ئەمڕۆ چوارشەممە 5/7، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سۆمین باگچی باڵیۆزی نوێی هیندستان لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، کە مادان گۆپال، کونسولی گشتیی هیندستان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تاووتوێ کرا. سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە باڵیۆز، پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ دەربڕی. هەروەها جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هیندستان کردەوە.سەرۆکی حکومەت سوپاسی کونسولی گشتیی هیندستانیشی کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی. باڵیۆزی هیندستان ستایشی پرۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە سیستەمی بانکی. باڵیۆزی هیندستان هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە کار بۆ ئەوە دەکەن گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانی لەنێوان هەولێر و شارەکانی هیندستان هەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 5/6، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان کرد.لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە پێویستیی پاراستنی ئاشتی وئارامی و سەقامگیری و بەهێزکردنی گیانی بەیەکەوەژیان و تەبایی و برایەتی لەنێوان گەلان و پێکهاتەکانی ناوچەکەدا کرا.
* سەرۆکی حکومەت سێیەمین پێشانگەی گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە هەولێر كردەوە ئەمڕۆ سێشەممە 5/6، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێیەمین پێشانگەی گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی (METEX) لە هەولێر كردەوە كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی بواری گەشتوگوزار بەشدار بوون. لە گوتارێكدا كە لە ڕێورەسمی كردنەوەی پێشانگەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە كرد كە ئەجێندا و سیاسەتی حكومەت لە بووژاندنەوە و پێشخستنی ئابووریی كوردستان، گەشەپێدان و بووژاندنەوەی كەرتی تایبەتی گەشتوگوزار و كەرتی گشتییە. هەروەها ڕوونیکردەوە كە حكومەت هەوڵێكی زۆری داوە تاوەكوو ئاسانكاری بكات و هاوكار بێت بۆ پەرەپێدان بەم كەرتە بەو ئامانجەی سەرچاوەی داهات لە هەرێمی كوردستان هەمەچەشن بكرێت. جەختیشی كردەوە كە یەكێك لەو هۆكارانەی یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی بتواندرێت زیاتر كوردستان بە دونیا بناسێندرێت، ئەوەیە كە گرنگیی بە كەرتی گەشتوگوزار بدرێت تاكوو خەڵكێكی زیاتر بێ و تێكەڵاوی خەڵكی كوردستان بێ و شارەزای ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بێت، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی بە كەرتی گەشتوگوزار دەدات. ئەمەش دەقی گوتارەكەیە: بە ناوی خودای گەورە و میهرەبانئامادەبووانی هێژاخوشك و برایانی بەڕێززۆر زۆر بەخێربێن بە تایبەتی بەخێرهاتنی دیپلۆماتكارەكان، نوێنەرانی كونسوڵخانەكان، نوێنەری كۆمپانیا بیانییەكان دەکەم، ئەوانەی كە بەشدارن ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە، هەروەها هەموو كۆمپانیا ناوخۆییەكان و نوێنەرەكانیان . ئامادەبووانی هێژا: خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لە سێیەم پێشانگای (مێتێكس)ی گەشتوگوزاری لە شاری هەولێر كە ئەمە بێگومان هەنگاوێكی زۆر باشە بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری. شاراوە نییە كە بەشێك لە ئەجێندا و سیاسەتی حكوومەتی هەرێم لە بووژانەوە و پێشخستنی ئابووریی كوردستان، گەشەپێدان و بووژاندنەوەی كەرتی تایبەتی گەشتوگوزاری و كەرتی گشتییە. بە شێوەیەكی گشتی هەم حكوومەت و هەم كەرتی تایبەت بە یەكەوە بتوانن گرنگی بە پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری بدەن. ئێمە لەو ماوەیە هەوڵێكی زۆرمان داوە كە ئاسانكاری بكەین و وەكوو حكوومەتیش هاوكار بین تاكوو پەرە بەم كەرتە بدرێ بۆ ئەوەی سەرچاوەی داهات لە هەرێمی كوردستان هەمەچەشن بكرێ و ئێمە ئەو كەرتانەی كە یارمەتیدەرن بۆ بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان، وەكوو خۆی گرنگییان پێ بدەین و پاڵپشتیان بین. هەرێمی كوردستان شوێنێكی زۆر دەوڵەمەندە، هەم لە رووی مێژوو، هەم لە رووی كولتوور، لە ڕووی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، جوانیی سرووشت. دەبێ هەوڵی ئەوەش بدرێ كە خزمەتگوزاریی زیاتریش دروست بكرێ بۆ هاندانی خەڵكێك چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان تا بتوانن سوود لەو كەرتە وەربگرن. من دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی ئەم پێشانگایە دەكەم و دەستخۆشی لە بەشداربووانی كۆمپانیاكان دەكەم كە بەشدارن لێرە كە بێگومان ئەمە هەمووی بەیەكەوە لەگەڵ حكوومەت، دەتوانێت خزمەتێكی زیاتری خەڵكی كوردستان بكات. ئێمە دەمانەوێ جگە لەوەی كە خەڵكی ئێمە سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی جیهان دەكەن، هەوڵێكی جددی بدرێت بۆ هێنانی گەشتیاری بیانیش بۆ هەرێمی كوردستان. پێشتر هەموو هەوڵی ئێمە ئەوە بووە بۆ ناساندنی شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستان بە دەرەوە، بەڵام زیاتر باسی ئەو كارەساتانەمان كردووە كە بەسەر نەتەوەكەماندا هاتبوو، بە چ قۆناخێكی سەختدا تێپەڕیوین، بەڵام دەبینین كە كوردستان زۆر زیاتری هەیە كە پێشانی جیهانی بدات و خەڵكێك لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە بێن و كوردستان ببینن، هەم لە ڕووی جوگرافییەوە چەند شوێنی سەرنجڕاكێش و جوان و دڵگیری هەیە، هەم فێری مێژووی كوردستانیش ببن كە بە چ قۆناغێكدا تێپەڕیوین. كوردستان بێگومان ناوچەیەكە كە چەندین دەسەڵات و حوكمڕانی لەم ناوچەیەدا بوون و تێپەڕیون. لە لایەكی ترەوە ئەم كولتوورە جوانەی كە لە كوردستاندا هەیە، پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی كە ئەوەی لە كوردستان هەیە وێنەی نییە، پێویستە ئێمە زیاتر پێشانی خەڵكی بدەین. یەكێك لەو هۆكارانەی كە یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زیاتر كوردستان بە دونیا بناسێنین، ئەوەیە كە گرنگیی بە كەرتی گەشتوگوزار بدەین تاكوو خەڵكێكی زیاتر بێ، هەم سەردانمان بكات، هەم تێكەڵاوی خەڵكی كوردستان بێ و زیاتر شارەزای ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بێت. ئێمە دەمانەوێ گرنگیی بە پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار لە چەند ڕوویەكەوە بدەین:لە ڕووی جوگرافییەوە، هەر ناوچەیەكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دەمانەوێ گرنگیی بە هەر ناوچەیەك بدەین و ئەو جوانییە سرووشتییەی لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان هەیە، ئەوانە بەرجەستە بكەین. دەمانەوێ گرنگیی بە مێژووی كوردستان بدەین، یەكێك لەو نموونانە قەڵای هەولێرە كە یەكێكە لە كۆنترین شارەكانی جیهان و بە تایبەتی قەڵای هەولێر كە كۆنترین شاری جیهانە و شەش هەزار ساڵ پێش زایین كە ژیانی تێدا بەردەوام بووە تاكوو ئەمڕۆ، دەوروبەری قەڵاتیش، چەندین شوێنی مێژوویی تر حەفتانە و مانگانە دەدۆزرێنەوە. كوردستان خۆی هەموو ساڵێك دەبینین كە شوێنی جیاوازی مێژوویی تێیدا دەدۆزرێنەوە، ئەوانە هەمووی دەكرێ ببن بە بەشێك لە پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزاری. كەواتە گرنگیدان بە مێژووی ناوچەكەی خۆمان و ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنە مێژووییانە، ئەوانە هەمووی یارمەتیدەر دەبن بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزاری.لە لایەكی ترەوە پێشخستنی سیستەمی خزمەتگوزاری، چ خزمەتگوزاریی پزیشكی بێت، چ خزمەتگوزاریی ئەو گەشتیارانە بێت كە بۆ چێژوەرگرتن لە سرووشت و بۆ بەسەربردنی كاتەكانی خۆیان دێن بۆ كوردستان، ئێمە گرنگیی بەم بەشانەش بدەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو كەسانەی دێنە هەرێمی كوردستان، بە ڕوویەكی خۆشەوە پێشوازییان لێ بكرێ و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە شایستەی خەڵكێكن كە سەردانمان دەكەن، پێشكەشیان بكەین. كوردستان ناسراوە بەوەی مێواندۆستە، دەمانەوێ ئەو مێواندۆستییە بە شێوەیەكی مۆدێرنیش لە چێشتخانەكانمان، لە هۆتێلەكانمان، لە شوێنە گەشتیارییەكانمان، پێشانی دۆست و هەڤاڵانمان بدەین كە دێن و سەردانی كوردستان دەكەن.چەندین پرۆژەی گرنگ لەبەر دەستی حكوومەتن كە ئەم پرۆژانە دەكرێ ببن بە بنەمایەک بۆ پێشخستنی چەندین پرۆژەی هاوشێوە لە دەوروبەری پرۆژە گشتییەكان بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار، بەشێكی گرنگی ئەو پرۆژانە خەریكە دەكەونە كار و بەرنامەیان بۆ داڕێژراوە، هەر لە زاخۆوە بگرە تاكوو هەڵەبجە لە هەموو شوێنەكان بەرنامەی حكوومەت هەیە بۆ پێشخستنی ئەم كەرتە، هەروەكوو باسم كرد هەر شوێنێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەمانەوێ گرنگیی بە هەموو ناوچەكانی كوردستان بدەین. كە یەكێك دێت سەردانی شارێك یان شارۆچكەیەكی كوردستان دەكات، دەمانەوێ بۆ بابەتێكی تریش بچێت سەردانی شارێكی تری كوردستانیش بكات. جوانیی كوردستان لەوەدایە كە زۆر زۆر سرووشتێكی جیاوازی هەیە، بەڵام دڵی هەموو كوردستانییەك فراوانە و میواندۆستە، كەواتە شتێكی هاوبەش لە هەموو كوردستاندا دەبیندرێت كە گەشتیار هەست بە ئاسوودەیی دەكات. جگە لەوەی كە ئێمە لە ڕێگەی گرنگیدان بە كەرتی گەشتوگوزار و هێنانی گەشتیار لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بێگومان هەلی كاریش لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر دەكات و وادەكات خەڵكێكی زۆر لە كەرتی تایبەت بۆ خۆیان ببن بە خاوەن پیشە و كاری خۆیان و زۆر كەس كە تاكوو ئێستا لەوانەیە كاریان نییە، بەهۆی پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزاری، هەلی كاری زیاتریان بۆ دەڕەخسێت و كوردستانمان ڕۆژ بە ڕۆژ هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشكەوتن و بووژانەوە دەنێت. من جارێكی تر دەستخۆشی لە بەشداربووان دەكەم، بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم، هیوادارم هەموو لایەكتان سەركەوتوو بن، كوردستان هەمیشە لە پێشكەوتندا بێت و وڵاتمان ئاوەدان بێت. زۆر زۆر بەخێر بێن.
سێهەم دەروازەی نێودەوڵەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکرێتەوە ئومێدخۆشناو، پارێزگاری هەولێـر، دەڵێت؛ لە مێژە گفتوگۆمان لەسەر كردنەوەی دەروازەی کێلەشین کردووە، بەتایبەتی لە ساڵی 2022 ڕێككەوتنێكمان كرد تا بە زوویی ئەم سنوورە بكەینەوە، لە کۆتا سەردانم بۆ ئێران دووبارە تاوتوێی بابەتەكەمان كرد و هەر دوولامان جددین كە لە كاتێكی نزیكدا بكرێتەوە، ئـەمەش دوای دابینكردنی پێداویستییەكانی وەك ڕێگـا، كـارەبـا وئاسایشی سنوورەكە دەروازەی كێلەشـیـن سێ كـیلـۆمـەتر لـە شنۆی ڕۆژهەڵاتی كوردسـتان و 33 كیلـۆمەتـر لە قەزای سیدەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوورە، دەروازەكە ئەگەر بكرێتەوە هاوشێوەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەتوانێت لە گواستنەوەی كاڵا و شتومەكی بازرگانی و جووڵەی گەشتـیاریی و ڕەخساندنی دەرفەتی كار لە هـەر دوو دیوی سنوور ڕۆڵی كاریگەر بگێڕێت لە ئێستادا دوو مەرزی نێودەوڵەتی گرنگ لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن ئەوانیش دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و دەروازەی نێودەوڵەتی زێتن
پرۆژەی رووناکی رایدەگەیێنێت، بەهۆی نالەباریی کەش و هەوا، تۆڕی کارەبای نیشتمانی تووشی کێشەی تەکنیکی هاتووە کە بووەتە هۆکاری پچڕانی کارەبا لە بەشێک لە گەڕەکەکان. پرۆژەی رووناکی کە سەر بە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستانە ئاماژە بەوە دەکات، "دەمانەوێت داوای لێبووردن بکەین لەبارەی هەر ناڕەحەتییەک کە درووست بووە بەهۆی ئەم پچڕانەوە. هەروەها ئاگادارتان دەکەینەوە کە تیمەکانی وەزارەتی کارەبا بە بەردەوامی کار لەسەر ئەوە دەکەن بەزووترین کات کارەبای نیشتمانی بگەڕێتەوە". پرۆژەی رووناکی بە هاونیشتمانییان دەڵێت، "تکایە ئاگاداربن لەم کاتەدا مۆلیدەی ئەهلی گەڕەکەکەتان کارا دەبێت و کارەباتان بەدەست دەگات تا کۆتايی چاککردنەوەی کارەبای نیشتیمانی 24 کاژێری. تکایە ئاگاداربن لە کۆتایی مانگ هیچ بڕە پارەیەک بە مۆلیدەی ئەهلی نادەن". کارەبای 24 کاژێری لە چوارچێوەی "پڕۆژەی رووناکی"دایە، کە 17-10-2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.
ئهمڕۆ دووشەممە 5/5 مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە لە ئەندامانی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی پێکهاتبوو .لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵ کرا. بە تایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدان. لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستیی ئازادیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوڵەی کاڵاکان لە نێوان هەموو ناوچەکانی عێراقدا و نەهێشتنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لەوبارەیەوە کرایەوە.هەروەها گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا و جەخت لە بەشداریی و سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق لەو پڕۆژە گرنگەدا کرایەوە. سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە، کە پێویستە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی و دەستووری عێراق بگیرێت کە ماف و ئەرکەکانی هەر لایەکی دەستنیشان کردووە.سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوە دا ،کە عێراق لە ڕووی ماددی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگیشە و تەنیا پێویستیی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە راگەیاندراوێكدا هەواڵی نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرەنسۆ هەریری راگەیاند بە گوژمەى نزیکەى ( 2 ملیار دینار) یاریگەی نێودەوڵەتى ( شەهید فەڕەنسۆ هەریری ) نۆژەندەکرێتەوە دوا بە دواى هەوڵەکانى پارێزگارى هەولێر بۆ نۆژەنکردنەوەى یاریگەی نێودەوڵەتى ( شەهید فەڕەنسۆ هەریری )، لە سەر فەرمان و ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە گوژمەى نزیکەى ( 1 ملیار و 900 ملیۆن دینار ) لە دواى کۆتایهاتنى خولى ئەستێرەکانى عێراق و لە سەرتایی مانگى ( 6 )ـى ئەمساڵ، دەستدەکرێت بە پڕۆژەى نۆژەنکردنەوەى چیمەن و تراکى یاریگاکە. بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.5.4، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ کۆمپانیایی جێبەجێکار و ئەندازیارانى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەکەدا، لەلایەن کۆمپانیاى جێبەجێکار و ئەندازیارانى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە، ووردەکاریى گۆڕینی چیمەنی یاریگاکە بۆ جۆرى ( هاى بێرد) کە زۆربەى یاریگا گەورە و جیهانییەکان بەو چیمەنە فەرشکراوە و کات و شێوەى دەستپێکردنى پڕۆژەکە خرایەڕوو، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، جگە لەوەى جەختى لە تەواوکردنى پڕۆژەکە لە کاتى دیاریکراوى خۆیدا کردەوە، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و هەموو پاڵپشتی و هاوکارییەکی خۆشی بۆ زوو تەواوکردنى نۆژەنکردنەوەى یاریگاکە دووپات کردنەوە. جێگەى باسە، یاریگای (شەھید فەڕەنسۆ ھەریری) یاریگایەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و بە دووەم گەورەترین یاریگای وەرزشی لە عێراق دادەنرێت، لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لە کۆتای ساڵی 2001 بە ناوی شەھید “فەڕەنسۆ ھەریری” کراوە.
ڕۆژی یەكشەممە 4ی ئایاری 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی عەشیرەتی ئەلبغزات سەر بە هۆزی ئەلجبور بە سەرۆكایەتیی بەڕێز شێخ عیسا موحسن ئەلسەبیل كرد. لە دیدارەكەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە قووڵكردنەوەی ڕۆحی لێبوردەیی و برایەتیی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق هەبوو و هەروەها سوپاسی گەلی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا باوەشیان بۆ حەواندنەوە و پەنادانی سەدانهەزار ئاوارەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كردەوە. هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان پێكهاتەكان و بەهێزكردنی بەهاكانی پێكەوەژیان و خۆشەویستی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق و ڕیشەكێشكردنی توندڕۆیی و نەهێشتنی كولتووری ڕق و تۆڵە كردەوە. جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا خاتوو مونا ئەلسەبیل ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك لە كەسایەتییەكانی عەشیرەتی ئەلبغزات ئامادە بوون.
بۆ کۆچی دوایی سیاسەتڤانی ناسراو و پەرلەمانتاری دیاری دەم پارتی و بريكاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (سری سورەییا ئۆندەر)، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و دۆست و هەڤاڵەکانی دەکەم و هاوخەمیانم.سری سورەییا ئۆندەر، دۆستی دێرینی گەلی کورد و خەباتکارێکی ناسراوی پرۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا و ڕۆڵيکی کارا و لەبیرنەکراوی لە بەهێزکردنی برایەتی و تەبایی نێوان هەردوو گەلی کورد و تورک گێڕا. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەموولایەک ببەخشێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2025/5/3
ئەمڕۆ هەینی یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەتبوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، هاوکات وەزارەتی تەندروستی چەند رێنماییەک بڶاوکردەوە بۆ خۆپارستن لەو نەخۆشیە. بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، پێوستە لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ ئەم ڕێنماییە زانستییانە جێبەجێ بکرێن: 1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە ڕێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتیی دەکات. 2- لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکار بهێنرێن. 3- نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن. 4- بەبێ دەستکێش دەست لە کەلاش مەدەن و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بەباشی بشۆردرێ. 5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت. 6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان. 7-پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە. 8 – باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆ ماوەى نيو كاتژمێر لە پلەى (4 – 8) پلەى سەدى هەڵبگيرێت، پاشان بەكار بهێنرێت. بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون. 9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو باشتر وايە سەر نەبڕدرێت. وەزارەتی تەندروستی
هەفتەی داهاتوو بەفەرمی نرخی کارەبای 24 کاتژمێری دیاری دەکرێت، ئەو نرخەی ئێستا هەیە ئەزموونییە و نامێنێت، نرخی داهاتووش لەوەی ئێستا هەیە کەمتر دەبێت. پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بەردەوام لە فراوانبوونە، تاوەکو ئێستا 600 هەزار هاونیشتمانی لێی سوودمەند بوون، بڕیارە تاوەکو ساڵێک و 7 مانگی دیکە بگاتە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان. چوارشەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بەفەرمی نرخی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی دیاری دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت، دیاریکردنی نرخیش لەسەر بنەمای کیلۆوات دەبێت. شێوازەکانی جێبەجێکردن: بە پێنج ئاست نرخی کیلۆوات دادەنرێت: یەکەم: سفر بۆ 400 کیلۆوات بە نرخێکی کەم.دووەم: 400 بۆ 800 کیلۆوات بە نرخێکی کەمێک زیاتر.سێیەم: 800 بۆ هەزار و 200 کیلۆوات گرانتر دەبێت.چوارەم: هەزار و 200 بۆ هەزار و 600 کیلۆوات دیسان گرانتر دەبێت.پێنجەم: لە هەزار و 600 کیلۆواتەوە بەرەوسەرەوە جارێکی دیکە نرخەکە گرانتر دەبێت. تیمی پڕۆژەی ڕووناکی ، دانانی نرخی کیلۆوات بە هەڕەمەکی دانەنراوە، هەڵسەنگاندن کراوە و بەجۆرێک دانراوە لەگەڵ گوزەران و ژیانی خەڵک بگونجێت، لەوەی ئێستاش هەیە هەرزانتر دەبێت. بەپێی ئاستەکان هاوبەشان تا کەمتر کارەبا بەکاربهێننن مانگانە کەمتر پارە دەدەن. - بە تێکڕای ساڵ زۆرینەی خەڵکی کوردستان مانگانە تا 800 کیلۆوات کارەبا بەکاردەهێنێن، چونکە بەپێی وەرزەکان بەکارهێنانی کارەبا دەگۆڕێت. بۆ نموونە ماڵێک لە مانگێکدا 750 کیلۆواتی بەکاربهێنێت، 400 کیلۆواتی یەکەمی بە نرخێکی کەم بۆ هەژمار دەکرێت، 350 کیلۆواتەکەی تر بە نرخێکی زیاتر،، نەوەک کۆی 750 کیلۆواتەکەی بە گران لەسەر هەژمار بکرێت. نرخی کارەبای بازرگانی، کشتوکاڵی، پیشەسازیی بچووک، پیشەسازیی گەورە و میری واتە فەرمانگەکانی حکومەت، نرخی جیاواز بۆ هەموویان دادەنرێ بەپێی سيکتەرەکان، ئەوانیش هاوشێوەی ماڵان قازانج دەکەن، کەمتر لەو پارەیەی ئێستا لە کارەبا خەرجی دەکەن لەسەریان دەکەوێت، بەو پارەیەی دەیدەنە کارەبای نیشتمانی، لەگەڵ پارەی مۆلیدەی گەڕەکەکان و تەنانەت مۆلیدەی تایبەتی خۆیان. خاڵی ئەرێنییەکان: لەکاتی دانانی نرخەکان گوزەرانی زۆرینەی خەڵک لەبەرچاو گیراوە، بەو ئامانجەی خێزانی کەدەرامەت، خێزانی بچووک، تازە بووک و زاواکان و خانەنشینان مانگانە کەمترین پارە بدەن. - دوای یەکلاکردنەوەی نرخەکان و بڵاوکردنەوەیان، لەمەودوا لەسەر ئەو بنەمایە پارە لە هاوبەشان وەردەگیرێت، تەنانەت ئەو گەڕەک و ناوچانەی تاوەکو ئێستا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری قەرەبوو دەکرێنەوە. - بۆ نموونە گەڕەکی ژیانی هەولێر کە 10 مانگە پڕۆژەی ڕووناکی پێگەیشتووە، کارەبای ڕابردووشیان بەپێی نرخە نوێیەکە بۆ هەژمار دەکرێ، لەم 10 مانگە چەند پارەی زیادەیان دابێت قەرەبوو دەکرێنەوە.
بەرێوەبەری بەنداوەکانی پارێزگای دھۆک گوتی "ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و عێراق ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی چوار بەنداوی ستراتیژی لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن” فەرھاد محەمەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی پارێزگای دھۆک، ڕایگەیاند "ھەردوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان چوار بەنداوی گەورە و ستراتیژی دروست بکەن، یەکێک لەو بەنداوانە بەنداوی مەنداوەیە و بڕیاری لەسەر دراوە، لەسەر بودجەی عێراق دروست دەکرێت، بۆ ئەومەبەستەش لیژنەی ھونەری لە نێوان ھەرێم و بەغدا دروست کراون بۆ دیاریکردنی شوێنەکان و نوێکردنەوەی بەشێک لە دیزاینەکان، چونکە کۆن بوونە، بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێن و پڕۆژەکان بکەونە بواری جێبەجێکردن، چونکە ھەرێم و بەغدا ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە."بەرێوەبەری بەنداوەکانی دھۆک گوتیشی "دروستکردنی ئەو چوار بەنداوە سودێکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان لە چەندین کەرت دەبێت، وەکو بەرھەمھێنانی کارەبا، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، سامانی ماسی و زۆر بابەتی دیکە."لای خۆیشیەوە بەڕێوەبەری پێشووی ئاودێری ئاکرێ، ڕەمەزان شەریف، ڕایگەیاند "بەنداوی مەنداوە یەکێک لە گەورەترین بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت و کاری باشی لەسەر کراوە و بەنداوێکی گەورەیە و چاوەڕێ دەکرێت یەک ملیار مەتر سێجا ئاو بگرێت، بۆ ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک سودی دەبێت. ئەو بەنداوانە، ڕەنگە پێویستییان بە ٧٠٠ ملیۆن دۆلار ھەبێت، چاوەڕێ دەکرێت کۆمپانیای بیانی ئەو کارە بکەن، چونکە ھەردوو حکوومەت لەسەری ڕێککەوتوون.حەوزی ئەو بەنداوە دەکەوێتە نێوان ئاکرێ و بەردەڕەش و سنوروی ھەولێر و دەشتی ھەولێر و ھەرسێ قەزای ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان سودی لێ وەردەگرن، بۆیە بەدروستکردنی سودی زۆری دەبێت بۆ کەرتی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، سامانی ماسی، گەشتوگوزار، بەرھەمھێنانی کارەبا و بەکارهێنانی لەجیاتی ئاوی بیرەکان، بۆیە سودێکی یەکجار زۆری بۆ ئەو ناوچەیە بەگشتی دەبێت."