كاروان كه‌لاری/ باڵكێش بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "هەموو ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە كه باس لە گۆڕینی نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵان لە حکومییەوە بۆ کەرتی تایبەت دەکەن." ته‌ندروستی هه‌ولێر له ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "پێشتر نه‌خۆشخانه‌كه فشاری زۆر لەسەر بووە و نەتوانراوە نەخۆشی دیکە وەربگیرێت بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، بۆیە خێرخوازێک هەوڵی گەورەکردنی نەخۆشخانەکەی داوە و بینایەکی دیکەی کردووەتەوە، بەڵام ئەو بینایەش سەربە نەخۆشخانەی ڕاپەڕینە و وەک جاران لە خزمەتی هاوڵاتیاندایه." سه‌باره‌ت به ناوی باڵەخانە نوێیەکەی ناو نەخۆشخانەکە ته‌ندروستی هه‌ولێر ده‌ڵێت: "ڕوونیدەکەینەوە، کە هەر کاتێك خێرخوازێك یان سەرمایەدارێك باڵەخانەی نەخۆشخانەیەك یان بنکەیەکی تەندروستی یان هەر بینایەک دروستبکات، لەسەر داوای ئەم بەڕێزانە هەر ناوێك کە لای ئەم بەڕێزانە داوابکرێت وەردەگیرێت و دادەنرێت بۆ بیناکە، بەڵام دانانی ئەم ناوە بەهیچ شێوەیەك بەو واتایە نییە کە ئەمە دەبێتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت."نەخۆشخانەی ڕاپەڕین، نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبەته بە منداڵان، لە ساڵی 2005 ەوە لە شاری هەولێر کراوەتەوە و تایبەتە بە چاودێریی نەخۆشییەکانی منداڵان.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش له‌سه‌ر ڕێگای كەلار- خانەقین ڕووداوێكی هاتووچۆ له جۆری پێكدادان ڕوویدا و بەهۆیەوە ته‌ندروستی یه‌كێك له شۆفێره‌كان ناجێگیره. مقه‌ده‌م عه‌بدولڕه‌حمان زه‌هاوی، به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی گه‌رمیان به باڵكێشی وت: "ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 25ی ئه‌یلوول، ڕووداوێكی هاتووچۆ له‌سه‌ر رێگای كه‌لار- خانه‌قین، لە نزیك گوندی سەوزبڵاخ لە نێوان سێ ئۆتۆمبێل لە جۆرەكانی (مسیپۆشی لانسەر و بارهەڵگرێك و پیكاب تویوتا)دا ڕوویداوە." وتیشی: "بەهۆی ڕووداوەكەوە شۆفێری ئۆتۆمبێله مسیبۆشی لانسەرەكە برینداربووه و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی قریاكه‌وتنی شه‌هید هه‌ژار كراوه له كه‌لار." ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "كه زیانێكی ماددی زۆر بەر هەسێ ئۆتۆمبێلەكە كەوتووەو له‌ئێستادا مەفرەزەكانی هاتووچۆگه‌یشتوونه‌ته شوێنی ڕووداوه‌كه و لێكۆڵینەوەیان لەباره‌ی هۆكار و چۆنیەتی ڕووداوەكە دەستپێكردووە. ئه‌مه له‌كاتێكدایه، كه دوێنێ پێنج شه‌ممه، ڕووداوێكی تری هاتووچۆ له جۆری وه‌رگه‌ڕان له‌سه‌ر ڕێگای كه‌لار- ڕزگاری ڕوویدا و به‌هۆیه‌وه 4 كه‌س بریندار بوون و دواتر به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كه ڕه‌وانه‌ی سلێمانی كرا و گیانی له‌ده‌ستدا.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ساڵیادی ڕیفراندۆمدا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه.مه‌سرور بارزانی له په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "به‌رز و پایه‌دار بێت یادی پڕ شکۆی ڕیفراندوم و هه‌ستی ئازادیخوازی گەلەکەمان لەم رۆژە پیرۆزە." سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت: "هیوادارم هەموو ئاوات و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و سەردەمیانە بێنە دی." سێ ساڵ پێش ئێستا و له 25ی ئه‌یلوولی 2017، خه‌ڵكی كوردستان به ڕابه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی ڕیفراندۆمیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌نجامدا، دواتر له‌لایه‌ن كۆمیسۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئه‌نجامه‌كان ڕاگه‌یه‌ندرا و به‌پێی ئه‌نجامه‌كان 92.7%ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان به (به‌ڵی) بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا بوو.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "واشنتۆن ئێگزامینەر"ی ئەمەریکی، تورکیا بەوە تۆمه‌تبار ده‌كات كه بۆتە هۆکاری ئەوەی هەردوو کۆمپانیای "هواوی" و "زید تی ئی" چینی سیخوڕی به‌سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه بكه‌ن له توركیا. وه‌زیری ده‌روه‌ی ئه‌مریكا، سه‌باره‌ت به فراوانبوونی کارکردنی کۆمپانیا چینییەکان له بواری تەلدار و بێتەل لە تورکیا ده‌ڵێت: "ئه‌وه سەرچاوەی نیگەرانی ئێمه‌یه و هەڕەشە لە ئاسایشی سیبرانی و پەیوەندییە سەربازییەکانی تورکیا و ئەمەریکا دەکات."وه‌زیری ده‌روه‌ی ئه‌مریكا هۆشداری ده‌داته توركیا و هاوپەیمانەکانی ناتۆ له‌باره‌ی هێنانی ئەو جۆرە کۆمپانیا سیخوڕییانه‌ی چین بۆ وڵاته‌كانیان و وتی: "ئه‌وه ئه‌مریكا ناچار دەکات هێزە سەربازییەکانی لەو ولاتانه بكشێنێته‌وه، لەجیاتی ئەوەی خۆی بخاتە بەرده‌م مەترسی سیخوڕیکردنی دەزگا هەواڵگرییەکانی چین."
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش دەزگای چاودێری بومەلەرزەزانی عێراق ڕایگەیاند: "کە ئەمڕۆ هەینی، کاتژمێر ٧:٢٠ خولەکی سەرلەبەیانی بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٣.١ پلەی رێختەر لە ناوچەی سەنگاوی سەر بە پارێزگای سلێمانی ڕوویداوە." به‌ڵام بەشێکی زۆر له هاوڵاتیانی سەنگاو ده‌ڵێن: "هەستیان بە بومەلەرزەکە نەکردووە." له‌م مانگه‌دا ئه‌مه دووه‌مجاره بومه‌له‌رزه له سنوری پارێزگای سلێمانی ڕووده‌دات، شه‌وی 23ی مانگیش جارێكی تر بومەلەرزەیەک بە پلەی ٣.٩ی رێختەر لە ناوەندی شاری سلێمانی و دەوروبەری ڕوویدا و هیچ زیانێکی لێ تۆمارنەکرا. بومەلەرزە ڕووداوێکی سروشتییە و بەهۆی جوڵانی پلێتەکانی ژێرزەوییەوە دروستدەبێت. لەسەر ئاستی جیهان چەند چرکەیەک جارێک بومەلەرزە روودەدات، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەمیان ئەوەندە بەهێزن کە هەستیان پێبکرێت.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش دەسەڵاتی فرۆكەوانی مەدەنی توركیا، دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند و بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، 25ی ئه‌یلوول، گەشتەكان دەستپێبكەنەوە. دوێنێ پێنج شەممە، 24ی ئه‌یلوول، دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی توركیا بڵاویكرده‌وە: "ڕۆژی هەینی، 25ی ئه‌یلوول، گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان عێراق و توركیا دەستپێدەكاتەوە و لە هەفتەیەكدا چوار گەشت ئەنجام دەدرێن." ئاماژەی بەوەشكرد: "كه ڕێگە بە كۆمپانیاكانی توركیا و عێراق دەدرێت گەشتەكانیان بۆ فڕۆكەخانەكانی عێراق و توركیا دەستپێبكەنەوە." پێشتر كۆرۆنا، گەشتە ئاسمانییەكانی عێراق و توركیای هه‌ڵپه‌سارد، دواتر گرژییەكانی نێوان عێراق و توركیا بەهۆی بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر سنورەكانی هەرێم جارێكی تر دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی دواخست.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری مانگی ڕابردووی نەوتی هەناردەكراوی كەركوك و داهاتەكەی بڵاوكردەوە.وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە، 24ی ئەیلول ڕایگەیاند: "بڕی نەوتی هەناردەكراوی كەركوك لە مانگی ڕابردوو كە لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەكراوە، 2 ملیۆن و 989 هەزار و 400 بەرمیل بووە."عاسم جیهاد، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕایگه‌یاند: "كە داهاتەكەی 132 ملیۆن و 983 هەزار و 280 دۆلار بووە." تۆڕی میدیایی باڵكێش بۆ به‌دواداچوون له‌باره‌ی خه‌رج كردنی بودجه‌ی پترۆ دۆلار بۆ كه‌ركوك، په‌یوه‌ندی به ئازاد جه‌باری، ئه‌ندامی لیستی برایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكه‌وه كرد، وتی: "له‌ئێستادا ئه‌نجوومه‌ن نه‌ماوه و ئێمه ئاگاداری ئه‌و بابه‌ته نین، به‌ڵام پێشتر له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه بودجه‌یه‌ك ته‌رخان ده‌كرا و توانرا به‌و بودجه‌یه ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی باش له شاره‌كه جێبه‌جێ بكرێت." باڵكێش به‌دواداچوونی زیاتری كرد و په‌یوه‌ندی به جوان حه‌سه‌نه‌وه كرد، كه ئه‌ندامێكی تری لیستی برایه‌تییه له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، وتی: "ئاگامان له هیچ نییه و نازانین ئه‌و پاره‌یه چه‌نده و چۆن و له چی دا خه‌رج ده‌كرێت، به‌ڵأم ده‌زانم دوو ساڵیش ده‌بێت هیچ بوودجه‌یه‌ك ته‌رخان نه‌كراوه بۆ كه‌ركوك."پێشتر نه‌وتی كه‌ركوك له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌نارده ده‌كرا، به‌پێی ڕێژه‌ی هه‌نارده‌كردنه‌كه بڕه پاره‌یه‌ك وه‌ك بوودجه‌ی پترۆ دۆلار ده‌درا به ئیداره‌ی كه‌ركوك و له پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و سێكته‌ره‌كانی دیكه‌دا خه‌رج ده‌كرا، به‌ڵام له دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه ئه‌و نه‌وته له‌لایه‌ن به‌غداوه هه‌نارده ده‌كرێت و تائێستا هیچ بڕه پاره‌یه‌ك له داهاته‌كه‌ی بۆ كه‌ركوك خه‌رج ناكرێت و دانیشتووانه‌كه‌ی به‌ده‌ست بێكاری و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌وه ده‌ناڵێنن.
قاوەخانە کلتووری و فەرهەنگی ”نازدار حەیران” کە کۆمەلێک نووسەر و ڕۆژنامەنووس بەڕێوەی دەبەن، ئەمڕۆ هەینی 2020/9/25، لە شاری هەولێر دەکرێتەوە. چالاکیەکانی ئەم ئێوارەیەی نازدار حەیران بریتی دەبن لە خوێندنەوەی وتاری بەڕێوبەری قاوەخانە و گوێگرتن لە چەند گۆرانییەک و خوێندنەوەی چەند پارچە شیعرێک، هەروەها ئاشناکردنی میوانان بە کارە هونەری و کلتووری و ئەدەبییەکانی نازدار حەیران. بەڵێن سابیر عومەر، یەکێک لە بەڕێوبەرەکانی قاوەخانە و ناوەندی فەرهەنگی نازدار حەیران بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر پێنجی ئێوارە قاوەخانە و ناوەندی فەرهەنگی نازدار حەیران دەکرێتەوە، کە ساڵڕۆژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە و لە 2017/9/25 کرا، تێیدا لە سەدا 92.7ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان به (به‌ڵێ) دا” بەڵێن سابیر عومەر وتیشی “دەمانەوێت و بڕیارمانداوە نازدار حەیران بکەینە سەکۆیەک و هەموو دەنگە ناڕەزاییەکان؛ شاعیر و پەیکەرساز و چیڕۆکنووس و ڕۆماننوسە پەراوێز خراوەکان کۆ بکەینەوە و پێ‌زانین و قەدری کارەکانیان بۆ بگەڕێنینەوە”.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش حەشدی شەعبی ڕایدەگەیەنێت: "هێزێكی سەربازیی فەڕمین و پابەندین بە گشت فەرمانەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان."دەستەی گشتی حەشدی شەعبی، پابەندبوونی خۆی بە فەرمانەكانی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق نیشاندا و ده‌ڵێت، پەیوەندییان بەو مووشەكانەوە نییە كە ئاڕاستەی كۆنشوڵخانه‌ی وڵاتان و ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی دەكرێن و دووریشە لە ململانێی سیاسی."ئاماژە بەوەش ده‌كات، كه هەوڵە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بۆ تێكەڵكردنی كارتەكانە لەپێناو شێواندنی ڕای گشتییە لەبارەی ڕۆڵی مێژوویی و شەرەفمەندانه‌ی حەشدی شەعبی لە پاراستنی خاك و شەرەفی عیراقییەكان.ئەوەشی خستووه‌ته‌ڕوو، كە هێزێكی سەربازیی فەڕمین و و پابەندن بەگشت فەرمانەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و كارەكانیشی لەچوارچێوەی یاسای تایبەت بە دامەزراوە ئەمنییەكان جێبەجێ دەكەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەكان، خشتەی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی تایبەت بە توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكردەوە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەكان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: "ڕۆژی 3-10-2020، تاقیكردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی و پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی تایبەت بە توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگاكانی هەرێم دەستپێدەكات.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش داواكاری گشتی توركیا، لە درێژەی لێكۆڵینەوه له ڕووداوەكانی ساڵی 2014ی توركیا، فەرمانی دەسگیركردنی بۆ 82 كەس دەركرد، به‌پێی هه‌واڵی میدیاكانی توركیا، پێنج بەرپرسی باڵای هەدەپە دەستبەسەركراون.داواكاری گشتی ئەنقەرە، لە درێژەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی ساڵی 2014، كە تیایدا لە نێوان 6 بۆ 8ی تشرینی یەكەم، چەند چالاكییەك بۆ پشتیوانی لە كۆبانێ ئەنجامدرا، بڕیاریدا بە دەستگیركردنی 82 داواكراو لە 7 پارێزگای توركیا، كە 5 لەوانە بەرپرسی باڵای كوردن لە باكوری كوردستان.میدیاكانی توركیا ئاشكرایان كردووه، كه تائێستا هەریەك لە (سری سورەیا ئۆندەر، ئامینە ئاینا، ئاڵتان تان، ئایلا ئاكات و ئایهان بیلگەن)، لەو بەرپرسە باڵایانەی كوردن، كە لەلایەن پۆلیسی توركیاوە دەستبەسەركراون.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش له ساڵیادی ڕیفراندۆمدا، سه‌رۆك بارزانی، له تویتێكدا له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له تویته‌ر ده‌ڵێت: "ئێمه ناچه‌مین" ئەمڕۆ هه‌ینی، 25ی ئەیلوول، 3 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمدا تێده‌په‌ڕێت، كه هاوڵاتیانی هه‌رێمی كورستان، به دانیشتووانی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له ڕۆژی 25ی ئه‌یلوولی 2017، تیایدا به‌شداربوون. دواتر كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند، كه 92.7ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان به (به‌ڵێ) بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دابوو. دوابه‌دوای ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه وڵاتانی دراوسێ هەڕەشەکانیان زیاتر کرد و كۆماری ئیسلامی ئێران دەروازە سنورییەکانی به ڕووی هه‌رێمی كوردستاندا داخست، له ڕۆژی 16 ئۆكتۆبه‌ریشدا سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی به پاڵپشتی هێزه‌كانی ئێران په‌لاماری كه‌ركوك و به‌شێكی زۆری ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانیان دا و داگیریان كرد، دواتر ده‌ستیان كرد به تاڵانكردن و سوتاندنی دوكان و خانووی هاوڵاتیانی كورد له‌و ناوچانه، به‌تایبه‌ت له قه‌زای خورماتووی سه‌ر به پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین. سه‌رۆك بارزانی، له‌و سه‌روبه‌نده‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بوو، سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ی باڵای ڕیفراندۆمیشی ده‌كرد، ته‌واوی ئه‌و شاندانه‌ی كه ده‌هاتنه هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌ودا كۆده‌بوونه‌وه و دوایین هه‌ڵوێست و بڕیاری سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردیان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه له‌و وه‌رده‌گرت.