هاوڕێکانی هیشام هاشمی ئامۆژگارییان کردبوو رووبکاتە هەولێر تاوەکو تیرۆر نەکرێت

هیشام هاشمی، لێکۆڵەری بەنێوبانگی عێراقی و شارەزای گرووپە تیرۆرسیتییەکان و داعش، کە شەوی رابردوو لە بەغدا تیرۆر کرا، پێش تیرۆرکردنی هاوڕێکانی ئامۆژگارییان کردبوو رووبکاتە هەولێر.

دوو چەکدار بەسواری ماتۆرسکیل ئێوارەی دوێنێ (دووشەممە، 6-7-2020) لە دەرەوەی ماڵەکەی هیشام هاشمیی تەمەن 47 ساڵ لە بەغدا، لە ناوچەی زەیوونە بە گوللـە تیرۆریان کرد، ئەندامێکی خێزانەکەی دەڵێ گوێی لە دەنگی پێنج گوللـە بووە.

هاشمی، بەردەوام لە تەلەڤیزیۆنە عێراقییەکان دەردەکەوت و بەهۆی شارەزاییەکەشییەوە لەلایەن بەرپرسانی حکومەت، رۆژنامەڤانان، لێکۆڵەران و تەنانەت هاوپەیمانانیشەوە راوێژی پێدەکرا.

ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێس بڵاوی کردووەتەوە “چەند هەفتەیەک پێش کوژرانی، هاشمی بەو کەسانەی گوتووە، کە متمانەی پێکردوون، دەترسێت لەوەی میلیشیاکانی ئێران پاڵپشتییان دەکات، بیکوژن و هاوڕێکانی ئامۆژگارییان کردووە رووبکاتە هەولێر بۆ ئەوەی پارێزراو بێت”.

دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمی 2017 عێراق سەرکەوتنی بەسەر داعش راگەیاند، هیشام هاشمی زیاتر فۆکەسی خستە سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق کە ئێران پاڵپشتییان دەکات و یارمەتیدەربوون لە شکستهێنان بە داعش. ئەو، بە دەنگی بەرزەوە لە دژی هەندێک لەو گرووپانە قسەی کرد.

ھەواڵی زیاتر