ترەمپ مژدەی سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنا دەدات پێش کۆتایی ئەمساڵ
لةەکاتێکدا وڵاتانی جیهان لە پێشبڕکێدان بۆ دەستخستنی پێکوتەیەکی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرۆکی ئەمەریکا مژدەی ئەوە دەدات پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ چارەسەری کۆرۆنا بەردەست دەبێت.
لە وتارێکیدا بەبۆنەی جەژنی سەربەخۆیی ئەمەریکا، دوێنێ (4-7-2020) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند وڵاتەکەی بەماوەیەکی زۆر پێش کۆتاییهاتنی 2020، پێکووتە یان دەرمانێکی کۆرۆنای دەبێت.
ترەمپ لە وتەکانیدا شێوازی مامەڵەکردنی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بە باش وەسف کرد و، گوتی “پێشکەوتنێکی زۆر بەدیهاتووە، ستراتیجییەکەمان بەشێوازێکی باش کاردەکات”.
هەروەها دووبارە هێرشی کردەوە سەر چین، کە یەکەمجار پەتای کۆرۆنا لەو وڵاتە بڵاوبووەوە جەختی کردەوە لەوەی “دەبێت بەهۆی تەمبەڵییەکەی لە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، چین لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت”.
وتەکانی ترەمپ لەکاتێکدابوون، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو، دڵخۆشە بەوەی بەرنامەی ئیدارەی ترەمپ بۆ پەلەکردن لە بەرهەمهێنانی پێکوتەی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، “دەبێتە مایەی دروستکردنی پێکووتەیەکی کاریگەر لەدژی کۆرۆنا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ”.
ئەمەریکا زەرەرمەندترین وڵاتە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەجۆرێک تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 935 هەزار کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 132 هەزار کەسیان گیانیان لەدەستداوە