەتی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی.
کارکردن لە پرۆژەی سەوزكردنی ڕێگۆڕکێی شەقامی هەولێر- شەقڵاوە بۆ هەولێر- پیرمام بەردەوامە و لەسەڕ ڕووبەری 50هەزار مەتر دروست دەکرێت. چوارشەممە، 5ـی ئاداری 2025، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، رایگەیاند: کارکردن لە پڕۆژەی سەوزكردنی ڕێگۆڕکێی شەقامی هەولێر- شەقڵاوە بۆ هەولێر- پیرمام، بەردەوامە و پێشبێنی دەکەین، ئەمساڵ تەواو بکرێت. کارزان عەبدولهادی گوتیشی: ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر. سەرۆکی شارەوانی هەولێر، باسی لەوەش کرد، ڕووبەری پرۆژەكە 50 هەزار مەترە و زیاتر لە هەزار و 407 دار و گوڵ و لەگەڵ چەندین عەمباری ئاو و چیمەن و سیستەمی ئاودێری و ڕووناككەرەوە. جگەلەم پڕۆژەیە لە ئێستادا پارکی ڕەشکین بە یەکێک لەو پڕۆژانە دادەندرێت بە تەواوبوونی ڕێژەیی سەوزایی لەشاری هەولێر زیاد دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران ئەمڕۆ هەشت سەنتەری جوانکارییان لەبەر نەبوونی مۆڵەتی تەندروستیی داخست. چوارشەممە، 5ـی ئاداری 2025، د.کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رایگەیاند: لیژنەکانی پشکنین و بەدواداچوونی تەندروستیی سۆران بەردەوامن لە چاودێریی سەرجەم ئەو شوێنانەی کە پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکانی لیژنەکانی تەندروستی نابن. کامەران مەلا محەممەد، گوتیشی: هەر ئەمڕۆ هەشت سەنتەری جوانکاری بەهۆی نەبوونی مۆڵەت لە وەزارەتی تەندروستیی، داخران. بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران، ئاماژەی بەوەش کرد: تەنیا لەماوەی دوو هەفتەدا 36سەنتەر و نۆرینگە و دەرمانخانە، لەبەر پابەندنەبوونیان بە ڕێنمایی و بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی، داخراون. هەر دوێنی سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تەنیا لەماوەی دوو مانگی ڕابردوو 317 سەرپێچیان تۆمار کردووە.
دۆناڵد ترەمپ داوا لە دانیشتووانی گرینلاند دەکات ببنە بەشێک لە ئەمریکا. ئاماژە بەوەش دەکات، بە هەر جۆرێک بێت گرینلاند دەکاتە بەشێک لە وڵاتەکەی. رۆژی سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی بە ئامادەبوونی ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان، گوتارێکی لەبارەی سیاسەتەکانی ئیدارەکەی پێشکێش کرد. ترەمپ لە گوتارەکەیدا پەیامێکی ئاراستەی دانیشتووانی گرینلاند کرد و گوتی، "بەهێزەوە پاڵپشتی لە مافتان دەکەین بۆ دیاریکردنی داهاتووتان. ئەگەر بتانەوێت، ئێمە بە گەرمی پێشوازیتان لێدەکەین بۆ ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئێمە بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بگرە بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی پێویستمان بە گرینلاندە و لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەین." هەروەها ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، بەهیچ شێوەیەک واز لە گرینلاند ناهێنێت: "بە هەر شێوەیەک بێت گرینلاند بەدەست دەهێنین. ئێمە دەتانپارێزین و دەوڵەمەندتان دەکەین. بەیەکەوە گرینلاند دەبەینە ئاستێک کە هەرگیز پێشتر بیرتان لێی نەکردووەتەوە." لەوکاتەوەی ترەمپ لە 20-1-2025 وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربووە، چەندین جار ویستی وڵاتەکەی بۆ کڕینی گرینلاند دەربڕیوە، ئەمە لە کاتێکدایە گرینلاند لەژێر سەروەریی دانیمارک دایە و ناڕەزایەتیی تووندی خۆیان بۆ ئەو داوایەی ترەمپ پێشانداوە. ترەمپ دوای دەستبەکاربوونی رایگەیاند، بەدووری نازانێت هێز یان گوشاری ئابووری بەکاربێنێت بۆئەوەی گرینلاند بکاتە بەشێک لە ئەمریکا. رۆژی 27-1-2025، دانیمارک لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ترەمپ رایگەیاند، دوو ملیار دۆلار بۆ ئاسایشی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەکە تەرخان دەکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد، سێ کەشتی دیکەی جەنگی و درۆنی پێشکەوتوو دەنێرێتە هەرێمەکە و مانگە دەستکردەکانی بەرەوپێشەوە دەبات. ترەمپ لە 20ـی ئەم مانگە دەستبەکار بوو، رۆژێک دوای ئەوە، میوت ئێگید، سەرۆکوەزیرانی گرینلاند رایگەیاند، گرینلاند دەیەوێت "هاوبەشێکی بەهێز" بێت بۆ ئەمریکا، بەڵام جەختی کردەوە کە خەڵکی گرینلاند نایانەوێت ببنە ئەمریکی. چاوبڕینی ترەمپ لە گرینلاند دڵەڕاوکێی لە دانیمارک و سەرتاسەری ئەورووپا دروستکردووە. ئەمریکا هاوپەیمانێکی بەهێزی یەکێتیی ئەورووپای 27 ئەندامییە و ئەندامی سەرەکی هاوپەیمانێتی ناتۆیە، زۆربەی ئەورووپییەکان حەپەسان بەوەی کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا تەنانەت بیر لە بەکارهێنانی هێز دژی هاوپەیمانێک بکاتەوە. دانیشتووانی گرینلاند 57 هەزار کەسن، بەڵام خاکێکی بەرفراوانە و سەرچاوەی سرووشتیی وەک نەوت، گاز و کانزا دەگمەنەکانی تێدایە. گرینلاند هەڵکەوتەیەکی ستراتیژی هەیە لە جەمسەری باکوور کە رووسیا و چین و وڵاتانی دیکە هەوڵی فراوانکردنی پێگەی خۆیانی تێدا دەدەن. هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکە، کە گەورەترین دوورگەی جیهانە، لە کیشوەری ئەمریکای باکوورەوە نزیکترە وەک لە دانیمارک.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی دژی سەرۆکی پەرلەمان تۆماری کردبوو لەبارەی نادەستووریبوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 3ـی ساڵی 2006 (وەهاب هەڵەبجەیی بەم یاسایە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا) ڕەتکردەوە.
لە (34)مین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان، کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە، کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشدارییان تێیدا کرد و لە ئەنجامی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، توانرا هەرێمی کوردستان لە ستەم و داگیرکاری ئازاد بکرێت و لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیشەوە، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتنە ئاراوە. ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیيە لەسەر داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی بەهۆی خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی گەشی شەهیدە سەربەرزەکانمان بەدەستمان هێناون ، كە مەحاڵە خەڵکی کوردستان، لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت. شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری 1991. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی کوردستان. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2025/3/5