وەزیری بەرگری ئیسڕائیل، لە بارەی دۆخی ئاڵۆزیەكانی سنوریی وڵاتەكەی لە گەڵ لوبناندا دەڵێت: وڵاتەكەی ئێران بە بەڵایەیەكی گەورە بۆ سەر جیهان دەزانێت. بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەربارەی دۆی وڵاتەكەی قسە دەكات و دەڵێت: ئێران گەورەترین کێشەی ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا، داوا لە سووریا و لوبنان دەکات نەهێڵن ئێران خاکی ئەوان بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل بەکاربهێنێت. ئەوە لەكاتێكدایە، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل هێزی سەربازیی زیاتری رەوانەی سنووری باکووری خۆی کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە هێرشێکی ئاسمانیدا چەکدارێکی حیزبوڵڵا لەگەڵ چوار چەکداری دیکەی بیانی لەنزیک فڕۆکەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتی کوژران، کە دەگوترێت هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوە.
سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل ڕایگەیاند: وڵاتەكەی بۆ هەر هەڕەشە و دەستدرێژیەكی دەرەكی ئامادەیە و ئەوەندە هێز و توانایان هەیە بەرگەی هەر هێرشێكی دەرەكی بگرن كە بكرێـتە سەریان. سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاند: وڵاتەكەی ئامادەیی رووبەرووی هەر هەڕەشە و دەستدرێژیەكە لە لایەن هەر وڵاتێكەوە بكرێتە سەریی قبوڵی هیچ هەڵەیەك لە هیچ وڵاتێك ناكەن. ئەو قسانەی ناتانیاهۆ لە كاتێكدایە زیاتر لە هەفتەیەكە گرژیی و ئاڵۆزی لە نێوان وڵلاتەكەی و لوبناندا لە سەر سنورەكانی وڵاتەكەی بەردەوامە و تادێت ئاڵۆزیەكان زیاتر و بەهێزتر دەبن. ناتانیاهۆ دەربارەی سنورەكانی وڵاتەكەی دەڵێت: ئێمە بەگوێرەی سیاسەتێکی جێگیر مامەڵە دەکەین کە رێگە بە ئێران نادات بەشێوەیەکی سەربازی بێتە سەر سنوورەکانی باکوورمان. لوبنان و سووریا بەرپرسن لە هەر هێرشێک کە لە خاکەکانیانەوە لە دژی ئیسرائیل بکرێت".
نرخی دراوە بیانیەكان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەم شێوەیە مامەڵەیپێوە دەكرێت نرخی 100 دۆلار بە 124هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت نرخی 100 یۆرۆ بە 139 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت نرخی 100 پاوەن بە 153 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت نرخی 100 هەزار تمەنی ئێرانی بە 5 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت نرخی 100 لیرەی تورکی بە 18 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت
ئەمڕۆ نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بە بەراورد لە ڕۆژانی دیكە بەرزتر بویەوە. نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بە 289 هەزار دینار دەفرۆشرێت نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 334 هەزار دینار دەفرۆشرێت نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 372 هەزار دینار دەفرۆشرێت
ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و ژمارەیەک وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەکەدا ئامادەدەبن و لەبارەی دۆخی ناوچە سنورییەكان و ناوچە كوردستانییەكان و دۆخی دارایی ھەرێمی كوردستان و چەند پرسیكی دیكە كۆدەبێتەوە. ئەم كۆبونەوەیە لە كاتێكدایە بڕیاربوو دوێنێ یەكشەممە پەرلەمان كۆببێتەوە ، بەڵام کۆبونەوەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا، و تەواوی فراكسیۆنە كوردیەكانیش لە كۆبونەوەكەدا بەشدار دەبن. وا بڕیارە هەریەكە لە وەزیریی (ناوخۆ، پێشمهرگه، وهزیری ههرێم بۆ كاروباری دانووستاندن لهنێوان ههرێم و بهغدا، تهندروستی، دارایی و ئابوری، پلاندانان، سهرۆكی دیوانی ئهنجومهنی وهزیران و سكرتێری ئهنجومهنی وهزیران لهحكومهتی ههرێمی كوردستان-عێراق ئامادەدەبن.
تۆڕی میدیایی باڵكێش، هەڤپەیڤینێكی تایبەتی لەگەڵ جەمال پوركەریم، سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، دەربارەی دۆخی كورد لە ئێران و ئایندەی كورد لەو وڵاتە ئەنجامداوە و تێیدا باس لەوە دەكات ئێستا دۆخی كورد لە ئێران تا ڕادەیەكی زۆر خراپە و پێویستی دەانێ هەماهەنگیەكی گەورە لە نێوان پارتەكانی كورد لە ئێراندا هەبێت. باڵكێش: هەڵسەنگاندنتان بۆ دۆخی ئێستایی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان چۆنە؟ لەو کاتەوە کە جوگڕافیایەکی دەستکرد و جەعلی بە ناوی ئێران لە سەر خاک و خوێنی نەتەوەکانی غەیرە فارسی وەک کورد، بەلووچ، ئەحوازی، تورکی ئازەری، تورکمان، کاسپیەن و ...دروست بووە، ئەو جوگڕافیایە بێ کێشە نەبووە و تا ئەو کاتەش خاکی ئەو نەتەوانە لە داگیرکاریی ئێران دابێ، نەک هەر ئەو ناوچەیە بەڵکوو تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕووی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێ. ئەو دۆخەی ئەمڕۆی ئێران ئاکامی سیاسەتی هەڵە و سەرەڕۆیانەی ئەو ڕژیمەیە لە دەستێوەردان لە کار و باری وڵاتانی ناوچەکە و دروستکردنی شەڕ و ئاژاوە ، هەناردەکردنی تیرۆر و تیرۆریسم لە ئاستی جیهانی و نێونەتەوەییدا. هەوڵدانی ئەو ڕژیمە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی بۆتە هۆی ئەوەی کە لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانیەوە گەمارۆی ئابووری و ئابڵۆقەی خراوەتە سەر وئەوەش وایکردووە کە ئەو ڕژیمە لە ئاستی جیهانیدا تەریک بخرێتەوە و ئابووریی داڕماوی ئێران بەرەو ئاستی نەمان و لە ناوچوون بچێ. خەڵکی ئێستای ئێران لەو پەڕی نەبوونی ئازادی بیر و باوەڕ و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایتەییەکان دا ژیان بە سەر دەبەن و سەرەڕای هەموو ئەوانەش ، گرانی، بێکاری و بێنرخ بوونی پارەی ئێرانی، خەڵکی بە ڕادەیەک لەو سیستم و ڕژیمە بێ هیوا کردووە کە ئەوانەی لە توانایان دایە ناچار وڵات بە جێ دێڵن و چینێکی بێدەسەڵات و گوێڕایەڵ یا کەم دەرامەت بە ناچاری دەمێننەوە و ئەوە بەشێکیشە لە ویست و خواستی ڕژیم. ئەوەی باسم کرد هەموو ئێران دەگرێتەوە بەڵام لە پێوەندی بە کوردستانی ڕۆژهەڵات ستەم و نابەرابەرییەکە چەندین بەرابەرە. ڕژیمی ئێرانی وەک خاکێکی داگیرکراو و کۆلۆنی چاو لە خاک و خەڵکی کوردستان دەکا و بێجگە لە هەموو ئەو کێشە و کۆسپانەی بەرۆکی سەرجەم خەڵکی ئێرانی گرتۆتەوە، ڕەوشێکی ئابووریی نالەبار کوردستانی گرتۆتەوە و کوردستان لە دۆخێکی تەواو نیزامی و ئەمنی و میلیتاریزە کراو دا بەڕێوە دەبردرێ و ڕۆژ نییە چەندین لاوی کورد زیندانی نەکرێن ، لە سێدارە نەدرێن یان لە سنوورەکان نەدرێنە بەر دەستڕێژی گولە . ڕۆژ نییە دارستان و باغات و ژینگەی کوردستان ئاگر نەدری و ئاسەوارە مێژووییەکانی بە تاڵان نەبردرێ و بە گشتی نەکرێتە ئامانجی هێزەکانی ڕژیم و دووژمنایەتی ئەو ڕژیمە لە گەڵ خاک و خەڵکی کوردستان ڕوون و بەرچاوە ئێستاش پاش بڵاوبوونەوەی پەتای کڕۆنا، دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەو پەڕی مەترسی دایە و ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر تووشی ئەو بەڵایە دەبن و رژیم لە کوردستان سیاسەتی بەرگری و خۆپاراستن ناگرێتە پێش و هیچ چەشنە یارمەتییەکی پزیشکی و ئیمکاناتی دەرمانی و بیهداشتی ناخرێتە خزمەت خەڵک و نەخۆشخانەکانی کوردستانەوە . بە گشتی ژیان و گوزەرانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە ژێر سایە و چەکمە و پۆتینی داگیرکەری ئێرانیدا لەو پەڕی خراپی دایە. لە ئاستی جیهانی و نێودەوڵەتیش دا ئەو ڕژیمە وەک مەترسی چاوی لێدەکرێ و کار بۆ ئەوە دەکرێ کە گۆڕانی جیددی بە سەر دابێنن و بە هۆی سیاسەتی شەڕخوازانەی ڕژیمەوە هەر ئان ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە کە هێرشێکی نیزامی بکرێتە سەر ئەو ڕژیمە و سەرەتاکانی ئەو هێرشەش لەو ماوەیە دا کە چەندین بنکەی ناوکی و نیزامی کراونەتە ئامانج ئاماژە بۆ ئەو خاڵە دەکەن. باڵكێش: ئێوە چۆن خۆتان ئامادە كردووە بۆ دۆخی دوایی گۆرانكاریەكانی ئێران؟ ئێمە وەک کورد بۆ دۆخی دوای گۆڕانکارییەکان تا ئێستا ئەو ئامادەییەمان تێدا دروست نەبووە و پێویستە هەنگاوی جیددی و بە پەلەی بۆ باوێین، چونکە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووگیانە بە ڕوودانی هەندێ پرس و بابەتی چارەنووسساز بۆ کورد و باقی نەتەوەکانی دیکە. پێویستە وەک کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات، سەرجەم حیزبەکان بە بێ وەبەرچاوگرتنی جیاوازیی بیروڕا، لە دەوری یەک مێز کۆببینەوە و کۆدەنگیەکی نیشتمانی لە سەر ئەساسی کوردبون و هاوچارەنووسی پێک بێنین و ئادرەسێکی بە هێز دروست بکەین، بۆ ئەوەی وڵاتانی زلهێز بەو ئادرەسە کورد بناسن و دانوستانی لە گەڵ بکەن و سەنگ و قورسایی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نیشان بدرێ . تا ئەو کاتەی ناو ماڵی کورد و دواتر نەتەوەکانی دیکەی غەیرە فارسی لە ئێران یەک نەخرێ و ڕێک نەخرێ، ڕووخانی ئەو ڕژیمە نابێتە هۆکار بۆ گەیشتن بە دەستکەوتەکانمان. پێویستە ئیزن نەدەین جارێکی دیکە مێژووی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٨ دووبارە بێتەوە و لە ئەگەری ڕووخانی ڕژیمی ئێستای ئێران و هاتنی ڕژیمێکی دیکەی ئێرانی کورد نابێ دەرفەت بە داگیرکەری ئێرانی بدا کە خۆی ڕیک بخاتەوە و دیسان خاکی کوردستان بچێتەوە ژێر چەکمەی داگیرکاری و باشترین هەنگاویش بۆ ئەم مەبەستە ڕاگەیاندن و کار کردن و هەوڵدان و خوڵقاندنی بەستێنێکە بۆ ڕێفراندۆمێکی ئازاد بۆ خەڵکی کوردستان تاکوو بۆ خۆی ئازادانە بڕیارلە سەر چارەنووسی خۆی بدا و ئەوەش حاشاهەڵنەگرە کە ویستی نەتەوەی کورد ، سەربەخۆیی و بنیاتنانی وڵات و دەوڵەتی کوردستانە. باڵكێش: واشنتن گرنگی بە كۆبونەوەی نێوان لایەنە كوردیەكان و ئۆپۆزسیۆن دەكات لە ئێران چۆن دەرواننە ئەو گرنگیانە. پرسی کورد نابێ گرێ بدەین بە پرس و ویستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، کێشە و خواستی کورد جیاوازە لە گەڵ ویستی بە ناو ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری و فارس. بۆ فارس و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئەوە گرینگ نییە کە ئەوەی دەسەڵات دەگرێتە دەست کورد و باقی نەتەوەکانی غەیرە فارس دەچەوسێنێتەوە یان نا؟ ،شەڕی ئەوان شەڕی مۆرە و کەسەکانە و شەڕی کورسی و دەسەڵاتە، ئەوان دوێنێ شایان نەویست لە بەر ئەوەی خومەینیان پێ باشتر بوو، ئەوڕۆش خامنەییان ناوێ چونکە موجاهیدین یا کوڕی شایان دەوێ و پێیان وایە ئەوانە باشتر دەتوانن ئێرانی یەکپارچەیان بۆ بپارێزن. کێشە و پرسی ئۆپۆزیسیۆنی فارس و سەراسەری، کێشەی سیاسی نییە، کێشەی قودرەت و بەشداربوونە لە هێز و دەسەڵات دا، بۆئەوان ئێستا گەورەترین گرفت ئەوەیە کە بۆ ڕژیمی ئێران ئیزن نادا خەڵکەکەیان لێچکە لە سەر نەکەن و یان قۆڵیان ڕووت نەکەنەوە و ئەوان زیاتر بیر لە ئازادییە شەخسی و کۆمەڵایەتییەکانیان دەکەنەوە،بەڵام بۆ ئێمەی کورد جیاوازە و پرسی ئێمە و کێشەی ئێمە ، پرسی داگیرکرانی خاکەکەمان و نەبوونی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ....یە. بۆ ئەمریکا و وڵاتانیش کە خوازیارن یارمەتیی دژبەرانی ڕژیمی ئێرانی بدەن، هەر وەکوو باسم کرد دەبێ ئادرەسێکی بە هێزیان بدەینێ کە لەڕێگەی ئەو ئادرەسەوە بەدواداچوون بۆ خواست و ویستی گەلی کورد بکەن. باڵكێش: ئەگەر گۆرانكاریی ریشەیی لە ئێران بكرێت ئێوە پلان و بەرنامەتان چۆن دەبێـ بۆ قۆناغەكە و دوایی قۆناغەكەش بەرنامەی ئێمە ڕوونە و پێش ڕووخان و دوای ڕووخانی ئەو ڕژیمە کار بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لە نێوان خەڵک و هێزە سیاسیەکانی کورد دا دەکەن و دەبێ بیر و هزری تاکی کورد بە گشتی بۆ ئەوە ئامادە بکرێ کە ئێمەی کورد ئێرانی نین وئەوەی بە ناوی ئێرانەوە بە سەر ئێمە دا حکوومەت دەکا، داگیرکەرە و دەبێ خاکی کوردستانی لێ پاک بکرێتەوە. و لە ئەگەری گۆڕانکاریی بنەڕەتی کە بە باوەڕی ئێمە لەو چەند ساڵە دا ڕوو دەدا ، ئێمە تێیدا کار بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی دەکەین و ئەگەر لە قۆناغی یەکەمیش دا پێی نەگەیشتین و وا ڕەخسا کە حیزبە فیدراڵ خوازەکان توانیان فیدراڵی بۆ کورد مسۆگەر و دەستەبەر بکەن، ئەوە ئێمە پێمان وایە کە ئەو فیدراڵیەش قۆناغی پێش سەربەخۆییە و هەر بۆیە لە هەنگاو نان بەرەو دروستکردن و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان پاشگەز نابینەوە و هەنگاوی بۆ داوێین. بەڵام دیسانیش دووبارەی دەکەمەوە کە فیدراڵی ناتوانێ ئێمەی کورد بە ویست و خواستەکانمان بگەیەنێ و فیدراڵیەکەی کوردستانی باشوور نموونەی هەرە زیندوویە لەو پێوەندییە دا. وتەیەکی بە نرخ هەیە کە دەڵێ : ماف نادرێ ، ماف دەستێندرێ، بۆیە ئێمەش دەبێ مافی خۆمان بستێنین نە ئەوەی کە ئێستا هەندێک لە حیزبەکان دەیکەن و پێیان وایە ئەوە دەبێ فارسەکان مافێکی فیدراڵیان پێ ڕەوا ببینن و بیان دەنێ . داگیرکەرانی کوردستان نایانهەوێ هیچ مافێک بۆ گەلی کورد دابین بکەن، ئەوان تا ئەو کاتە دان بە هەندێ مافی سەرەتایی گەلانی خاک داگیرکراو دا دەنێن کە لە زەعف و لاوازی دابن و هەر کە هێزیان گرت ئەوە دیسان هێرش دەکەنەوە بۆ سەر هەموو ویست و خواست و بەرژەوەندییەکانی گەلانی بندەست. بۆیە ئێمە لە یەکەمین ساتەکانی ڕووخانی ڕژیم دا نابێ ئیزن بە ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بدەین کە پێ بخاتەوە ناو خاکی کوردستان. باڵكێش: دروستكردنی هێزێكی هاوبەشیی كوردیی لە ئاستی رۆژهەڵاتی كوردستان چۆن دەبیین؟ ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانمانەوە ڕوو لە هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات رامانگەیاند کە پێویستی مێژوویی و هەلوومەرجی ئەوڕۆیی وا دەخوازێ کە بەرەیەکی یەکگرتوو پێک بێنین. ئەو بەرەیەی ئێمە باسی لێوە دەکەین بریتییە لە دەزگای ڕاگەیاندنی هاوبەش، هێزی نیزامی هاوبەش،ژووری فکری و ستراتیژیی هاوبەش کە سەرجەمیان لە ژێر ناوی کوردبوونەوە لێکمان گرێ بداتەوە. ئەو هێزە تا هەنووکە پێک نەهاتووە و هەر کام لە لایەنەکان بە جیا ڕایانگەیاندووە کە ئامادەن هێزی هاوبەش لە ژێرناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ژێر ناوی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە ژێر ناوی سوپای میللی کوردستان پێک بێنن، بەڵام تا ئێستا هیچیان نەیانتوانیەوە هەموو هێزەکان لە دەوری یەک مێزی هاوبەش کۆبکەنەوە، لێ لەو باوەڕە دام کە خێرایی گۆڕانکارییەکان ئەوە دەخوازێ و هەموویان بە ناچاریش بێ دەگەنە ئەو قەناعەت و باوەڕە کە دەبێ ئەو هێزە هاوبەشە لە چوارچێوەی بەرەیەک دا پێک بێ ، چونکە ئەگەر زیاتر وەدرەنگی بخەیەن و ئەو پرسە سەر نەگرێ ، بێگومان لە ڕەوتی ڕووداوە خێراکانی جیهانی بە جێ دەمێنین. باڵكێش : هەماهەنگی نێوان ئێوە و لایەنەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان چۆنە. هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی لایەنەکان بە داخەوە زۆر بەرچاوتەنگانە و تاکڕەوانەیە. بۆ نموونە ناوەندێکی هاوکاری دامەزراوە،تەنیا دوو لایەنی حیزبی دێموکرات ودوو لایەنی کۆمەڵە تێیدا بەشدارن، تەنانەت ناو لێنانی ئەو ناوەندە بۆ خۆی بەربەستە لە بەردەم کارکردنی هاوبەشی هەموو هێزەکان کە ناوەکەی بریتییە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ئەوە بۆ خۆی لە خۆیدا ڕێگرە بۆ هێزە سەربەخۆییخوازەکان کە خۆیان پێ ئێرانی نییە. باڵكێش: كورد چی بكات بۆ ئایندەی خۆی لە ئێران کورد نابێ ئایندەی خۆی بە ئێران و ئێرانی بوونەوە گرێ بداتەوە، هەڵەیەکی کوشندە و مێژووییە ئەگەر پاش ڕووخانی ڕژیمی ئێستای ئێران، کورد کار بۆ ئاوەدانی و گەشەسەندنی وڵاتێک بە ناوی ئێران بکا. هێزی کوردستانی دەبێ کار لە سەر بیر و هزری تاکی کورد بکا تا بێز لە ئێرانی بوون بکاتەوە ، ئێرانێک کە بەڵا نەما بە سەر نەتەوەی کوردی نەهێنێ و چەک نەما لە سەر کوردی تاقی نەکاتەوە. ئایندەی کورد و ئێرانی لێک گرێ دراو نییە و لەو باوەڕە دام لە چەند ساڵی داهاتوو دا وڵاتێک بەو شێوەی ئێستا بە ناوی ئێران بوونی نامێنێ و دابەش دەبێ لانی کەم بە سەر پێنج تا شەش وڵاتی،کوردستان،بەلووچستان،ئازەربایجانی باشوور،ئەلئەحواز،فارسستان. کورد دەبێ یەکەم ناو ماڵی خۆی ڕیکبخا و دووهەم لە گەڵ نەتەوەکانی دیکەی وەک تورکی ئازەری،بەلووچ، عەڕەبی ئەحوازی،کاسپیەن و تورکمان و ... هاوپەیمانی دروست بکا بۆ ئەوەی لە داهاتوو دا پێوەندی باشی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیرانی هەبێ. و لە نەهایەت دا کورد دەبێ تەنیا خەبات بۆ سەربەخۆیی بکا و تا ئەو کاتەی وڵاتی کوردستان سەربەخۆ نەبێ، کورد بە ئازادی ناگا و فیدراڵی و سیستمەکانی لەو چەشنە تەنیا کورد بە کۆیلەیی و ژێر دەستەیی دەهێڵنەوە.
لەهەڤپەیڤینێكی تایبەتتدا، لەگەڵ ڕێبوار فەتاح، پسپۆڕ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەربارەی دۆخی ئێستای ناوچەكە و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشوری كوردستان دەڵێت: ئێستا دۆخی ئەدرۆغان بەشتی لە ئاستێكی زۆر خراپدایە و دەیەێت بەم كارانەی پێگەیەكی نوێ بۆخۆی دروست بكات، بەڵام ئەردۆغان باجی كارەكانی دەدات. باڵكێش: خوێندنەوەتان لەسەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێم چییە؟ هێرشەکان بە پلەی یەك بۆ مانەوەی ئۆردۆغان خۆیەتی لە دەسەڵاتدا؛ ئەم دەزانێ پاش چەندین ساڵ لە دەسەڵاتدا و پاش شکستخواردنی تورکیا لە زۆر ڕووەوە، هەڵبژاردنەوەی وەك سەرۆك کۆمار ئاسان نیە، ئەمەش پاڵی پێوەدەنێ چەندین هەنگاو لە بەرژەوەندی خۆی بنێ، لەلایەك، خۆی بە سەرکردەیەکی نەتەوەپەرستی تورك، لە لایەکی دیکەوە، خۆی وەك سوڵتانێکی ئیسلامی دەناسێنێ، کە هەم تورکیا دەگەڕێنێتەوە بۆ شکۆی ئیمڕاتۆریەتی عوسمانی، و هەم دژی بەهای ئاینەکانی دیکە کار دەکات. ئەم لافەی ئۆردوغان هەم ئیسلامیەکان ڕازی دەکات، هەم تورکە ڕەگەزپەرستەکان، بەردەوامیش ئەم ڕەواجدانە بە خۆی بەکاردێنێ بۆ خستنە دەستی جومگە کاریگەرەکانی دەوڵەت؛ دەبێتە بە دکتاتۆرێك کە تەحەدا نەکرێ، خۆ ڕەنگە ئەم یەکەم سەرکردەی تورك بێ، بەهاکانی ئەتاتوك پەراوێز بخات. بەمەش ئۆردۆغان دەخوازێ هەڵبژاردنەوەی خۆی دەستەبەر بکات. پ ك ك تەنیا پاساوە، کە تورکیا خۆی قەبەی کردووە؛ دەنا کاریگەرێکی ئەوتۆیان لەسەر تورکیا نیە، دیمەنە گەورەکەش هەر ئەم بۆچوونە دەبێژێ. باڵكێش: بۆچی بە جارێك توركیا باشور و رۆژئاوای كوردستانی كردوەتە ئامانج؟ تەنیا باشور و ڕۆژئاڤای نەکردووەتە ئامانج، ئۆردۆغان لە چەند بەرەیەکدا کار دەکات. دوانیان پەیوەندی بە کوردەوە هەیە، باشور و ڕۆژهەڵات. گومان لەوەدا نیە، کە گەلی توركیا، بە بەشێکی زۆر لە کوردیشەوە، لەسەر ئەوە ڕاهێنراون کە کورد یەکیەکە لە کێشە بنەڕەتیەکانی تورکیا. لەمەش گرنگتر مێشکیان شۆراوەتەوە بەوەی، کە کێشەی کورد تەنیا بە سەرکوتکردن چارەسەر دەکرێ. ئێستا کە ئۆردۆغان کوردی هەموو لایەك سەرکوت دەکات، ختوکەی هەستی ڕەگەزپەرستانی تورکیا دەدات. ئەمیش هاوکار دەبێ لە ڕەواجدان بە خۆی. هەڵبەت کورد خۆشی هاوکارە لە پاساودان بە تورکیا. خەباتی چەکداری پ ك ك لە باکوور؛ مەڵاسدانی پ ك ك لە باشور و بەستنەوەی ڕۆژئاڤا بە پ ك ك-ەوە هەموو پاساون بۆ تورکیا بۆئەوەی بەرگێکی ڕەوا بۆ سەرکوتکردنی کورد بپۆشێ. دەنا دەبێ بوونی پ ك ك لە قەندیل، چ کاریگەریەکی لە خەباتی ڕەوای گەلی کوردستان لە باکور هەبێ! وەکیتر، بڵاوکردنەوەی سەدان هەزار وێنەی سەرۆکی پ ك ك لە ڕۆژتاڤادا، زۆرجار دژ بە خواستی خەڵکی ناوچەکە خۆی، دەبێ چ مانایەك ببەخشێ! دیارە کورد بەشێکە لە نەتەوەکانی خۆرهەڵات و ناتوانێ لە دروشمی یەك سەرکردە، یەك ئاڵا و یەك زمان ڕزگاری ببێ. ئۆردۆگان تەنیا پەلاماری کوردستانی نەداوە، جیهادیی بەکرێگیراو و سەربازی تورك، ئێستا لە لیبیا هاوکاری ڕژێمەکەی تەڕابلوسن دژی ڕژێمی تەبروكی خەلیفە حەفتەر. تورکیا تەرازوی هێزی لەم وڵاتەدا گۆڕی بە هاوکاری ڕژێمی ئەلسەڕاج، بۆ داڕشتنی دیفاکتۆیەکی نوێ لە دەریای ناوەڕاستدا، کە جێیەکی ستراتیجی و ئابوری، بە تایبەتیش نەوت و گازە. ئایدیۆلۆجی ڕژێمی ئەلسەڕاج ئیخوان مسلمینە و لەگەڵ ئایدۆلۆجی ئەکەپەی ئۆردۆغادا تەبایە. ئەمیش گرفتی گەورە دەئافرێنێ بۆ هەندێك لە هێزەکانی ناوچەکە، وەك میسر، سعودی و کوەیت. میسر هاوکاری حکومەتەکەی خەلیفە حەفتەر، کە پێتەختەکەی شاری تەبروكە، دەکات، لە کاتێکدا ئیمارات و تورکیا هاوکاری ئەلسەڕاجن. هەروەك هاوکاری تورك بۆ دەسەڵاتی ئەلسەڕاج، تورکیا ناکۆك دەکات لەگەڵ فەڕەنسا و ئیتالیادا. ئۆردۆغان هەنگاوی جدی دیکەی ناوە، لەلایەك، بۆ کۆکردنەوەی ڕایگشتی تورکیا؛ لەلایەکی دیکەوە، بۆ ڕەهاکردنی دەسەڵاتی خۆی. گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە پەرلەمانیەوە بۆ کۆماری و گرتنەدەستی زۆربەی دەسەڵاتەکان، بەشێکی گرنگە لەم پیلانەی ئۆردۆگان. هەروەك گۆڕینی دادوەر و سەرکردە چەکدارەکان بە پیاوانی خۆی، دیسانەوە سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیی و ڕەهاکردنێتی. ئۆردۆغان بەمانەشەوە نەوەستاوە هەنگاوی دیکەی ناوە، کە ڕایگشتی زۆربەی تورك و ئیسلامیە تەسکبینەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێ. وەك گەڕاندنەوەی ئایە سۆفیا لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت، کە بریارێکی سیاسیە. دەنا سێ هەزار مزگەوت لە ئەستەمبوڵدا هەن. ئایا پێویستی بە یەکیەکی دیکەیە! ڕاستە ئەم بڕیارە کۆمەڵی نێوەدەوڵەتی سەغڵەت کرد، بەڵام لە نێو تورکیادا، جەختی ئۆردۆغانی لەسەر ئیسلام و دوژمانیەتی کریستیانەتی کردەوە، کە دیارە خۆی و حزبەکەی ئەمە دەخوازن. ئەم هەنگاوانە هەموو هاوکارن بۆ شکاندنەوەی ڕایگشتی بەلای ئۆردۆغان لەلایەن تورك و بەشێكیش لە کوردەوە.. باڵكێش: بۆچی لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە جیهان لەبەرامبەر هێرشەكانی توركیا بێدەنگە؟ کۆمەڵێك هۆکار هاوکارن بۆ بێدەنگی کۆمەڵێ نێودەوڵەتی لە پەلاماردانی تورك بۆ باشور و ڕۆژئاڤا. یەکیەکیان ئەوەیە کە تورك بەرگی "داکۆکی لە خود" لەبەر پەلامارەکانی کردووە. ئەویش ئەوەیە کە خۆی دەپارێزێ لە گروپێکی تێرۆرست کە دەیانەوێ ئاشوب لە تورکیادا بنێتەوە. دیارە ئەمە درۆیەکی شاخدارە، بەڵام – لە پاسڤبوونی کورددا – تورکیا سەرکەوتوو بووە: قەناعەتی بە کۆمەڵی نیودەوڵەتی هێناوە، کە پ ك ك گروپێکی چەکداری تێرۆرستە. دیارە گەر پ ك ك چەکدار نەبوونایە، ئەم لافەی تورکیا قبوڵکردنی ئاسان نەبوو. کۆمەڵێ نێودەوڵەتی، لەمرۆدا، سەرقاڵی پەتای کۆرۆنان و ئەو کەلێنە ئابووری و دارایە زەبەلاحەی، کە کۆرۆنا کردوویەتیە ئابووری جیهانەوە؛ ئەمیش خاڵێکی دیکەیە؛ کارێکی کردووە کۆمەڵی نێودەوڵەتی نایپەرژێتە سەر هەندێك کێشەی خۆرهەڵات، کە کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی. خاڵی بنەڕەتی پەیوەستە بە کورد خۆیەوە. حکومەتی عێراق و پارتی و پاشکۆکانی – یەکێتی و گۆڕان، هێرشەکەی تورکیان، گەر قبوڵیش نەبێ، بیدەنگن لێی. لەمەش زۆرتر، پارتی بوونی بنکەی تورکی لە کوردستاندا وەك بەردەوامی و زاڵبوونی خۆی لە باشور و عێراقدا دەبینێ. حزبی چوارەم بە کاریگەربوون، یەکگرتووی ئیسلامیە، کە هەمان ئایدیۆلۆجی ئیخوانی ئۆردۆغانی لەخۆگرتووە و ڕابەرەکەیان، عەلی قەرەداغی، بانگخوێنی ئۆردۆغان و حزبەکەیەتی. ئەمانیش سەرکەوتنی تورك بەسەر کورددا، بە سەرکەوتنی خۆیان دەزانن. لای ئەمان ئاین لە نەتەوە گرنگترە. لای ئۆردۆغان ئاین بەرگێکە بۆ کوردکوشتن. ئەمانیشی پێ هەڵخەڵەتاندووە. ئیدی، بەمجۆرە، هەموو حزبە کاریگەرەکان لەگەڵ تورکن. باڵكێش: ئایا وڵاتانی دراوسێ ڕەزامەندن بەم هێرشانەی توركیا یان بۆ بێدەنگن؟ وڵاتانی دراوسێ، ئێران، سوریا و عێراقن. ئێران لاوازکردنی کوردی لە باشور پێ خراپ نیە، هەرچەندە ئێران سیاسەتی جیاوازە لە تورك و عێراق. پێدەچێ هێرشی تورکیا لە بەرژەوەندی ئێران بێ: یەکێتی زۆرتر دەخاتە باوەشیەوە. هاوکات ئێران، زۆنی دەسەڵاتی پارتی بۆ تورك بەجێ هێشتووە. ڕژێمی ئەسەد، کە ڕەنگە ڕوسیا پێشڕەوی بکات، پێدەچێ کوردی کردبێ بە کارتێكی ڕێکەوتن لەگەڵ تورکیادا بۆ کۆمەلێك بەرژەوەندی لە سوریا و لە لیبیادا. عێراق هیچ گرفتێکی نیە لە لاوازکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا. ڕاستەکەی عێراق نوقمی کێشەی خۆیەتی، نایپەرژێتە سەر هەرێمی کوردستان. نابەجێ نیە گەر بڵێم، خۆ گەر رژێمی عێراق ئێستا بەهێز بووایە، لەگەڵ تورکیادا ڕێکدەکەوت بۆ گەڕاندنەوەی هەرێم بۆ عێراق. گەواهیشم هەیە. کە ڕیفڕاندۆمە سەرەڕۆ تاکڕەوەکە پیادەکرا، عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەودەم، لەگەڵ ئێران و تورکیادا ڕێککەوت سنور دابخەن و ئەوانەی لافی ڕیفڕاندەمیان لێدەدا، ٢٤ سەعاتی نەبرد پاڕانەوە لە عەبادی گفتوگۆیان لەگەڵ بکات. هەڵبەت دیارە ئامانجی سیاسی خۆیان پێکا: لاوازکردنی یەکێتی و گۆڕان و رەهاکردنی حوکمی بنەماڵە. ڕەنگە بتوانرایە بەرەی دژە ئیخوانی ناوچەکە – سعودی، میسر و کوەیت هاوکاری کورد بوونابا لە وەستاندەوە لە بەرامبەر هێرشی تورکیادا، بەڵام سیاسەتی کورد هێندە حەکیمانە نیە بتوانێ ئەم هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە بخوێنێتەوە و کەڵکی لێ وەربگرێ. هەروەك دەکرا هەڵوێستی کۆمکاری عەرەبی بەکاربهێنرێ، کە دژی سیاسەتی پاوانخوازی تورکە. باڵكێش: بێدەنگی ئەمریكا لەم پرسە چی دەگەیەنێت؟ ئەمەریکا لە ژێر سایەی ترەمپدا سیاسەتێکی جێگیری نیە. ترەمپ بایەخێکی گرنگ بە خۆرهەڵاتی نێوەند نادات. ئامانجی یەکەمی ترەمپ هەڵژاردنەوەیەتی وەك سەرۆك کۆمار. ڕایگشتی ئەمەریکاش لەگەڵ بەشداربوونی سوپای ئەمەریکادا نین لە دەری سنوری وڵاتەکە. هەروەها ترەمپ پێدەچێ هەندێك بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ پۆتین و ئۆردۆغاندا هەبێ. کوردیش بێ باڵە لە ئەمەریکا؛ هیچ لۆبیەکی نیە. لەم جەنگەڵەدا، کە ناونراوە "کۆمەڵێ نێودەوڵەتی" دەبێ خۆت جێپێی خۆت بکەیتەوە. هیچ لایەك نایە مەمکەمژە بکات بە دەمتەوە. باڵكێش: ئەركی حكومەتی هەرێمی کوردستان چیە لەم دۆخەداو دەبێت چیی بكات؟ حكومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنەکەی پارتی و پاشکۆکانێتی – یەکێتی و گۆڕان هیچ سیاسەتێكی دەرەوە نیە بەبێ بنەماڵەی حوکمڕانی هەولێر دابڕێژرێ وەك باسم کرد، ئەمان پەلاماری تورکیا لە بەرژەوەندی خۆیان دەزانن. دیارە لە ڕاستیەوە زۆر دوورە، بەڵام لەنێو هەندێك بازنەی داخراودا ئەو دەنگۆیەیان بڵاودەکردەوە، کە تورك لەسەر داوای پارتی هێرشیان کردووە. پارتی، تورك وەك هێزێك دەبینێ بۆ سەرکوتکردنی گەلی کوردستان و چاوترساندنی پاشکۆکانی. کاریگەریش بووە. هەروەها پارتی، پ ك ك بە مەترسی لەسەر خۆی دەزانێ و شەڕی پ ك ك پێ ناکرێ. خۆ ڕەنگە تورك فریادڕەسی بێ. دەنا گەر ئیرادەی گەل حوکمی بکردبا، دەبووایە هێزی گەلی کوردستانی لە دژی داگیرکردن بخرابا کار. بە هیچ جۆرێك مەبەستم لەوە نیە، شەڕی چەکدار لەگەڵ تورکدا بکرێ. هەڵبەت دەکرا سەدان هەزار کورد بڕژێنە سەرشەقامەکانی کوردستان و هەندەران، هێمنانە دژی هێرشی تورك بوونایە. ئەمە کاریگەری بێهاوتای دەبوو. هاوکات دەسەڵاتێکی هاوچەرخ دەیتوانی تواناش لە دەسەڵاتی بەغداد وەربگرێ. هەڵبەت دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، بەغداد وەك درێژکردنەوەی دەسەڵاتی کورد بەکارناهێنان. زۆرجار بەغداد جێی دوورخستەوەی نەیاران یان مەترسیدارانی ناو حزبەکانە. زۆر کار دەکرا، دەکرا هەڵوێستی توندی فەڕەنسا، لە بەرامبەر بەشداری تورك لە لیبیادا، بکرابا بە دەرکێك بۆ لاوزکردنی تورك. هەڵبەت بە پێچەوانەوە شکاوەتەوە؛ هاوکاری پارتی – کە هێزی یەکەم و پێشڕەوە لە هەرێمی کوردستاندا – لەگەڵ تورکدا، هەڵوێستی کوردی لەبەرامبەر فەڕەنسا و هاوپەیمانانی لاواز کردووە. باڵكێش : بۆچی لۆبی كوردی فشار لە ئەمریكا و ئەوروپا ناكات بۆ ئەوەی فشار لە توركیا بكەن؟ پارتی و یەکێتی لە ١٩٩١وە، کە دەسەڵاتی کوردستانیان قۆرغ کرد، بێوچان لە کاردان بۆ تواندنەوەی، نەك لۆبی کورد لە ئەوروپا و ئەمەریکادا، بەڵکو هەموو دەنگێکی دیکەی دەری ئەمان گەر لەگەڵیشیان تەبا بێ. بە دەرامەتی بێشومار و هەڕەشەی جدی، هەموو ئەو هەوڵانەی دەیان ساڵ بوو، خەڵکی سەربەخۆ کاریان لەسەر دەکرد، جێیان بە حزب گیرایەوە. دواتریش بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوەی بە پارتی و یەکێتی لەنێو نەچوو، ئەمان تەواویان کرد. الاحسان بالتمام. چالاکێکی زۆر چوونە نێو گۆڕانەوە بە هیوای ڕیفۆڕم، نەیان زانی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێ بە میچی دەستی پارتی. ئیدی شتێك نیە بە نێوی لۆبی کورد نە لە ئەوروپا و نە لە ئەمەریکادا. لە بەرامبەریدا، لۆبی فەرمی و نافەرمی تورك هێجگار کاریگەرە لە پەسەندکردنی نارەتیڤی ئۆردۆغان. لەمەش زێدتر دەبێژەم، بوونی تورکێکی ڕەگەزپەرست و بوونی موسڵمانی تەسکبین لە دەستگاکانی ئەوروپا و ئەمەریکادا، بە تایبەت میدیاکاندا، کاریگەرە لە بە شەیتانکردنی کورددا. سەرباری ئەوەش کە گوترا، حزبەکان دەیان ڕۆشنبیر و کەسی چالاکیان کڕی، تەنیا بۆئەوەی بێدەنگیان بکەن. ئێستا ئەمانە هەموو لە کەلاوەی حزبەکاندا ژەنگیان کردووە. هەڵبەت ئێستا هەموویان خاوەن دەرامەتن. باڵكێش: ئایندەی كورد لە ناوچەكەدا چۆن دەبینن؟ من گەشبین نیم بە داهاتووی کورد لە ناوچەکەدا. کورد، وەك ئەوەی ئێستا هەیە؛ جیی هیوا نیە. لە سەرەوە ڕوونم کردەوە. داهاتووش هەر لەسەر ئەمڕۆ دادەڕێژرێ. جا بۆیە داهاتووشی پڕشنگدار نیە. گۆڕانکاری کاتێك لە ئەقلدا سەرهەڵدەت چینێك، توێژێك یان دەستەیەکی کۆمەڵایەتی دەرك بەوە دەکەن کە ژیانی کۆمەڵ نالەبارە. گۆڕانکاری لە دۆخی مادی ژیاندا، لە سەرهەڵدانی هزری نوێدا کاریگەرە. لە سەرەتادا، کۆمەڵێك بۆچوون و چەمکی تەبا و ناتەبا سەرهەڵدەدەن. دواتر، لە ئەنجامی دیبەیتێکی بەربڵاودا لە دەستگا و گردبوونەوەی ناو کۆمەڵدا، دەبنە ستراتیجی گۆڕانکاری پۆزەتیڤ لە کۆمەڵدا. ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا، زەمینەی سەرهەڵدانی ئەم هزرە نیە، چونکە ژینگەیەکی تەندروست نیە بۆ تاوتوێی بۆچوونی جیاواز. ئەم ژینگەیە تەنیا ڕەهەندێکی نیە، بگرە هەموو بوارێکی ژیان دەگرێتەوە. لە کۆمەڵێکی هاوچەرخدا، چەندین سەرچاوەی سەرهەڵدانی هزری کۆمەڵایەتی هەیە، کە دەکرێ پەڕلەمان، میدیا، ئاین، فێرگەکان – زانکۆ، قوتابخانە، جێ تەکنیکیەکان، ئینتەلەجەنسیا، کۆڕ و کۆبوونەوەی گشتی، تۆڕی کۆمەڵایەتی، زۆری دیکە بن. هەڵبەت ئەم دەستگا و گردبوونەوانە هەموویان ئێستا گەر موڵکی کەسی دەستڕۆیشتوو، خێڵ و بنەماڵە نەبن، لەژێر ڕەحمەتی ئەماندان. لەمانەوە ئەقڵی تەندروستی گۆڕانکاری سەرهەڵنادات. بۆ نمونە پەڕلەمان، سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ دیبەیت لە نێوان حزبی نێو دەسەڵات و لایەنی ئۆپۆزیسیۆندا. لە هەرێمی کوردستاندا، ئۆپۆزیسۆن نیە و نابێ هەبێ. پەڕلەمان ڕۆڵی مۆری سەرکاغەز دەبینی؛ پاساو بۆ کاری حزبەکان دەهێنێتەوە. فرمانگەیەکی حزبیە. ڕاستە زۆربەی حزبەکان لە پەڕلەماندا بەشدارن؛ هەڵبەت هەموویان پێکەوە یەك ئەجەندەیان هەیە: مانەوەی دەسەڵات وەك ئەوەی هەیە. ئیدی گەر ئەقڵێکی تەندروست سەرهەڵنەدات، بزوتنەوەیەکی کارای پۆزەتیڤیش سەرهەڵنادات. بگرە، لە ئەنجامی ئەم بارە ناتەندرەستەدا، کە هەموو ئازادیەك سەرکوتکراوە، کوردستان دەگۆڕێ، بەڵام بە ڕێی خەڵتانی خوێندا بۆ بارێکی دیکەی نادیار. هەڵبەت لەبەر ڕێگرتن لە سەرهەڵدان و گەشەکردنی هزری تەندروستی ڕیفۆڕم، ڕووباری خوێن تەنیا ڕێیە.
كۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لە هەولێر كۆتایی هات لە ڕاگەیەنراوێكی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دەربارەی كۆبونەوەكە هاتووە ; ههردوولا له كهشوههوايهكى ئيجابى و دۆستانهدا و بهڕاشكاوى كێشهكانیان و بارودۆخى ههرێمى كوردستان و پهيوهندييه كانی نێوان یەكێتی و پارتی تاوتوێكردووە. تۆڕی میدیای باڵكێش زانیویەتی، سبەینێ سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان و فڕاكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەڕلەمان دەكەن و لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا باس لەو پرسە كراوە هەرلە كۆبونەوەكەدا باس لە گرنگی و زهروورهتى پهيوهنديى نێوان پارتى و يهكێتى و كەروەها سهرجهم لايهنه سياسى و پێكهاتهكانى كوردستان كراوە. لە كۆبونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێم و هاو سەرۆكی یەكێتی دا باسل لە چارهسهركردنى كێشهكان و پاراستنى يهكڕيزى و تهبايى كه زهروورهتێكى ئهم قۆناخه ههستيارهيه بۆ رووبهڕووبوونهوهى ئهو بارودۆخه قورسهى له دهرهنجامى پهتاى كۆرۆنا و قهيرانى دارايى و كێشهكانى ديكهدا بهسهر ههرێمى كوردستاندا هاتووه کراوەتەوە. بەپێی زانیاریەكانی باڵكێش ، بەم نزیكانە كۆبونەوەی باڵا لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا ئەنجام دەدرێت.
تەقینەوەیەک لە سەرێکانی رۆژئاوای کوردستان روویدا و بەهۆیەوە 8 کەس گیانیان لەدەستدا و 19 کەسی تریش برینداربوون. تەقینەوەکە لەڕێگەی ماتۆڕێکی بۆمبڕێژکراوەوە بووە و لە بازاڕێکی سەوزە و میوەدا روویداوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رەخنەی لە هەسەدە گرت و بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتباری کرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تویتێکدا نووسیوتەتی "جارێکی تر رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە / یەپەگە خەڵکی سڤیلی کردە ئامانج". سەرێکانی شارۆچکەیەکی رۆژئاوای کوردستانە، بەڵام ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریادایە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ئاماریی نوێیی گیان لە دەستدان و توشبوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای بڵاو كردەوە و بەپێی ڕاگەیەنراوەكە لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 17 كەس بە كۆڕۆنا مردوون و 197 كەسیش توشی ڤایرۆسەكە بوون
نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستانەوە ڕونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە لەسەر داواكاری پاڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبونەوەی پەڕلەمانی كوردستان دواخراوە بۆ ئەوەی لەماوەی 24كاتژمێری داهاتوودا بەبێ مەرج كۆبونەوەی پەڕلەمان ئەنجام بدرێت. دەقی ڕونكردنەوەك پەیوەست بە ئەو کێشانەی کە لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە لە ئارادابوون، ھەندێک ھەواڵ و لێکدانەوەی ناڕاست لە میدیاکاندا بڵاو بوونەتەوە.راستیی بابەتەکە بەو شێوەیە کە لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان بەڕێزان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و بافڵ تالەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو کێشەیە تاووتوێ کرا و بەڕێز بافڵ تالەبانی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ 24 کاتژمێر کرد بەبێ ھیچ مەرجێک، تاکو دەرفەت بۆ سەرکردایەتیی ھەردوولا ھەبێت بە تێگەیشتنێکی ھاوبەش بگەن. ئەم داوایە بە چارەسەرێکی پەسەند زانرا و بە دانوستان لە نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان وسەرکردایەتیی ھەردوولا کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ 24 کاتژمێر دواخراوە بە بێ ھیچ مەرجێک و بوار ڕەخسێندراوە لەو ماوەیەدا بەربەست و کێشەکان چارەسەر بکرێن.بەو ھیوایەی کە گشت لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەل ئەم بابەتانە بکەن و بە ئاراستەی چارسەر ، ھەواڵ و لێکدانەوەکان بگوازنەوە. نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان 2020/7/26
شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان یەک دەبینن، (باڵکێش) زانیویەتی کە شاندەکەی یەکیتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی سەرۆکایەتی دەکات. بەگوێرەی زانیارییەکانی (باڵکێش) ، ئەوەی ئەمڕۆ تەنیا دیدارە و کۆبوونەوە نییە، بەڵام لە دیدارەکەدا کاتێک بۆ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دیاری دەکرێت.