کوردستان

سیستەمێکی کامێرا بۆ سزادانی بەکارهێنەرانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریدا دادەندرێت

03-11-2026
سیستەمێکی کامێرا بۆ سزادانی بەکارهێنەرانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریدا دادەندرێت
قەبارەی نووسین:
A A 21px

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان سیستەمێکی نوێ بۆ سزادانی ئەو شۆفێرانە جێبەجێ دەکات کە لە کاتی لێخوڕیندا مۆبایل بەکار دەهێنن، بەپێی ئامارەکانیش زۆرترین هۆکاری ڕووداوەکان بۆ ئەم سەرپێچییە دەگەڕێتەوە.

سەرقاڵبوون بە مۆبایل لە کاتی شۆفێریدا بووەتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و گیانلەدەستدان لە هەرێمی کوردستان. بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ سەرقاڵی دانانی سیستەمێکی نوێیە کە لە ڕێگەی کامێراکانی سەر شەقامەوە، وێنەی ئەو شۆفێرانە دەگرێت کە مۆبایل بەکار دەهێنن و ڕاستەوخۆ سزای داراییان بەسەردا دەسەپێنێت، تەنانەت ئەگەر خێراییی ئۆتۆمبێلەکانیشیان کەم بێت.

لەم بارەیەوە عەمید سۆران سادق، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەر ئەفسەر یان کارمەندێکی هاتووچۆ ببینێت کە شۆفێر سەرقاڵی مۆبایلە، ڕاستەوخۆ بە 40 هەزار دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت.

هەروەها گوتیشی: ئێستا بەوردی کار لەسەر سیستەمە نوێیەکە دەکرێت و مەبەست لێی تەنیا پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و شۆفێرانە.

ئامارەکانی هاتووچۆ مەترسیی ئەم دیاردەیە پشتڕاست دەکەنەوە؛ لە ساڵی 2025ـدا سێ هەزار و 611 ڕووداوی هاتووچۆ تۆمار کراون، کە 54٪ـیان (هەزار و 974 حاڵەت) بەهۆی کەمتەرخەمی و زۆربەیان بەهۆی بەکارهێنانی مۆبایلەوە بوون، کە بەهۆیەوە 776 کەس گیانیان لەدەست داوە و نۆ هەزار و 334 کەسی دیکەش بریندار بوون.

لەمساڵیشدا تاوەکو یەکی مانگی هەشت، هەزار و 931 ڕووداو ڕوویان داوە و 55٪ـیان (هەزار و 71 حاڵەت) هەر بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بوون، کە تێیدا 208 کەس گیانیان لەدەست داوە و چوار هەزار و 606 کەسی دیکەش بریندار بوون.