Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
هەواڵ
25-07-2025

عێراق ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم وشکەساڵییەی کە بەرۆکی عێراقی گرتووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی بارانبارین و کەمیی بەردانەوەی ئاو لەو وڵاتانەی کە سەرچاوەکانی ئاوی عێراقیان تێدا هەڵدەقوڵێت." بەگوێرەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، "لە ساڵی 1933ـوە، ئەم ساڵ وشکترینە." وەزارەتەکە رایگەیاندووە، "ئاوی دیجلە و فورات بەراورد بە پار 27٪ دابەزیوە، ئەمە جگە لەوەی بەنداو و کۆگەکانی ئاو تەنیا 8٪ ئاویان تێدایە، کە بە بەراورد بە پار 57% کەمیکردووە." لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم کەمبوونەوەیە کاریگەریی زۆری لەسەر دەستەبەرکردنی ئاوی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و بەتایبەتی لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشوور هەبووە." وەزارەتەکە هۆشداریشی داوە لەوەی، "بەردەوامی کەمکردنی ئاو و نەبوونی هاوکاریی لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە سەرچاوەی ئاوەکانی عێراقن، قەیرانەکە گەورەتر دەکات و مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاو لە عێراق دروست دەکات".   سائیر جبووری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "زیادکردنی بەردانەوەی ئاو لە تورکیاوە تەنیا چەند رۆژێک بوو، بە پێچەوانەوە ئێستا رێژەی بەردانەوەی ئاو 5٪ لە ساڵانی پێشوو کەمتریش بووە." وتیشی، "لە بەشێکی زۆری رێڕەوەکانی دیجلە و فوراتدا، بەبێ مەلەکردن، دەتوانی هەر بە پێ لە رووبارەکەدا بپەڕیتەوە." وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان لە راگەیێندراوەکەیدا داوا دەکات، "سەرجەم هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، ئەوەش لە رێگەی پەیوەندی کردن بە وڵاتانی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بۆ زیادکردنی بەردانەوەی ئاو، هەروەها هاوکاری وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بکەن بۆ لادانی زێدەڕۆییەکان لەسەر رێڕەوە ئاوییەکان. عێراق ساڵانە و بەتایبەت لە وەرزی هاویندا رووبەڕووی کەمیی ئاو دەبێتەوە، چونکە زیاتر لە 70%ی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە دەرەوەی وڵاتەوەیە. رووباری دیجلە لە باکووری کوردستان هەڵدەقوڵێت و دواتر دێتە نێو باشووری کوردستان و عێراقەوە، دواجار دەڕژێتە نێو شەتولعەرەب.

هەواڵ
23-07-2025

ئەنجومەنی وەزیران لەسەر دوو بڕگەی گرینگ کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی تەمووزی 2025، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، كۆ دەبێتەوە و دوو بڕگە تاووتوێ دەكات.لە بڕگەی یەكەمدا پێشهاتەكانی ئەمدواییەی تایبەت بە جێبەجێكردنی دواڕێككەوتن و لەیەكترگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵیی پەسندكراو بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا سەبارەت بە دۆسیەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم و دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتی تاووتوێ دەكرێ.لە بڕگەی دووەمدا كۆنووسی كۆبوونەوەی تایبەت بە جێبەجێكردنی دەقی ڕێككەوتننامەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بە مەبەستی دانانی میكانیزمی ڕێكخستنی كارەكانی دەستەی پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆریی هەرێم تاووتوێ دەكرێ. فەرمانگەی میدیا و زانیاری

هەواڵ
21-07-2025

قەتەر ستایشی حکومەتی هەرێم دەکات لە هەبوونی پرۆژەی ئاو و کارەبای 24 کا...

ئەمڕۆ دووشەممە 7/21، مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە حسێن بن عەلی ئەلفەزالە كونسولی گشتیی قەتەڕ لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی.لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کرد و سوپاسی کونسوڵی گشتیی قەتەڕیشی کرد بۆ ئەو ماوەی کاری بۆ بەهێزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەڕ کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست. کونسوڵی گشتیی قەتەڕ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوكاری و پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی و خواستی دەوڵەتی قەتەڕیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە.کونسوڵی گشتیی قەتەڕ، هەروەها ستایشی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرد بە تایبەتی پرۆژەی ئاو و کارەبای 24 کاتژمێری.

هەواڵ
19-07-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکات

ئەمڕۆ شەممە 7/19، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤن ڤەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.لە کۆبوونەوەکەدا، کە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.باڵیۆز ڤەیگن، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانێکی بە هێز دووپات کردەوە. سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیریی بەردەوامیی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد.هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و لە نزیکترین کاتیشدا ، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەست پێ بکاتەوە .هەروەها دەبێت هێرشی تیرۆریستی و تێکدەرانەی درۆنەکان بۆ کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی وزەی هەرێم بوەستێت.لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبهێنرێت.

هەواڵ
18-07-2025

هۆشدارییەک لە ئەمریکاوە لەبارەی هێرشکردنە سەر گێلگە نەوتیەکانی هەرێم

جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا هۆشداریی بە عێراق دەدات و داوا دەکات ڕێگریی لە هێرشکردنەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەگەر نا ئەمریکا کاردانەوەی توندی دەبێت. جۆ ویڵسن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی "لێبوردە نابین بەرامبەر هێرشی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەوێ کاردەکەن". ئەو ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمریکا کە بە کەسایەتییەکی نزیک لە ترەمپ ناسراوە دەشڵێت "پێویست ناکات پارەی نەوتی عێراق لە یەدەگی فیدراڵیی مامەڵەی پێوە بکرێت، ئەگەر سودانی ڕێکاری پێویست نەگرێتە بەر، ئەوا ڕوبەڕوی سزای زۆر توند دەبێتەوە". مانگی ئایاری ساڵی 2003 ئەنجومەنی ئاسایش بە بڕیاری ژمارە 1483 بڕیاریدا، داهاتی نەوت و گازی عێراق لە هەژمارێکی تایبەت لە یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا لەژێر ناوی "سندوقی گەشەپێدانی عێراق" دابنرێت.

هەواڵ
17-07-2025

عەبدوڵا كوێخا موبارەك: جاشەکان شکستیان هێنا

عەبدوڵا کوێخا موبارەک رای دەگەیەنێت، ئەو جاشایەتییەی بە مەرامی لەناوبردنی قەوارەی كوردستان خرابووە گەڕ، شكستی پێ هێنرا دەشڵێت، شكستپێهێنانی ئەو پیلانگێڕییەی راگەیاند كە لە دژی هەرێمی كوردستان خرابووە گەڕ. باس لەوەش دەکات، دوو جار پیرۆز بێت لە خەڵکی کوردستان. جارێک، گەڕاندنەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ماف و مووچەی فەرمانبەران. جارێکی تر، شکست پێهێنان بەو پیلانگێڕییە دوژمنکارانە و جاشایەتیەی کە بە مەرامی لەناوبردنی قەوارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، خزێنرابووە ناو کێشەکانی هەولێر و بەغدا، بە سوود وەرگرتنی خراپ لەو کێشەیە و تووڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک.

هەواڵ
17-07-2025

کاتی ناردنی مووچە لە بەغداوە

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق رایدەگەیێنێت، لە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو پارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دێت.  سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەمموزی 2025، ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دا رەزامەندی درا لەسەر رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".  سەبارەت بە وادەی ناردنی مووچە، سەرچاوەکە گوتی:" لە رۆژی یەکشەممەوە پارەکە دێت". هەر لەوبارەوە، لە زاری سەرچاوەیەکی نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ڕایگەیاندرا "ئەمڕۆ ئەستەمە پارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان، ناردنی پارەکە رەنگە بکەوێتە هەفتەی داهاتوو."  لەبارەی پەسندکردنی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق: "دەستکارییەکی کەمی رەشنووسەکە کراوە، ئەمە بۆ دوو مانگ بەردەوام دەبێت. دواتر لیژنەیەک دێتە هەرێمی کوردستان و بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە." بەگوێرەی سەرچاوەکانی لە حکومەتی عێراق وەریگراوە، رەشنووسەکە لەلایەن سەرکردەکانی بەغدا و هەولێر رەزامەندی لەسەر دراوە. "کێشەی لە بەردەم دروست نابێت." بەگوێرەی رەشنووسەکە، هەرێمی کوردستان دەبێت مانگانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و 50 هەزاریشی بۆ نێوخۆ بەکاربهێنێت.  هەرێمی کوردستان دەبێت، 240 ملیاری دینار لە داهاتی نانەوتی بداتە عێراق، 120 ملیاری بۆ مانگی 5 و 120ـی دیکەی بۆ مانگی 6.

هەواڵ
17-07-2025

پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە

زۆر خەمبار بووم بە بیستنی کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە شارى کوت. پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازم . وەک هەمیشە دەرگای هەرێمی کوردستان بۆ هەموو لێقەوماوان کراوەیە و وەزارەتی تەندروستیی هەرێم و هەموو دامودەزگاکانمان ئامادەن بۆ چارەسەری برینداران و پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەکی پێویست. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2025/7/17

هەواڵ
16-07-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە وه‌زيرى به‌رگريى ئيستۆنيا دەکات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7/16، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ هانۆ پێڤكور، وه‌زيرى به‌رگريى ئيستۆنيا كرد.له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا، پەرەپێدانی په‌يوه‌ندیی دوولایەنە، به‌تايبه‌تى له‌ بواری ئه‌منى و به‌رگريدا تاووتوێ کرا. سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی ئيستۆنيای بۆ‌ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش کرد.وه‌زيرى به‌رگريى ئيستۆنيا، ئامادەيیی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هه‌رێمى كوردستان دووپات کردەوە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە هێرشی تێکدەرانەی سەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

هەواڵ
16-07-2025

ڕاگەیاندراوێک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بارەی مووچە

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمى شەرمەزار کرد، کە زیانێکی زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و ڕێکاری یاساییش بەرانبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتە بەر. پاشان ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی تەوەر و بابەتی کۆبوونەوەکە کرد، کە تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی بارودۆخی دارایيی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، وردەکاريی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە خستەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرانبەردا حکومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

هەواڵ
15-07-2025

پەیامێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە درۆنییەکان

رۆژی سێشەممە، 15ـی تەممووز، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەیان کردووە کە دەکرێنە سەر "ژێرخان و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوێنێ و ئه‌مڕۆ كێڵگه‌ى نه‌وت له‌ ناوچه‌كانى خوورمه‌ڵه‌ و سه‌رسنگ به‌ ئامانج گیراون. حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق پێويسته‌ هه‌موو ڕێكارێكى به‌په‌له‌ و پێويست بگرێته‌ به‌ر بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و هێرشانه‌ و دۆزينه‌وه‌ى هێرشبه‌ران و سزادانيان. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان. لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداریی دراوە کە "ئه‌و هێرشانه‌ سه‌قامگيرى و سه‌روه‌ريى وڵات و وه‌به‌رهێنانى ناوخۆيى و بيانى ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسييه‌وه‌." دەقی راگەیێندراوەکە: به‌ تووندى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشانه‌ ده‌كه‌ين كه‌ به‌ درۆن ده‌كرێنه‌ سه‌ر ژێرخان و ناوچه‌ جیاجياكان له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌و چوارچێوه‌يه‌دا دوێنێ و ئه‌مڕۆ كێڵگه‌ى نه‌وتييان له‌ ناوچه‌كانى خورمه‌ڵه‌ و سه‌رسنگ به‌ ئامانج گرتووه‌. حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق پێويسته‌ هه‌موو ڕێكارێكى به‌په‌له‌ و پێويست بگرێته‌ به‌ر بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و هێرشانه‌ و دۆزينه‌وه‌ى هێرشبه‌ران و سزادانيان. ئه‌و هێرشانه‌ سه‌قامگيرى و سه‌روه‌ريى وڵات و وه‌به‌رهێنانى ناوخۆيى و بيانى ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسييه‌وه‌. سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان

هەواڵ
14-07-2025

پارتی و یەکێتی بە یەک سیاسەت مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکەن

ئەندامێکی شاندی یەکێتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی زۆر باش بووه‌ و بڕیاریان داوه‌، به‌یه‌كه‌وه‌ و به‌ یه‌ك سیاسه‌ت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن. دووشه‌ممه‌، 14ـی ته‌ممووزی 2025، عیماد ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ئه‌ندامی شاندی ئه‌و حزبه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ل پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەیەکی زۆر باشیان كردووه‌ و لەسەر زۆربەی بابەتەکانی پەیوەست بە مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هاوڕا بوون. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریان داوە لەگەڵ پارتی بە یەک سیاسەت مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن و یەک بڕیار و یەک هەڵوێستیان هەبێت. عیماد ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بڕیاریان داوە ئەگەر شاندەکانی پارتی و یەکێتی بە جیاش سەردانی بەغدا بکەن، بەڵام هەردوولا یەک سیاسەت و یەک تێڕوانینیان هەبێت کە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانە. ئەو ئەندامەی شاندی یەکێتی جه‌ختیشی كرده‌وه‌، لە کۆبوونەوەکەدا زۆرترین کات بۆ باسکردنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ماف و شایستە داراییەکان تەرخان کراوە و قسەی لەسەر کراوە.

1 2 ... 99 100 101 ... 1143 1144