كاروان كه‌لاری/ باڵكێش وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگه‌یاندووه: "لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 33 كه‌س به كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه." ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: "لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 4253 پشكنینی كۆرۆنا ئەنجامدراوە و له‌و ڕێژه‌یه‌ش 520 كه‌سیان توشی كۆرۆنا بوون." ئاماژەی بەوەشكردووه: "لە دوێنێوە 264 كه‌س چاكبوونەتەوە و 33 كەسیش گیانیان لەدەستداوە." به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، تائێستا 45 هەزار و 215 كەس له هه‌رێمی كوردستان توشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 28 هەزار و 938 كەس چاكبوونەتەوە و 1650 كه‌سیشیان گیانیان لەدەستداوە.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی تەواوکردنی گفتوگۆکان لە بارەی بازنەکانی هەڵبژاردنەوە کۆببێتەوە. بەپێی خشتەی کارەکانی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ شه‌ممه، 26ی ئه‌یلوول، کاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆ دانیشتنی ئاسایی ژمارە 9ی وەرزی یاسادانانی یەکەمی ساڵی دووەمی یاسادانان لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت. دانيشتنەكه تایبه‌ته به تەواوکردنی گفتوگۆکانی تایبەت بە بازنەکانی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردنەکان. 31ی تەموزی ئەمساڵ، کابينەی نوێی حکومەتی عێراق، وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختی دیاریکرد و ڕایگەیاند، "6 ی حوزه‌یرانی ساڵی 2021 هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجامده‌درێت." لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا بڕگەی فرەبازنەیی لە یاسای هەڵبژاردندا جێگیرکرابوو، بەڵام لەئێستادا بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان لە هەوڵی ئەوەدان یاساکە هەموار بکەنەوە و سەرلەنوێ یەک بازنەیی تێدا بچەسپێننەوە.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش نرخی زێڕ له بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 26ی ئه‌یلوول، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه: یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 276 ھەزار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 320 هه‌زار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 367 ھەزار دینارە.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش محه‌مه‌د حسێن ئال حه‌كیم، كه‌سایه‌تی دیاری ئاینی شیعه‌كان و گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئال حه‌كیم له عێراق له نه‌جه‌ف كۆچی دوایی كرد. میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكرده‌وه: "شه‌وی ڕابردوو، 25ی ئه‌یلوول، سه‌ید محه‌مه‌د حسێن حه‌كیم، كه‌سایه‌تی دیاری ئاینی شیعه‌كان له عێراق و گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئال حه‌كیم، به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه كۆچی دوایی كردووه.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له گه‌ره‌كی فه‌رمانبه‌رانی شاری هه‌ولێر هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر ماڵی كه‌سێك و ده‌ستڕێژێكی زۆری گوله‌ی لێده‌كه‌ن و ده‌یكوژن و دوو كه‌سی تریش بریندار ده‌كه‌ن و هه‌ڵدێن. محه‌مه‌د سه‌باح، ئامۆزای كوژراوه‌كه به تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت: "دره‌نگانی شه‌وی شه‌ممه، 26ی ئه‌یلوول، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر ماڵی ئامۆزایه‌كم به‌ناوی (بارزان حسێن) و ده‌ستڕێژێكی زۆری گوله‌یان لێكردووه و كوشتوویانه و دوو كه‌سی تریشیان بریندار كردووه و دواتر هه‌ڵاتوون." وتیشی: "پێشتر یه‌كێك له بكوژه‌كان چووه‌ته ماڵی ئامۆزاكه‌م و له‌ناو حه‌وشه‌یان ته‌قه‌ی له كۆتر كردووه و به‌وهۆیه‌وه ده‌مه‌قاڵێ له‌نێوان ئامۆزاكه‌م و بكوژه‌كه‌دا دروست بووه، دواتر بكوژه‌كه كه‌سوكاره‌كه‌ی كۆكردووه‌ته‌وه و به چه‌كه‌وه هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر ماڵی ئامۆزاكه‌م و كوشتوویانه و دوو كه‌سی تریشیان بریندار كردووه." ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "كه بكوژه‌كان زۆربوون و زیاتر له 100 گوله‌یان ناوه به ماڵی ئامۆزاكه‌مه‌وه و گوله‌یه‌كی زۆریش به‌ر ئامۆزاكه‌م كه‌وتووه و ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ستداوه و دواتر هه‌ڵاتوون و تائێستا ده‌ستگیرنه‌كراون." ڕوونیشیكرده‌وه: "كه له‌ئێستادا ته‌رمه‌كه‌ی گواستراوه‌ته‌وه بۆ پزیشكی دادوه‌ری هه‌ولێر و برینداره‌كانیش گواستراونه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه و هێزه‌كانی پۆلیسیش گه‌یشتوونه‌ته شوێنێ ڕووداوه‌كه و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌ی هۆكار و چۆنیه‌تی ڕووداوه‌كه ده‌ستپێكردووه."
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 25ی ئه‌یلوول، گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 23 ساڵ لە ئاوی زێی قەندیلی سەر بە ناحیەی باتاس خنکا و دواتر ته‌رمه‌كه‌ی له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانییه‌وه دۆزرایه‌وه. بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر ڕایگەیاندووه: "کاتژمێر 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 25ی ئه‌یلوول، ته‌رمی گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 23 ساڵ به‌ناوی "ش، ئ، ح"، لە ئاوی زێی قەندیل لە گوندی مەکرانی سەر بە ناحیەی باتاس دۆزراوه‌ته‌وه.
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك له نوسینێكدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "ڕیفراندۆم زەرورەتێکی نەتەوەیی بوو بە ئاڕاستەی نیشاندانی خواستی گەلی كورد بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی." نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك، له ساڵیادی ڕیفراندۆمی خه‌ڵكی كوردستان له نوسینێكدا بڵاویكرده‌وه: "ئەمڕۆ 3 ساڵ بەسەر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی خه‌ڵكی كوردستاندا تێده‌په‌ڕێت، كه زەرورەتێکی نەتەوەیی بوو بە ئاڕاستەی نیشاندانی خواستی گەلەکەمان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی." نەجمەدین کەریم له نوسینه‌كه‌یدا سوپاسگوزاریی خۆشی بۆ هەڵوێستی نیشتمانییانە و ئیراده‌ی بەرز و خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان ده‌ربڕیوه و ده‌ڵێت: "ڕیفراندۆم وەك فاکتەرێکی نەتەوەیی بۆ پرسی نەتەوەیی گەلەکەمان دەمێنێتەوە و دەکرێت هەنگاوەکانی داهاتوومانی لەسەر بنیادبنێن لە بەردەم جیهاندا." ئەمڕۆ هه‌ینی، 25ی ئه‌یلوول، 3 ساڵ بەسەر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا تێپه‌ری، كه له 25ی ئه‌یلوولی 2017، خه‌ڵكی كوردستان له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیاندا، كه ئه‌وكات نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك بوو، دواتر ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌كه له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ڕاگه‌یه‌ندرا و به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی كۆمیسیۆن له 92.7%ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان به (به‌ڵێ) بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دابوو.
وەزارەتی تەندروستی حكومه‌ت هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 706 كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون، 521 كه‌س چاکبوونەته‌وە و 25 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه." له ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدا هاتووه: "كه 25 كه‌س به‌هۆی كۆرۆناوه گیانیان له‌ده‌ستداوه به‌جۆڕێك، 11 لە سلێمانی، 6 لە دهۆک، 4 لە هەولێر، 4 لە ڕاپەڕین." بەپێی دوایین ئامارەکانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، تائێستا 44 هەزار و 695 کەس لە هەرێمی كوردستان توشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 28 هەزار و 674 کەسیان چاکبوونەتەوە و هەزار و 617 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیل بڵاویكردووه‌ته‌وه، كه لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕێکەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ هەریەکه لە سودان و عەممان ڕادەگەیەندرێت. ئەمڕۆ هەینی، 25ی ئه‌یلوول، "ڕۆژنامەی مەعاریف"ی ئیسرائیل بڵاویکردووه‌ته‌وه، کە ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ هەردوو وڵاتی سودان و عەممان لە چەند هەفتەی داهاتوو ڕادەگەیەندرێت. ئه‌م هه‌واڵه‌ی ڕۆژنامه‌كه له‌كاتێكدایه، كه وکێڵی کرافتی، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ٧٥هه‌مین کۆنگرەی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک ڕایگەیاند: "كه لەچوارچێوەی پەرەپێدانی پڕۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەم زوانە وڵاتێکی تری عەرەبی ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ دەکات." لەم مانگه‌دا، هه‌ریه‌ك له ئیمارات و بەحرەین، بە ئامادەبوونی ئەمریکا، ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل لە کۆشکی سپی واژۆ کرد و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران و فه‌ڵه‌ستین و حزبوڵڵای لوبنانی لێكه‌وته‌وه.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "بەشانازییەوە یادی 3 ساڵەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەنەوە، کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی کوردستان بوو بۆ مافی چارەنووس و کەسیش ناتوانێت ڕیفراندۆم هەڵوەشێنێتەوە، یان ڕەتیبکاتەوە." ده‌شڵێت: "ئەمڕۆ ئێمە بە شانازییەوە یادی 3 ساڵەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەینەوە، کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی کوردستان بوو بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس و شێوازی ژیان بەشێوەیەکی دیموکراسی و ئاشتی." ئەمڕۆ هه‌ینی، 25ی ئه‌یلوول، 3 ساڵ بەسەر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا تێده‌په‌ڕێت، كه له 25ی ئه‌یلوولی 2017، خه‌ڵكی كوردستان به ڕابه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی ئه‌نجامیاندا و دواتر ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ڕاگه‌یه‌ندرا و به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی كۆمیسیۆن له 92.7%ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان به (به‌ڵێ) بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دابوو.
سیلین پادێ، خەڵکی وڵاتی فەڕەنسایە و ماوەی یەک ساڵە لە هەریمی کوردستان مامۆستای زمانی فەڕەنسییە. پادێ حەز بە زمان و کلتوور و جلوبەرگی کوردی دەکات، بۆیە لەو ماوەیەدا خۆی فێری زمانی کوردی کردووە و لە بۆنەکاندا جلوبەرگی کوردی دەپۆشێت.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش شه‌وی ڕابردوو لە شاری سلێمانی به چه‌كی جۆری (ئاربیجی)، هێراشكرایه سه‌ر ناوه‌ندی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران. ئارام موده‌ڕیسی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی سكرتاریه‌تی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران به تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند: "درەنگانی شەوی ڕابردوو، ده‌وروبه‌ری كاتژمێر 12:38 خولەكی شه‌و، لەسەر ڕێگای قەراغ - سلێمانی، بە چه‌كی جۆری (ئاربیجی) هێرشكرایە سەر ناوەندی سەركردایەتیمان." وتیشی: "ئاربیجییەكە پێش ئه‌وه‌ی بگاته ئامانجه‌كه‌ی ته‌قییه‌وه و هیچ زیانێكی لێنه‌كه‌وته‌وه، تەنها هەندێك پوش و پاوان له‌و ناوه به‌هۆی ئاگری گوله ئاربیجییه‌كه‌وه ئاگری گرت، ئه‌ویشمان كۆنتڕۆڵكرد و نەمانهێشت تەشەنە بكات." سه‌باره‌ت به هۆكار و ناسنامه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ی كه هێرشه‌كه‌ی كردووه، وتی: "ئێمه هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیین و گومانمان له‌وه نییه كه ئه‌و هێرشه له‌لایه‌ن گروپه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه كراوه‌ته سه‌رمان، به‌ڵام بۆ دڵنیابوونی زیاتر له ناسنامه‌ی هێرشكاره‌كان، له‌ئێستادا كۆمیته‌ی ئه‌منیه‌تمان له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سلێمانی سه‌رقاڵی ئاشكراكردنی ناسنامه‌ی ئه‌و هێرشكارانه‌ن." ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "كه ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه و ساڵی ڕابردووش له‌ناو هێزه‌كانیان له چیای هه‌ڵگورد له باڵه‌كاتی كیشه‌یه‌ك له‌لایه‌ن سیخوڕێكی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه دروست كراوه و بووه‌ته هۆی كوژرانی پێشمه‌رگه‌یه‌كیان." ئاشكراشی كرد: "كه چه‌ندین جاری تر هه‌وڵی هێرشی له‌م شێوه‌یه له دژی خۆیان و باره‌گانیان دراوه، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی، هه‌ر زوو ئاگادار كراونه‌ته‌وه و پوچه‌ڵیان كردووه‌ته‌وه." له‌ماوه‌كانی ڕابردووش‌دا چه‌ندین جاری تر له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه هێرشی موشه‌كیی كراوه‌ته سه‌ر باره‌گای هێزه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و چه‌ندین به‌رپرس و كادیر و پێشمه‌رگه‌شیان تیرۆر كراوه.