هەموو گیانم ئازاری هەیە، کەچی هەموو فەحسەکانم پاکن!


ئەمە گرفتی ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکە، بە تایبەت ژنان و لەناویشیاندا خانمانی گەنج و تەمەن مامناوەند زیاتر! بەشێکی زۆریان پێیان وتراوە حاڵەتەکەت دەروونییە، یان هەموو فەحسەکانت پاکن، ئیدی هیچت ناوێ! بەڵام لە راستیدا گرفتەکە ڕاستییە و کەسەکەش ئازاری هەیە و دەبێت چارەسەری بکەین!

زۆربەی جار ئەمە حاڵەتی “فایبرۆمایەڵجیا” یە، کە بەوە جیادەکرێتەوە ئازار لە بەشی زۆری ماسولکە و ئێسک و جومگەدا هەستی پێدەکرێ، هاوکات لەگەڵ هەستکردن بە ماندوویی، تێکچوونی خەو، تێکچونی میزاج و تەنانەت یادەوەریش!

توێژینەوەکان لەگەڵ ئەوەدان، لەو کەسانەی فایبرۆمایەڵجیایان هەیە، هەستکردنیان بە ئازار لەلایەن هەستە دەمارەکانەوە زۆر زیاترە لە کەسێکی ئاسایی، واتە ئازارێکی زۆر سادە و لەبیرکراوی کەسێکی ئاسایی، لەم کەسانەدا لەلایەن مێشک و دڕکەپەتکەوە دەکرێتە ئازارێکی بێزارکەر و تێکدەری ژیانی ڕۆژانە!

سەبارەت بە هۆکاریش، تاوەکوو ئیستا لەو بڕوایەداین کەسەکە ڕووداوی جۆراوجۆری بەسەر هاتووە لە تەمەنی پێشووتردا، وەکوو: زەبری جەستەیی، نەشتەرگەری، هەوکردن، گوشاری زۆری دەروونی و گرفتی دیکەی ژیان و ئەمانە کاریگەرییان لە سیستمی ناسینەوەی ئازاری دەمارەکان کردووە، هەندێک کەسی دیکە بیریان نایەت شتی لەم جۆرەیان بەسەرهاتبێ و نیشانەکانیان وردە وردە کەڵەکە بوون!

ژنان لە پیاوان زیاتر ئەم حاڵەتەیان هەیە، زۆرجار هاوکات لەگەڵ فایبرۆمایەڵجیادا کەسەکە گرفتی تریشی هەیە، وەکوو: سەرئێشە، ئازاری شەویلگە، سکئێشە و گرفتی کۆڵۆن، دڵەراوکێ و خەمباری!

ئەو کەسانەی فایبرۆمایەڵجیایان هەیە، ئەگەر سەردانی پزیشکی جومگە و ڕۆماتیزم بکەن، ئەوە ڕێوشوێنی چارەسەریان پیشان دەدات بە: دەرمان، وەرزش، یۆگا و مێدیتەیشن و ڕێوشوێنەکانی ڕزگاربوون لە دڵەراوکێ.

د. سەروەر سالار چوچانی
پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگە و ڕۆماتیزم و فەقەرات

ھەواڵی زیاتر