ئەمرۆ سێیەم کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە دوای پەسندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بەڕێوەدەچێت.
وا بڕیارە ئەمرۆ یەکشەممە ٣٠/٧/٢٠٢٣ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە دەباشان بەڕێوەبچێت و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.
پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی تاوتوێکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەبێت، کە رۆژی 18ى کانوونى یەکەمى 2023 ئەنجام دەدرێت.
ئەم کۆبونەوەیەش لەدوای ئەوە دێت لە چەند رۆژی رابردوودا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی برووسکەیەکی بۆ مەکتەبی سیاسی پارتی ناردووە و تێیدا داوای کۆبوونەوەی کردووە، پارتی وەڵامی برووسکەکەی یەکێتی داوەتەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە.