بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، یەکشەممەی داهاتوو 27ی ئەیلوول قوتابخانەکان دەکرێنەوە. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئاماژەی بەوەشکردووە: دەبێ سەرجەم رێکارەکانی خۆپارێزی لە کردنەوەی قوتابخانەکان پەیڕەو بکرێت و سەلامەتی قوتابیان پارێزاوبێت.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 23ی ئه‌یلوول، نرخی دراوه جیهانییه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه:100 دۆلار بە 123 ھەزار و 50 دیناره.100 یۆرۆ بە 143 هەزار دیناره.100 پاوەن بە 155 هەزار دیناره.100 ھەزار تمەن به 4 ھەزار و 700 دیناره.100 لیرەی تورکی بە 16 ھەزار و 400 دیناره.
ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی له‌باره‌ی ده‌نگۆی فرۆشتنی كه‌مپی كۆنی زانكۆكه‌وه ڕوونكردنه‌وه ده‌دات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "كه کەمپی کۆنی زانکۆ یەکێکە لە هێما دیار و مێژووییە پارێزراوەکانی پایتەختی ڕۆشنبیری." ڕاگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی له ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه: "لە چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا كه‌سانێك نابەرپرسانە و دوور لە پێوەرە یاسایی و ئەکادیمیەکان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، لەپێناو بەرژەوەندیی کەسی و تایبەتی خۆیان، دەستیان کردووە بە ھەڵمەتێکی چەواشه‌کارانە سەبارەت بە فرۆشتنی کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی، کەمپی ناو شار." ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كه‌ن: "كه کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی ئێستا لە چوارچێوەی 8 کۆلێژدا نزیکەی 10 ھەزار قوتابی و خوێندكاری لەخۆگرتووە و لە ھەوڵی کردنەوەی کلینیک و تاقیگەیەکی پزیشیکیی نوێشە لەناو کەمپەكه‌دا بۆ توێژینەوەی پزیشکی، کە ھەموو ئەمانە لەڕووی لۆژیکییەوە ئەو ھەواڵانە بەدرۆ دەخەنەوە." داوا لە داواکاری گشتی لە پارێزگای سلێمانیش ده‌كات ڕێکاریی یاسایی بە پێک‌ھێنانی لیژنەی لێکۆڵێنەوە به‌رامبه‌ر هه‌موو ئەو کەسانە بگرێته‌به‌ر كه لە ئەکاونتی کەسی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تۆمەتی بێ بنەما بڵاودەکەنەوە بۆ لەکەدارکردنی زانکۆی دایک و شاری سلێمانی و ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی بڵاوبکەنەوە." باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كه لە ڕۆژانی داھاتوودا دەستکراوە دەبن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر به ھەموو ئەو کەسانەی كه ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه بڵاوده‌كه‌نه‌وه."
بکوژی پیاوە ئایینیەکەی ئێزدییەکان لە قەزای شێخان له‌لایه‌ن پۆلیسی شێخانه‌وه ده‌ستگیركرا و له‌ئێستادا لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وامه. دوێنێ سێ شه‌ممه، 22ی ئه‌یلوول، كه‌سایه‌تییه‌كی ئاینی ئێزدییه‌كان له گردی موباره‌كی سه‌ر به كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌هه‌تی قه‌زای شێخان له‌لایه‌ن پۆلیسی شێخانه‌وه به كوژراوی دۆزرایه‌وه. ڕائید هێمن، وته‌بێژی پۆلیسی دهۆك به تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند: "دوێنێ دووشه‌ممه 22ی ئه‌یلوول، له گوندی مومباره‌كی سه‌ر به كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌هه‌تی قه‌زای شێخان، له‌لایه‌ن پۆلیسی شێخانه‌وه كه‌سێك به كوژراوی دۆزرایه‌وه و دوای كه‌متر له 12 كاتژمێر پۆلیسی شێخان توانییان بكوژی كه‌سه‌كه‌ش بدۆزنه‌وه و ده‌ستگیری بكه‌ن." وتیشی: "له‌ئێستادا بكوژه‌كه لای پۆلیسی شێخان ده‌ستبه‌سه‌ره و لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وامه سه‌باره‌ت به هۆكاری ڕووداوه‌كه." باڵكێش له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی قه‌زای شێخانه‌وه زانیویه‌تی، بكوژه‌كه ناوی (سه‌عید چیچۆ به‌ره‌كات) و دانیشتووی گوندی (كه‌ندال)ی سه‌ر به كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌هه‌تی قه‌زای شێخانه. دوێنێ كه‌سایه‌تییه‌كی ئێزدییه‌كان به‌ناوی (كۆچك میران برهان حه‌مۆ)ی ته‌مه‌ن 25 ساڵ له گردی مومباره‌كی سه‌ر به كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌هه‌تی قه‌زای شێخان له‌لایه‌ن پۆلیسی شێخانه‌وه به كوژراوی دۆزرایه‌وه و شه‌وی ڕابردووش بكوژه‌كه‌ی ده‌ستگیركرا.
ڕووبار ڕه‌شید کاکه‌یی دووه‌م به‌رهه‌می خۆی به‌ناوی (ناسنامه) تۆمارکرد که بە شێوەزاری ماچۆیی کاکه‌ییه‌کان وتوویەتی و به‌رهه‌مه‌که وه‌ک شانازیی بوونی کاکه‌ییه‌کان له کوردستان و عێراق به کوردبوونی خۆیانه‌وه تۆمارکراوه. رووبار کاکەیی بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی وت" له‌م به‌رهه‌مه‌دا به‌ڕوونی په‌یامی خۆم دا به گوێی ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌یانه‌وێت کاکه‌یی بلکێنن به‌نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌بی دیکەوە له عێراق و کوردستان". ئاماژە بەوەشدەکات، ڤیدیۆ کلیپی گۆرانییه‌که‌ی به‌شێکی له‌سه‌ر حسابی خۆمان و له‌گه‌ڵ بابیلۆن کاری بۆ کراوه له گوندی هاواری کاکه‌یی له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و کاکه‌ییه‌کانی ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه له کلیپه‌که‌یدا به‌شداریان تێدا کردووه. کاری ده‌رهێنانی له‌لایه‌ن ڕه‌نج حاجی بۆ کراوه و ئاوازی گۆرانییه‌که له‌لایه‌ن دوو هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی کاکه‌یی ئه‌حمه‌د هه‌یاس و ئیبراهیم فه‌تاحه‌وه بۆ کراوه و شیعره‌که‌ی لەلایه‌ن هۆنۆ کاکه‌ییه‌وه نووسراوه. رووبار رەشید کاکەیی دەڵێ" کاره هونه‌رییه‌کانی من سه‌رجه‌میان په‌یام ده‌بێت و به‌جلوبه‌ره‌گی کوردی ده‌رده‌که‌وم و ڕێچکه‌ی تایبه‌تی خۆم تێک ناده‌م بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماده، چونکه کاری من وه‌ک په‌یامه نه‌وه‌ک فرۆشتنی کاره هونه‌رییه‌کانم، ئه‌م ڕێگه‌یشم هه‌ڵبژاردووه چونکه ده‌زانم هونه‌ر کاریگه‌ریی خۆی هه‌یه، له‌م به‌رهه‌مه‌دا جگه له کاکه‌ییه‌کان وه‌ک خۆبه‌خش کاری میوزیکیان تێدا کردووه به ئامێری که‌مانچه کاروان محه‌مه‌د کاری تێدا کردووه و ئاراس ڕه‌فعه‌ت دابه‌شکردنی ده‌نگی بۆ کردووه و کاری فۆتۆگرافه‌ر له‌لایه‌ن ستۆدیۆی خه‌یاڵی شاری که‌رکووک که به‌شێوه‌یه‌کی خۆبه‌خشی کراوه. ڕووبار ڕه‌شید کاکه‌یی له دایکبووی ١٩٨٧ ه و یه‌که‌م به‌رهه‌می به‌ناوی هاواری کاکه‌یی به‌ر له دوومانگ لە ڕێگەی باڵکێشەوە بڵاوکردووه کە باسی ئەو کاره‌ساتانەی دەکرد کە بەسەر کاکه‌ییەکان هاتوون. https://www.facebook.com/balkesh.kurdish/videos/3299563900129243
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت: "بەشی تاقیگەكانی بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە پێویستی بە كارمەند هەیەو خوازیاران دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن." بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە بڵاویكردەوە: "ئەو كەسانەی دەرچووی كۆلێژی زانستن لە بەشی مایكرۆبایۆلۆجی و ئارەزومەندن لە تاقیگەی مۆلیكولەری هەڵەبجە كاربكەن بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، با پەیوەندی بكەن بە بەشی تاقیگەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجەوه." ئاماژەیان به‌وه‌شكردووه: "خوازیاران بۆ پێشكەشكرنی سیڤییەكانیان دەتوانن لە ۲3ی ئه‌یلوول بەدواوە بۆماوەی هەفتەیەك سەردانی بەشی تاقیگەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە بكەن."
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، 5 ملیۆن دۆلار دەداتە هەر کەسێک، ئەگەر زانیاری بدات لەسەر سەرکردەیەکی مافیای ماددەی هۆشبەر و چەک. ئەو سەرکردە مافیایە ناوی دیلڤەر فیلیگاس پاڵۆمینۆیە، بەتۆمەتی 'تیرۆر، ماددەی هۆشبەر و فرۆشتنی کۆکایین لەسەر ئاستی جیهان تۆمەتبارکراوە. رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بریتانی نووسیویەتی، فەرمانی دەستگیرکردنەکە لە دادگایەکی ناوچەی باشووری ویلایەتی تێکساس دەرچووە. زانیارییەکان دەریانخستووە پاڵۆمینۆ، تێوەگلاوە لە چالاکییەکانی بەقاچاخبردنی هۆشبەر لە ناوچەی کاتاتومبۆی کۆڵۆمبیا و ڤەنزوێلا. ئەو مافیایە، تەمەنی نزیکەی 40 ساڵە، سەرکردەیەکی دیاری رێکخراوی 'سوپای رزگاریخوازی نیشتمانی' کۆڵۆمبییە. ئەو سوپایە لەلایەن هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، کۆڵۆمبیا، کۆمەڵەی نیشتمانیی ڤێنزوێلا و کەنەداوە، خراوەتە لیستی ڕەشی تیرۆرەوە.
دانەر دیدار، گەنجێکی دانیشتووی شاری هەولێرە و لە دایکبووی ساڵی 1998ـە، بەهۆی قەلەوییەکەی توشی ئاستەنگ و ئاریشەی زۆر بووەتەوە لە ژیانیدا. دانەر دیدار، بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، لە ماوەی 13 مانگدا توانیویەتی 95 کیلۆگرام لە کێشی دابەزێنێت. لەم فیچەرەی باڵکێش زیاتر ببینن https://www.facebook.com/108429087388407/posts/185632249668090?sfns=mo
سعودیە بڕیاریدا گەشتی عەمرە دەستپێبکاتەوە. دوای ئەوەی لە مانگی ئاداری رابردوو بەهۆی کۆرۆناوە بڕیاردا گەشتی عەمرە ڕابگیرێت، رۆژی 4.10.2020 گەشتی عەمرە بۆ سعودیە دەستپێدەکاتەوە. لە قۆناغی یەکەمدا رێگە بە 6 هەزار عەمرەکار دەدرێت.
پیاوێکی ئێرانی بەهۆی جیاوازییەکی فیزیکی لە جەستەیدا ناوبانگی پەیداکردووە و خەریکە ناوبانگەکەی سنوورەکان ببەزێنێت. عەبدولفەزل سابیر، ناسراو بە پیاوە موگناتیسییەکە، لە هێزی موگناتیسی جەستەدا ڕیکۆردێکی نوێی تۆمارکرد، دوای ئەوەی لە پیاوە موگناتیسییە ئۆکرانییەکەی بردەوە و توانی 85 کەچکی ئاسن بە جەستەی هەڵبگرێت لەکاتێکدا پیاوە ئۆکرانییەکە تەنیا 53 کەوچکی هەڵگرتبوو. عەبدلفەزل دەڵێ"کە منداڵ بووم پێنج تومەنی ئاسنم بە پەنجەکانمەوە دەلکاند و لەسەر شەقام رامدەکرد" ئەو بە مێشکی کۆنترۆڵی ئەم وزەیەی کردووە، هەرکات ویستی شتێک بە جەستەیەوە بلکێت، لە رێگەی مێشکییەوە فەرمان دەکات، کە ویستی لێی ببێتەوە، هەر لە رێگەی مێشکیەوەیە دەبێت". پێش عەبدولفەزل، چەندین کەسی دیکە هەبوون کە ئەو تایبەتمەندییەیان هەبووە، بەڵام نەیانتوانیوە ئەوەندەی ئەو ئاسن بە جەستەیانەوە هەڵبواسن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتان نەبنە قوربانی ململانێی ئەمریکا و چین و وتیشی" تورکیا تیرۆر و بەکرێگیراوان رەوانەی لیبیا دەکات". ماکرۆن ڕایگەیاند، ملیارێک قوتابی بەهۆی کۆرۆناوە لە خوێندن دابڕاون و پێویستە وڵاتانی جیهان هاریکاری یەکتری بکەن لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، پێویستیشە جەنگی ئابووری وڵاتان کۆتایی پێبێت و کار بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکی هەژار بکرێت. ماکرۆن ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا تیرۆر و بەکرێگیراوان رەوانەی لیبیا دەکات و دەبێ مەبەستی خۆی لە لیبیا ڕوونبکاتەوە.
حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، لە شەڕی دژی داعشدا پشتیوانی کوردمان کردووە. ڕۆحانی لە وتارێکدا وەڵامی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و وتی"ئێمە شەڕی داعشمان کردووە، کەچی ئەمریکا شانازی پێوە دەکات و دەڵێ شەڕم کردووە". ڕۆحانی ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئێران پشتیوانی گەلانی جیهان بووە و خەڵکی ئێران شایانی گەمارۆدان نییە و ئەو گەمارۆیانەی ئەمریکا ناڕەوان و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە. سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوەشکردەوە کە وڵاتەکەی دەستی وەرنەداوەتەوە کاروباری هیچ وڵاتێکی دیکە و گەلی سووریای لە دەست گرووپەکان رزگارکردووە، ئەمریکاش بە ناردنی چەک دەیەوێ شەڕ زیاتر ببێت.