درەنگانی شەوی رابردوو، کاروان عەلی شامار، بەرپرسی نووسینگەی ڕاگەیاندنی لاھوور جەنگی، لە ڕووداوێکی ھاتوچۆدا گیانی لەدەست دا، ھەرچەندە بەرپرسانی سلێمانی ڕووداوەکە بە ڕووداوێکی ھاتوچۆ ناو دەبەن، بەڵام بەشێکی زۆر لە چالاکوانان و ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی، بە گومانێکی زۆرەوە سەیری ڕووداوەکە دەکەن، ھەروەھا میدیاکانی سەر بە لاھوور جەنگی ئاشکرای دەکەن، ڕووداوی گیانلەدەستدانی کاروان عەلی شامار، دەچێتە چوارچێوەی تیرۆری سپییەوە و ئەگەرێکی زۆر ھەیە کردەوەکە بە ڕووداوی ھاتوچۆ ئەنجام درابێت.
چۆنیەتیی ڕووداوەکە
کاتژمێر 2:30 خولەکی شەوی شەممە 5ی 8ی 2023، کاروان عەلی شامار، بەرپرسی نووسینگەی ڕاگەیاندنی لاھوور جەنگی، دوای گەڕانەوەی لە ناوچەی سیتەکەوە بۆ شاری سلێمانی، لە کاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلەکەیان لە تونێلی پێشڕەو، کە بەنیاز بوون بەرەو ئاڕاستەی ھەواری شار بڕۆن، ئۆتۆمبێلەکەیان لەنزیک فولکەیەکی ھەواری شار وەردەگڕێ و دەستبەجێ کاروان عەلی شامار گیان لەدەست دەدات و ئاوەڵزاوا و ھاوڕێیەکیشی بریندار دەبن.
تیرۆری سپی
کاروان عەلی شامار، لەدوای ڕووداوەکانی ھەشتی تەمووزەوە بەردەوام ڕەخنەی توندی لە یەکێتیی ئێستا گرتووە و ھەمیشە بەگژ کوڕەکانی جەلال تاڵەبانیدا چووەتەوە، تەنانەت وەک یەکێک لە میدیاکانیڤسەر بە لاهوور جەنگی بڵآوی کردەوە لەسەر ڕەخنە و ھەڵوێست و پشتگیرییەکانی لە لاھوور جەنگی، دوو ھەفتە پێش ئێستا، دەزگایەکی ئەمنیی یەکێتی، لە ڕێگەی نامەی مۆبایلەوە ھەڕەشەی کوشتنی لێ کردووە.
میدیاکانی لاهوور جەنگی باس لەوەش دەکەن کە ئەوەی زیاتر گومانەکانی لەسەر گیانلەدەستدانی کاروان عەلی شامار چڕ دەکەنەوە ئەوەیە کە ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکەی تێدا وەرگەڕاوە، ھیچ کامێرایەکی چاودێریی لێ نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا شوێنی ڕووداوەکە ھێندە مەترسیدار نییە، ئەگەر ڕووداوی ھاتوچۆ ڕوو بدات قوربانیی لێ بکەوێتەوە، بۆیە پەیجەکانی لاھوور جەنگی، پێیان وایە دۆسیەی گیانلەدەستدانی کاروان عەلی شامار دەچێتە چوارچێوەی تیرۆری سپییەوە و ڕەنگە کردەوەکەیان بە ڕووداوێکی ھاتوچۆ ئەنجام دابێت.
بۆچی تەرمەکەی لەدەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە بووە؟
ئەگەرچی کاروان عەلی شامار، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە نەبووە، بەڵكوو ئاوەڵزاوەکەی ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیوە و ئەو سەرنشینی لای سەکن بووە، بەڵام لە کاتی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەدا، خەڵکێکی زۆر لە شوێنی ڕووداوەکە کۆ بوونەتەوە، بۆ ئەوەی بریندارەکان بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە. بەپێی زانیارییەکان، تەرمی کاروان عەلی شامار، چەند مەترێک لەدەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە بووە، چونکە ئۆتۆمبێلەکە ھێندە بەقورسی وەرگەڕاوە، کاروان عەلی شاماری فڕێ داوەتە دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە، دواتر تیمەکانی سەنتەری فریاگوزاریی سلێمانی، تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ پەیمانگەی پزیشکی دادی و بریندارەکانیشیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی.
پزیشکی دادی سلێمانی چی لەسەر تەرمی کاروان عەلی شامار دەڵێت؟
کاتژمێر 3:30 خولەکی شەوی ڕابردوو، تەرمی کاروان عەلی شامار ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی دەکرێت، دواتر لەلایەن تیمێکی پزیشکییەوە، بەشێوەیەکی زانستی توێکاری بۆ تەرمەکەی دەکرێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانییەوە دەستکەوتوون، کاروان عەلی شامار تووشی خوێنەربوونی ناوەکی بووە، لەکاتی توێکاریدا خوێنێکی زۆر بەجەستەیەوە بووە و ڕاپۆرتی پزیشکی لەسەر ھۆکاری گیانلەدەستدانەکەی ڕادەستی کەسوکارەکەی دەکەنەوە، کە ھۆکارەکەی بۆ ڕووداوی ھاتوچۆ دەگێڕنەوە، بەڵام میدیا و کەسە نزیکەکانی لاھوور جەنگی ڕووداوەکە بە تەمومژاوی و گیانلەدەستدنی کاروان بەگوماناوی ناو دەبەن.
ژێدەر
باسنیوز