شەپۆلی نوێی بارانبارین و گەرانەوەی شەپۆلی سەرما و بەفر راگەیەندرائاراس جەبار شارەزای کەشناسی دەڵێت، بەگوێرەی دواین گۆڕانکاری نەخشەکانی کەشوهەوا پێشبینی ئەکرێت لە 19/3/2025 شەپۆلێکی مامناوەندی بارانبارین لە ئەنجامی کاریگەری و هاتنەخوارەوەی نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکور هەرێمی کوردستان و بەلاوازیش ناوچەکانی دیکەی عێراق بگرێتەوە.دەشڵێت، هەر لەگەڵ ئەو شەپۆلەدا لە رێکەوتی 22/3/2025 بارستە هەوا ساردەکەی ئەگاتە ناوچەکانمان و جارێکی دیکە کەشی سارد و زستانەیی دەستپێدەکاتەوە لەم قۆناخەدا پێشبینی بەفر لە ناوچە شاخاویەکان دەکڕێت و رێژەی بارانەکەش زیاتر و فراوان ئەبێت و کاریگەریەکانی بە قۆناخی جیاواز تا 26/3/2025 بەردەوامی ئەبێت .
ڕۆژی چوارشەممە 12ی ئاداری 2025 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و بەڕێز مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا، بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریا تاوتوێ کرا. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بەڕێز مەزلووم عەبدی وردەکاریی و دەرئەنجامی سەردانی خۆی بۆ دیمەشق و لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا بۆ سەرۆک بارزانی شی کردەوە. هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پاڵپشتی لە هەر هەنگاوێک بکرێت کە ببێتە هۆی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا و هەروەها ئەوەش دووپات کرایەوە کە پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی سووریادا هەڵوێستی کوردی یەک بێت.
سەرۆک وەزیران وەزارەت و دامەزراوەکانی ڕاسپارد هەرچی زووە لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێردرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئاداری 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەویش دوای ئەوەی ئەمڕۆ بڕی 958 ملیار دینار وەک مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووريی هەرێمی کوردستان، بڕیاریش درا هەر لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی بکرێت، لە هەمانکاتدا سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانیش ڕاسپێردران هەرچی زووە لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ بنێردرێت، بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار پێش پشووەکانی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو.لەم بارەوە وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، تیشکی خستە سەر ئەنجامی گفتوگۆ و هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایيی بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵ. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەپێناو زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و کارکردنی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە و تەواوکردنی پێداویستی و ڕێکارەکانی هەناردەکردن، لە هەمانکاتدا جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە بە ئاراستەی هەناردەکردنەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، ئەمەش لە دوای تەواوکردنی ڕێکار و پێداویستیيەکانی پرۆسەکە کە ئێستا هەر دوو وەزارەت و کۆمپانیا نەوتییەکان بە هاوبەشی کاری لەسەر دەکەن. بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی دوو پێشنیار کە لەلایەن کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی خاوەن پێداویستيی تایبەت کە پێش ساڵی 2013 ئەو پێشینەیەیان وەرگرتبووە. هەروەها لێخۆشبوون لە قیستەکانی ماوە بۆ سوودمەندانی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوو کە بۆ پڕۆژەی مامناوەمد ئەو قەرزانەیان وەرگرتبوو، بەڵام ئەو سوودمەندانە کۆچی دواییان کردووە. ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ هەردوو پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد، هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپێردران بە دەرکردنی ڕێنمایيی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە. لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژەکانی پشوو و بۆنە فەرمییەکان لە ڕۆژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاریی یاسایی و تەشریعیی پێویست لەم بارەوە بگرنەبەر.
ئەمڕۆ سێشەممە 3/11 , مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەبدوڵرەحمان سدیق سەرۆکی سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی . لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ کار و خزمەت و چالاکی و هەوڵ و ماندووبوونی عەبدوڵرەحمان سدیق دەربڕی بۆ ئەو ماوەیەی سەرۆکی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە بووە و هیوای سەرکەوتن و تەندروستی بۆ خواست.عەبدولرەحمان سدیق سوپاسی هاریکاریی و پشتیوانی بەردەوام و پەرۆشی و خەمخۆریی سەرۆکی حکومەتی لەپێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان کرد.
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، ئەوەی ئێستا لە ڕووی نرخ بۆ پڕۆژەی ڕووناکی پیادە دەکرێ، نرخەکە پاڵپشتیکراوە، لە قۆناغی یەکەمدا هەر کیلۆ واتێک بە 80 دینار هەژمار کراوە، لەکاتێکدا تێچووی لەسەر حکوومەت 150 دینارە.دەشڵێت: "نرخەکان بەشێوەیەک دەبن، ڕەچاوی خەڵکی کەمدەرامەت و مامناوەند دەکرێ."ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: "تاوەکوو ئێستا بۆ پڕۆژەی ڕووناکیی کارەبای 24 كاتژمێری هیچ نرخێکی فەرمی جێگیر نەکراوە، ئەوەی ئێستاش پیادە دەکرێ وەکوو ئەزموونە، بە سوودوەرگرتن لە تێچووی کارەبا بەپێی هەر کیلۆ واتێک هەژمار کراوە."ئاماژەی بەوەش دا: "ئەوەی ئێستا لە ڕووی نرخ بۆ پڕۆژەکە پیادە دەکرێ، نرخەکە پاڵپشتیکراوە، لە قۆناغی یەکەمدا هەر کیلۆواتێک بە 80 دینار هەژمار کراوە، لە کاتێکدا خۆی 150 دیناری تێچووە، یانی 70 دیناری لەلایەن حکوومەت پاڵپشتی کراوە."بەرپرسەکەی وەزارەتی كارەبا ئاشکراشی کرد، ڕەچاوی دۆخی گوزەرانی خەڵک دەکرێت و نرخەکان جیاوازییان دەبێ بۆ خەڵکی هەژار و مامناوەند، گوتیشی: "بەشێوەیەک دەبێ خەڵکی کەمدەرامەت و مامناوەند بە کەمترین خەرجی لە خزمەتگوزاریی کارەبای 24 كاتژمێری سوودمەند بن، ئەوەش لە ئایندە بڕیاری لێ دەدرێت."باسی لەوەش کرد، نرخی کارەبای 24 کاتژمێری دوای تەواوبوونی دیراسەکان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی كارەبا بڕیاری لێ دەدرێ. گوتیشی: "ئەو نرخانەی لە هەندێک میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو کراونەتەوە دوورن لە ڕاستی و تەنیا شیکردنەوەن، ئەوەی هەیه ئەزموونییە و جێگیر نییە، کە بڕیار دەرچوو نرخەکان و شێوازی بەکارهێنانی کارەبا بۆ هاووڵاتییان ڕوون دەکەینەوه."گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا جەختی کردەوە: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت بە کەمترین تێچوو خزمەتگوزاریی کارەبا بگەیەنێتە هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەت و ئامانجیش ئەوەیه کارەبای بەردەوام و 24 كاتژمێری بگاتە هەموو هەرێمی کوردستان."
ئەمڕۆ یادی دەسکەوتێکی گرنگ و مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی ڕێبەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر دەکەینەوە. لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970، دووپاتی دەکەینەوە کە گەلی کوردستان هەمیشە خوازیاری گەیشتنە بە مافە ڕەواکانی لە ڕێگەی گفتوگۆ و شێوازی ئاشتییانە. بەڵام بە هەموو شێوەیەکیش داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و دەستبەرداریان نابێت. لەم یادەدا، جەخت لە چارەسەری بنەڕەتی و یەکجارەکيی کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2025/3/11
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 3/10 ,مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میحوەری پێنجی ڕۆژئاوای کەرکووک، لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی میحوەرەکە و جووتیارانی گوندەکانی ناوچەکە ( شەناخە و سەرگەڕان و پەلکانە) بەربانگی کردەوە كرد.سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکەدا ئاماژەی بەوە دا کە سەردانی بۆ ناوچەکە بۆ دووپاتكردنەوەی پشتیوانییە بۆ جووتیارەكان و بەسەركردنەوەی پێشمەرگە و دەستخۆشیكردنە لە خزمەتی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی كە بە شەو و ڕۆژ شەونخوونی دەكەن و ماندوو دەبن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە سەربەرزی بژین . ئەمەش دەقی وتەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە : بەڕێزان زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دام، بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو ئەو جووتیارە بەڕێزانە و هەموو فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەكان دەکەم كە لێرە لەم بۆنەیەدا ئامادەن.من خۆم بە سەربەرز دەزانم و شانازی دەكەم كە بۆ بەربانگی ئەمڕۆ توانیم بێمە خزمەت ئێوەی خۆشەویست بۆ دووپاتكردنەوەی پشتیوانیی خۆمان بۆ برا جووتیارەكانمان، هەروەها بۆ بەسەركردنەوەی پێشمەرگە قارەمانەكان و دەستخۆشیكردن لە خزمەتی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی كە بە شەو و ڕۆژ شەونخوونی دەكەن و ماندوو دەبن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە سەربەرزی بژین . بەڕاستی هەموومان قەرزاری خزمەت و ماندووبوون و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكانین، جێی خۆیەتی سەری ڕێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانیش بنوێنین، كە ئەوان ئەمڕۆ بە جەستە لەگەڵ ئێمە نین، بەڵام دڵنیاین رۆحیان شادە كە پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكێكی خۆڕاگری ئەم وڵاتە لەسەر رێگەکەیان دەڕۆن و ڕێگەكەیان چۆڵ نەكراوە و چۆڵیش ناكرێت.ئێمە هەموومان ئەو دیمەنانەمان بینی كە چۆن ئەو هێزانە، پەلاماری جووتیارەكانیان دا، دیمەنێكی زۆر زۆر ناشرین بوو، بەڵام بینیشمان كە دەست بەجێ جەنابی سەرۆك بارزانی، هەر زوو وەڵامی دایەوە و لەگەڵ بەغداش قسەی كرد و ئامادەبوونی خۆشمان دەربڕی كە ئێمە ئامادەین بە هەموو جۆرێك بەرگریی لە مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی مافی جووتیاران بكەین. ئێمە لەسەر ئەو بەڵێنە بەردەوامین و بە هیچ جۆرێك ئێمە واز لە هیچ بستێكی خاكی ئەم وڵاتە ناهێنین. هەرچەندە چەندین جار بەڵێن دراوە و ڕێككەوتن كراوە لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا، هەر دوای درووستبوونی حكوومەتی نوێ و لە دوای نووسینەوەی دەستوور لە 2005، دەبووایە ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن. من پێموایە ئەوکاتەش هەڵەیەكی گەورە كرا كە ناو لەو شوێنانە نرا ناوچەی ناكۆكی لەسەر، ئەوانە ناوچەی ناكۆكی لەسەر نین، ناوچەی داگیركراون، ناوچەی دابڕێندراون، ئەوانە هەموویان ناوچەی كوردستانین كە بەزۆر لە خەڵكی ئێمە سەندراونەتەوە و رۆژێكیش هەر دەبێ بێت كە خەڵكی ئێمە بگەڕێتەوە ناوچەكانی خۆیان بەڵام بە سەربەرزی. ئێمە دەمانەوێ بە ئاشتییانە بتوانین هەموو بستێكی خاكی وڵاتەكەمان بگەڕێنینەوە، نامانەوێ و ماندوو بووین لە توندوتیژی و شەڕكردن، بەڵام یەكهەڵوێستی و ئیرادەی بەهێزی خەڵكەكەمان، دەتوانێ وابكات كە ئێمە بتوانین نەك تەنیا ماددەی 140 جێبەجێ بكەین، بەڵكوو هەموو بەندەكانی تری دەستووریش وەكوو هاتووە بەو شێوەیە جێبەجێ بكرێن. گرنگە ئێمە یەكهەڵوێست بین، یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان گرنگە و لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە بەرژەوەندیی باڵای خەڵك و وڵاتەكەت بخەیتە سەرووی بەرژەوەندیی حزبی و شەخسی. ئەگەر ئێمە هەموومان لە پێناو كوردستاندا ئامادە بین خۆمان بەخت بكەین و لە پێناو خاكی كوردستاندا یەكگرتوو بین، هیچ هێزێك پێمان ناوێرێ.هیوادارم ئێمە بتوانین لەمەودواش ئەوەی پێمان بكرێ لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بین، لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستدا بین. دڵنیاش بن برا جووتیارەكان، لە جەنابی سەرۆكەوە، لە حكوومەتی هەرێمەوە، هەر هەموومان بەردەوامین لە گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا. پێشنیار كرا لەگەڵ هاوپەیمانان قسە بكەین لەگەڵ ئەوانیش قسەمان كردووە، بەردەوام دەبین لە قسەكردن لەسەر ئەمە. ئەمە شتێك نییە بە پۆستێك یان دوو پۆست لە كەركووك چارەسەر بكرێ، ئەمە دەبێ بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێ، كەركووك خۆی بە لای ئێمەوە دڵی كوردستانە و دەبێ ڕۆژێك هەر بگەڕێتەوە بۆ باوەشی كوردستان، نەك تەنیا بە پۆستێك و دوو پۆست، بەڵام ئەمە بە هیممەت و ئیرادەی بەهێزی خەڵكی كوردستان دەكرێت. هیچ هێزێك لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بەهێزتر نییە، بەڵام دەبێ ئێمە ئامادەبین لە پێناو وڵاتەكەمان، لە پێناو سەربەرزیی گەلەكەمان خۆمان بەخت بكەین.من خۆشحاڵم كە ئەو هەموو فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانانە دەبینم لێرە كە ئامادەن خۆیان لە پێناو ئەو خاكە و لە پێناو سەروەری و بەختەوەریی ئێوە بەخت بكەن.سوپاسی هەر هەمووتان دەكەم، ئینشائەڵڵا هەر سەركەوتوو بن. من نامەوێ لەمە زیاتر كاتی ئێوە بگرم. لە كۆتاییدا دەمەوێ رۆژێ جلوبەرگی نەتەوەیی لە هەمووتان پیرۆز بكەم، ڕەمەزانیش لە هەمووتان پیرۆز بێت، خوا دوعا و نوێژ و رۆژوو و تاعەتی ئێوە قبووڵ بكات، هەر سەركەوتوو و سەربەرز بن و كوردستانیشمان رۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر بێت.
ڕۆژی دووشەممە 10ی ئاداری 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق کرد. لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ
مەسرور بارزانی، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕۆژی جلی نەتەوەیی لە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی هەرێمی کوردستان پیرۆز کرد سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ پەیامەکەی، ڤیدیۆیەکیشی بڵاو کردووەتەوە و لەسەری نووسیوە: "ڕۆژی جلی نەتەوەیی، جوانیی هەمەڕەنگیی کولتووری و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی کوردستانمان نیشان دەدات."
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 3/9، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی فیدراڵ کرد. لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێ کرا.بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.
شاندی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر مووچەی مانگی دوو ڕێککەوتن. بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی سەربازی و مەدەنی بۆ مانگی دوو بە سیستمی پەیرۆڵ ئامادە کرا، تێیدا ناوی 600 و 57 هەزار و 780 مووچەخۆر ڕەوانەی بەغدا کرا. هەردوو شاندی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر مووچەی مانگی دوو ڕێککەوتن، هاوکات هەردوولا کۆنووسێکیان ئامادەکردووە، دوای واژۆکردنی کۆنووسەکە پارەی مووچەی مانگی دوو دەنێردرێت.
سەرچاوەیەک ڕایگەیاند: هەموو ڕیکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی دوو تەواو کراون و ڕەنگە سبەینێ وەزیری دارایی عێراق واژۆ لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بکات. شەممە 8ـی ئاداری 2025، سهرچاوهیهك له وهزارهتی دارایی حكوومهتی ههرێمی كوردستان گوتی: ههموو ڕێكارهكان و وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تهواو کراون، ئەو تێبینییانەشی کە بەغدا هەیبوون، سەرجەمی چاک کراون. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دا، ئێستا تەنیا ئەوەندە ماوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، واژۆ لەسەر ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بکات، ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو واژۆ لەسەر ناردنی پارەکە بکرێت، بەڵام وەزیری دارایی لەوێدا نەبووە. بە پێی زانیارییەکان، بڕیارە سبەینێ وەزیری دارایی عێراق، واژۆ لەسەر ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بکات، دوای واژۆکەش تەمویلی پارەکە دەکرێت و هەر لەگەڵ گەیشتنی بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچە ڕادەگەیەنرێت و دەست دەکرێت بە دابەشکردنی.