بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کرێکارانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم .ڕێز و پێزانینێکی زۆرم بۆ ماندووبوون و ئەرک و بەشداریی کارای كرێكارانی كوردستان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا هەیە.حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا ، هەوڵی زۆری داوە و کاری کردووە لە پێناو باشترکردنی دۆخی ژیانی کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان، لەم ڕووەشەوە، پابەندبوونی خۆمان بە داکۆکیکردن و دابینکردنی مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و مافە یاساییەکان و باشترکردنی هەلومەرجەکانی کارکردنیان دووپات دەکەینەوە.ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پیرۆز بێت و هیوادارم هەمیشە مافەکانیان پارێزراو بێت و تەندروست بن.مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2025/5/1
ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، بەزووترین کات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ ئاسانکاری لە زوو بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی نيسانى 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە گفتوگۆ و دانوستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ و ئەنجامی کۆبوونەوەی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو. وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە ڕاپۆرتێکدا، ڕوونی کردەوە کە وەزارەتیان ئەوەندەی پەیوەندی بە حکومەتی هەرێم هەبێت، پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دانانی داهاتەکەی لە گەنجینەی گشتيی فیدڕاڵ، لەم ڕووەوە هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.دواتر هەریەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، وردەکاريی تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانيان لەسەر ئاستی حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیيەکان خستەڕوو و ئاماژە بەو بڕگانەی گفتوگۆکان درا کە بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو تەوەرانەی ماون و پەیوەندیدارن بە کۆمپانیا نەوتییەکان. ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانيی دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان دووپات دەکاتەوە بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. لەم پێناوەشدا، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی سامانەسروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتيیەکان و کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە هاوئاهەنگی و دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا، بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و بگەنە ڕێککەوتن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکەن بۆ ئەوەی چیتر زیانی دارایی بە گەنجینەی گشتی نەگات کە دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینی گشتی لە هەرێمی کوردستان کرا لە بەر ڕۆشنایی یاسای خانەنشینی گشتی یەکگرتووی ژمارە 9 ی ساڵی 2014 و بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەم بڕگەیەدا لەلایەن عەبدولحەکیم خسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕاپۆرتێک خرایەڕوو. لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخدانی تایبەت بە خانەنشینان و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییان کە تەمەنی خۆیان لە خزمەتی گشتی بەسەربردووە و شایانی خزمەتکردنن، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری، كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ )ی ڕاسپارد ، بەزووترین کات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمیی گونجاو بۆ ئاسانکاریی لە زوو بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە کەرتەکانی مەدەنی و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەجۆرێک کە ڕاییکردنی مامەڵەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی شایستەکانیان دوا نەکەوێت.
چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای فەرمی لەسەر بانکی بازرگانی عێراق 'تی بی ئای' لە بەغدا تۆمارکرد بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنێک کە ساڵی ڕابردوو لەنێوان هەردوولادا کراوە. عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' نووسیویەتی: "زۆر نیگەرانین لە دواکەوتنی دانانی ئامێری پارەدانی ئەلیکترۆنی نوێ 'ATM' لە هەرێمی کوردستان". گوتیشی: "ساڵێک لەمەوبەر سەرۆکی بانکی بازرگانی عێراق بەڵێنیدا 100 ئامێری نوێ بۆ بەرنامەی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابین بکات." عەزیز ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش کردووە، "سەرەڕای ئەوەی بانکەکە زیاتر لە 40 هەزار داواکاری لەلایەن فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا تی بی ئای، فەرمانی کڕینی ئامێرەکانی دەرنەکردووە، هەروەک چاپکردنی کارتیش بۆ فەرمانبەرانی خزمەتگوزاری مەدەنی دواکەوتووە". ڕاشیگەیاند، "فەرمانبەران چاوەڕوانی خزمەتگوزاری باشترن لەو بانکە، بەو پێیەی یەکێکە لە بانکە حکوومییەکانی عێراق." عەزیز ئەحمەد، دەشڵێت، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای فەرمی لە بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی دارایی لە بەغدا تۆمارکردووە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 4/30، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرەخۆشی لە محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کرد بۆ کۆچی دوایی دایکی.سەرۆکی حکومەت پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەميی خۆی پێگەیاند و هیوای خواست، خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە بنەماڵەکەیان ببەخشێت. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، بە ناوی خۆی و بنەماڵەکەیەوە، سوپاس و پێزانینی بۆ پەیوەندی و هاوخەميی سەرۆکی حکومەت دەربڕی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی نیسانی 2025، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کۆ دەبێتەوە و دوو بڕگە تاوتوێ دەکات.لە بڕگەی یەکەمدا، دواپێشهاتەکانی پەیوەست بە گفتوگۆی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ژێڕ ڕۆشنایی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ و کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیا نەوتییەکان لەمبارەیەوە دەخرێتە ڕوو.لە بڕگەی دووەمدا، پێشنیاری ڕەشنووسی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕێکخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینیی گشتی لە هەرێمی کوردستان، لەژێر ڕۆشنایی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی بڕیاری دادگاری فیدراڵی گفتوگۆ دەکرێ.
ئەمڕۆ سێشەممە 4/29، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی تایلەندی کرد بە سەرۆکایەتيی دوسیت ماناپان ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوە. لە دیدارەکەدا کە سوپارک پرۆنگسورە، باڵیۆزی شانشینی تایلاند لە ئوردن و عێراق ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تاووتوێ کرا. شاندەکە خواستی برەودان بە هاریکاريی هاوبەش و هاوئاهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و خوێندن تەندروستی و بەدیجیتەڵکردن دووپات کردەوە.
دوێنێ و ئەمڕۆ بەیانی گرووپێکی تیرۆریستی، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە درۆن بنکەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون.بارودۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە.لە کاتێکدا کە پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوا و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم خەریکە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن.ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، هۆشداری دەدەینە هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەن بۆ کاردانەوەی گونجاو بەرامبەر بە هەر هێرشێکی تێکدەرانە. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان29ی نیسانی 2025
بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنماییی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٥ی تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردن.ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥، لە هەنگاوێکی نوێدا وەزارەتی ناوخۆ بە ئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکیی نوێ، دەرگەی تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە.بەپێی ڕێنماییە نوێیەکە، تەنها ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بەشێوەی یاسایی و فەرمی هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنیان وەکوو تاکسی دەبێت، لەوانە: ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە تەنها بە بەنزین کاردەکەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنها بە غازی شل (LPG) کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV) ، ئاسانکاریی تۆمارکردنیان وەکوو تاکسی بێ ڕسومات بۆ کراوە، وەکوو هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرجی و ژینگەدۆست.جێگەی باسە بەگوێرەی ئەو ڕێنماییە هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکوو ئەو تاکسییانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانن سوود لە تابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ (کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبیلی دوایین سێ مۆدێل تۆمارکراو بن) و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبیلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجیی دارایی پێ دەدرێت.بەگوێرەی ڕێنماییە نوێیەکە، ڕەنگی تاکسی نوێ هەمان ڕەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی (4Q0) دەبێت و خاوەنی تاکسی دەتوانێت لە کوردستان بەم کۆدە تاکسییەکەی بۆیە بکات، یان لە کۆمپانیایەوە بەم ڕەنگ و کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین. تاکسییە کۆنەکەش بەگوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێتەوە بە هەر ڕەنگێکی پەسندکراو جگە لە ڕەنگی تاکسی.پێویستە ئۆتۆمبیڵەکان تازە هاوردەکراوبن و پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکی و ژینگەییان تێدابێت کە لە ڕێنماییی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیڵ ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢١ی هەموارکراودا دیاری کراون، تەنها ئۆتۆمبیڵەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بۆ گۆڕین بۆ تاکسی.لە ڕێنماییە نوێیەکەدا، بۆ ئۆتۆمبیلی هایبرد و تەواوکارەبایی، ٧٤ جۆر و بۆ ئۆتۆمبیلی بەنزین ٨٩ جۆر وەکوو پاشکۆ دیارکراون کە ڕێگەپێدراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.
پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێز د.مەسعود پزیشکیان و کەسوکار و قوربانیانی تەقینەوەی بەندەر عەبباس دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین. خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبووان بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە کەسوکاریان ببەخشێت.لەم ڕووداوە نەخوازراوەدا، هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەردەبڕین. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ شەممە 4/26، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی کرد، بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە ئەمینداری گشتیی ڕەوتی ئەلفوراتەین (تیار الفراتين). لە پەیامەکەیدا سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەکەیان و هەڵبژاردنەوەی سوودانی بە ئەمینداری گشتیی ڕەوتەکە، هیوا دەخوازێت کە دەرەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکەیان هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ کارکردن لەپێناو دابینکردنی خواست و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا، کە لەسەر بنەمای دەستوور و دادپەروەری و سەروەریی یاسادا، مافی گشت پێکهاتەکان پارێزراو بێت.
ئەمڕۆ شەممە 4/26، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد سەفەدی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی شانشینی ئوردن کرد.سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێم دەربڕی و ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێز و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن کرد و ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشان دا. سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی نێوان هەردوولا کردەوە و سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی شانشینی ئوردن و شا عەبدوڵلای دووەم دووپات کردەوە.چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی وزە و دارایی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەروەها دۆخی گشتیی ناوچەکە و پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
بانکی رەشید رایگەیاند، بڕی قەرزی خانووبەرەی بۆ ٢٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی زیادکردووە زۆرترن بڕی قەرزە کە تائێستا درابێتە هاوڵاتیان. ئەمڕۆهەینی٢٥ی نیسانی ٢٠٢٥، بانکی رەشید ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر بڕی قەرزەکە ١٥٠ ملیۆن دینار بوو و ئێستا کە بڕەکەی ٢٠٠ ملیۆن دینارە، زۆرترین بڕی قەرزە کە بدرێتە هاوڵاتییان. وتیشی، قەرزەکە بەمەبەستی کڕینی یەکەیەکی نیشتەجێبوون، چ پارچە زەوییەک بێت یان شوقەیەک، بۆ ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان لە بانکەکە وەردەگرن، دەدرێت و ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بانکەکەیە بۆ ئاسانکاری و خاوەندارێتیی ماڵ و هاوسەنگبوون لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابورییەکان.