Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13726 بابەت
هەواڵ
23-09-2020

دلاوەر ئاژگەیی: ھەرێمی کوردستان پشتگیریی لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، وتارێکی پێشکەش بە لێژنەی پەیوەندیەکانی پەرلەمانی ئەوروپا و عێراق کرد. لە دانیشتنێکی فەرمی لێژنەی پەیوەندیەکانی پەرلەمانی ئەوروپاو عێراق و بە ئامادە بوونی بەرێوەبەری بەشی کەنداو و عێراق لە ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و نووسینگەی پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپادا، د. دلاوەر خالد ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی وتارێکی لە سەر دوایین پێشهاتو گۆرانکاریە گرینگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکەشی ئامادەبووان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە بە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەرێوە چوو، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بابەتێکی بۆ بەشداربووان خستە روو کە گرنگترینیان تایبەت بوو بە تیشک خستنەسەر پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپاو رەوتی دانوساندنەکانی نێوان هەردوو لا و مەترسی سیاسەتی بە عەرەبکردنی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم و پرسی ئەمن و ئاسایشی ئەو ناوچانە و مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش. جیالەمەش و لە تەوەرێکیدیکەدا پرۆسەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی تر خرانە بەر باسەوە. نوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند کە ئەم بابەتە تەنیا خۆی لە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمدا نابینێتەوە و حکومەتی هەرێم بروای وایە سەرجەم کێشەکان دەبێت لە رێگەی گفتوگۆو بە پێی دەستوری عێراق چارەسەر بکرێن و حکومەت و گەلی کوردستان وەکوو هاوبەشی راستەقینە مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت و پەیوەست بەمە ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کرد بە ناردنی شاند بۆ بەغدا و داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد لە پێناوی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەرەتی و رێکەوتن هاوکاری هەردوولا بکات و توانا دیپلۆماسیەکانی بخاتە گەڕ. لە تەوەرێکی تردا د. دلاوەر خالد ئاژگەیی بارودۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی کەرکوکی خستەبەرباس و گفتوگۆوەو ئاماژەی بە میکانیزمی بە سیستەم کراوو سیاسەتی پرلە مەترسی بە عەرەب کردنی ئەو ناوچانەی کرد و رایگەیاند کە حکومەتی هەرێم زۆر بە وردی چاودێری بارودۆخی ئەم ناوچانە دەکات و گۆرینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە قەبوول ناکات و ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دواجار سەقامگیری و ئاسایش و پێکەوەژیان دەخاتە مەترسیەوە و حکومەتی فدراڵی لێ ئاگادار کردۆتەوە و بریارە تایبەت بەم پرسە شاندێک رەوانەی بەغدا بکات. لە بەشێکی تری وتارەکەیدا نوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بە بارودۆخی ئەمنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم کرد و رایگەیاند کە گەرانەوەی هێزکانی پێشمەرگە و هەماهەنگی لە گەڵ سوپای عێراق لەو ناوچانە دەتوانێت بواری ئاسایش لەو ناوچانە باشتر بکات و ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لە گەڵ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی تیرۆردایە لە هەرێمی کوردستان تاکو شەری دژی داعەش بە یەکجاری کۆتایی دێت.هەر چی پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقەوە بوو ئاژگەیی رایگەیاند هەرێمی کوردستان پشتگیری لەو هەڵبژاردنانە دەکات، بەڵام گرنگە پێش هەڵبژاردنەکان هەموو لایەنەکان لە سەر سیستەم و یاسای نوێی هەڵبژاردن رێککەون و گرنگە یاسای نوێ یەکسانی رەچاوبکات و دەنگ و مافی خەلکی کوردستان نەخرێتە بەر پێشیل کردنەوە. بە هەمانشێوە گرنگە بارودۆخی کەرکوک و ناوچەکانی تر ئاسایی بکرێنەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاکو بێ گەرد و دیموکراتی بە چاودێری یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا بەرێوە بچێت. لەکۆتایی دانیشتنەکە د. دلاوەرخالد ئاژگەیی وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە سەبارە بە دۆخی ناوچەکە و ئەگەری پێشهاتە چاوەروانکراوەکانەوە. لە لای خۆیەوە سەرۆکی لێژنەی پەیوەندیەکانی پەرلەمانی ئەوروپاو عێراق، دەستخۆشی و سوپاسی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشکەش کردنی وتارەکە و ڕاگوورینەوەو ئەو بەرچاو روونیانەی لە میانی ڤیدیۆکۆنفرانسەکەدا خرانە روو.

هەواڵ
23-09-2020

واده‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین ڕاگه‌یه‌ندرا

واده‌ى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى ده‌وامى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین دیاریكرا و سه‌رۆكى زانكۆكه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "له‌ 70%ی بابەتەکان لەناو کەمپ و له 30%ی بەشێوەی ئەلیکتڕۆنییە." ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه،‌ 23ی ئه‌یلوول، د. جه‌وهه‌ر فه‌تاح، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ڕایگه‌یاندووه‌: "ئەمڕۆ ئەنجومەنی زانکۆی سەڵاحەدین، دوای کۆبونەوەمان بڕیارماندا، کە 4ی 10ی 2020، یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی خوێندنی ئەم ساڵە 2020-2021." ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: "كه‌ شێوەی خوێندن بەشێوەی ئاوێتەیە، له‌ ‌70%ی بابەتەکانیش لەناو کەمپ و له‌ 30%ی بەشێوەی ئەلیکتڕۆنییە."

هەواڵ
23-09-2020

هەرێمی کوردستان؛ تووشبوون بە کۆرۆنا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد

تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی نوێی تۆمارکرد و لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 955 کەس پشکنینیان ئەرێنی دەرچووە و 19تووشبووش مردوون. ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە (٢١٠) ١. پشکنین: (٥٤٢٨ پشکنینی نوێ)(١٥٣٣ هەولێر)، (٨٤٨ سلێمانی، ١٦٢ گەرمیان، ٦٧٣ ڕاپەڕین)، (٢١٤٦ دهۆك)، (٦٦ هەڵەبجە) ٢. تووشبوو: (٩٥٥ تووشبووی نوێ)(٢٤٠ هەولێر)(٩٨ سلێمانی، ٣٤ گەرمیان، ١٨٧ ڕاپەڕین)(٣٧٠ دهۆك)(٢٦ هەڵەبجە)٣. چاکبوون: (٣٧٤ چاکبوون)(٢٠٢ هەولێر)(٣٠ سلێمانی، ٢٩ گەرمیان، ٦٦ ڕاپەڕین)(٢٢ دهۆك)(٢٥ هەڵەبجە) ٤. مردن: (١٩ مردن)(٣ هەولێر)(٥ سلێمانی، ١ گەرمیان، ١ ڕاپەڕین)(٩ دهۆك)ئاماری گشتی:کەڕەنتین هاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو)پشکنین ٤٣٣٦٥١ (١٥٩٩١٢ هەولێر، ١٠٩٦٤٨ سلێمانی، ١٦٠١٠٦ دهۆك، ٣٩٨٥ هەڵەبجە)تووشبوون ٤٣٣٢٣ (١٦٠٨٩ هەولێر، ١٥٢٦١ سلێمانی، ١٠٤٩٤ دهۆك، ١٤٧٩ هەڵەبجە)چاکبوون ٢٧٦٩٨ (١٢٦٦١ هەولێر، ٩٧٩٥ سلێمانی، ٣٨٥٨ دهۆك، ١٣٨٤ هەڵەبجە)لەژێر چارەسەر ١٤٠٥٣ (٢٨٩٢ هەولێر، ٤٦٥٨ سلێمانی، ٦٤٣٧ دهۆك، ٦٦ هەڵەبجە)مردن ١٥٧٢ (٥٣٦ هەولێر، ٨٠٨ سلێمانی، ١٩٩ دهۆك ، ٢٩ هەڵەبجە) بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جارێکی تر داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و دەستکێش، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢). وەزارەتی تەندروستیحکومەتی هەرێمی کوردستان٢٣ی ئەیلول ٢٠٢٠

هەواڵ
23-09-2020

سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان داوای ئازادكردنی به‌هرۆز جه‌عفه‌ر ده‌كات

لیژنەی داكۆكی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان، لەبارەی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوسێكه‌وه‌، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و داوای دەستبەجێ ئازادكردنی دەكرێت. دوێنێ سێ شه‌ممه‌، 22ی ئه‌یلوول، له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆككۆماری عێراق، ڕۆژنامه‌نووس (به‌هرۆز جه‌عفه‌ر) لە بنكەی پۆلیسی ئەزمه‌ڕ لە شاری سلێمانی ده‌ستگیركرا و به‌ بڕیاری دادوه‌ر‌ بۆ ماوەی یەك هەفتە ڕاگیرا. لیژنەی داكۆكی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و داوای دەستبەجێ ئازاد كردنی دەكات و ده‌ڵێت: "ئێمە لە لیژنەی داكۆكی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، داوا دەكەین كە بەپێی یاسای ژمارە (۳٥) ڕۆژنامەنووسی هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی ناوبراداو بكرێت و دەستبەجێ ئازاد بكرێت. بەهۆی سكاڵای بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراقه‌وه‌، ڕۆژنامه‌نووس (بەهرۆز جەعفەر)، ئەندامی لقی كەركوكی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان، له‌سه‌ر نوسینی وتارێك كه‌ ناونیشانه‌كه‌ی "تا كەی سەرۆك كۆمار ڕۆنگ ساید لێ ئەخوڕێت!؟"ه‌، به‌ بڕیاری دادوه‌ر لە بنكەی پۆلیسی ئەزمه‌ڕ لە شاری سلێمانی ڕاگیراوە.

هەواڵ
23-09-2020

مسته‌فا كازمی حیزبێكی نوێی داده‌مه‌زرێنێت

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی ئه‌یلوول، ماڵپەری (معلومە)ی عێراق بڵاویكردووەتەوه‌: "كه‌ سەرۆك وەزیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی، دەستیكردووە بە دامەزراندنی حیزبێكی نوێ بۆ ئەوەی لە هەڵبژادنە پێشوه‌خته‌كه‌‌ی عێراق بەشداری بكات، كە بڕیاره‌ مانگی 6ی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت. ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: "كه‌ لەئێستادا مستەفا كازمی، سەرقاڵی دامەزراندنی حیزبێكی سیاسییە بە سەرۆكایەتی (رائد جوحی)، كه‌ یەكێكه‌ لە نزیكەكانی خۆی و بەرێوەبەری نوسینگەكەیه‌تی و لە هەمانكاتیشدا یەكێكه‌ لە دادوەرەكانی دادگایی كردنی سەدام حسێن."ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌: "كه‌ بۆ حیزبه‌ نوێیه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی، چەند ناوێك پێشنیار كراون، لەوانە: "پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی (التجمع الوطنی) و لەئێستاشدا لە چەند پارێزگایەكی عێراق جموجوڵەكانیان دەستپێكردووە، بەتایبەت لە شاری كەركوك." لەئێستادا بەشێك لە سەركردەی حیزبە سیاسییە شیعییەكانی عێراق ناڕازین له‌م هه‌نگاوه‌ی مسته‌فا كازمی، له‌وانه‌: نوری مالكی، هادی عامری، عەبادی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دیكەی عێراق، لە دەرەوەی عێراقیش ئێران ناڕازییه‌ و بە گومانەوە له‌ دامەزراندنی ئه‌م حیزبه‌ نوێیه‌ی كازمی ده‌ڕوانێت.

هەواڵ
23-09-2020

سبه‌ی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌ڕوێزخان ده‌كرێته‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش دوای وه‌ستانی هاتوچۆ بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك، له‌ سبه‌ی پێنج شه‌ممه‌، 24ی ئه‌یلووله‌وه‌، ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان ده‌كرێته‌وه‌ و هاتوچۆكردنیش زیاتر بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بێت كه‌ نه‌خۆشن، یان قوتابین له‌ وڵاتی ئێران. هه‌ڤاڵ ئیبراهیم، وته‌بێژی ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند: "له‌ سبه‌ی پێنج شه‌ممه‌، 24ی ئه‌یلووله‌وه‌، له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان ڕێگه‌پێدان به‌و قوتابی و نه‌خۆشانه‌ ده‌ده‌ین كه‌ پێویستیان‌ به‌وه‌یه‌ سه‌ردانی ئێران بكه‌ن." وتیشی: "جه‌لال شێخ نوری، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان، به‌مه‌به‌ستی ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیان و قوتابیان و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نه‌خۆشن و پێویستیان به‌وه‌یه‌ سه‌ردانی ئێران بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه‌ قسه‌ی كردووه‌ كه‌ پشكنین بۆ هاوڵاتیان ده‌كه‌ن و داوای لێكردوون نرخی پشكنینه‌كه‌یان له‌ 60 هه‌زار دیناره‌وه‌ كه‌م بكه‌نه‌وه‌ بۆ 25 هه‌زار دینار، به‌ڵام كۆمپانیاكه‌ تائێستا وه‌ڵامی داواكه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌ و پێده‌چێت نرخی پشكنینه‌كه‌یان كه‌م بكه‌نه‌وه‌ بۆ 40 هه‌زار دینار." ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ به‌هۆی كۆرۆناوه‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان داخراوه‌، چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ كرایه‌وه‌، به‌ڵام جارێكی تر به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داخرایه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه‌ له‌ سیسته‌می ڕێگه‌پێدانی ئه‌لیكترۆنی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا نه‌بوو.

هەواڵ
23-09-2020

بە گومانی بوونی بۆمب تاوەری ئیڤڵ چۆڵکرا

چۆڵکردنی تاوەرەکە بە بڕیاری پۆلیسی پاریس بووە و گومان دەکەن کەسێک بە بۆمبێکەوە چووبێتە ناو تاوەرەکە. بە وتەی پۆلیس: کەسێک هەڕەشەی خۆ تەقاندنەوەی کردووە لە نێو تاوەرەکەدا، بۆیە داوای چۆڵکردنیان کردووە.

هەواڵ
23-09-2020

هه‌فته‌ی داهاتوو موچه‌ دابه‌ش ده‌كرێت

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو به‌غدا 320 ملیاره‌كه‌ ده‌نێرێت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش، لیستی نوێی دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ڕاده‌گه‌یه‌نێت.د. جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لێبڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ئەو پارەیە دەبێت کە لەبەردەستی حکومەتدایە، ڕەنگە لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە زیاد و کەمی هەبێت." وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: "هیوامان بەوە هەیە کە بەرەو باشتر بڕوات و حکومەتیش چیتر ناچار نەبێت پەنا بۆ لێبڕینی مووچە ببات." ئێستا عێراق مانگانە 320 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، 42.6% ی مووچەی هەرێمی کوردستان دابین دەکات و بەشەکەی دیکەشی حکومەتی هەرێمی کورستان، 57.3%ی مووچەکە خۆی دابینی دەکات. به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، کۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە لێبڕینەوە، 706 ملیار و 187 ملیۆن و 320 هەزار دینارە. ئەگەر لێبڕین نه‌بێت پێویستی بە 895 ملیار دینارە.. مووچەی مانگەکانی شوبات و ئادار بە لێبڕینی 21% دابەشکران، تا ئێستا دیار نییه‌ مووچەی مانگه‌كانی داهاتوو چۆن ده‌بێت. هێڤیدار ئەحمەد، جێگری‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی‌ دارایی‌ و كاروباری‌ ئابووری‌ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووه‌: "هەفتەی داهاتوو حکومەت لیستی نوێی مووچە ڕادەگەیه‌نێت، ده‌شڵێت، حکومەت داهاتی ئامادەکردووە وعێراقیش 320 ملیاره‌كه‌ ده‌نێرێت.

هەواڵ
23-09-2020

گرێبەستی عەرەبە هاوردەکانی کەرکووک هەڵوەشێنرایەوە

وەزارەتی دادی عێراق گرێبەستی زەوی و زاری عەرەبە هاوردەکانی سنووری کەرکووکی هەڵوەشاندەوە. بە پێی نووسراوێکی وەزارەتی دادی عێراق کە ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئەیلوول دەرچووە، گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان لەسەر زەوی و زاری کورد لە سنووری کەرکووک هەڵوەشێندرایەوە و بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012جێبەجێکرا، واتە تەواوی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکووری سەردەمی سەدامی هەڵوەشاندەوە. بەپێی ئەو بڕیارە، زەوییەکانی سنووری سەرگەڕان و پەلکانە و ناوچەکانی دیکە، دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنی راستەقینەی خۆیان، بەرلەوەی حکومەتی بەعس دەست بە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە بکات.

هەواڵ
23-09-2020

له‌ سۆران دوو تۆمه‌تبار به‌ 10 كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌ستگیركران

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی قه‌زای سۆران ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر 10 كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ردا گرتووه‌ و دوو تۆمەتباریشیان ده‌ستگیركردووه‌." به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی قەزای سۆران له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاندووه‌: "كه‌ له‌ نزیك گوندی به‌رمیزه‌ی سنوری برادۆست، ده‌ستیان به‌سه‌ر 10 كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ردا گرتووه‌ و دوو تۆمه‌تباریشیان له‌ شوێنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیركردووه‌ و ڕاده‌ستی دادگا كراون." له‌ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا ئه‌مه‌ چه‌ندین جاره‌ هێزه‌كانی ئاسایش و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ندین كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ردا بگرن و چه‌ندین تۆمه‌تباریش ده‌ستگیربكه‌ن.

هەواڵ
23-09-2020

دەستەی دەستپاکی عێراق ده‌ستگیركردنی 85 كه‌سی ڕاگه‌یاند

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش فه‌رمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگەیاند: "لە ماوەی سێ مانگدا 85 به‌تۆمه‌تی تێوه‌گلان له‌ گه‌نده‌ڵی دەستگیرکردووە." ڕاشیگه‌یاندووه‌: "كه‌ لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تا کۆتایی مانگی تەمموز، جیا لە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە، بڕی 27 ملیار و 400 ملیۆن دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت." ئەوەشی خستووه‌ته‌ڕوو: "کە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە و گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ گەنجینەی دەوڵەت لە ئەنجامی 97 هەڵمەتدا بووە، کە لە بەغدا و پارێزگاکانی تری عێراق ئەنجامدراوه‌." ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن: "كه‌ لە میانی هەڵمەتەکانیاندا دەستیان بە سەر دەیان مامەڵەی ساختەی خانووبەرە و خانەنشینیشدا گرتووە."

هەواڵ
23-09-2020

كاكه‌ییه‌كانی خانه‌قین بۆ پاراستنی خۆیان چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش له‌دوای ساڵی (2003)وه‌، كاكه‌ییه‌كان له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قین، به‌رده‌وام له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانه‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج و خه‌ڵكیان لێ كوژراوه و زیان به‌ به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان گه‌یه‌ندراوه‌. خه‌لیل سه‌ید ئاغا، كه‌سایه‌تی دیاری كاكه‌ییه‌كان له‌ خانه‌قین به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند: "له دوای ساڵی (2003)وه،‌ كاكه‌ییه‌كان له‌ ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئامانجی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كان بوونه‌، به‌تایبه‌ت له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قینی پارێزگای دیاله‌." وتیشی: "به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ پاراستنی كاكه‌ییه‌كان و هێرشی داعش و گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانی تره‌وه‌، تائێستا 20 كه‌سمان ‌ كوژراون و سه‌دان دۆنم به‌رهه‌می كشتوكاڵیشمان سوتێنراوه‌." ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "كه‌ له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قین، 9 گوندی كاكه‌یی نشین هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆی مه‌ترسی داعش و گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانی تر و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری پێویست،‌ وه‌ك ئاوی خواردنه‌وه‌ و ئاوی پێویست بۆ كشتوكاڵ كردن، به‌شێكی كاكه‌ییه‌كانی دانیشتووی ئه‌و گوندانه‌ ڕوویان له‌ سه‌نته‌ری قه‌زاكانی كه‌لار و خانه‌قین كردووه‌ و گونده‌كانیان چۆڵكردووه‌." باسی له‌وه‌ش كرد: "‌سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌ندین هێزی جیاواز، كاكه‌ییه‌كان كراونه‌ته‌ ئامانج، بۆیه چه‌ندین جار داوای دروستكردنی هێزێكیان كردووه،‌ كه‌ پێكهاته‌كه‌ی له‌ خۆیان بێت بۆ پاراستنی سه‌ر و ماڵی كاكه‌ییه‌كانی سنوره‌كه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقیان كردووه‌ و به‌ڵێنیان پێداون‌، به‌ڵام تائێستا هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی به‌ڵێندا ماوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ كاكه‌ییه‌كان له‌ئێستادا خۆیان به‌ ناچاریی چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌ و شه‌وان پاسه‌وانی خۆیان ده‌كه‌ن له‌ ترسی داعش و گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانی تر." كاكه‌ییه‌كان له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قینی سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌، له‌ ڕه‌وشێكی خراپدان و به‌رده‌وام له‌لایه‌ن داعش و گروچه‌ چه‌كدارییه‌كانی تره‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج و خه‌ڵیكان لێ كوژراوه و سه‌دان دۆنم به‌رهه‌می كشتوكاڵییان سوتێنراوه‌، زۆرترینی ئه‌و ڕووداوانه‌ش له‌دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ڕوویانداوه‌. ‌

1 2 ... 1025 1026 1027 ... 1143 1144