Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13726 بابەت
هەواڵ
22-09-2020

نوێنەری کوردستان بەشداریی لە کۆبوونەوەی یەکێتیی ئەوروپادا دەکات

 نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا بەشداریی لە کۆبوونەوەی فەرمی یەکێتیی ئەروروپا کرد کە تایبەت بوو بە سندووقی هاوکاری یەکێتی ئەوروپا تایبەت بە پەنابەرانی سووریا. د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی باڵکێش ناردووە رایگەیاند، ئەمرۆ سێشەممە 22.9.2020  وەکو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداربووین لە کۆبوونەوەی یەکێتی ئەوروپا کە لە لایەن ناوەندی قەیرانی یەکێتی ئەوروپا رێکخرابوو و تایبەت بوو بە پەنابەرانی سووریا لە وڵاتانی دراوسێ. دلاوەر ئاژگەیی وتی" لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی وڵاتانی دراوسێی سووریا، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، نوێنەری پەرلەمانی ئەوروپا و ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەشداربوون و لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەرێوەچوو، بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی ولاتانی ئەندام و کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپام کرد بۆ هاوکاریکردنی پەنابەرانی سووری لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانەوە داوای بەردەوامی پرۆگرامەکانی یەکێتی ئەوروپام کرد لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لەم بارودۆخە سەختەی کە بۆ هۆی قەیرانی کۆرۆنا و ئابووریی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان میوانداری ژمارەکی زۆر لە پەنابەر و ئاوارەی کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کۆبوونەوەدا وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بریاریاندا پرۆگرامی هاوکاریکردنی پەنابەرانی سووری لە وڵاتانی دراوسێی سووریا تاوەکو ساڵێکی دیکە درێژ بکەنەوە.

بیروڕا
22-09-2020

فەرماندەیەکی سەربازیی ساختە لە بەسڕە دەستگیر دەکرێت

میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کەسێک بە پلەی موقەدەمی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق پارەی لە هاوڵاتییان سەندووە. بەگوێرەی هەواڵی میدیایە عێراقییەکان، دوێنی دووشەممە 2020/9/21، کەسێک لە لایەن هێزێکی ئەمنی تایبەتەوە لە سەنتەری شاری بەسڕە دەستگیر کراوە کە بە پلەی سەربازیی پارەی لە خەڵک وەرگرتووە. لە پێشتریشدا دوو کەسی دیکە بە پلەی فەریقی سەربازی لە هێزی ئاسمانی عێراق و عەمید ڕوکن لە سوپای عێراق کە پلەکانیان بۆ وەرگتنی پارە لە خەڵک و مەرامی تایبەتی خۆیان بەکارهێناوە.

هەواڵ
22-09-2020

مەسرور بارزانی: هەرگیز ڕێگە بە سیاسەتی تەعریب نادەین

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە پەیامێکیدا، نیگه‌رانی خۆی له‌ دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌ربڕی، به‌ تایبه‌ت كه‌ به‌م دواییانه‌ هه‌ڵمه‌تی پرۆسه‌ی ته‌عریب له‌و ناوچانه‌ چڕكراوه‌ته‌وه‌، به‌دیاریكراویش له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك و ئه‌و سیاسه‌ته‌ له‌ دژی گه‌لی كورد له‌و ناوچانه‌ ئیدانه‌ ده‌كات، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و سیاسه‌ته‌ قبوڵ ناكه‌ین. ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووك، کە بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە کە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی رژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە. ئەوەی زیاتریش جێگەی نیگەرانی و سەرسوڕمانی ئێمەیە، ئەو کردەوانە لە عێراقێکی دیموکراتی ئەنجام دەدرێت، کە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دیاریکردنی چارەنووسیان دیاریکراوە. لەکاتێکدا کە بە تووندی ئیدانەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و بە تایبەت لە کەرکووك دەکەین، دووپاتیشی دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز ئەو جۆرە سیاسەتە قبوڵ ناکات، بە تایبەت گەڕاندنەوە و نیشتەجێکردنی خەڵکانێك کە دانیشتووی ڕەسەنی ئەو ناوچانە نین، ئەمە جیا لە داگیرکردنەوەی گوند و ناوچە کوردستانییەکان و دەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لەسەر خاکی خۆیان و داگیرکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و جارێکی دیکە بەخشینی بەو کەسانەی کە 35 ساڵ لەژێر سایەی ڕژێمی پێشوو، زەوییەکانیان داگیرکرد بوو. بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانەش ، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە سەردانی بەغدا بکات . داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکەین کە ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر، بە پێی ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی پێیدراوە، تا ڕێگری لە هەندێک لە ئیدارە خۆجێیەکان بکات، کە لە درێژەدان بەم جۆرە سیاسەتە بوەستن. هەروەک پێویستە بڕیاری دوورخستنەوەی هێزە سەربازییەکان بدات لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە سیاسەتە و بەکارهێنانیان لەم پرۆسەیەدا. دووپاتیش لە داواکارییەکانمان دەکەینەوە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور. هەروەها داواش لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکەین کە بەپەلە هەوڵی خۆی بدات بۆ ڕێگریکردن لەو پێشێلکارییە ترسناکانەی کە دەرهەق بە خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانە دەکرێت لە لایەن ئیدارە خۆجێیەکانەوە.  سەپاندنی ئەو جۆرە سیاسەت وڕەفتارانە، هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە دەکات کە پێچەوانەی خواستی ئێمەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایانەی نێوان هەموو پێکهاتەکان. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2020/9/22

هەواڵ
22-09-2020

دۆناڵد ترەمپ: دەبێ چین سزا بدرێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وتارێک لە کۆشکی سپی پێشکەش دەکات و رایگەیاند، دەبێ چین سزا بدرێ. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، چین سەرپێچییەکی زۆری لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەکات و بەرەنگاریی ئەو پێشێلکارییە دەبینەوە. لەبارەی وڵاتەکەشییەوە وتی:" ئەمریکا هەمیشە پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان بووە و هەمیشە پارێزەری دیموکراسیش بووە". وتیشی"ئێمە خاوەن بەهێزترین سوپاین و داعشمان بەو سوپایە لەناوبرد".

هەواڵ
22-09-2020

کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی دەفرۆشرێتە کۆمپانیایەک

ئەندام پەرلەمانێکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ" یه‌کێک له‌ کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانی داوای که‌مپی کۆنی زانکۆی سلێمانی کردووه‌ تاوەکو بیکات به‌ پڕۆژه‌یه‌کی که‌رتی تایبه‌ت". ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش ئاماژە بەوە دەکات، کە بەهیچ شێوەیەک لە هەوڵێکی لەو جۆرە بێدەنگ نابن. سەروەر عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووتری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی"به‌پێی زانیاریه‌ک یه‌کێک له‌ کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانی داوای که‌مپی کۆنی زانکۆی سلێمانی کردووه‌ تا بیکات به‌ پڕۆژه‌یه‌کی که‌رتی تایبه‌ت، هه‌ندێک له‌به‌رپرسانی زانکۆ و خوێندنی باڵا ڕه‌زامه‌ندیشیان له‌سه‌ر داوه‌و نوسراوی نهێنیشیان بۆ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕینه‌که‌ کردووه‌، ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی و نیشتیمانییه‌ ڕێگری لێبکرێت و وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه‌ وه‌ک موڵکی خوێندنی باڵاو زانکۆ به‌کاری بهێنێت نه‌ک بکرێت به‌ پڕۆژه‌ی که‌رتی تایبه‌ت، ئه‌رکی سه‌رشانی ئه‌شرافان و که‌سایه‌تیه‌کانی شار و ئه‌کادیمیانه‌ بڵێن ئیتر به‌سسه‌و ئه‌م جۆره‌ تاڵانی و بڕۆییه‌ ڕابگیرێت". هەر لەوبارەیەوە ڕەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی باڵکێشێ ڕاگەیاند، زانیاریمان هەیە کە کۆمپانیایەک دەیەوێ کەمپی کۆنی زانکۆی کۆنی سلێمانی بکڕێتەوە و بیکاتە زانکۆی ئەهلی، بەڵام ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگادا نییە و ئێمە ناتوانین لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکەین. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سبەی ئیدارەی زانکۆی سلێمانی راگەیەنراوێک لەوبارەوە بڵاودەکاتەوە. زانکۆی سلێمانی ساڵی 1968 دامەزراوە و ئێستا بووەتە دوو بەش، کەمپی کۆن و نوێ.

هەواڵ
22-09-2020

هاوپه‌یمانان جه‌خت له‌ به‌رده‌وامی ڕاهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئەمڕۆ سێشەممە، 22ی ئه‌یلوول، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی (جەنەراڵ کەڤن کۆپس)ی جێگری فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا كربووه‌وه‌. لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامیدان بە ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە کراوەته‌وه‌ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە كردووه‌: "کە تیرۆریستانی داعش تا ئێستاش لە چەند ناوچەیەکی عێراق  هەڕەشەیەکی بەردەوام و جدین بۆ سەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە و جەختی لە گرنگیی درێژەدان بە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردووه‌ته‌وه‌، لە پێناو نەهێشتنی مەترسی گرووپە تیرۆریستییەکان لەو ناوچانەدا."

هەواڵ
22-09-2020

تەقینەوەیەکی دیکە لە لوبنان ڕوویدا

عەمبارێکی چەک و تەقەمەنیی حیزبوڵڵا لە شارۆچکەی "عەین خانا"ی باشووری لوبنان تەقییەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان لە میدیای لوبنانەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە عەمبارێکی چەک و تەقەمەنیی سەر بە حیزبوڵڵا لە شارۆچکەی عەین خانای باشووری لوبنان تەقیوەتەوە بەهۆی "هەڵەی تەکنیکی".

هەواڵ
22-09-2020

ده‌وامی هاتووچۆی هه‌ولێر دوو كاتژمێر كه‌مكرایه‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: "سەرجەم شوفێران و هاووڵاتیان ئاگاداردەکەینەوە، کە لە یەک شەممەی داهاتوو، 27ی ئه‌یلووله‌وه‌، دەوامی بەشی مۆڵەتی هاتووچۆی هەولێر تاوه‌کو کاتژمێر 4ی ئێوارە دەبێت، لەجیاتی کاتژمێر 6ی ئێوارە." ئاماژەى بەوەشکرد: "هۆكاری کەمکردنەوەی دەوام گۆڕانی وەرز و کەمبوونەوەی ئەو لۆدەیە کە پێشتر له‌سه‌ر بەشی مۆلەت هەبووه‌‌‌." ئەم بڕیارەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر دوای ئەوە دێت، کە حکومەتى هەرێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: "دەوامی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تاوه‌كو كاتژمێر٣ی پاش نیوه‌ڕۆ ده‌بێت."

هەواڵ
22-09-2020

636 كه‌سی تر تووشی كۆرۆنا بوون و 17 كه‌سی تریش مردن

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 636 كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون و 463 كه‌س چاكبوونه‌ته‌وه‌ و 17 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. ئەمڕۆ سێ شەممە، 22ی ئه‌یلوول، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 636 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە، کە 110 كه‌سیان لە هەولێر، 353 لە دهۆک، 109 لە سلێمانی، 32 لە گەرمیان، 32 لە هەڵەبجە. ئاماژەی به‌وه‌شكرد، كه‌ 403 کەس چاکبوونەتەوە، كه‌ 186 لە هەولێر، 28 لە سلێمانی، 34 لە گەرمیان، 29 لە هەڵەبجە، 126 لە دهۆك. ئەوەشی خسته‌ڕوو، كه‌ 17 حاڵەتی گیان لەدەستداوه‌، کە 6 كه‌س لە سلێمانی، 2 لە هەولێر، 6 لە دهۆک، 2 لە گەرمیان، 1 كه‌سیش لە ڕاپەڕین بووه‌. بەپێی دوایین ئامارەکان، تائێستا 42 هەزار و 368 کەس لە هەرێمدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 27 هەزار و 324 کەسیان چاکبوونەتەوە و هەزار و 553 کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە.

هەواڵ
22-09-2020

لەسەر سکاڵای بەرهەم ساڵح ڕۆژنامەنووسێک دەستگیرکرا

لەسەر سکاڵای بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، ڕۆژنامەنووسێک لە سلێمانی دەستگیرکرا و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی بە کەفالەت ئازادی بکات. کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە رۆژنامەنووس بەهرۆز جەعفەر، لەسەر سکاڵای نوێنەرێکی سەرۆککۆماری عێراق و بە بڕیاری دادوەر لە سلێمانی دەستبەسەر کراوە. کاروان ئەنوەر دەڵێ"دەستگیرکردنەکە بە تۆمەتی ناوزڕاندنی سەرۆککۆمارە، ئێمەش پێمان وایە ئەو وشانەی بەهرۆز بەکاریهێناون دوورن لە دونیای رۆژنامەگەری". دەقی ئەو وتارەی کە بەهرۆز جەعفەر لەسەری دەدرێتە دادگا تا کەی سەرۆک کۆمار ڕۆنگ ساید لێ ئەخوڕێت!؟ ئێمە بە هەموو تێگەیشتن و توانامانەوە، لە میدیا، لەناو حیزبەکان، لە ئاژانسە جیهانیەکان، لە میتینگی ئۆفیسەکانی خۆمان، لۆبیمان بۆ بەرهەم ساڵەح ئەکرد تا بچێتە بەغدا!؟ بۆ ئەوەی هەڕەشەکان لەوەها سەردەمێکی ئاڵۆزدا لەسەر کوردستان کەم بکاتەوەو، دەرفەتەکان زۆرتر بکات. کەچی ئەو هەر گەیشتە بەغدا خۆی بو بە هەڕەشە و دەرفەتەکانیش کەمبونەوە!. (١) لەسەر ئاستی کەرکوک و هەرێمی کوردستان، نەک تا ئەوپەڕی «بەرهەم ساڵەح» بێدەنگ و بێ هەڵوێستی هەڵبژاردوە، بەڵکو ئەگەر لایەنێک یان دۆستێکی کورد ویستویانە هاریکاریی هەرێم و خەڵکی کوردستان بکەن، ئەوا سەرۆک کۆمار ڕێگربوە. زیندوترین نمونە لەمدواییە حکومەتی هەرێم داوای لە خاوەن کۆمپانیاو ملیاردێرەکانی کوردستان کرد، هاوکاری حکومەت بن، بەرهەم ساڵەح بە پێچەوانەوە هانی داون کە باج و هاوکاری بە حکومەت نەدەن، یەکێک لەو ملیاردێرانە کوردانەی هەرێم (ئە، ئی) ە کە ماوەیەکە لە بەغداو بەسرەو ئەنبار خەریکی لۆبی کردنە بۆ چەند پرۆژەیەکی گەورە، لە بەرئەوەی لە باج بەخشراوە، پارەی لەسەر حکومەتی هەرێم بوە، کەچی لەو کاتە سەخڵەتەدا ئەو سەرمایەدارە داوای قەرزەکانی لە حکومەتی هەرێم کردوەتەوە...نکۆڵی لەوە نییە هەرێمی کوردستان بەدەست حیزبەکانەوە بوەتە پەند و گەندەڵی هەیەو سیستەمێکی دارایی نییەو...تادوایی. بەڵام ئەوکاتەی بەرهەم ساڵەح سەرۆکی حکومەتی هەرێم بو، نرخی بەرمیلێک نەوت (١١٥) دۆلار بو، مام جەلالیش لە گۆرەپانەکەدا بو. شەڕی داعش نەبو، ملیۆن و نیوێک ئاوارە نەبو، بودجە بڕین و دەستهەقی کۆمپانیا نەوتیەکانیش لە ئارادا نەبو. پەتای کۆرۆنا نەبو، هێشتا (٦) ملیار دۆلاری شیرینی نەوتەکە لەسەردەمی حکومڕانیەکەی بەرهەم ساڵەح دا دیار نەما و ئێستاش کەس نەی پرسی بۆ کوێ چو!؟. ناوبراو هانی نزیکەکانی خۆی ئەدا بڵێن (٥٠٠) هەزار بندیوار هەیە لەهەرێم، لەکاتێکدا ڕوونە ئەو بندیوارانە قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی دای نەناون، بەڵکو بە پێی مەحزەری کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی (ی،ن،ک) دەرکەوتوە لەسەردەمی بەرهەم ساڵەح دا دانراون...بەرهەم ساڵەح دوو ساڵە سەرۆک کۆمارە، بۆ یەک جاریش فزەی لێوە نەهاتوە بەرانبەر داگیرکردنی (٣٥٠) هەزار دۆنم زەوی کوردەکان لە کەرکوک لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە. پارێزگاری بە زۆر داسەپێنراوی کەرکوک زیاتر لە (٤٥) بەڕێوەبەری کوردی لە شارەکە گۆڕیوە، لەکاتێکدا سەرۆک کۆمار کوردەو بتوانێت تەعریب و کوشتن و دەربەدەرکردنی کورد ڕابگرێت و نەیکات ئیتر بەکەڵکی چی دێت جگە لە خۆی!؟. بە پێی دەستوریش بێت پارێزەری دەستورە ئەم (چەکە) ی بۆ کەی هەڵگرتوە؟. ئەیەوێ بە دوو سێ تەلەفۆن بۆ بەرپرسی مەڵبەند لە شارەکە پاڵپشتی خۆی دووپات بکاتەوە بەرانبەر ڕووداوەکانی داقوق و کەرکوک...!. یان جەوهەری مەسەلەکە ئەوەیە لە ترسی عەرەبەکان لە هەموو شتێک بێدەنگە بۆ ئەوەی بۆ خولێکی تر وەک سەرۆک کۆمار هەڵی بژێرنەوە!؟. (٢) تەیموری ئەنفال، سەرجەم کەسوکارەکەی و زیاد لە (١٠٢) کەسی خانەوادەکەی زیندەبەچاڵکراون، تاقانەیەکە خۆی وتەنی خوا بۆ ئەوە هێشتویەتیەوە تا ڕاستی پڕ تراژیدیای ئەنفالەکان بۆ جیهان بگێڕتتەوەو هەر لەم دونیا ببێتە شایەت بەسەر تاوانبارانەوە. کەچی سەرۆک کۆمار کە هەموو جارێک پرسی ئەنفال بۆ دیکۆرو خۆڵکردنە چاوی خەڵک بەکارئەهێنێت، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە هەڕەشەی جۆراوجۆر لە «تەیموری ئەنفال» ئەکات. لەبەرئەوەی تاقانەیەکی بێ کەس داوای کردوە کەسابەت و بازرگانی بە کەللە سەری دایک و باوکیەوە نەکرێت لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوەو، جاشەکان «کە هاوڕێی سەرۆک کۆمارن» دووربخرێنەوە. لە چەندین شوێندا بەرهەم ساڵەح بە تەیموری وتوە «بێ حورمەت!». بەهەرحاڵ ئەمە سروشتی پیاوێکە کە خاوەنی تاکە هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نییە. (٣) سەرۆک کۆمار، لەبەرئەوەی خۆی لە شەقامی کوردی و عێراقی دا هەیبەتی نەماوەو دەیان کەیسی لەسەرە. موستەفا کازمی کردوە بە ڕووکاری پرۆژەکانی خۆی و، لە تاریکیدا لەمسەری دونیا بۆ ئەوسەری دونیا خەریکی کۆکردنەوەی پاڵپشتی دۆزینەوەیە بۆ کازمی!. هەر لەسەرەتاوە تەلەفۆنی بۆ سی ئێن ئێن کردوە کە بەرنامەی گرنگی لەسەر بکەن، تا ئێستا کە لە هەولێرو سولەیمانی خەریکی خەڵک و کەسایەتی و میدیا کڕینە بۆ ئەوەی دژی هەرێمی کوردستان بنوسن و پاڵپشتی کازمی بکەن!. ساڵونیوێک پێش ئێستا نیەت و پرۆژەی ئابڵوقەدانی کوردستان لە ڕێگەی لێ سەندنەوەی خاڵە سنورییەکان و کردنەوەی سنوری ووشکانی نوێ لە نێوان عێراق- تورکیام لە نوسیندا خستە ڕوو کە چەپکە گوڵ و ڕەیحانەی بەرهەم ساڵەحە!. (٤) لە هەرێمی کوردستان گەندەڵی هەیەو، خۆراکی بەسەرچوو دێتە ناوەوەو، داهات ڕوون نییە. بەڵام پشکی عێراق لە بودجە (٨٨٪) بوەو هی هەرێمی کوردستان (١٢٪)، کورتهێنان لە بودجەی عێراقی ساڵی (٢٠١٩) ەدا (٧٠) تریلیۆن و لە (٢٠٢٠) یشدا (٤٠) تریلیۆن ئەبێت. بۆچی تەنها لە (١٠) تریلیۆن دینار پشکی هەرێمدا کێشەتان هەیە!؟. هەر بەجدیی مەلا ماتۆڕ یان تەها محێدین مەعروف نەخێر تەحسین شاوەیسەکان زۆر لە ئێوە ساڵەح تر نەبون!؟. بابەتەکە پەیوەندی بەمانەوە نییە. بەڵکو پەیوەندیی بەوەوەیە کە سەرۆک کۆمار ئەیەوێ لە ڕێگە سوک و سەلیم نیشاندانی هەرێمی کوردستانەوە بڵێ هەموان وەک من بێ حورمەتن!. بەڵکە ئەوە ئێمەین پرۆژەیەکی چاکسازیی و دژە گەندەڵیمان لە کۆڵ ناوە. بۆ ئەمەش لەسەرێکەوە دەستی داوەتە تەرویج کردن بۆ کازمی، ڕۆژێک لە ڕێی پەرلەمانتارێکەوە داوا ئەکا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە بدرێت. ڕۆژێک کار بۆ ئەوە ئەکا چەک لە شانی پێشمەرگە بکاتەوە، ڕۆژێک دەستی داوەتە سایت و پەیج و خەڵکی پاتاڵ و سواو کڕین... (٥) خۆ- هەڵواسین بە کازمی دا دادی کەس نادات. ئەو ئیش و هەوڵانەی کازمی ئەم ماوەیە کردویەتی کۆنن. بۆ نمونە ئەم جرت و فرتەی لە نێوان عێراق و ئەردەندا هەیە، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی حكومه‌تی عێراق به‌ نیازە جێبه‌جێی بكات له‌ سه‌رده‌می حكومه‌تی پێشوودا بیری لێكراوه‌ته‌وه‌ و له‌ ساڵی 1979 له‌ به‌رنامه‌یاندا بوو لووله‌یه‌ك له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا رابكێشن كه‌ رۆژانه‌ 1 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت لێوه‌ی هه‌نارده‌ی سه‌ر ده‌ریای سوور بكرێت كه‌ ئوردون زۆر سوودمه‌ند ده‌بوو به‌ڵام به‌ هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ری عێراق ئێرانه‌وه‌ پرۆژه‌كه‌ په‌كیكه‌وت . لە ساڵی (٢٠٠٢) پەکی کەوت. لەساڵەکانی (٢٠٠٦) و (٢٠٠٨) و (٢٠١١) دا عێراق گرێبەستی لەگەڵ ئەردەن کردوە بۆ هەناردەکردنی نەوت بەتەنکەر و بە ڕاکێشانی بۆڕی. بەڵام هەموو ئەو جارانە دۆخی ئەمنی تێکچوەو پرۆژەکان لە نیوەدا لە ڕەگ و ڕیشەوە دەرهاتون. (٦) سەرۆک کۆمار کە حیزبی «هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری» فرۆشت و گەڕایەوە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، تەنانەت تەپڵەکێکی بۆ پاشماوەی حیزبەکە جێ نەهێشت، بگرە پەردەکانیشیان لەگەڵ خۆیان برد. کەچی ماوەیەکە دەستی داوەتەوە تەمویلکردن و پاڵپشتی دارایی حیزبە کۆنەکەی، لەهەمان کاتیشدا بۆ خۆی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.!. هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەی بە سود وەرگرتن لە یاسای نوێی هەڵبژاردن چەند کاندیدو وردە حیزب و میدیایەک بکڕێت و فێڵ لە چاوی دەنگدەرو خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان بکەنەوەو، دیسانەوە خۆ- فرۆشانە لە بەغدا سەربکەنەوە بەناو یەکدا!!. سەرۆک کۆمار پێویستی بە سێ و چوار کورسیەکە بە ڕێگەی قۆستنەوەی ناڕەزایی خەڵک و کاندیدی نا ڕاستەوخۆوە، چونکە لە بنەمادا ئەمانە بە کرێگیراوی دەرەکین زۆر منەت و پێویستیان بە دەنگی میللەتیش نییە.!. پێویستە «بەرهەم ساڵەح» بزانێت، کە هەموو ئەو داخ و ناخە پڕەی بەرانبەر کوردو کوردستان هەیەتی جگە لە خۆی کەسی دیکە ناسوتێنێت. ئەمسەر بۆ ئەو سەری چوار پارچەی کوردستان بگەڕێ، کۆڵان بە کۆڵانی کوردستان، تەنها یەک ووشە هەیە بۆ ئەو، ئەویش «بێ حورمەت!». تۆ ناتوانی لەگەڵ دەوروبەرەکەی خۆت ڕاستگۆ بیت چۆن بانگەشەی سیستەمی هەرێمایەتی هاوبەش ئەکەیت لە ناوچەکەدا!!. کورد وتویەتی گوێز بە ژمارە مایەکەی دیارە، ئەوە دوو ساڵە لە بەغدای، پێشوتریش هەشت ساڵ لە بەغدا بوی «مەلەفەکانت دیارن» چیت بۆ کورد و چەندت بۆ خۆت بردوە!. باسی جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) ناکەین ئایا بە هەموتانەوە لەو بەغدایە توانیوتانە کێشەی گەنمی جوتیارانی کورد چارەسەر بکەن!؟. (٧) سەرۆک، دوای چەند مانگێک لەوەی کە بوە سەرۆک کۆمار، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ شاری سولەیمانی، هەر لە فرۆکەخانەوە تا ناوشار بە پێچەوانەی یاساوە ڕۆنگ ساید ئۆتۆمبیلەکانی لێ خوڕیوە...ئەمە لە ڕووی دەروونناسیەوە هیچ مانایەک نادات جگە لەوەی لە ناخی کەسەکەدا کەموکورتی هەیە. ئەگەر ووردی بکەینەوە هەموو هەنگاوەکانی بەرهەم ساڵەح رۆنگ ساید بوە ئێمە نەمانزانیوە...تاکە ڕایت سایدی ئەو ئەوە بوو کە دوای جیابونەوەی لە یەکێتی خۆی دانی پیاناوە و ئەڵێت « بە ڕاستی عەیبە ئینسان ببێت بە بەشێک لە سەفقەیەکی گوماناوی و لەسەر حیسابی مووچەی خانەنشینی مامۆستایەک»!. زۆر بە ڕوونی دیارە، کە لە هەرێمی کوردستان ئاسایش و یاساو سیستەم نییە، چونکە ئەگەر هەبوایە ئەو دەزگایانە ڕۆژێک پێیان ئەگوتیت ئەمە کۆمەڵگای کوردستانەو لەمە زیاتر مافی تۆ نییە ئیش لەسەر بنکۆڵکردنی قەوارەی کوردیی بکەی لە پێناو بەرژەوەندیی خۆت و کورسیەکەی خۆت.!. بایی ئەوەندە کورد بە!. کە لە بەغدا بۆنی ئاشوب ئەکەی لانە ئارامەکەی مێرگەپانت بمێنێت!. ئەوەندە بۆ بەرژەوەندی خۆت کوردستان بەکار مەهێنە چونکە سوبحەینێ شەڕو تەقینەوە دەستی پێکرد لە بەغدا ڕائەکەیتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.!.عەیبە کارو پلانی سەرۆک کۆمار ئەوە بێت فەیسبوکی تەزویر دروست بکات بۆ ئەوەی خەریکی بەپاڵەوانکردنی مستەفا کازمی بێت!.

هەواڵ
22-09-2020

نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات له‌ئێستادا سه‌ردانیان نه‌ك...

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش نەخۆشخانەى شۆڕش له‌ شاری سلێمانی ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "بەهۆی زیادبوونى توشبووانی کۆرۆناوە، داواکارین لە هاوڵاتیان لەئێستادا بەمەبەستی ئه‌نجامدانی نەشتەرگەریی سارد، سەردانی نەخۆشخانەکانمان نەکەن." ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه،‌ 22 ی ئه‌یلولی 2020، نەخۆشخانەى شۆڕش لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگه‌یاندووه‌: "هاوڵاتیانى سلێمانى و دەوروبەرى ئاگاداردەکەینەوە، بەهۆى زۆربوونى نەخۆشانى کۆرۆناوە، داواکارین لەئێستادا سەردانی نەخۆشخانەکانمان نەکەن بەمەبەستی نەشتەرگەریی سارد، واتا ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییانه‌ی كه‌ ده‌تواندرێت كاتێكی دیكه‌ ئه‌نجامبدرێت." داواشیانكردووه‌، كه‌ هاوڵاتیان هاوکاریان بن بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین خزمەت بەو نەخۆشانە بکەن کە هەڵگرى په‌تای ڤایرۆسی کۆرۆنان. ئه‌م ئاگادارینامه‌یه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش له‌كاتێكدایه، كه‌‌ بەشێک لە هاوڵاتیانى شاری سلێمانى سەردانى نەخۆشخانەى شۆرش دەکەن بەمەبەستى ئەنجامدانى نەشتەرگەرى سارد.

هەواڵ
22-09-2020

ئه‌مریكا: پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان گرنگ و ستراتیژییه‌ لە ڕۆژهەڵاتی ناوە...

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ جه‌یمس جیفری، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش كۆبووه‌وه‌. ئەمڕۆ سێ شەممە، 22ی ئه‌یلوول، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگه‌ڵ شاندێکی ئەمریكی بە سەرۆکایەتی جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و هاوپەیمانێتی نێودەولەتی دژی داعش كۆبووه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەیمس جێفری، ڕۆڵ و هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە له‌یه‌ك نزیكکردنەوەی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەرز نرخاندووه‌ و جەختی لە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان کردووه‌ته‌وه‌ و وتوویه‌تی: "هەرێمی کوردستان بەهۆی هەمەڕەنگی و زیندوویتی و دۆستایەتییەکەی لە گەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، پێگەیەکی گرنگ و ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە." مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستانیش باسی ڕه‌وشی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و به‌غدای كردووه‌ و وتوویه‌تی: "پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتییانەی کیشەکان لە سەر بنەمای دەستوور." ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: "كه‌ بەردەوامبوونی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش گرنگه‌ و جه‌ختی لیكردووه‌ته‌وه‌." سەرۆکی حکومەت له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نیگەرانیی خۆشی بەرامبەر بەردەوامبوونی سیاسەتی تەعریب و دەستدرێژی و هەڵکوتانە سەر موڵک و زەوی دانیشتووانی کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربڕیوه‌.

1 2 ... 1027 1028 1029 ... 1143 1144