تیمە تەكنیكییەكانی نێوان بازرگانیی هەرێمی كوردستان و عێراق لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوامن، بڕیار درا هەفتەی داهاتوو لە یەكەم پارێزگای هەرێمی كوردستان، دەست بكرێت بە دروستكردنی پسوولەی خۆراك بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی. تا ئێستە لە شەش پارێزگای عێراق بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك دەستی پێ كردووە، بڕیارە لەم مانگەدا پرۆسەكە لە هەرێمی كوردستانیش دەست پێ بكات. ئەمڕۆ یەكشەم 13ـی نیسان، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" بازرگانیی هەرێمی كوردستان و عێراق، بڕیاریان داوە هەفتەی داهاتوو لە پارێزگای هەڵەبجە، دەست بكرێت بە دروستكردنی پسوولەی خۆراك بەشێوەی ئەلیكترۆنی. ئەوەش زانراوە، مامەڵەكە جگە لە پسوولەی خۆراك، كاری تریش دەگرێتەوە، ماوەی دوو ساڵە تۆماری ناوی منداڵ و زیادكردنی لە بەشەخۆراك وەستاوە، ئەوەیش بەهۆی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك بوو و ئەویش دەست پێ دەكاتەوە. ئەپڵیكەیشنێك ئامادە كراوە لە رێگەی كۆد و ئەپڵیكەشنێكەوە، سەرجەم هاووڵاتییان تۆمار دەكرێن، هەروەها پسوولەی خۆراك نوێ دەكرێتەوە. هاوكات محەمەد حەنوون گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رای گەیاند، كارەكانی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك، بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت و بڕیارە لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق پرۆسەكە بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە. زیاتر گوتی، پرۆسەكە لە قۆناغی نوێكردنەوەی زانیارییەكاندایە، ئێستە لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین، میسان، زیقار، ئەنبار، دیوانیە و بابل كارایە، هەروەها بڕیارە لە نزیكترین كاتدا پارێزگاكانی تریش كارا بكرێ . دوای پارێزگای هەڵەبجە، لە پارێزگای دهۆك دەست دەكرێت بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك و دواتر بۆ هەولێر و سلێمانیش دەكرێت.
ەمڕۆ شەممە 12ی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ،پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد.دواتر لە کۆبوونەوەیەکدا، وێڕای تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە ، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرا.هەردوولا جەختیان لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە پێی دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتیان کردەوە.سەبارەت بە بارودۆخی گشتیی ناوچەکەش، هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و چارەسەرکردنی هەر کێشە و ناکۆکییەک لە ڕێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ .
* هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان . * وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە. ئەمڕۆ هەینی 4/11 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و وێڕای تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جەختیشیان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە.لە پەیوەندییەکەدا ، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزکردن و پتەوکردنی دۆستایەتی و هاوپەیمانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان و ڕۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە.هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پەیوەندیی و هاوئاهەنگیی بەردەوامدا بن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش.
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "بۆ ئەمساڵ تێچووی حەج بە ڕێی ئاسمانی حەوت ملیۆن دینارە و بە ڕێی وشكانیش پێنج ملیۆن دینار دیاری كراوە".نەبەز ئیسماعیل، گوتەبیژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ڕایگەیاند: "ساڵی ڕابردوو چوار هەزار و 185 كەس ناویان بۆ حەج گەڕابووەوە، بەڵام ئەمساڵ پشكی هەرێمی كوردستان زیادیكردووە و پێنج هەزار و 120 كەس دەچن بۆ حەج".دەشڵێت: "دوو ڕێی ناردنی حاجییان بۆ سعوودیە هەیە، ئەوانیش ڕێی وشكانی كە بە پاس دەبێت، ڕێیەكەی تریان لە فرۆكەخانەوە حاجییان ڕەوانەی سعوودیە دەكرێن".هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە لەو ژمارەیەی دیاریكراوە دوو هەزار و 560 كەسیان لە ڕێگەی وشكانی و ئەوانی تریش بەڕێگەی فڕۆكەوە بەڕێ دەكرێن بۆ سعوودیە.
سهرۆك بارزانی پاڵپشتی خۆی بۆ یانهی دهۆك دووپات دهكاتهوه و دهڵێت، بینهری یاری نێوان دهۆك و قادسییهی كوهیت دهبم. ئهمڕۆ سێشەممە، سهرۆك بارزانی پهیوهندییهكی تهلهفۆنی لهگهڵ د. عهلی تهتهر پارێزگاری دهۆك، كه بۆ هاندانی یانهیی دهۆك له جامی كهنداوی یانهكان لهو وڵاتهیه، ئهنجامدا و پاڵپشتی خۆی بۆ یانهی دهۆك دووپات كردهوه. سهرۆك بارزانی به پارێزگاری دهۆكی راگهیاند، له نزیكهوه بینهری یاری نێوان دهۆك و قادسییه دهبێت و هیوای سهركهوتن بۆ یانهی دهۆك دهخوازێت. سهرۆك بارزانی پیرۆزبایی ئهو سهركهوتنه گهورانهی كرد كه یانهی دهۆك بهدهستی هێناون و توانیویهتی بگاته یاری كۆتایی جامی كهنداوی یانهكان. لای خۆشییانهوه یاریزانانی یانهی دهۆك كه له كاتی پهیوهندییه تهلهفۆنییهكهی سهرۆك بارزانی و د. عهلی تهتهر ئامادهبوون، به چهپڵهرێزان پێشوازییان لهو پهیوهندییه تهلهفۆنییه كرد و خۆشحاڵی خۆیان دهربڕی و دووپاتیان كردهوه، كه ئهو پهیوهندییه تهلهفۆنییهی سهرۆك بارزانی دهبێته گهورهترین پاڵپشتیكار و هاندهر بۆ یانهی دهۆك.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بلاوی كردهوه، ئێران هۆشدارى دەدات به چهند وڵاتێك ئەگەر پشتیوانی واشنتۆن بکەن، لەوانەش تورکیا و عێراق، کە هەر پاڵپشتییەک بۆ هێرشە ئەگەرییەکانی ئەمریکا پێشکەش بکەن، بە کردەوەیەکی دوژمنکارانە دادەنرێت کە "لێكهوتهى توندی"، دەبێت. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئێران کە ناوی نەهێنراوە، ههواڵهكهى بڵاو كردووهتهوه كه تێیدا ئێران هۆشدارى داوهته ههریهك له عێراق و توركیا و چهند وڵاتێكی دیكه.. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی كه لە ( 30ى 3ى 2025) ئهنجام درا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی "بۆردومانی بێ وێنە"ی کرد، ئەگەر ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران نەگەنە ڕێککەوتن، ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن و تاران لە ئێستادا "گفتوگۆ دەکەن". بهپێی ههواڵهكهى ڕۆیتهرز، ئێران دەسەڵاتدارانی عێراق، کوەیت، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر، تورکیا و بەحرێنی ئاگادار کردەوە کە هەر پاڵپشتییەک بۆ هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لەوانە بەکارهێنانی ئاسمان یان وشکانی لە کاتی هێرشکردندا، بە کردەوەیەکی دەستدرێژیی لەلایەن ئەو وڵاتانەوە هەژمار دەکرێت و لێکەوتەی جددی دەبێت. بهپێی زانیارییهكانى ئاژانسەکە، هۆشدارییەکانی ترەمپ سەبارەت بە کردەوەی سەربازی دژی ئێران، بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەی زیاتر هەڵگیرساندووە. ڕۆژی یەکشەممە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە تاران پابەندە بە دیپلۆماسییەت و ئامادەیە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا تاقی بکاتەوە.
ئەم ساڵ بڕی باران بەراورد بە پار نەگەیشتووەتە نیوە. پسپۆڕانی کشتوکاڵیی و شارەزایانی کەشوهەوا دەڵێن، جگە لە سلێمانی و هەڵەبجە، لە زۆرینەی ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان وشکەساڵییە. لوقمان موفتی، پسپۆڕ لە سیاسەتی کشتوکاڵی و شارەزای کەشوهەوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "ناوچە دەشتاییەکانی هەولێر و دهۆک مەترسی زۆریان لەسەرە و دانەوێڵە دێمییەکانی هەمووی لەنێوچووە، 40%ـی گەرمیان لەنێو چووە و ئەوەشی ماوە مەترسی لەسەرە. هەندێک ناوچەشمان هەیە پێی دەڵێن بارانی مسۆگەر، وەک ئاکرێ، شەقڵاوە، هەریر، بیتوێن، چەمچەماڵ و دەشتی کۆیە، ئەوانیش تووشی مەترسی وشکەساڵیی بوون و باران نەیەت دانەوێڵەیان لەنێو دەچێت". لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 3 ملیۆن دۆنم زەوی هەن کە شیاون بۆ دانەوێڵە، ساڵانە زۆرینەیان دەکرێنە گەنم و بەشێکیشی جۆی تێدا دەچێندرێت. لوقمان موفتی، پسپۆڕ لە سیاسەتی کشتوکاڵی و شارەزای کەشوهەوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "ئەم ساڵ وشکەساڵییەکە هێندە تووندە، ئەو شوێنانەشی حەزیان لە باران نییە کێشەیان هەیە و بەشێکی زۆری دانەوێڵەیان لەنێوچووە". بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەم وەرزەی بارانبارینەوە تاوەکو ئێستا لە هەولێر 109.5 ملیمەتر باران باریوە، بەڵام هەمان رێککەوتی پار 485.3 ملیمەتر باریبوو، ئەمساڵ لە سلێمانی 319 ملیمەتر باریوە، پار 586.1 ملیمەتر باریبوو، لە دهۆک 124.8 ملیمەتر باریوە، پار 724.4 ملیمەتر باریبوو، لە کەرکووک 142.3 ملیمەتر باریوە، پار 256.4 ملیمەتر باریبوو، لە هەڵەبجەش تاوەکو ئێستا 376.4 ملیمەتر باران باریوە، بەڵام پار 647.3 ملیمەتر باران باریبوو. کەمبارانی و مەترسی لەنێوچوونی گەنم لەکاتێکدایە، بەرهەمی گەنمی پار زیاتر بوو لە ملیۆنێک تۆن و حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆنی وەرگرت. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی گوتی: "هەر سەرەتای وەرزی بارانبارین بە قۆناخێکی سەختی کەمبارانیدا تێپەڕین تاوەکو زستان... هەرچەند بارانبارینمان ماوە، بەڵام هیچ سوودێکی لێ نابیندرێت بۆ ئەوناچانەی بارانیان کەم لێ باریوە، چونکە بارانبارینی کۆتایی وەرز مەترسیدارە، بەتایبەت بارینی تەرزە کە دەبێتە هۆی شکانی ئەو بەشە کەمەی دانەوێڵەش لە ناوچەکان پێگەییون، بەتایبەت لە سنووری کەرکووک، هەولێر و دهۆک". تاوەکو ئەمڕۆ، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە فەرمی وشکەساڵی لە هیچ ناوچەیەک رانەگەیاندووە.
لە ساڵیادی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە سنوورێکی بۆ هێرش و ستەمی ڕژێمی بەعس دانا، ڕێز و پێزانینی زۆرمان بۆ پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووپات دەکەینەوە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافەکانی.
بەهای زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا رووی لە دابەزین كردووە و بەراورد بە دوێنێ، بۆ هەر ئۆنسەیەك نزیكەی 60 دۆلار لە بەهاكەی دابەزی ئەمەش كاریگەری لەسەر نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی كوردستان دروست كرد. ئەمڕۆ هەینی چواری نیسان، نرخی یەك ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا بە سێ هەزار و 61 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا، لەكاتێكدا دوێنێ پێنجشەم، نرخی ئۆنسەیەك زێڕ گەیشتە سێ هەزار و 114 دۆلار. نرخی زێڕ بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستە دا نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە: مسقاڵێك زێڕی عەیارە 18 بە 545 هەزار دینارە مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 بە 636 هەزار دینارە مسقاڵێك زێڕی عەیار 22 بە 674 هەزار دینارە مسقاڵێك زێڕی عەیار 24 بە 728 هەزار دینارە
ئەمڕۆ یادی تاوانێکی هۆڤانە، بەرامبەر بەشێکی گرنگی گەلەکەمان دەکەینەوە، کە شاڵاوەکانی جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلییە و ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بە چەندین قۆناخ ئەنجامیان دا و لە ساڵی 1980 گەیشتە لوتکەی دڕندەیی، كاتێک ڕژێمی پێشووی عێراق،لە پاکتاوێکی نەژادیدا و بە هۆی کوربوونیان، سەدان هەزار کوردی فەیلی لە عێراق دەرکرد و هەزارانیشی بێسەروشوێن کرد و دەستی بەسەر موڵک وماڵ و سامانەکانیاندا گرت وناسنامەی لێسەندن.لە ( 45 )مین ساڵیادی جێنۆسایدی کوردی فەیلی، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق، ئەرک و بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووری خۆی جێبەجێ بکات و بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی جێنۆسایدی کوردی فەیلی و جێنۆساید و کۆمەڵکوژییەکانی دیکە ، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبوو بکاتەوە و موڵک و ماڵە زەوتکراوەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2025/4/4
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە لوتکەی ئاسایشی سنوور لە لەندەن لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێڵی یەکەمی وەزیرانی ٤٠ دەوڵەتی بەشدار، وتاری هەرێمی کوردستانی پێشکەش کرد.لە سەرەتای وتەکەیدا سوپاسگوزاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستە ڕوو بۆ داوەتنامەی فەرمیی بەشداریکردن لەو لوتکە گرنگە کە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ئاسایشی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو ساز کراوە. لە بەشێکی وتارەکەی ئاماژەی بە مەینەتییەکانی خەڵکی کوردستان کرد و گوتی: هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ زەمەنێکی درێژ لەژێر جەور و ستەم ژیان. بوونە قوربانیی شەڕ، راگواستنی زۆرەملێ، بۆردوومانی کیمیایی و جینۆساید. تاریکترین بەشی مێژوو لە لایەن هاووڵاتیانی ئێمە بینراوە. بۆ چەندین دەیە، سیاسەتی بێدادی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت لە ژێر دەسەڵاتی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا لەسەر میللەتی ئێمە تاقی کرایەوە. ئەم سیاسەتە خەڵکی ئێمەی ناچار بە ئاوارەبوون و پەنابەری و بێلانەیی کرد. لێرەوە ئەو دەرفەتە دەقۆزمەوە سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە بکەم کە دەرگایان بۆ میللەتی ئێمە کراوە بووە و باوەشیان بۆ کردوونەتەوە لەو کاتانەی ناچار بە کۆچ و پەنابەری هاتووین. ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوە کرد کە هاووڵاتییانی کوردستان تاراوگەیان وەکوو ناچاری هەڵبژاردووە و لە کاتی هەبوونی ئومێد و ئارامیدا، بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی خۆیان گەڕاونەتەوە. لەمبارەیەوە گوتی: لە دوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراق لە ٢٠٠٣، دەرفەتێکی نوێ هاتە پێش. دەرگای ئومێد و گەڕانەوە بۆ بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان ئاوەڵا بوو. بینیمان کۆچی پێچەوانەی هاونیشتیمانیانی کوردستان دەستی پێکرد بۆ گەڕانەوە لە تاراوگە و هێنانەوەی توانا و لێهاتوویی و سەرمایە و خەون و هیواکانیان بۆ بەشداریکردن لە بونیادنانی وڵاتێکی دیموکرات و ئارام و خۆشگوزەران بۆ خۆیان و نەوەکانیان.رێبەر ئەحمەد هاتە سەر سەرهەڵدانی داعش و بەربەستەکانی بەردەم خواستەکانی خەڵکی کوردستان و گوتی: بەداخەوە هیواکانی خەڵک بۆ پێشخستنی وڵاتەکەیان بە سەرهەڵدانی داعش لە ٢٠١٤ بەربەستی گەورەی بۆ دروست بوو. لەوساوە قۆناغێکی دیکە دەستی پێکرد و کۆچی پێچەوانە و گەڕانەوەی هاووڵاتییانمان بۆ نیشتیمان وەستاوە و کوردستان بووەوە ناوچەی ئارامی باوەشکراوە بۆ ئەوانەی لە تۆقاندن و تیرۆری داعش ڕایان دەکرد. بە تایبەت بۆ کوردانی ئێزدی و مەسیحییەکان کە ببوونە ئامانجی پرۆسەکانی جینۆسایدکردن لەسەر دەستی گروپی تیرۆریستیی داعش. ئەوان کوردستانیان وەکوو پەناگە هەڵبژارد. بەداخەوە بە هۆی بەردەوامیی نائارامی شار و ناوچەکانی خۆیان، زۆرینەیان هێشتا وەکو ئاوارە لە کەمپەکان ماونەتەوە. گەڕانەوەی ئاشتییانە و سەربەرزانەی ئەوان بە هۆی بەردەوامیی نائارامی و هەبوونی میلیشیاکان و چەکدارانی پەکەکە لە شەنگال و دەشتی نەینەوا، بەربەستی جددی بۆ دروست بووە. وەزیری ناوخۆ بەردەوامیی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێنەکردنی دەستووری وەکوو هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامیی کێشەکان وێنا کرد و گوتی: ئەو دۆخە مرۆییەی لە دوای شەڕی داعشەوە دروست بووە، بە هۆی بەردەوامیی کێشە ئابوورییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، دۆخەکەی سەختتر کردووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواوی هەیە کە جێبەجێکردنی تەواوەتیی دەستووری عێراق زۆر لەو کێشانەی هەن چارەسەر دەکات. بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پشتگیریکردن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئۆقرە و ئارام و ئاشتیخواز لە عێراق لەسەر بنەمای پرەنسیپە دەستوورییەکان. لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، پەنجەی خستە سەر هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردنی بەشێک لە هاونیشتیمانیانی کوردستان بۆ تاراوگە: ئێمە سەرنجمان داوە کە هاووڵاتیانمان لە هەرێمی کوردستان ئەوانەی دەبنە قوربانیی گرووپەکانی تاوانی ڕێکخراوی کۆچ، زۆرینەیان ئەوانەن کە لە ناوچە سنوورییەکان دەژین. ئەو هاونیشتیمانییانەی لە ناوچە سنوورییەکان دەژین کاریگەریی نەرێنیی گەورەی کێشە و ناکۆکییە هەرێمییەکان و پێکدانان و ململانێی نێوان وڵاتانی هەرێمی و گرووپە چەکدارەکان کەوتۆتە سەر ژیان و گوزەرانیان. ئەوانەش کە لە ناوچە جێناکۆکەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ دەژین، بوونەتە قوربانیی ناکۆکی و پێکدادانی ناوخۆیی، نەبوونی سادەترین خزمەتگوزاریی گشتی و بەردەوامێتیی هەڕەشەی گرووپە تیرۆریستییە جۆراجۆرەکان. نەبوونی دەرفەتی گونجاوی کار بۆ هاووڵاتیانمان لەو ناوچانە، ئارامی و خزمەتگوزاریی گشتی، پاڵنەری بەهێزی کۆچی نایاسایین. کاریگەرییەکانی ڕاگواستن، ململانێ و ناکۆکی، ئابلوقە و فشاری ئابووری، زەمینەیەکی گونجاوی بۆ تۆڕەکانی تاوانی نێودەوڵەتی دروست کردووە بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بکەنە قوربانی. ئێمە دۆخی بە قوربانیکردنی هاووڵاتیانی خۆمان لە ناوخۆ و لە سنوورەکان لە لایەن تۆڕەکانی تاوان و گروپەکانی بەقاچاخبردنی مرۆڤ دەبینین.بۆ کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی تاوان بۆ قاچاخچیی کۆچبەران و گرووپەکانی تاوانی ڕێکخراو، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێ لە هەنگاوەکانی حکومەتی باس کرد و ڕایگەیاند: هەوڵەکانمان بۆ مامەڵەکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە ئابوورییەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی هیوا بدەینە گەنجانمان و ڕێگری بکەین لەوەی لە لایەن تۆڕەکانی تاوانەوە یاری بە چارەنووسیان بکرێت. فرەسەرچاوە و هەمەچەشنکردنی ئابووری یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنزیکەوە هەماهەنگی دەکات لەگەڵ نووسینگەکانی گەشتیاری بۆ ئەوەی کە ڕێگری بکرێت لە مامەڵە و چالاکیی نایاسایی گەشتکردن. ئەم هەماهەنگییەی نێوان کەرتی تایبەت و حکومەت کاریگەر بووە بۆ سنووردارکردنی چالاکیی تاوانکاریی تۆڕەکانی قاچاخچێتیی ڕێکخراو. هەروەها کاری باشمان کردووە لە بواری کەمپەینی هۆشیارکردنەوە بە تایبەت لە ڕێی سۆشیال میدیاوە، ئەمەش بۆ پەروەردەکردنی هاووڵاتییان بە تایبەت گەنجەکان بۆ ئەوەی بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی بکەن. هەروەها دەستمان کردووە بە پرۆسەی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کاش. کارمەندانی دەوڵەت لە رێی پرۆژەی (هەژماری من) کە دەستپێشخەریی سەرۆک وەزیرانە، بە خێرایی دەبنە خاوەن ئەکاونتی بانکی و کارمەندانی کەرتی تایبەتیش دەستیان کردووە بە گواستنەوە بۆ کەرتی دارایی و بانکی و پشتبەستن بە هەژماری فەرمیی بانکی. هەروەها سوپاس بۆ هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن لە گەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندن، کە بەو هۆیەوە هەزاران سیمکاری تۆمارنەکراو دەستیان بەسەردا گیراوە و لەکار خراون کە دەکرا ببنە بەشێک لە کرداری نایاسایی و تاوان.
سعوودیە ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزای عومرەی بۆ 14 وڵات ڕاگرتووە، عێراق و هەرێمی کوردستان لەناو ئەو بڕیارەن، تا تەواو بوونی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ ڤیزا بە کەس نادرێت. پێدانی ڤیزای عومرە بەشێوەی ئەلیکترۆنییە و لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لەڕێگەی ماڵپەڕی NUSUK دەستەبەر دەکرێت. بەڵام چەند ڕۆژێکە ئەو پرۆسەیە ڕاگیراوە. کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە ڕایگەیاند، لە ڕۆژی 30ـی ئادارەوە ئەو یوزەرەی لەلایەن سعوودیە دراوە بە کۆمپانیاکان بۆ داواکاری ڤیزا بەشێوەی ئەلیکترۆنی، ناچالاک کراوە، بەو هۆیەوە داواکاری ڤیزای هیچ کەسێک نەگەڕاوەتەوە. ڕاگرتنی پێدانی ڤیزا تەنیا بە هاووڵاتییانی عێراق نییە، بەڵکو بڕیارەکە بۆ 14 وڵاتە. سعوودیە دەویەوێت ئەوەی ساڵی پار ڕوویدا دووبارە نەبێتەوە و ڕێگا نادات کەس بە ڤیزای یەک ساڵە یان گەشتیاری پرۆسەی حەج ئەنجام بدات. ئەمساڵ پرۆسەی حەج لە نێوان 10 بۆ 15ـی مانگی پێنج دەستپێدەکات، تا ناوەڕاستی مانگی شەش بەردەوام دەبێت.