وادەی بارانە بەهێزەکەى هەرێم ڕاگەیەندرێت:
کەشناسى هەرێم، رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 2023/4/11لە دواى نیوەڕۆوە شەپۆلى بارانبارینەکە دەستپێدەکات و سبەینێش لێزمە باران و بارانى بەهێز و هەورە تریشقە دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتى گشتیی کەشناسى و بومەلەرزەزانى هەرێم پێشبینى کەشوهەواى ئەمڕۆ و سبەى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ بە گشتی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لە کاتەکانی بەیانیدا بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات لە دوای نیوەرۆ سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە, لە کاتەکانی شەودا رێژەی بارانبارین زیاتر دەبێت و هەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت.
ئاماژەى بەوەشکردووە، پلەکانی گەرما نزم دەبێت بە (1-3) پلەی سیلیزی بە بەراورد لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو.
لەبارەى کەشوهەواى سبەینێ، کەشناسى هەریم دەڵێت، لە ئەنجامی زیادبوون و قووڵبوونەوەی نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەراست شەپۆلێکی سەرتاسەری باران بارین تەواوی ناوچەکەمان دەگرێتەوە باران بارینی مام ناوەند و لێزمە باران لە ناوچە جیا جیاکان دەبێت کاریگەریەکەی لە دوای نیوەرۆ بە هێزتر دەبێت سەرەتا لە رۆژئاوای هەرێم و سنووری پارێزگای دهۆک دابارینی بەهێز دەبێت و لێزمە باران و هەورە تریشقە دەبێت, کاریگەریەکەی لە دوای نیوەرۆ درێژ دەبێتەوە بۆ سەر سنووری پاڕیزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاویەکان و سەنتەری پارێزگای هەولێر, وە لە کاتەکانی ئێوارە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر سنووری پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و هەڵەبجە.
دەشڵێت، سبەینێ پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە بە (3-5) پلەی سیلیزی بە بەراورد لە تۆمارکراوی ئەمرۆ.