کوردستان

ئاسایشی هەولێر قاچاخچییەکەی ڕووداوی خنکانی سێ منداڵەکەی سلێمانی دەستگیر کرد

03-11-2026
ئاسایشی هەولێر قاچاخچییەکەی ڕووداوی خنکانی سێ منداڵەکەی سلێمانی دەستگیر کرد
قەبارەی نووسین:
A A 21px

ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی ئەو قاچاخچییەی ڕاگەیاند، کە هۆکار بوو بۆ ژێرئاوکەوتنی بەلەمی خێزانێکی شاری سلێمانی و خنکانی سێ منداڵەکەیان لە ئاوەکانی نێوان تورکیا و یۆنان.

لە ناوەڕاستی مانگی 10ـی ئەمساڵدا، لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا بەلەمی خێزانێکی دانیشتووی شاری سلێمانی کە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا بەرەو یۆنان بەڕێ کەوتبوون، لە ئاوەکانی نێوان تورکیا و یۆنان نوقم بوو. بەهۆی ڕووداوەکەوە سێ منداڵی ئەو خێزانە خنکان و دایک و باوکەکەش بە سەلامەتی ڕزگاریان بوو. ئێستاش دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر ئەو کەسەیان دەستگیر کردووە کە قاچاخچیی ڕووداوەکە بووە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند: دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، توانیمان ناسنامەی قاچاخچییەکە بە ناوی (ر. ا. م) ئاشکرا بکەین؛ بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.

ئەو سێ منداڵەی لەم کارەساتەدا گیانیان لەدەست دا، ناوەکانیان (هەستیار، هەریاد و میلا)ـیە. تۆمەتبارەکە دوای ئەوەی ویستوویەتی بە نهێنی بگەڕێتەوە ناو هەرێمی کوردستان، کەوتووەتە چنگی هێزە ئەمنییەکان و ئێستا بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان ڕووبەڕووی دادگا کراوەتەوە.