بەهۆی کێشە و شەڕی نێوانیانەوە، پیاوێک پەلاماری ژنەکەی دەدات و ئەویش لە ترسا لە سەربانەوە خۆی فڕێدەداتەوە خوارەوە. کەسوکاری ژنەکەش دەڵێ:” 72 کاتژمێر دانراوە بۆ ژنەکە”.
کەسێکی نزیکی ئیمان نەبەزی تەمەن 24 ساڵ بە باڵکێشی ڕاگەیاند، ئیمان حەوت ساڵە هاوسەرگیری کردووە و دایکی دوو منداڵە، بەڵام بەردەوام کێشەی لەگەڵ مێردەکەیدا هەبوە و دوێنێ مێردەکەی پەلاماری داوە لێی بدا، ئەویش لە ترسا لە سەربانەوە خۆی هەڵداوەتەوە خوارەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتی ” ئێستا ئیمان لە نەخۆشخانەیەکی هەولێرە و بێهۆشە، پزیشکەکەی ماوەی 72 کاتژمێری بۆ داناوە”.
شێروان خالید، وتەبێژی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سۆران ڕایگەیاند: “لەسەر ئەو رووداوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە لای ئێمە کراوەتەوە، بەڵام چونکە ژنەکە بێهۆشە نەتوانراوە گوتەی وەربگیرێت، بەڵام بە گوتەی باوکی کچەکە هاوسەرەکەی لە خانووی فڕێداوەتە خوارەوە، لە بەرامبەردا باوکی کوڕەکە دەڵێ “بوکەکەم لە خەفەتی هاوسەرەکەی خۆی لە خانوو فڕێداوە”.
کەسوکاری ژنەکە سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام تا گوتەی ژنەکە وەرنەگیرێت، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ پیاوەکەی دەرناکرێت.