بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنماییی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٥ی تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردن.ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥، لە هەنگاوێکی نوێدا وەزارەتی ناوخۆ بە ئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکیی نوێ، دەرگەی تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە.بەپێی ڕێنماییە نوێیەکە، تەنها ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بەشێوەی یاسایی و فەرمی هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنیان وەکوو تاکسی دەبێت، لەوانە: ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە تەنها بە بەنزین کاردەکەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنها بە غازی شل (LPG) کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV) ، ئاسانکاریی تۆمارکردنیان وەکوو تاکسی بێ ڕسومات بۆ کراوە، وەکوو هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرجی و ژینگەدۆست.جێگەی باسە بەگوێرەی ئەو ڕێنماییە هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکوو ئەو تاکسییانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانن سوود لە تابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ (کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبیلی دوایین سێ مۆدێل تۆمارکراو بن) و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبیلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجیی دارایی پێ دەدرێت.بەگوێرەی ڕێنماییە نوێیەکە، ڕەنگی تاکسی نوێ هەمان ڕەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی (4Q0) دەبێت و خاوەنی تاکسی دەتوانێت لە کوردستان بەم کۆدە تاکسییەکەی بۆیە بکات، یان لە کۆمپانیایەوە بەم ڕەنگ و کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین. تاکسییە کۆنەکەش بەگوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێتەوە بە هەر ڕەنگێکی پەسندکراو جگە لە ڕەنگی تاکسی.پێویستە ئۆتۆمبیڵەکان تازە هاوردەکراوبن و پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکی و ژینگەییان تێدابێت کە لە ڕێنماییی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیڵ ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢١ی هەموارکراودا دیاری کراون، تەنها ئۆتۆمبیڵەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بۆ گۆڕین بۆ تاکسی.لە ڕێنماییە نوێیەکەدا، بۆ ئۆتۆمبیلی هایبرد و تەواوکارەبایی، ٧٤ جۆر و بۆ ئۆتۆمبیلی بەنزین ٨٩ جۆر وەکوو پاشکۆ دیارکراون کە ڕێگەپێدراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.
پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێز د.مەسعود پزیشکیان و کەسوکار و قوربانیانی تەقینەوەی بەندەر عەبباس دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین. خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبووان بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە کەسوکاریان ببەخشێت.لەم ڕووداوە نەخوازراوەدا، هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەردەبڕین. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ شەممە 4/26، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی کرد، بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە ئەمینداری گشتیی ڕەوتی ئەلفوراتەین (تیار الفراتين). لە پەیامەکەیدا سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەکەیان و هەڵبژاردنەوەی سوودانی بە ئەمینداری گشتیی ڕەوتەکە، هیوا دەخوازێت کە دەرەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکەیان هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ کارکردن لەپێناو دابینکردنی خواست و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا، کە لەسەر بنەمای دەستوور و دادپەروەری و سەروەریی یاسادا، مافی گشت پێکهاتەکان پارێزراو بێت.
ئەمڕۆ شەممە 4/26، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد سەفەدی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی شانشینی ئوردن کرد.سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێم دەربڕی و ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێز و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن کرد و ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشان دا. سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی نێوان هەردوولا کردەوە و سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی شانشینی ئوردن و شا عەبدوڵلای دووەم دووپات کردەوە.چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی وزە و دارایی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەروەها دۆخی گشتیی ناوچەکە و پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
بانکی رەشید رایگەیاند، بڕی قەرزی خانووبەرەی بۆ ٢٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی زیادکردووە زۆرترن بڕی قەرزە کە تائێستا درابێتە هاوڵاتیان. ئەمڕۆهەینی٢٥ی نیسانی ٢٠٢٥، بانکی رەشید ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر بڕی قەرزەکە ١٥٠ ملیۆن دینار بوو و ئێستا کە بڕەکەی ٢٠٠ ملیۆن دینارە، زۆرترین بڕی قەرزە کە بدرێتە هاوڵاتییان. وتیشی، قەرزەکە بەمەبەستی کڕینی یەکەیەکی نیشتەجێبوون، چ پارچە زەوییەک بێت یان شوقەیەک، بۆ ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان لە بانکەکە وەردەگرن، دەدرێت و ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بانکەکەیە بۆ ئاسانکاری و خاوەندارێتیی ماڵ و هاوسەنگبوون لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابورییەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/24، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سایمۆن مینکس، داواکاری گشتیی هۆڵەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و تاوانە نێودەوڵەتییەکان کرد. سەرۆکی حکومەت سوپاسی سایمۆن مینکسی کرد کە بۆ چەندین ساڵ کاری لەسەر دۆسیەکانی جێنۆساید و تیرۆر کردووە، لەوانە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق و تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش بەرامبەر ئێزیدییەکان.سەرۆکی حکومەت هەروەها کار و هەوڵەکانی لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیيانی ئەو تاوانانە بەرز نرخاند.لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە مێژووی تاوانەکانی جێنۆساید لە کوردستان و عێراق و پێویستی بەسزاگەیاندنی تاوانباران و هێنانەکایەی دادپەروەری کرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4/23 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز سام بڕاونباک سیاسەتوانی ناسراو و سیناتۆر و حاکمی پێشووی ویلایەتی کەنساسی ئەمەریکی و شاندێکی یاوەری کرد کە بۆ بەشداریی لە ڕۆژی نزای نیشتمانی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.باڵیۆز بڕاونباک ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و ئازادیی ئایینی هەرێمی کوردستانی کرد و ئەنجامدانی ڕێورەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانیی لە کوردستان بە دەستپێشخەرییەکی ناوازە و گرنگ ناوبرد.سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئایین و پێکهاتەی جیاواز بووە و پابەندین بە پاراستن و گەشەپێدانی ئەم کولتوورە و ئاشتی و تەبایی نێوان گشت پێکهاتەکان.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کرد.وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، خۆشحاڵيی خۆی بە سەردانیکردنی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد و گوتی: هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.سەرۆکی حکومەت سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە کاتێکی نزیکدا. پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال و گرنگیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و ڕيزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و هەروەها دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 4/22 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق کرد.لە کۆبوونەوەدا دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا .هەروەها بیروڕا لەبارەی هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو لە زووترین کاتدا کرایەوە.
رۆژی سێشەممە 22ی نیسانی 2025، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری پێشووی عێراق کرد. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 4/22، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی نوێی شانشینی یەکگرتوو لە عێراق کرد .سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون، هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆز خواست لە ئەرکەکەی و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی لە پێناو پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو. باڵیۆزی شانشینی یەکگرتوو ، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، کە ئەندرۆ بیزلی کونسوڵی گشتیی شانشینی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، هەردوولا جەختیان لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا کردەوە . هەروەها ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی نۆڤێمبەری ئەمساڵ تاوتوێ کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 4/22، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد ئەلیەماحی سەرۆکی پەرلەمانی عەڕەبی کرد .لە دیدارەکەدا کە شاخەوان عەبدوڵلا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەی بوو، سەرۆکی پەرلەمانی عەڕەبی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەولێر و هەرێمی کرد . هەروەها کورتەیەکی دەربارەی کار و جالاکی و ئامانجەکانی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو و خواستی برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشاندا. سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانیی هاریکاری و کاری هاوبەش لەگەڵ پەرلەمانی عەڕەبی کردەوە و داوای لێکردن کە ڕۆڵی خۆیان لە ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و پشتیوانیکردنی سیستەمی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بگێڕن. ئامادەکارییەکانی بەستنی لوتکەی وڵاتانی عەڕەبی لە بەغدا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. 1 2