Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
هەواڵ
13-07-2025

بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی...

ئەمڕۆ یەکشەممە 7/13 ، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت کرا سەبارەت بە دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم. لە کۆبوونەوەکەدا ، جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و لەمبارەیەوە کۆدەنگیی و هاوهەڵوێستیی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کە مافێکی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە کە بە داخەوە، کاریگەری زۆر خراپی کردووەتە سەر بژێویی و بارودۆخیی ژیانی مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و ئەم بابەتەش، کاری لە پێشینە و ئێستای حکومەتە و لەم پێناوەشدا ، لە کاری بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی.

هەواڵ
12-07-2025

ڕاگەیێندراوێک لە بارەگای بارزانی بۆ ڕای گشتی

لە ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی هاتووە، پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبوویەوە. بەڵام هەر ئەمڕۆ د.فواد حوسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی گەڕاوەتەوە کوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە كە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حكوومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بکرێت. باس لەوەشکراوە، هەر لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و ڕەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە، و هەمیشە بروامان بەوە هەبووە کە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەکتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین.

هەواڵ
12-07-2025

پەیامێک لە مەسرور بارزانیەوە

ئەمڕۆ شەممە، 12ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرەخۆشی لە ئەحمەد زاویتەیی بەڕێوەبەری گشتیی کەناڵی کوردستان24 کرد، بۆ کۆچی دوایی باوکی.سەرۆکی حکوومەت پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی پێگەیاند و هیوای خواست، خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبێت بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە بنەماڵەکەیان ببەخشێت.ئەحمەد زاویتەیی، بە ناوی بنەماڵەکەیەوە، سوپاس و پێزانینی بۆ پەیوەندیی و هاوخەمی سەرۆکی حکومەت دەربڕی.

هەواڵ
09-07-2025

پەیامێک لە ترەمپەوە بۆ سوودانی

دۆناڵد ترەمپ نامەیەکی لەبارەی پێناسی گومرگی بۆ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق نارد.  لە نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دا هاتووە، "لە یەکی ئابەوە 30٪ پێناسی گومرگی دەخەینە سەر بەرهەمەکانی عێراق."  رۆژی پێنجشەممە، سێی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لە رۆژی هەینییەوە بە نامە وڵاتان لە رێژەی پێناسە گومرگییەکان ئاگادار دەکاتەوە.   سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەوەی من دەمەوێت ئەوەیە نامەیەک بنێرین و پێیان بڵێین چ پێناسێکی گومرگی دەدەن. ئەمە زۆر ئاسانترە." گوتیشی: "دەست بە ناردنی چەند نامەیەک دەکەین، پێدەچێت لە سبەینێوە دەستپێبکەین." عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی دۆناڵد ترەمپ پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانیدا سەپاندووە.  لە نامەکەی ترەمپ دا هاتووە، ئەگەر کۆمپانیاکانی عێراق لە ئەمریکا بەرهەمەکانیان بەرهەمبهێنن، پێناسی گومرگییان لەسەر هەڵدەگرێت. 

هەواڵ
09-07-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی له‌ ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 7/9، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق کرد.له‌ دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکاری و بارودۆخی ئه‌منيى عێراق بەگشتی تاوتوێ کرا و جەخت لە پێویستیی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کرا.لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم.

هەواڵ
08-07-2025

دەقی هەردوو رەشنووسەکەی نێوان هەولێر و بەغدا

هەریەک لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجە دوو پرۆژە پێشنیاز و رەشنووسیان ئامادەکرد و خستە بەردەم یەکدی. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاری دا لیژنەک لە 5 وەزیر پێکبهێنێت بە مەبەستی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە، دوای ئەوە ئەنجوومەنەکە گفتوگۆی لەسەر دوو پێشنیازنامە کرد. یەکێک لەو پێشنیازانە لەلایەن لایەنە فیدراڵییەکان و ئەوی دیکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێش کرابوو. ئەمەش دەقی هەردوو پێشنیازەکەیە:  رەشنووسی رێککەوتن لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە  7/7/2025 یەکەم: رادەستکردنی نەوت ئەلف: قۆناخی یەکەم: 1 - رادەستکردنی نەوت: پێشنیازی یەکەم: (لە ئەگەری بەشداریکردنی کۆمپانیاکان) دەستبەجێ دەستبکرێت بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێندراو لە هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ  هەناردەکردن (لە کاتی رێککەوتن لەسەر چوارچێوەی کاری لایەنی راوێژکاریی تەکنیکی بەگوێرەی یاسای هەموارکردنی بودجەی فیدراڵی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان)، جگە لە بڕی بەکاربردنی نێوخۆیی (روونکردنەوە: بەرهەمی ئێستا 282 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا و 65 هەزار بەرمیلی لێ دەردەکرێت بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی، ئەوەش لە رێگەی لیژنەی هاوبەشی پێوانەکردن و پێوەرەکانەوە). پێشنیازی دووەم: (لە کاتی بەشدارینەکردنی کۆمپانیاکان) دەستبەجێ دەستبکرێت بە رادەستکردنی ئەو بڕە بەردەستەی کە تێکڕا بە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا مەزەندە دەکرێت لەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت، بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ هەناردەکردن (تاوەکو رێککەوتن دەکرێت لەسەر چوارچێوەی کاری لایەنی راوێژکاریی تەکنیکی بەگوێرەی یاسای هەموارکردنی بودجەی فیدراڵی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان). 2 - بەکاربردنی نێوخۆیی نەوت: بەکاربردنی نێوخۆیی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی هەرێمی کوردستانە (بەڕێوەبردن، دابەشکردن و پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ 65 هەزار بەرمیلی رۆژانە). دووەم: داهاتی نانەوتی 1. هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە رادەستکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی، بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی (50%)ی داهاتی گومرگ و باجی دەرامەت. 2.  پاکتاوکردنی دارایی لەنێوان پشکی گەنجینەی فیدراڵی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی فیدراڵی (لەتەرخانکراوەکانی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان) و دانەوەی پابەندییە داراییەکانی دیکە (کڕینی گازی سرووشتی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا) دەکرێت. سێیەم: خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان: پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەست بە خەرجکردنەوەی مووچەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی 2025 و مانگەکانی دواتر، تاوەکو پەسندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی داهاتوو و لەژێر رۆشنایی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی ژمارە (224/ و یەکخراوەکەی 269/ فیدراڵی/ 2023) کە بڕیاری داوە ناکۆکیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردسیتان لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی نابێت ببێتە هۆکاری سەرەکی بۆ خەرجنەکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی و پێویستیی بەدیهێنانی یەکسانیی کردەیی لەنێوان مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هاوتاکانیان لای حکومەتی فیدراڵی هێنایە ئاراوە، لە رووی بڕی مووچە و کاتەکانی وەرگرتنییەوە.

هەواڵ
08-07-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 7/8، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نووسەر و ڕەخنەگری ناسراو و سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی، حەمەسەعید حەسەن کرد. لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی ڕەوشی ڕۆشنبیری لە کوردستان و برەودان بە زمان و ئەدەبی کوردی و بە تایبەتی پشتیوانیکردنی کار و چالاکییەکانی ئەکادیمیای کوردی و ڕۆشنبیران و دامەزراوە کولتوورییەکان بە گشتی ئاڵوگۆڕ کرا. لەمبارەیەوە، سەرۆکی حکومەت، پاڵپشتی و هاریکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بزاڤی ڕۆشنبیری و هونەری لە کوردستاندا دووپات کردەوە.

هەواڵ
07-07-2025

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەبارەی رەشنووسەکە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەکات.  شاندەکە پێکهاتووە لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون. چوونی ئەو شاندە لەکاتێکدایە، بەغدا رەشنووسێکی بۆ رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەکردووە و چاوەڕوانی وەڵامی هەولێرە. بڕیارە ئەمڕۆ هەولێر وەڵامی بەغدا بداتەوە. دوێنێ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستاندنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، کە لەبەر هەستیاریی پرسەکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، رایگەیاند، رەشنووسی رێککەوتن لەبارەی رادەستکردن و هەناردەی نەوت لە قۆناخی کۆتاییدایە و گۆڕانکارییەکی سەرەکی کە تێیدا کراوە ئەوەیە، تەواوی نەوتی بەرهەمهێندراو رادەست دەکرێت لە بەرامبەر ئەوەی بەغدا پێویستیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان دابین بکات. بەگوێرەی زانیارییەکان، خەمڵاندنی سەرەتایی ئەوەیە، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە 50 بۆ 55 هەزار بەرمیل نەوتە بۆ ئەوەی بینێرێت بۆ پاڵاوگەکان و بەرهەمە نەوتییەکانی لێ بەرهەم بهێنرێت. یاسای بودجەی عێراق، مەرجی رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی دیاریکردووە بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی مانگانەی هەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام ئێستا بە بەغدا راگەیێندراوە کە توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمى کوردستان دەگاتە 280 هەزار بەرمیل. ئەو سەرچاوەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە بەگوێرەی رەشنووسی رێککەوتنەکە، لیژنەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دوو مەبەست؛ یەکەمیان، دیاریکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، دووەم، دیاریکردنی ئاستی پێویستیی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ بەرهەمە نەوتییەکانى وەک نەوتی سپی، بەنزین و گازوایل، بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت حکومەتی فیدراڵ دابینی بکات. بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ، 7ـی تەممووز، وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدرێتە بەغدا و پێیان دەگوترێت هەرێمی کوردستان رازییە بەو شێوازەی دانراوە بۆ رادەستکردنی نەوت یان نا. سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، قۆناخێکی دیکەی رێککەوتنەکە، پرس و راوێژکردنە بە هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعەکان لەبارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، ئەو ئەرکەی گرتووەتە ئەستۆ، تاوەکو دواتر بڕیار لەسەر ناردنی پێشینەیەکی پارەی مووچە بدرێت، کە ئەگەری هەیە بکەوێتە رۆژی سێشەممە یان رۆژانی دواتر، ئەگەر رێککەوتنەکە هیچ کێشەیەکی دیکەی بۆ دروست نەبێت. لە 25ـی ئاداری 2023وە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. هەمواری یاسای بودجە لە 17ـی شوباتەوە چووەتە بواری جێبەجێکردن، بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن. بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجە، کۆمپانیایەکی راوێژکاری، خەمڵاندن بۆ تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات. تاوەکو کۆمپانیاکە کارەکانی تەواو دەکات، بەغدا بەشێوەیەکی کاتی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەک تێچوو دەداتە کۆمپانیاکانی نەوت. بەرپرسێکی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: رۆژی 2ی تەممووز، بە فەرمی بۆچوون و پێشنیازی کۆمپانیاکان دراوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوانیش رادەستی بەغدایان کردووە، کە سێ داواکاری بووە. داواکارییەکان بریتین لە؛ یەکەم ئەو 16 دۆلارەى تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت کە دەدرێتە کۆمپانیاکان بۆ ماوەی 90 رۆژ بێت و دوای ئەو ماوەیە کۆمپانیا راوێژکارییەکە کارەکانی تەواو بێت. دووەم: دەستکاریی ناوەڕۆکی گرێبەستەکانیان نەکرێت و بڕی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان لەسەر بنەمای رێژە بێت کە لە گرێبەستەکانیاندا هاتووە، نەک پارەیەکى دیاریکراو. سێیەم: لەبارەی زیاتر لە 900 ملیۆن قەرزی کەڵەکەبووی کۆمپانیاکان، یەکێک لە دوو لایەنی هەولێر و بەغدا بەرپرسیارێتیی دانەوەی بگرێتە ئەستۆ.

هەواڵ
06-07-2025

نوێترین لێدوانی بەغدا لەبارەی مووچە

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە ئەم سێشەممەیە لەبارەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و مووچە وەڵامی حکومەتی کوردستان بداتەوە، بەڵام دیار نییە بە چ شێوازێک دەبێت، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت یان دوای کۆبوونەوە دەبێت.هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن و ناردنی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیش مژاری سەرەکی کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری کۆتایی بدرێت.لە هەرێمی کوردستانەوە بەردەوام تەلەفۆن و پەیوەندی هەیە لەگەڵ بەرپرسانی شیعەلە هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو لایەنە شیعانەی لە حکومەت بەشدارن، لەگەڵ بەرپرسانی شیعە قسە کراوە و زۆربەیان لەگەڵ چارەسەرن، ئەمەش ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی سوودانی بتوانێت بڕیار بدات.لەبارەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەرپرسێکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتی، بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ پشوو بوو تاوەکو ئێستا کارنامەی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە و سبەی دووشەممە کارنامە دادەنرێت.هەرێمی کوردستان ئەم هەفتەیە چاوەرێ دەکات، ئەگەر حکومەتی عێراق وەڵامی کۆتایی نەدایەوە و بڕیاری ناردنی مووچەی نەدا و هەر بیانووی گرت، ئەوا حکومەتی کوردستان بژاردەکانی خۆی دەخاتەڕوو.

هەواڵ
06-07-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات

* هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هيچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن و پێویستە لە زووترین کاتدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت. ەەئەمڕۆ یەکشەممە7/6، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، کە شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتار زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکيی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هيچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن، کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە.هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا ، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدرال بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، کێشەکە چارەسەر بکرێت. لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

هەواڵ
05-07-2025

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە دەكات

ڕۆژی شەممە 5ـی تەممووزی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد. لە سەرەتای دیدارەكەدا شاندی میوان بەناوی خەڵكی هەڵەبجە سوپاس و پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە هەوڵەكانی بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێشتر پێشكەش بە هەڵەبجە كراون. هەروەها سوپاسی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتی هەرێم و پەرلەمان و نوێنەرانی هەرێمی كوردستانیان لە بەغدا كرد كە پێكەوە هەوڵی جددییان دا بۆ سەرخستنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە. هاوکات داوایان كرد سەرۆك بارزانی بەردەوام بێت لە پاڵپشتییەكانی خۆی بۆ هەڵەبجە و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ دەڤەری هەڵەبجە لەڕێی دامەزراوەكانی هەرێم. لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە مێژوو و قوربانیدانی هەڵەبجە ڕایگەیاند، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەنیا بابەتێكی مەعنەوی و لەپێناو گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاترە و بە قوربانیدان و گەورەیی هەڵەبجە بەراورد ناكرێ. ئەوەشی خستەڕوو، كە بە شانازییەوە خۆی بە ئەندامێكی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە دەزانێ و ئەركی دامەزرامەكانی هەرێمیشە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتگوزاریی هەڵەبجە ئەنجامی بدەن. هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بەرچاوڕوونیی پێویستی خستەڕوو. 

هەواڵ
04-07-2025

ماوەی نوێکردنەوەی کارتی ئەلیکترۆنی خۆراک درێژکرایەوە

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاند، وادەی تۆمارکردنی کارتی ئەلیکترۆنی خۆراک تا سەرەتای مانگی هەشت درێژکرایەوە. ئەمڕۆ هەینی ٤ی تەمموزی ٢٠٢٥، نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم گوتی، پێشتر بڕیاردرابوو کە سبەی ٥ی تەمموز دوا وادەی نوێکردنەوەی کارتی ئەلیکترۆنی خۆراک بێت، بەڵام ئەمڕۆ بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوونی بەغدا، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی وادەکە. وتیشی، پرۆسەکە هەتاوەکو ١ی ئاب بەردەوام دەبێت تاکو سەرجەم هاوڵاتییان بتوانن فۆڕمەکە پربکەنەوە، لەدوای ئەو وادەیە کۆتایی دێت.  وەزارەتی بازرگانی عێراقیش بڵاویکردەوە، پێویستە هاوڵاتیيان پەلەبكەن لە نوێكردنەوەی فۆڕمی کارتی ئەلیكترۆنی بەشەخۆراک پێش كۆتاییهاتنی وادەی دیاریکراو، بۆ ئەوەی بە دووربن لە بڕینی بەشەخۆراكەكەیان. وتيشى، ئەم نوێکردنەوەیە وەک ئامادەکارییەکه بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی چالاکییەکانی پەیوەست بە پرۆسەکانی (جیاكردنەوە، گواستنەوە، لابردنی بلۆك و زیادکردنی تاکەکان). باسی لەوەشکردووە، زیاتر لە ٣٣ ملیۆن هاوڵاتی لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی کارتی بەشەخۆراکەوە فۆڕمەکانیان نوێکردووەتەوە.

1 2 ... 100 101 102 ... 1143 1144