Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13726 بابەت
هەواڵ
16-04-2025

مەسرور بارزانی: میللەتی ئێمە چاوەروانی ژیانێکی خۆشتر و باشترە

لە دیداری سلێمانی  لە میانی بەشداریکردن لە پانێڵێکدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: گۆڕانکارییەکی خێرا  و هەستیار لە ناوچەکە ڕوودەدات. بەشێكی دیکە لە قسەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:  – نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لە ململانێکانی ناوچەکە  و کێشەکان ئاڵۆزتر بکات، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە نییە. – ئێمە بەدەر نابین لەو گۆرانکارییانەی لە ناوچەکە هەیە. –  لەگەڵ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە نین. –  پەیوەندییەکی دوور و درێژمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە. – هەمیشە لە پێناو خەڵکی کوردستان کار دەکەین. – خوشک و براکانمان لە سووریا دەتوانن سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرن. –  لایەنە کوردییەکانی سووریا یەکگرتوو بن دەتوانن بە مافەکانیان بگەن. – چالاکییەکانی داعش لە چەند شوێنێکی سووریا زیادی کردووە. – دەکرێت فیدڕاڵییەت پشگوێ بخرێت و جێبەجێ نەکرێت. – فیدڕاڵییەت لاوازکردنی دەسەڵاتی وڵاتێک نییە. – لە تورکیا گۆڕانکاری لە بۆچوونی لایەنە تووندڕەوەکاندا هەیە. – ڕەنگە چەند لایەنێک هەبن نەیانەوێت پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەربگرێت – ئێران کاریگەری زۆری لەسەر ناوچەکە هەبووە. – بەردەوام پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ ئێراندا هەبووە.

هەواڵ
16-04-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری بانکیی ناوەندیی عێراق دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 4/16، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی موحسین ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکیی ناوەندیی عێراق کرد.لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشکەوتنەکانی پرۆسەی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزاریی دارایی و پرۆژەی (هەژماری من) کرا. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کاش لە بازاڕدا. لەم ڕووەوە، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە حکومەت، بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بە پرۆسەی پارەدانی دیجیتاڵی.سەرۆکی حکومەتی سوپاسی پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد بۆ پشتیوانیکردنی چاکسازییە داراییەکانی حکومەتی هەرێم، هەروەها ستایشی پلانەکانی پارێزگاری کرد لە چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکیدا.سەرۆکی حکومەت ئامادەییی حکومەتی هەرێمیشی بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەو دامەزراوانە دووپات کردەوە کە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی کار دەکەن.

هەواڵ
15-04-2025

مەسرور بارزانی پيشوازی لە پەیکەرسازی ناسراوی کورد شوان کەمال دەکات

ئه‌مڕۆ سێشە‌ممه‌ 4/15، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی لە‌ پەیکەرسازی ناسراوی کورد شوان کەمال کرد. سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی کار و پەیکەر و بەرهەمە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندەی کرد، کە لە زۆر شاری هەرێمی کوردستان و شارەکانی وڵاتانی ئەوروپا، بە تایبەتی ئەڵمانیا و سوید دانراون.هونەرمەند شوان کەمال سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانیی سەرۆکی حکومەت لە بزاڤی ڕۆشنبیری و هونەری دەربڕی.

هەواڵ
15-04-2025

چارەنووسی میلیشیا چەکدارەکانی عێراق بەرەو کوێ گەیشت؟

"وڵاتانی عەرەبی داوای هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی عێراق دەکەن" سەرەڕای لێدوان و هەڵوێستی فەرمی عێراق سەبارەت بە قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت، هێشتا گفتووگۆ لەبارەی چارەنووسی تاقم و میلیشیا چەکدارە نایاساییەکانی عێراق بەردەوامە، بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و سیاسەتی ئەوپەڕی فشاری واشنتۆن و ڕەنگدانەوە و هەڕەشەکانی لەسەر ناوخۆی عێراق. ڕۆژی شەممە، ئێران و ئەمریکا لە عومان کۆبوونەوە وتووێژی ئەرێنی و بنیاتنەریان ئەنجامدا لەسەر ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، ئەمەش پاش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەنجامدانی کردەوەی سەربازی کرد لەئەگەری ملنەدانی ئێران بۆ ڕێککەوتن. پێوەند بەم پرسە، (بەها ئەلعەرەجی) جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (عالەم ئەلجەدید) ڕایگەیاند:"دانوستانەکانی مەسقەت لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و نەبوون و پچڕانی پەیوەندی ئێرانە لەگەڵ میلیشیا عێراقییەکان. هەروەها واشنتۆن پرسی چەکپێدانان و هەڵوەشاندنەوەی ملیشیا چەکدارەکانی بۆ ناوخۆی عێراق بەجێهێشتووە." ناوبراو دەشڵێت: "هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان تەنیا داواکاری ئەمەریکا نییە، بەڵکو داواکاری وڵاتانی عەرەبی و دراوسێیکانی عێراقیشە." ئاماژەی بەوەشکرد:"میلیشیاکان بوونەتە مایەی نیگەرانی بۆ ئوردن و کوێت و بەڵگەش هەیە کە یەکێک لە سەرکردەکانی میلیشیاکانی دژی ئیمارات هەڕەشە و لێدوانی داوە." هەروەها دەشڵێت:"میلیشیاکانی عێراق هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە، تەنانەت ئەگەر چەکیشیان هەبێت، بەڵکوو لۆبی عەرەبییە کە زیاتر لە ئەمریکا جەخت لە هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان دەکەن. جێگەی باسە نووسەر و لێکۆڵکاری سیاسی لوبنانی (مستەفا فەحس) لە 10 ی نیسان جەختی لەوە کردەوە کە وتووێژەکانی مەسقەت لەسەر سێ دۆسیە دەبێت کە بریتین لە پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران و مووشەکی بالستیکی و بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە.

هەواڵ
15-04-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 4/15، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتيی ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد.له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا. هەردوولا جەختیان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە زووترین کات و بەر لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق كرد.هەروەها هاوڕابوون لەسەر پێویستيی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە نابێت پرۆسەکە چیتر دوا بکەوێت، چونکە زیانێکی زۆری بە داهات و بودجەی گشتیی فیدراڵی گەیاندووە. لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە گرنگیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

هەواڵ
14-04-2025

پەیامێک لە مەسرور بارزانی بەبۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە

بە بۆنەی پەسەندکردنی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی تێکۆشەر و قوربانیدەر و ستەملێکراوی هەڵەبجەی شەهید دەکەم. ئەم بڕیارە کەمترین پادداشتی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی هەڵەبجەیە .دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم و هیوادارم تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، ببێتە دەستپێکێک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایە.لەم ڕووەوە، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی شایستە، خزمەتی ئەو دەڤەرە بکرێت و بودجەی تایبەت بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە تەرخان بکرێت . حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ، کە هەمیشە خۆی بە قەرزاری قوربانیدانەکانی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکانمان دەزانێت، بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە خەڵکی پارێزگەی هەڵەبجە و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2025/4/14

هەواڵ
14-04-2025

مەسرور بارزانی پيشوازی لە شاندێکی هاوبەشی پەرلەمانی شانشینی یەکگرتوو و...

ئه‌مڕۆ دووشە‌ممه‌ 4/14 مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی لە‌ شاندێکی هاوبەشی پەرلەمانی شانشینی یەکگرتوو و ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا و پەرلەمانی ئەوروپا کرد. شاندەکە ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەولێر و هەرێمی کوردستان و قارەمانیەتی پێشمەرگەیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرد و ئاماژەیان بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، بووەتە نموونەیەکی گەشی ئازادی و دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان. هەروەها پشتگیریی وڵاتەکانیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی شانشینی یەکگرتوو و وڵاتانی ئەوروپا دەربڕی و تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بوارەکانی وزە و سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان. لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵۆگۆڕ کرا.

هەواڵ
14-04-2025

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی پارلەمانی بریتانیا و پارلەمان...

ڕۆژی دووشەممە 14ی نیسانی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی پارلەمانی بریتانیا و پارلەمانی یەكێتیی ئەوروپا كرد. لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستایشی ئارامی و سەقامگیری و پێشڤەچوونانەیان كرد كە لە هەرێمی كوردستان لە سی ساڵی ڕابردوودا هاتووەتە ئاراوە و سەرسامیی خۆشیان بە هەبوونی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان دەربڕی. هەروەها لەو دیدارەدا پەیامی دۆستایەتی و هاوسۆزی و پاڵپشتیی خۆیان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی دووپات كردەوە. لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و كورتەیەكی لە مێژووی نەهامەتی و ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە بۆ شاندی میوان خستەڕوو و وێڕای ئاماژەدان بە دەستپێشخەری و پێشڤەچوونانەی لە پڕۆسەی چارەسەریی توركیا هاتۆتە ئاراوە، جەختی لەوە كردەوە مادام دەرفەتی ئاشتی هەیە و دەرگەی چارەسەریی ئاشتیانە كراوەیە، نابێ هیچ لایەك پەنا بۆ ڕێكاری شەڕكردن ببات. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان و ئەوەی خستەڕوو كە پێكەوەژیان هەڵقوڵاوی ناخی كۆمەڵگەی كوردستانیە و فەرهەنگێكی ڕەگداكوتاو و دێرینی گەلەكەمانە. سەرۆك بارزانی سوپاسی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمەریكاشی كرد كە لە كاتی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان و هاوكار و پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بوونە. داواشی كرد وڵاتانی ئەوروپایی لە بواری چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە و كشتوكاڵ و پەروەردە و تەكنۆلۆژیا و زانستدا یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن. لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا لەسەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دۆزی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی خەباتی گەلی كوردستان و ئایندەی كورد لە ناوچەكەدا كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئەندامانی شاندی میوانی دایەوە. .

هەواڵ
14-04-2025

پەیامی مەسرور بارزانی لە ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفال

لە (37)مین ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، بە ڕێزەوە یادی شەهیدان و قوربانییانی جێنۆسایدی(ئەنفال) دەکەینەوە، کە ڕژێمی پێشووی عێراق، بە دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی كوردستانی ڕاپێچی بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد و لە گۆڕی بە کۆمەڵدا زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێنی كردن. جێنۆسایدی ئەنفال، تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجامدرا و تا ئێستاش، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە هەر ماون و پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بە هەستکردن بە ئەرک و لێپرسراویەتی یاسایی و دەستووری و ئەخلاقی خۆیەوە، کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی ڕژێمی بەعس، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە . لە ساڵڤەگەڕی ئەم شاڵاوە تاوانکارییە شۆڤێنیەدا، حکومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە . سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ، یادی شەهیدان و ئەنفالکراوان هەمیشە بەرز و شکۆدار بێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2025/4/14

هەواڵ
13-04-2025

مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد کە لە ئەندامانی کۆنگرێس ئادەم سمیس ، مایکل باومگارتنەر ، سارا جاکۆبس ، وێسلی بێڵ ، جۆرج وایتسایدز و شاندی یاوەریان پێکهاتبوو.لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.شاندی کۆنگرێس کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو و ئاماژەیان بە پێگەی گرینگیی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە کرد و پشتیوانی ئەمەریکایان بۆ هەرێم دووپات کردەوە. سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و پشتگیریی بەردەوامیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەربڕی . هەروەها تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بوارەکانی وزە و کارەبا و سیستەمی بانکی . لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا ، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا کردەوە. پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ، گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ، هەروەها گۆڕانکارییەکانی سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.

هەواڵ
13-04-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی بەریتانیا (APPG) دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 4/13، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی گرووپی دۆستایەتيی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا (APPG)، بە سەرۆکایەتی جۆن سلینگەر، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و بەرپرسی گرووپەکە کرد. لە دیدارەکەدا، شاندەکە ئاماژەیان بە کار و چالاکییەکانی گرووپەکە کرد، کە لە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی ناو پەرلەمانی بەریتانیا پيکهاتووە و ئامانجیان پشتیوانیکردنکی کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیایە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا. سەرۆکی حکومەت سوپاسی ئەندامانی گرووپەکە و حکومەت و پەرلەمانی بەریتانیای کرد و دەستخۆشی لێ کردن بۆ پشتیوانییان لە هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان و کارکردنیان لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا.لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.

هەواڵ
13-04-2025

سەرۆک بارزانی بەشداری یەکەمین کۆنفڕانسی ئافرەتانی کوردستان دەکات

رۆژی یەکشەممە 13ی نیسانی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری لە یەکەمین کۆنفڕانسی ئافرەتانی کوردستان لە شاری هەولێر کرد. یەکەمین جارە کۆنفڕانسێکی تایبەت بە ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەڕێوەبچێت و تیایدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەتانی کوردستان لە هەموو چین و توێژەکان ئامادەن. ئەم کۆنفڕانسە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و لە دەستپێکی کۆنفڕانسەکەدا سەرۆک مەسعود بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ڕۆڵی ئافرەتان لە شۆڕشەکانی گەلی کورد و پەروەردەکردنی پێشمەرگە وەک دایک و مامۆستا دا و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئافرەت لە هەموو بوارێکدا ئەو بوارەی پێ بدرێت ڕۆڵی خۆی ببینێت.سەرۆک بارزانی بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی ئافرەتانی بە چالاکییەکی گرنگ لە قەڵەم دا و وێڕای ئاماژەدان بە دروشمی کۆنفڕانسەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئێوە بە تواناکانتان داهاتوو بنیات بنێن و ئێمەش پشتیوانتانین.سەرۆک بارزانی لە وتەکانیدا یادی شەهیدانی ئەنفالیشی کردەوە و سڵاوی بۆ گیانی پاکی ئەو دایکە شەهیدانە نارد کە لەگەڵ ڕۆڵەکانیان ئەنفال و شەهید کراون،ئەمەی خوارەوە دەقی وتەکەی سەرۆک بارزانیە لە یەکەمین کۆنفڕانسی ئافرەتانی کوردستان لە شاری هەولێر: بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان خوشكان و كچانی بەڕێز،ئامادەبوانی بەڕێز، زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەشدار دەبم لەگەڵ ئێوە لە یەكەم كۆنفرانس بەم شێوەیە، ئومێدەوارم كە ئەنجامەكانیشی لە ئاستی ئەو تەوەقوعاتە بێت كە هەموومان پێشبینیمان كردووە و ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ لەمەودواش، من پێموایە ئەمە چالاكییەكی زۆر زۆر لە جێی خۆیەتی و ئینشائەڵا سەركەوتوو دەبێت. مومكینە ببێتە دووبارە كردنەوە بەڵام پێویستە مرۆڤ بیڵێت، من جارێكی تریش دەیڵێمەوە كە ڕۆڵی ئافرەتی كورد قەت لە ڕۆڵی پیاو كەمتر نەبووە، ئەگەر هەندێكجار زیاتریش نەبێت. لە شۆڕشی ئەیلوول، لە شۆڕشی گوڵان، لە شەڕی داعش، رۆڵێكی زۆر زۆر بەرچاویان هەبووە، بە تایبەتی لە شۆڕشی گوڵان، دایك بوو، مامۆستا بوو، جووتیار بوو، هەروەك گوێم لە وتارەكەی خۆم بوو كە نازانم لە چ موناسەبەتێك بووە، بەڵام حەقیقەت وایە. ئینجا دەبوایە پێش ئەوەی دونیا رووناك ببێتەوە منداڵەكانیان ببەن بۆ بن بەردێك، بۆ بن ئەشكەوتێك لە ترسی ئەوەی فڕۆكە بۆمبارانی گوندەكەیان نەكات و چەندین جاریش وابووە كە دایكێك بە منداڵیەوە شەهید بوون. نانی پێشمەرگە، دیسان لەسەر ئافرەتی كورد بوو. ئەو پێشمەرگەیەی كە لە جەبهە بوو، دڵنیا بوو كە دایكی یان خێزانی، یان خوشكی چاوی لە منداڵەكانیەتی و نانی ئەویش دیسان مسۆگەرە، بۆیە هەرچی باسی ئافرەتی كورد بكرێت، كەمە. لە شۆڕشی گوڵانیش هەمان شت، نموونەشمان زۆرن، وەكوو دایكە ئامینە، دایكە حەلیمە، دایكە عائیشە. لە شەڕی داعشیش كچەكانمان ئەوەندە ئازابوون كە جێی شانازی بوون بۆ ئێمە، لە چەندین جار خۆیان تووشی شەڕ بوون، یان كە داعش هجوومی هێنا بۆ ئەو شوێنەی كە ئەوان لێی بوون، شەڕێكی زۆر قارەمانانەیان كرد. من زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم ژمارەیەكی زۆر لە ئافرەتان، لە زانكۆ، لە پەیمانگا، لە زۆر بواری تر و لە زۆر شوێنی تریشدا رۆڵێكی بەرچاویان هەیە. پێویستە لە هەموو بوارەكان، ئافرەتی كورد رۆڵی خۆی ببینێت. ئێوە درووشمتان جوانە (بە تواناكانمان داهاتوو بنیات دەنێین)، منیش پێتان دەڵێم بە تواناكانتان داهاتوو بنیات بنێن، ئێمەش پشتیوانتانین. بۆ یەكەمجار لە عێراق، كە ئافرەتێك لەسێدارە بدرێت، ئەویش كچێكی كورد بوو كە بوو بە سیمبوولی تێكۆشان و بەرخودان و خۆنەچەماندن، ئەویش لەیلا قاسم. چوونە لای و پێیان گوت نامەیەك بنووسە بۆ ئەحمەد حەسەن بەكر، داوای عەفو بكە، تۆ كچی و ئافرەتی، عەفوت دەكەین، گوتی ئێوە لەوە كەمترن من نامەی عەفو بۆ ئێوە بنووسم، من داوای عەفو لە میللەتی خۆم دەكەم. نموونە زۆر زۆرن، نموونەی ئافرەتی كورد، بەڕاستی هەر ئەو پێشمەرگە قارەمانانەش پەروەردەی دەستی ئەو شێرە ژنانە بوون، ئێستاش ئەركێكی زۆر گەورە و زۆر پیرۆز لەسەر شانی ئێوەیە، پەروەردەكردنی ئەم نەوەیەی نوێ، بەداخەوە ناحەزانی گەلی كوردستان زۆر هەوڵیان دا كە گەنجەكانمان بەلاڕێدا ببەن. ئینسان ئەگەر وەلای بۆ گەل و نیشتمانی نەبوو، بەهای نامێنێ، سەرگەردان دەبێ. ئەو شەڕەی كە لەو ڕێیەوە لەگەڵ ئێمەیان كرد، بە لای منەوە زۆر زۆر خەتەرتر و گەورەتر بوو لە شەڕی تانك و فڕۆكە و تەنانەت كیمیاوی و ئەنفال. كاتێك گەنجێك پەروەردە كرا و گەورە بوو، هیچ وەلای بۆ خاكی خۆی نەبوو، بۆ كوێ دەڕوا؟ مرۆڤ ئەگەر خاكی نەبوو، سەرگەردانە، بێقیمەتە، كەس قەدریشی نازانێت. خاكیش ئەگەر میللەتی لەسەر نەبێت، هیچ مانایەكی نامێنێت، لەبەر ئەوە مرۆڤ و خاك پێكەوە بەستراون. من داواتان لێ دەكەم لە هەموو بوارێكدا ڕۆڵی خۆتان ببینن، بەڵام لەم بوارەدا دەبێت هیممەتێكی زۆر گەورە بكەن، بچنە ناو كۆمەڵگە، دایكان تێبگەیەنن كە ئەمە خەتەرێكی گەورەیە رووبەڕووی ئێمە بۆتەوە و بەداخەوە تا ئاستێكی زۆریش كاریگەریی خۆیشی كردبوو، ئێستا باشترە. ئێمە خۆشحاڵین كە بینیمان لەم ماوەیەی دواییدا هۆشیارییەكی نەتەوەیی لەسەر ڕێگەیەكی راست دەبیندرێ، لە ئەورووپا، لەناو كوردستان. ئەمە جێی خۆشحاڵییە و ئومێدەوارین ئینشائەڵا ئەمە بەردەوام بێ و بەرەو زیاتریش بڕوات. بە نسبەت ئەهمیەتی ئافرەت و مافی ئافرەت، بۆ ئێمە شتێكی زۆر زۆر پیرۆزە، چونكە پێش 120ساڵ، شێخی شەهید، شێخی گەورە، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و لە دوای ئەویش جەنابی شێخ ئەحمەد، بەردەوام بوون لەوەی كە مافی ئافرەت دەبێ پارێزراو بێت، ئیحترامی ئافرەت دەبێ پارێزراو بێت. ئەمە یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كە بارزان و تەریقەی بارزان زۆر بەرەوپێش ڕۆیشت، چونكە بەهیچ شێوەیەك ئەو هەندێك دابونەریتی كە جاران هەبوو، بەداخەوە ئێستاش لە هەندێك شوێن ماوە، بەزۆر بەشوودانی كچ، ئەمە شتێكی ئەوپەڕی تاوانە بەڕای من، دەبێ ئارەزوومەندانە بێت كچ و كوڕ. مەجال بە ئافرەت درا رۆڵی خۆی ببینێت، ئافرەت هەستی بە هەبوونی خۆی كرد. بۆیە ئێمە سەربەرزین كە دەبینین ئەو بناغەیە 120ساڵ پێش ئێستا لە بارزان، ئەو مەسەلەی رێزگرتن لە ئافرەت و رۆڵی ئافرەت و ئەهمیەتی ئافرەت هەر لەو وەختەوە لەوێ ئەو بناغەیەی بۆ دانرابوو، بۆ ئێمە جێگەی سەربەرزی و شانازییە. سبەینێ ڕۆژی ئەنفالە، سەدەها و دەتوانم بڵێم هەزارەها دایك لەگەڵ منداڵی زیندەبەچاڵ كران. ئێمە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی هەموو ئەو شەهیدانە و بە تایبەتی ئەو دایكانەی بە منداڵەوە زیندەبەچاڵ كران و ئەو چەند گۆڕە بەكۆمەڵەی كە دۆزرانەوە، چەندین جار بینیمان كە دایك لەگەڵ منداڵەكەی پێكەوە شەهید كراون. موهیم ئەوەیە كە دەبێت خەبات بەردەوام بێت، نابێت خۆمان بچەمێنین، دەبێ هەموو دەرگایەك و هەموو مەجالێك بۆ ئافرەت بكرێتەوە بۆ ئەوەی بە باشی رۆڵی خۆی ببینێت، من دڵنیام كە دەتوانن رۆڵی خۆتان ببینن. من جارێكی تریش تەئكید دەكەمەوە، ئێوە شیعارەكەی خۆتان جێبەجێ بكەن، ئێمەش لە پشتی ئێوەین بە هەموو توانایەك. من نامەوێ زیاتر وەختی ئێوە بگرم، تەمەننای سەركەوتن دەكەم بۆ كۆنفرانسەكەتان و سەركەوتوو بن. زۆر سوپاس…

1 2 ... 113 114 115 ... 1143 1144