کوردستان

پارەی گەنمی ساڵی 2016ـی جووتیارانی هەولێر دابەش دەکرێت

03-11-2026
پارەی گەنمی ساڵی 2016ـی جووتیارانی هەولێر دابەش دەکرێت
قەبارەی نووسین:
A A 21px

سایلۆی هەولێر دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی ساڵی 2016ـی جووتیارانی ڕاگەیاند، کە لە ڕێگەی بانکی (TBI)ـیەوە پارەکانیان پێ دەدرێت.

پرۆسەی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵانی ڕابردوو بەردەوامە؛ ئەمڕۆ سێشەممە، سایلۆی هەولێر دەست دەکات بە دابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی ساڵی 2016، کە ماوەیەکی زۆرە جووتیاران چاوەڕێی وەرگرتنی دەکەن. پرۆسەکە لە کاتژمێر نۆی بەیانییەوە دەست پێ دەکات و جووتیاران دەتوانن سەردانی سایلۆ بکەن بۆ وەرگرتنی مافەکانیان.

میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: ئەو جووتیارانەی لە ساڵی 2016 پارەی گەنمیان وەرنەگرتووە، ئەمڕۆ چەکی پارەکانیان لە سایلۆی هەولێر پێ دەدرێت و لە بانکی (TBI) پارەکانیان وەردەگرن.
دەشڵێت: هەر جووتیارێکی دیکە بەڵگەنامەی پێویستی پێ بێت کە بیسەلمێنێت پارەی گەنمی 2016ـی وەرنەگرتووە، دەتوانێت سەردانی سایلۆی هەولێر بکات.

بەپێی ئامارەکانی سایلۆی هەولێر، بۆ ئەم قۆناغە بڕی دوو ملیار و 669 ملیۆن و 228 هەزار دینار وەک شایستەی داراییی جووتیاران بۆ ساڵی 2016 هاتووە. تاوەکوو ئێستاش 665 چەک بۆ ئەو جووتیارانە گەیشتووەتە سایلۆ کە پێشتر پارەی گەنمیان وەرنەگرتووە.