ئەمڕۆ پێنجشەمە 2020/8/20 یەك ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا بە هەزار و 945 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت. ھەروەھا نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی ھەرێمی کوردستان بەمشێوەیە مامەڵەی پێوە دەکرێت: یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 280 هەزار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 325 هەزار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 390 هەزار دینارە.
چوار کورسی تەختەی شکاو کە مێژووی دروستکردنەکەی بۆ ساڵی 1778 بە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار فرۆشرا. ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بریتانی نووسیویەتی"ئەو چوار کورسیە لە ساڵی 1778 بۆ برا بچووکی ئیمپراتۆری فەرەنسی لویسی شازدەیەم دروستکراوە". ئەو چوار کورسییە لە مۆزەخانەی لۆڤەر نمایشکران، سەرەتا چاوەڕواندەکرا بە نزیکەی 600هەزار دۆلار بفرۆشرێن، بەڵام دواتر بە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار فرۆشران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/8/20 نرخی دراوە بیانییەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەمشێوەیە مامەلەی پێوە دەکرێت. 100 دۆلاری ئەمریکی بە 123 هەزار و 250 دینارە. 100 یۆرۆی ئەوروپی بە 145 هەزار دینارە. 100پاوەی بەریتانی بە 161 هەزار دینارە. 100 لیرەی توركی بەرامبەر بە 17 هەزار و 250 دینارە. 100 هەزار تمەن بەرامبەر 5 هەزار 750 دینارە.
ماوەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ ئەمەریکا درێژ كرایەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ “دۆناڵد ترەمپ”ـی سەرۆكی ئەمەریكا کۆدەبێتەوە. سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد، کە ماوەی سەردانەکەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە واشنتن درێژ دەبێتەوە و لەو ماوەیەشدا لەگەڵ چەند بەرپرسێکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت یەکێک لەوان نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە بێت. بڕیاربوو ئەمڕۆ سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ ئەمەریکا کۆتایی بێت، بەڵام بۆ سبەی درێژكرایەوە. رۆژی سێشەممە 18/8/2020 مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێك گەیشتە ئەمەریكا و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی كۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلیكتریكی ئەمریكی، گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی كارەبای عێراق واژۆكردووە كە بڕەكەی نزیکەی 1.2 ملیار دۆلارە دەبێت و كاری چاككردنەوەی سەرجەم وێستگەكانی كارەبا لە تەواوی عێراق لە ئەستۆ دەگرن.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی دابەشكردنی مووچەی مانگی 3ـی تەواوی وەزارەت و دەستەكانی بڵاو كردەوە و ئەمڕۆش مووچەی بەشێکیان دابەش دەکرێت. بە پێی ئەو خشتەیەی کە وەزارەتی دارایی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/8/20 مووچەی وەزارەتی پەروەردە و دەزگای ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەکرێت. رۆژی دووشەممە 2020/8/17، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بارەی چۆنییەتی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئادار كۆبوەوە و بڕیاردرا بە هەمان میكانیزمی مانگی شوبات بە لێبڕینی لەسەدا 21 مووچەی مانگی ئادار بە دابەش بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/8/20 نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 45 دۆلار مامەڵەی پێوە کراوە. هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەكساس بە 42 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکراوە. لە مانگی نیسانی ڕابردوودا نرخی نەوتی خاوی برێنت و تەكساس لە بازاڕەكانی جیهاندا نزمترین ئاستی خۆیان تۆماركرد و نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە خوارەوەی 20 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرا و نەوتی خاوی (تەكساس)ـیش گەیشتبوویە -39 دۆلار.
دکتۆرە رھام یەعقوب، یەکێک لە چالاکوانە پزیشکەکانی بەسڕە تیرۆرکرا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەیەک ھەفتەدا زیاتر لە 10 چالاکوان تیرۆرکراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/8/19، وەزیری تەندروستی سەردانی سەنتەری پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ گەشتیارانی کرد. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە یاوەری د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوبەری تەندروستی ھەولێر و تیمی تاقیگەیی، سەردانی مەیدانی سەنتەری پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای گەشتیارانی کرد لە شاری ھەولێر. لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا ھاتووە کە سەردانەکەی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، تایبەت بووە بە بەدواداچوون لە خزمەتگوزارییەکانی وەرگرتنی پشکنین و پێداچوونەوەی بڕوانامەی گەشتکردن، ھەروەھا ئالیەتی کەمکردنەوەی ڕۆتین و پێداویستییەکان.
بە پێی ڕۆژمێری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سبەینێ 2020/8/20 پشووی فەڕمییە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی یەکی موحەڕەم سەری ساڵی کۆچییەوە. جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند: وەک حاڵەتێکی ئاینی، بۆ ڕاگەیاندنی پشوو، چاوەڕێی وەزارەتی ئەوقاف دەکەین کە پاش نوێژی شێوان بڕیاری لێ بدات. ھەر کات ئەوان بڕیاریاندا، لە سەرجەم دامودەزگاکان دەکرێتە پشوو.
ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە (١٧٥) ١. کەرەنتین: (٥١ هاوڵاتی نوێ لە کەرەنتین)٥٩ هاوڵاتی لە کەرەنتینن لە ٦ شوێنی جیاواز لە پارێزگای دهۆك ماونەتەوە. ٢. پشکنین: (٢٨٨١ پشکنینی نوێ)(١٣٦٢ هەولێر)، (٦٧٤ سلێمانی، ١٤٥ گەرمیان)، (٦٦٦ دهۆك)، (٣٤ هەڵەبجە) ٣. تووشبوو: (٤٤٣ تووشبووی نوێ)(١٥٧ هەولێر)(١٢٠ سلێمانی، ٢٠ گەرمیان)(١٣٦ دهۆك)(١٠ هەڵەبجە)٤. چاکبوون: (١٩٢ چاکبوون)(١٢٢ هەولێر)(٢٩ سلێمانی)(٢٣ گەرمیان)(١٨ هەڵەبجە) ٥. مردن: (٢٢ مردن)(١٤ هەولێر)(٣ سلێمانی، ١ گەرمیان، ٢ ڕاپەڕین)(٢ هەڵەبجە)ئاماری گشتی:کەڕەنتین ٢١٧٧٧ هاوڵاتی (٢١٧١٨ دەرچوو)پشکنین ٢٥٩٠٣٧ (١٠٩٧٥٩ هەولێر، ٧٨٥٠٥ سلێمانی، ٦٨٣٠٩ دهۆك، ٢٤٦٤ هەڵەبجە)تووشبوون ٢٢٧٢١ (٩٣٢٨ هەولێر، ١٠٤٤٨ سلێمانی، ٢٢٢٥ دهۆك، ٧٢٠ هەڵەبجە)چاکبوون ١٢٩٩٩ (٤٦٩٢ هەولێر، ٦٨٤٥ سلێمانی، ٨٦١ دهۆك، ٦٠١ هەڵەبجە)لەژێر چارەسەر ٨٨٩٧ (٤٣٥٧ هەولێر، ٣٠٨٩ سلێمانی، ١٣٤٦ دهۆك، ١٠٥ هەڵەبجە)مردن ٨٢٥ (٢٧٩ هەولێر، ٥١٤ سلێمانی، ١٨ دهۆك ، ١٤ هەڵەبجە) وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جارێکی تر داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و دەستکێش، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢). وەزارەتی تەندروستیحکومەتی هەرێمی کوردستان١٩ی ئاب ٢٠٢٠
بە بڕیارێكی راکان جبووری، پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك هەریەك لە قائیمقامی ناوەندی كەركووك و قائیمقامی قەزای دووبز، لەگەڵ بەڕێوبەری ناحیەی سەرگەڕان لە كارەكانیان دوورخرانەوە. كامیل ساڵەیی، قائیمقامی ناوەندی كەركووک بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، لە ڕێگەی تەلەفۆن ئاگەدار کراینەوە کە بە بڕیارێكی پارێزگاری كەركووك من و هەریەكە لە عەبدوڵڵا نوورەددین قائیمقامی قەزای دووبز، لوقمان حوسێن، بەڕێوبەری ناحیەی سەرگەڕان، لە کارەکانمان دوورخراوینەتەوە، بەو پاساوەی کە ئێمە دەواممان نەكردووە، بۆیە تانە لە بڕیارەكە دەدەین. کامیڵ ساڵەیی دەشڵێت "من مۆڵەتم و مۆڵەتەکەم لە ڕۆژی یەکشەممە 2020/9/20 کۆتایی دێت. ھەروەھا لە قبوڵنەکردنی مۆڵەتەکەشم ئاگادارییان نەکردوومەتەوە، ھەروەھا بڕیارەكەش بۆ بەغدا نەنێردراوە و تەنها ئاڕاستەی ژمێریار و وردبینی و نووسینگەی پارێزگار كراوە، ھەر بۆیە لە زووترین كاتدا تانە لە بڕیارەکە دەدەم و قبوڵی ناكەم، چونكە دورخستنەوەکەمان سیاسییە. ". کامیڵ ساڵەیی وتیشی "سەبارەت بەوەی كە تانەدان لە بڕیارەكە سوودی دەبێت بە باڵکێشی وت "بەڵێ، چونكە بڕیار هەیە لە لایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە كە پارێزگارەكان بۆیان نییە دەست لە كارەكانی قائیمقامەكان و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەكان وەربدەن". ھەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی باڵکێش ھەیەتی، بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەسەر پرسی لادانی بەرپرسانی كورد لە كەركووك و كێشەی زەویوزار و ھەندێک پرسی دیكە، بانگهێشتی راکان جبووری، پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك و چەند بەرپرسێكی ئیداری لە پارێزگاكە بۆ پەرلەمانی عێراق دەكات.
وا بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە چالاكییە هونەریی و كلتورییەكان بە جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان لە شاری سلێمانی دەستپێبكەنەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/8/19 هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە دیوانی پارێزگادا لەگەڵ (د.سەباح هەورامی) بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی کۆبووەوە. بە پێی ڕاگەیەندراوێكی پارێزگاکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی تەواو بۆ دۆخی ئێستای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنوری پارێزگاکە کرا و لەسەر بنەمای دۆخی نوێی تەندروستیی پارێزگای سلێمانی، بڕیار درا لە دوای 1ـی ئەیلوولەوە چەند بوارێکی هونەریی و کلتوریی لەسەر بنەمای ڕێکار و ڕێنماییە خۆپارێزیی و تەندروستییەکان بکرێنەوە. هەر لەو کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی (300)تەختی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کرایەوە و ئامادەکارییەکانیش بۆ وەرزەکانی پایز و زستان خراونەتەڕوو.