ئەنجوومەنی باڵای فەتوا، لە بارەی دەرمانی ساختە و بازرگانیكردن بە كەرتی تەندروستی فەتوایەکی بڵاو كردەوە. ئەنجوومەنی باڵای فەتوا ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/8/19 بەناونیشانی (لە خشتەبردنی نەخۆش لە لایەن هەندێك لە پزیشك و نۆرینگە و نەخۆشخانەی تایبەت و تاقیگه و دەرمانخانەكانەوە) فەتوایەكەی دا. لە فەتواكەدا ئەنجومەنی باڵا هەموو جۆرەكانی (ئیستیغلالكردن) لە كاری پزیشكی بۆ لەخشتەبردن، بردنی سامانی نەخۆش، بە حەرام كراوە. لە بەشێكی دیكەی فەتواكەدا ھاتووە کە ھەر پشكنینێک یان نووسینی دەرمان بە پێچەوانەی یاسا و رێنماییە تەندروستییەكان "حەرامە و دەچێتە چوارچێوەی هەوڵی زیانگەیاندن، كە هەندێك جار دەبێتە هۆكاری كووشتنی بە ناهەق راستەوخۆ یان سەركێشان بۆ كوشتن". ئەنجوومەنی باڵای فەتوا زیاتر دەڵێت "هەر دەرمانێك ڕێککەوتی بەسەرچووبێت، یان لە كوالێتیی كۆنترۆڵ دەرنەچووبێت، حەرامە بدرێتە نەخۆش، یان مامەڵەی پێوە بكرێت، ھەروەھا دەربازی سنوورەكان بكرێت و هەر جۆرە رێككەوتنێك لە نێوان پزیشك و دەرمانخانه و تاقیگەكاندا لەسەر حیسابی نەخۆشەكان بكرێت، كارێكی حەرامە".
بە گشتی مرۆڤ کێشەی لەگەڵ ڕاستی هەیە نەک درۆ، ئەسڵی دوژمنایەتییەکەی لەگەڵ دادپەروەرییە نەک ستەم (هەرچەند بە بڕوای من ستەم و دادپەروەری هێندەی تەواوکەری یەکن، دژ و پێچەوانە نین.)، گرفتەکان لەو خاڵەوە سەرهەڵئەدەن کە یەکسانیی لە حەددێکی مەعقولدا ئەبێتە پێویستیی. بەوەی فەساد بەرهەمی ناڕێکییە و تەواوکەری هیچ شتێکیتر نییە خۆی نەبێ، کەس کێشەی لەگەڵ فەساددا نییە، مرۆڤ هەموو ئەو شتانەی کە دژیان وەستاوە، بۆ خودی خۆی پێی باشە. دزێک نابینی بۆ ئەو کارەی ئەیکا سەدان بیانووی نەبێ، بەڵام دزییەک لە خۆی بکرێ نارەزایی دەرئەبڕێ و بە ستەمی ئەزانێ و هیچی لە دەست نەیات، دادگای لێ ئەگرێ. هەمووان جنێودان و سووکایەتی و شکاندن و تیرۆری کەسییان پێ خراپ و ناڕەوشتییە، هەمووانیش بەکاریئەهێنن و وەک چەکێکی پێویست ڕێزی لێئەگرن و مەیدانی بۆ ساز ئەکەن. پاڕلەمانی کوردستان لە تاقیکردنەوەیەکی زۆر گرنگ و هەستیاردا شکستی هێنا، تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی و سۆشیالمیدیا لە گرنگترین و باشترینی ئەو پڕۆژەیاسایانە بوو کە تا ئێستا پاڕلەمانی کوردستان بەخۆیەوە بینیوە، بەداخەوە لە ژێر فشاری بازرگانانی جنێودا، نەگەیشتە ئەنجام. بازرگانانی جنێو هیچ لۆمەیەکیان لەسەر نییە، ئەوەن و تەواو. ئۆباڵی ئەمە لە ئەستۆی ئێمەیە وەک خاوەنی گەورەترین فراکسیۆن. هۆکارەکان هەرچی بن، ناتوانم ئەوە بێئیرادەییە لە بەرچاو نەگرم کە نواندمان بەرامبەر بەرەی جنێودۆست کە لە زێرابەکانی فکرەوە هاتوونەتە بوون. من وەک کادرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوای لێبووردنم لە هەموو ئەو دڵسۆزانەی نەتەوە و نیشتمان هەیە کە ئومێدیان وابوو ئەم پڕۆژەیاسایە بارێکی لاری کۆمەڵگە ڕاست ئەکاتەوە و تەکانێکی گەورە بە ڕەوتی کۆمەڵگە ئەدات بە ئاڕاستەیەکی باش.
بەڕێوبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، پێشبینی كەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی شارەكانی هەرێمی بڵاو كردەوە. بە گوێرەی ئەو پێشبینیانە، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/8/19 ئاسمانی شارەكان ساماڵ دەبێت. هەر بەگوێرەی پێشبینییەکان، سبەینێ پێنجشەممە 2020/8/20 ئاسمانی شارەكانی هەرێمی کوردستان ساماڵ دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/8/19 یەك ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا بە هەزار و 984 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت. ھەروەھا نرخی زێڕ لە بازاڕەكاندا بەمشێوەیە خوارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت: یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 296 هەزار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 348 هەزار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 396 هەزار دینارە.
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هێزە سەرنازییەکانی عێراق و هاوپەیمانان لە چیای قەرەچووغ، نزیکەی 10 چەکداری داعش کوژران. وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق شەوی رابردوو (سێشەممە، 2020/8/18) رایگەیاند کە "دژەتیرۆری عێراقی بە پاڵپشتیی فڕۆکە سەربازییەکان و هاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە چیای قەرەچووغ لە مەخموور ئەنجامدا تێیدا 10 چەکداری داعش کوژران" هەر لە راگەیەندراوەکەیدا هاتووە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا: نۆ ئەشکەوت، کۆگای خۆراک و دەرمانی ئهو رێكخراوه لە چیای قەرەچووغ خاپورکراون. لە هەمانکاتدا دەزگای دژەتیرۆری عێراقی، لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردووەتەوە کە "بە تەواوی لەناوبردنی داعش، بەمزووانەیە و رێگەیەکی دیکە نییە".
موستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا و چاوەڕان دەكرێت سبەی پێنجشەممە 2020/8/20 لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، لە كۆشكی سپی كۆببێتەوە. بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، موستەفا كازمی لەگەڵ شاندی یاوەری گەیشتنە ئەمریكا. دوێنێ سێشەممە 2020/8/18 موستەفا كازمی، بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا لە بەغدای پایتەختی عێراقەوە بەرەو واشنتۆن بەرێكەوت. نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو كە بڕیارە سبەی پێنجشەممە 2020/8/20، موستەفا كازمی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە كۆشكی سپی كۆدەبێتەوە و سەبارەت بە پتەوتركردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان بەغدا و واشنتن، دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و پرسی پەیوەندیدار بە هەردوولا گفتوگۆ دەكەن. لە سەردانەکەی کازمیدا چەند کار بە دەستێکی کوردیش یاوەری شاندەکەی دەکەن، لەوان: فوئاد حوسێن، وەسیری دەرەوەی عێراق، فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەمید ھەژار عومەر، بەرپرسی ھاوئاھەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لاوک ئەحمەد، بەرپرسی نووسینگەی مستەفا سەید قادر.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، لیستی دابەشكردنی مووچەی مانگی 3ـی وەزارەتەکانی بڵاوكردەوە و ئەمڕۆش مووچەی چەند وەزارەتێک دابەشدەکرێت. بە پێی ئەو خشتەیەی کە وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/8/19 مووچەی دیوان و لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکەی 80 و 70، وەزارەتی ناوخۆ فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن، لیوای نەوت و وەزارەتی دارایی و ئابووری، رەگەزنامە دابەس دەکرێت.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 45 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەكساس بە 42 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. لە مانگی نیسانی ڕابردوودا نرخی نەوتی خاوی برێنت و تەكساس لە بازاڕەكاندا نزمترین ئاستیان تۆماركرد بە جۆرێك نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لەخوار 20 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرا و خاوی تەكساسیش گەیشتە بوویە -39 دۆلار.
لەسەر گرتنەوەی ئاوی ھەردوو ڕووباری سیروان و زێی بچووک، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە. دەقی ڕاگەیەندراوەکە: كۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی ئاب، بۆ ساڵی سێیەم لەسەریەك لە وەرزی هاویندا ئاوی هەردوو رووباری سیروان و زێی بچوک دەگرێتەوە، داهاتی ئاوی كرد بە سفڕ، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو كردارە پێچەوانەی هەموو عورف و یاسایەكی نێودەوڵەتیە و ئاوی رووبارە هاوبەشەكان موڵكی هەردوو خەڵكی عێراق و ئێرانە، بەتەنها مافی هیچ كام لەو وڵاتانە نییە، لە هەمانكاتیشدا به گرتنەوەی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە بەسەدان هەزار ماسی لەناو چوون، سەرەڕای ئەوەی زیانێكی زۆری بەجووتیارانی ناوچەكە گەیاندووە، زۆربەی بەرهەمەكانیان وشك دەبن. سەرباری ئەوەش دانیشتووانی قەزاى پشدەر كەبەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە ئاوی زێی بچوك بۆ خواردنەوە و پێداويستيیەکانى تر دەبەستن، بۆیە زۆر بە تووندی ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین لەسەر گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروان و زێی بچوک، ئەمەش وەك سزایەکە لەسەر خەڵک و جوتيارانى هەرێمی كوردستان. وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو2020/8/18
ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە (١٧٤) ١. کەرەنتین: (٨ هاوڵاتی نوێ لە کەرەنتین)٥٩ هاوڵاتی لە کەرەنتینن لە ٤ شوێنی جیاواز لە پارێزگای دهۆك ماونەتەوە. ٢. پشکنین: (٣٦٠٥ پشکنینی نوێ)(١٤٢٦ هەولێر)، (٥٤٣ سلێمانی، ١٣٤ گەرمیان، ٦٢٠ ڕاپەڕین)، (٨٢٢ دهۆك)، (٦٠ هەڵەبجە) ٣. تووشبوو: (٦١٨ تووشبووی نوێ)(٢١٤ هەولێر)(٩١ سلێمانی، ٢٥ گەرمیان، ٩٢ ڕاپەڕین)(١٥٣ دهۆك)(٤٣ هەڵەبجە)٤. چاکبوون: (٢٨٣ چاکبوون)(١٢٤ هەولێر)(٣٤ گەرمیان، ٣٦ ڕاپەڕین)(٢٣ هەڵەبجە)(٦٦ دهۆک) ٥. مردن: (٢٦ مردن)(١١ هەولێر)(٩ سلێمانی، ٤ گەرمیان، ٢ ڕاپەڕین)ئاماری گشتی:کەڕەنتین ٢١٧٢٦ هاوڵاتی (٢١٦٦٧ دەرچوو)پشکنین ٢٥٦١٥٦ (١٠٨٣٩٧ هەولێر، ٧٧٦٨٦ سلێمانی، ٦٧٦٤٣ دهۆك، ٢٤٣٠ هەڵەبجە)تووشبوون ٢٢٢٧٨ (٩١٧١ هەولێر، ١٠٣٠٨ سلێمانی، ٢٠٨٩ دهۆك، ٧١٠ هەڵەبجە)چاکبوون ١٢٨٠٧ (٤٥٧٠ هەولێر، ٦٧٩٣ سلێمانی، ٨٦١ دهۆك، ٥٨٣ هەڵەبجە)لەژێر چارەسەر ٨٦٦٨ (٤٣٣٦ هەولێر، ٣٠٠٧ سلێمانی، ١٢١٠ دهۆك، ١١٥ هەڵەبجە)مردن ٨٠٣ (٢٦٥ هەولێر، ٥٠٨ سلێمانی، ١٨ دهۆك ، ١٢ هەڵەبجە) وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جارێکی تر داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و دەستکێش، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢). وەزارەتی تەندروستیحکومەتی هەرێمی کوردستان١٨ی ئاب ٢٠٢٠
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە هەژماری فەڕمی خۆیەوە لە تویتەر ڕایانگەیاند کە ئێریک ئەبیدال لە ئەرکی بەڕێوبەری وەرزشی یانەکە دورخرایەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەی یانە ئیسپانیەکەدا ھاتووە کە بە ڕێکەوتنێکی دوو لایەنەی، ئەبیدال لە ئەرکەکەی دورخرایەوە. لە دوای دۆڕانە گەورەکەی بارسیلۆنا بەرامبەر یانەی بایرن میونخ ـی ئەڵمانی، ڕەخنەکانی سەر ئەبیدال زیادیان کرد کە لاوازی گرێبەستەکانی بارسیلۆنا وەک یەکێک لە هۆکارەکانی دۆڕانەکە سەیر دەکرا، ئەمە جگە لەوەی ئەبیدال لە سەرەتاکانی ئەمساڵ بە ئاشکرا ڕەخنەی لە یاریزانەکانی یانەکە گرت و لیۆنێل مێسیش بە توندی وەڵامی ئەبیدالی دابوویەوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە 24 کاتژمێردا 82 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە. بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە 24 کاتژمێری رابردوودا چوار هەزار و 576 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ھەروەھا نزیکەی دوو هەزار و 900 تووشبوو چاکبونەتەوە. کۆی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق گەیشتووەتە 184 هەزار و 709 کەس، لەو ژمارەیەشدا 131 هەزار و 840 کەس چاکبونەتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدانیش بەو ڤایرۆسە شەش هەزار و 36 کەس.