ئەمڕۆ پێنجشەممە 7/3، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە محەممەد ئەلحەسسان، نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق و سەرۆکی نێردەی (یوونامی UNAMI) کرد. لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە کرا. تەوەری سەرەکيی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵيی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان. لەم ڕووەوە، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە. لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7/2 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان , پێشوازی لە ئانو سارێلا باڵیۆزی فینلاند لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی . سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ هەوڵ و کارکردنی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست. باڵیۆزی فینلاند پێزانینی خۆی بۆ هاوئاهەنگیی و هاریکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشان دا. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا و جەخت لە گرنگیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووری هەرێم و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم کرایەوە .
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە ، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان هەر دوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە لە هەولێر و بەغدا، بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامدران، کە تایبەت بوون بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجکردنی مووچەکانی هەردوو مانگی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، کە هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە و هەرێم هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی هاوکاریان لە گەل حکومەتی فیدڕال پێشان داوە بۆ هەناردە کردنەوەی نەوت ئەویش لە پێناوی بڕینی هەموو ئەو پاسا و بیانووانەی کە بەغدا بەکاریهێناون بۆ نەناردنی مووچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان. کۆبوونەوەکە جەختی کردەوە کە ئێستا هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لەیەکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتووەتە ئاراوە، کە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هیچ بیانوویەک لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێت بۆ خەرجنەکردنی شایستە دارايیەکانی هەرێم، بە تایبەتیش کە هەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و ژمارەی وەزیفیی و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە و وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم و بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم و ناردنی ڕێژەی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم جێبەجێکراون و حكومەتی هەرێم، بەردەوامیشە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پابەندییانە، بۆیە بەغدا دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان بهێنێت کە مووچە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری مووچەخۆرانی هەرێمە و بە هەموو یاسا و ڕێسایەک، نابێت لەژێر هیچ پاساوێک ، لەم مافەی خۆیان بێبەش بکرێن. پاشان لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە خانەنشینیی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە چەندین ئامار و زانیاریی و ڕاسپاردە و پێشنیاری لەخۆ گرتبوو، بە مەبەستی پاراستنی مافی کرێکاران و کارمەندانی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی برەودان بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مافی خانەنشینی بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و چالاککردن و ڕێکخستنەوەی میکانیزمی وەرگرتنی ڕێژەی هاوبەشی خاوەنکارەکان لە دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، تا لە داهاتوودا، بخرێتەوە خزمەتی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کە شایستەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبن، بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە مووچەی خانەنشینی و شایستەکانی دیکە و ئەو ئاسانکاریی و خزمەتگوزارییانەی لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هاتوون. ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ، گفتۆگۆی لەبارەی پێشنیار و ڕاسپاردەکان كرد و بڕیاردرا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زياتريان بۆ بکات بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 6/30، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێڵ، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا کە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا. تەوەرێکی سەرەکيی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کرایەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.
لەبارەی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش نزیکبوونەوەی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە. ئەو شاندەی عێراق کە لە هەولێر بوون دوێنێ گەڕاونەتەوە، شاندێکی کوردستانیش ئەمڕۆ چووەتە بەغدا و کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان کردووە. ئاڤا زانیویەتی هەردوولا لەبارەی پرسی مەعاش و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە ڕێککەوتن نزیکن.لێدوانی تایبەت: بەرپرسێکی باڵای کورد لە بەغدا بە ئاڤای ڕاگەیاند، ئەو شاندە تەکنیکییەی حکومەتی عێراق کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی هەولێریان کرد، دوای چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئێوارەی دوێنێ هەینی گەڕاونەتەوە بەغدا. ئەمڕۆ شەممەش شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدای کردووە و کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان کردووە.بەگوێرەی زانیاریەکان، هەردوولا هەولێر و بەغدا لە ڕێککەوتن نزیکن، بەهۆی ئەرێنی بوونی گفتوگۆکان ئەمڕۆ شاندێکی کوردستان چووەتە بەغدا. لەم ڕۆژانە ههولێر و بهغدا بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی مووچە و هەناردەكردنهوهی نەوت دەدەن. لە کۆبوونەوەکاندا قسە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ڕازی بکرێن دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکەنەوە لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ.گفتوگۆش دەکرێت لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و زیادکردنی پشکی حکومەتی عێراق لە داهاتی ناوخۆی کوردستان، ئەمە یەکێک لە داواکارییەکانی بەغدایە.حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داوا دەکات، شایستە داراییەکانی بەتەواوی پێبدرێت، واتە جگە لە مووچە پشکی خۆی لە بودجە بەتەواوی پێبدرێت.بەپێی زانیارییەکان سبەی یەکشەممە پرسەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا زیاتر یەکلایی دەبنەوە.سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گوتی: ئەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ لە بەغدا کراوە لەبارەی نەوت بووە و نوێنەری ئەوانی تێدا نەبووە. واتا ئەو شاندەی ئەمڕۆ چووەتە بەغدا نوێنەری وەزارەتی دارایی لەگەڵ نەبووە.سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتیشی: ئەگەر هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت ڕێککەوتن، ئینجا گفتوگ لەسەر داهاتی ناوخۆ دەکرێت، بەغدا داوا دەکات مانگانە 50%ی داهاتی ناوخۆیان بۆ بنێرین، چونکە بەپێی ڕێککەوتنی پێشتر ئێمە تەنیا نیوەی داهاتی گومرگ و باجیان پێدەدەین.هاوکات، سەرچاوەکە لە وەزارەتی دارایی گوتی: ئەم هەفتەیە ناردنی مووچە یەکلایی دەبێتەوە کە هەردوولا ڕێککەوتن و بڕیاری کۆتایی درا، سەرەتا پارەی مووچەی مانگی پێنج دەنێرن، پارەی مووچەی مانگی شەش چەند ڕۆژێک دواتر دەنێردرێت، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ئەگەر هەولێر و بەغدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی هیچ مووچەیەک نافەوتێت.مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکۆر) ڕاگەیاند، "نوێنەرمان لە کۆبوونەوەکان بەشدارە و چاوەڕوانی ئەنجامی ڕێککەوتنەکە دەکەین. بڕیاریشە لەم ڕۆژانە شاندێکی باڵا و بڕیاربەدەستی حکومەتی عێراق سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت.
کەشناسی هەرێم دەڵێت، خۆڵبارینیکی کەم ئاسمانی ناوچەکە دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە، کەشناسی عێراقیش دەڵێت، پێشبینی دەکەن پلەکانی گەرما بگاتە سەروو ٥٠ پلەی سیلیزی و خۆڵبارین بەردەوام دەبێت. ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرماش بە بەرزی دەمێننەوە. سەبارەت بە کەشی سبەینێ دەشڵێت، خۆڵبارینیکی کەم دەستپێدەکات و پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.کەشناسی عێراقیش پێشبینی دەکات سەینێ پلەکانی گەرما بگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی و دەڵیت، رۆژانی داهاتوو تۆز و خۆڵ ناوچەکە دەگرێتەوە. هاوکات، بەرزترین پلەی گەرما لە سنووری گەرمیان دەبێت بە ٤٨ پلەی سیلیزی. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : ٤٤ پلەی سیلیزی سلێمانی : ٤٢ پلەی سیلیزی دهۆک : ٤٢ پلەی سیلیزی کەرکوک : ٤٦ پلەی سیلیزی زاخۆ : ٤٣ پلەی سیلیزی هەڵەبجە : ٤٣ پلەی سیلیزی سۆران : ٤١ پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : ٢٩ پلەی سیلیزی گەرمیان : ٤٧ پلەی سیلیزی
به بۆنهی هاتنی سهری ساڵی نوێی كۆچی ١٤٤٧، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دهكهم. نزاکارین لە خوای گەورە و میهرەبان، ساڵی نوێی کۆچی، ساڵی ئاشتی و ئارامی و کۆتاییهاتنی شەڕ و وێرانکاری و بێدادی و ستەمکاری بێت. ساڵی نوێی کۆچی لە موسڵمانان پیرۆز بێت و هەر لە شادی و بەختەوەریدا بن. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2025/6/26
*سەرۆک وەزیران: پێشوازی لە دەسپێشخەری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەین تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی شەڕ و پشتیوانی هەوڵەکانی دەکەین لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەسپێشخەری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی شەڕ و پشتیوانی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ، لە ڕاپۆرتێکدا، هەڵسەنگاندنێکی بۆ بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بە تایبەتی دوای ئەوەی بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و بە شێوەیەکی ناڕەوا ، وەزیری دارایی فیدراڵ ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڕی.وەزیری دارایی و ئابووری لە ڕاپۆرتەکەدا، بە وردیی و بە زانیاری و ژمارە خشتەی داهات و خەرجیییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی دارایی 2025 لە 2025/1/1 تاوەکوو 2025/6/20 خستەڕوو، لە خشتەی داهاتەکاندا، سەرچاوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستانی ڕوونکردەوە و لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی و ئابووری، داتا و ژمارەکانی خشتەی خەرجی مانگانەی مووچە و بەرکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی خستەڕوو و ئاماژەی دا بەوەی کە مانگانە، سەرجەم ئەم داتا و ژمارانە، لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراون و لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم، بە شێوەیەکی وەرزی، پێداچوونەوە و وردبینیان بۆ کراوە. لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەش، چەند پێشنیارێک خرانەڕوو بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاربردنی وەزارەتەکان ، بە ئاراستەی ئەوەی کاری لە پێشینە بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆران بێت کە پێشەنگی بایەخی حکومەتی هەرێمە. پاشان سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پێزانینی بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی مووچەخۆران و خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەربڕی، کە بە هۆی نەناردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە دۆخێکی دارایی سەختدان و ئەنجومەنی وەزیران تێگەیشتنی تەواوی بۆ بارودۆخی ناهەمواری هاووڵاتیيان هەیە کە بەهۆی ئەم ڕێکارە ناڕەوایانەوە، بەڵام دڵنیاییشیدا کە هەموو هەوڵێک دەدەین مافەکانیان نەفەوتێ و لە گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا، بگەینە چارەسەرێک بۆ کێشەی مووچە کە بە ڕێکارێکی نادەستووری، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا کە دژ بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیشە. سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ، بڕیارە شاندێکی حکومەتی فیدڕاڵ لەم ڕۆژانە سەردانی هەولێر بکات. لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردنی بەردەوام لە پێناوی دابینکردنی مووچە و شایسەتە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانەسروشتییەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بە ئاڕاستەی گەیشتن بە لەیەکترگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئەم بابەتە. ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەجێگەیاندووە و پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و وەک مافێکی شایستە بە مووچەخۆران بە دووری بگرێت لە هەر ناکۆکیەکانی نێوان هەردوولا، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە دەستپێشخەری سەردانی شاندی حکومەتی فیدڕاڵ دەکات بۆ هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی وئابووریش، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر گرنگی پێداچوونەوە بە داهات وخەرجییەکان بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخستنەوەیان بەجۆرێک، کە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، كاری لەپێشینەی سیاسەتی دارایی گشتیە لە هەرێم. هەروەها جەخت لە گرنگیی ڕێکخستنەوەی خەرجی بەکاربردن و نەسریەی وەزارەت و دامودەزگاکان و پێداچوونەوە بە بوارەکانی ئەم خەرجییانە کرا، بۆ ئەم مەبەستەش، لیژنەیەک ڕاسپێردرا کە بە هامەهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پێداچوونەوانە بە داهات و خەرجی بەکاربردنی وەزارەت و دامودەزگاکان بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6/25 , مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, پێشوازی لە عیرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا کە ئەندرۆ بیزلی کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێشخستنی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە ، بیروڕا لەبارەی پێویستیی و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ، بە تایبەتی دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا . هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە زووترین کاتدا، کە پێویستە چیتر دوا نەکەوێت. لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا ، دوایین ڕوداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا و جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا .
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا پێکوتەیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی ئەیدز پەسەند دەکات. دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، پێکوتەیەکی نوێی بە ناوی زانستیی لێناکاپاڤیر پەسند کرد، کە ساڵانە دووجار بەکاردێت بۆ ئەو کەسانەی مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی ئەیدز هەیە. دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، ئەم دەرمانە نوێیە هیوا و ئاسۆیەکی نوێ دەبەخشێت بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتای ئەیدز و ئامرازێکی کاریگەریی دیکە دەخاتە بەردەست ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت خۆیان بپارێزن. بەگوێرەی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، پێکوتەی لێناکاپاڤیر بەکارهێنانی ئاسانە و ساڵانە بە دوو ژەم وەردەگیرێت. ئەیدز بەمانە دەگوازرێتەوە؛ * خوێن * سپێرم * دووگیانی * پێداویستیی پزیشکی پیسبوو * شیری دایک
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشە تیرۆرستیەکەی سوریا کرد و ڕایگەیاند: بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە خۆکوژییە تیرۆریستییە دەکەم. ئەمەش دەقی پەیامەکە: بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە خۆکوژییە تیرۆریستییە دەکەم کە کرایە سەر کەنیسەی مار ئیلیاس لە دیمەشق.پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان دەکەم و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم و هاوسۆزی هەموو زیانلێکەوتووانم.پشتیوانیی بەهێزی خۆمان بۆ ئازادی بیروباوەڕ دووپات دەکەینەوە و بە هەموو شێوەیەکیش تیرۆر ڕەت دەکەینەوە و دژی دەوەستین.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6/22، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بریجیش کۆمار، کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەرێمی کوردستان کرد. سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی. کونسوڵی گشتیی هیندستان، خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی و تەندروستیدا. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، دۆخی ڕەوەندی هیندستانی لە هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا و لەمبارەیەوە کونسوڵی گشتیی هیندستان سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ ئاسانکاری و هاریکاريی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی.