هەڵمەت مەعروفی بۆ باڵكێش: كورد تاكە نەتەوەیەكە دوو وتاریی دژ بەیەكی بۆ دۆزەكەی هەیە

 لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی باڵكێش ڕۆژنامەنوس هەڵمەت مەعروفی باس لە دۆخی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان و خەباتی ڕزگاریی خوازی كورد بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی دەكات و چەندین  بابەتی گرنگ بەو پرسە و حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و باشوری كوردستان دەخاتە ڕوو.

باڵكێش: گۆڕانكاریەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست وكوردستان چۆن دەبینیت؟

هەڵمەت مەعروفی :ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕاستی بەزەوەیە، هەر چرکە و ڕووداوێکی نوێ، هاوکێشەیەکی نوێ و فاکتەرێکی نوێ دێتە ئاراوە، بە جۆرێک کە لێکدانەوەکانی ئەستەم کردووە.

 هەموو گرێ کوێرەکانی جیهان لێرە و لەم خاڵە لە جیهانن، هەموو هێزەکانی جیهانیش هەر لێرەن، هەموو ململانێیەکان لێرەن، وەک تەختەیەکی شەترەنج، هەر چرکە و جووڵەیەکی چاوەڕواننەکراو دەکرێ.

هەم دەورگێڕی شارەزای تێدایە و هەم هی ناشارەزا، هەم هی ئازادیخواز و هەم دیکتاتۆر و هەم سەرەڕۆ، لەم ناوەدا و بەپێچەوانەی جاران، دەورگێڕی خۆجێی شارەزا و سەرەڕۆ هەن، ئێران وتورکیە واتا فارس و تورک، دوو نەتەوەی تیرۆریستی، فاشیستی، خەون زەلکاوی قەت شارستانیەت نەدیتوو و دانیشتوو لەسەر شارستانیەتی خەڵکی تر، ئەوان دەکوژن، دەبڕن، خۆ ڕادەست دەکەن و …هتد.

 ئەوەتا ئێران خۆی ڕادەستی چین کرد، ئەوە هەموو ڕووداوەکانی گۆڕی، هەڵبەت بۆ من چاوەڕوانکراو بوو،هاتنی چین بۆ ئێران و ناو ڕووداوە سیاسی و سەربازیەکان وەک چوار ساڵ بەر لە ئێستا لە بابەتێکمدا باسم کردووە، هەموو شت دەگۆڕێ.

 ئەمریکا تا نها بەنیاز بوو ناوچەکە چۆڵ بکات و بچێت لە ئەفریکا و ئەمریکای لاتین بەرەوڕووی چین ببێتەوە کەچین وەک ئۆختاپووس هەر دێت و پەل دەهاوێژێ، بەڵام یەک بابەت چاوەڕوانکراوە ئەویش ناچار بە بەکارهێنانی هێزی ڕەق لەلایەن ئەمیرکە و ئورووپا لە دژی ئێران لە داهاتووی نزیکدا و تورک لە داهاتووی دووردا. ئێستاش ئاسەوارەکانی دەبینین، ئیسراییل خەریکی هێرشی هێور بەڵام هەستیارە.

 خاڵێکی تر کە ڕوونە، لێک نزیکتر بوونەوەی ئەمیرکە و ئورووپایە لەدژی عرووس و چین،ئەو لێک نزیکتربوونەوە لە کاتێکدایە کە لە چوار ساڵی بهووریدا، مێرکل و ماکرۆن، سەرەڕۆییگەلێکی فرەیان لەدژی ترامپ نواندووە.

بەنیسبەت کورد، هەموو شت ڕوونە، کورد خۆی نازانێ چی گەرەکە تا خەڵک بزانێ، کورد هێشتا نەبووە بە نەتەوە، کورد گەلە، خەڵکانێکی هاوخوێن و شوناس و …هتد کە بیر دەوڵەت و نەتەوەبوونیان نیە ئەگەرچی وزە و تواناکەشیان هەیە.

 کورد تووشی دووگوتاری بووە، دووگوتاری دژ بە یەک، کورد لە مێشکی خۆیدا نەتەوەیە و سەربەخۆیی دەوێ کەچی لە کردەوەدا، هەمیشە ئامادەی کۆیلە بوونەوەیە.

 کورد بە بێ حکومەت (لە چوار پارچەی تر جیا لە باشوور بە ئەرمەنستانیشەوە)، تا ئێستا بزووتنەوەی نیە و هەر حیزبە وەک گیای بەهاری دەڕوێ، ئەویش گیای هەرز نەک گیای بەهاری و بەخێر، هیچ نەتەوەیەک بە حیزب سەرناکەوێ، نەتەوە دەبێ بزاڤی هەبێ تا دەبێ بە دەوڵەت، بەداخەوە ئەو حکومەتەی باشووریش، کوردی لە پێش چاوی کورد و جیهان خست، ئەمان لە جیاتی بوون بە هیوای دێموکراسی و دۆستی ڕۆژاوای جیهان، بوون بە کۆیلەی تورک و پارس، ئەوان لە جیاتی ڕۆحی کوردی، ڕۆحی گویلەن و خامنەییان لە ناخی کورددا چاند، خێڵ و دەرەبەگ و فستیڤاڵی خێڵان و مەلا و سۆفی و سۆفیگەری و وەهابیەتیان چاند نەکا دەنگێک لە دەست بدەن.

 ئەویتری کورد هەمیشە کوردەکەی تر بووە، تا ئاواش بێ، ئەبەد ناگا بە مەقسوود، تەنیا هیوام لە ناو کورد بە رۆژهەڵاتە و لاموایە، ڕۆژی کورد لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێ کە ئەمە بابەتێکی تەسەلە و خۆی دەبێ دەیان دیمانەی لەسەر بکرێ.

باڵكێش: ئایا گۆڕانكاەیی لە ئێراندا رووبدات كورد خۆی ئامادە كردووە؟

مەعروفی: دەسکەوتی لەپڕی باشوور کە لە ڕاستیدا دیاری و پێشکەشیی هاوپەیمانان و ئەمریکا بوو لەلایەک و خودی مام جەلال تاڵەبانی لەلایەکی تر، لە ڕاستیدا خەباتی ڕۆژهەڵاتیان نەزۆک کرد، هەر ئەوەش نەبوو، بێ ڕێبەری لەلایەکی تر ڕاوەستابوو، لە دوای شەهیدبوونی ڕێبەرانی کاریزما و هاوچەرخ و نەتەوەیی کورد دوکتور قاسملوو و دوکتوور شەرەفکەندی، ئەوەی مابۆوە، کاکڵەکە بوو، کاکڵێکی نائامادە بۆ خەبات و ئامادە بۆ دیکتاتۆر بوون.

 نەزۆکی ئەوان وایکرد تا دۆخەکە بۆ حیزبی پارچەی تر هەراش بێ و گەمەی خۆیان تێداکرد، حیزبی تر ساز بوون و وەک کارگە کەما هەڵتۆقین، ئیسلامیەکان وەخۆ کەوتن، لەوانەیە بڕوا نەکەن کە لە سنە کە دەیانگوت لانکەی کۆمۆنیزمە، ئێستا هەزار کەسی سەلەفیی مەیلەو داعشی زیاتر هەیە. ڕژیمیش کە پیلان لە دوای پیلان دەیگێڕا، لەم ساڵانەی دواییدا، میدیاکانی باشووریش کە بازرگانن، بەتایبەتی ڕووداو، بوون بە بەشێک لە پرۆژەی ئاسایشیی ڕژیم و جێبەجێکاری، ئەوان بەردەوام کەسایەتیە حیزبیەکانیان لە هەمبەر کەسایەتیی سەر بە ڕژیم دانا. حیزبەکان خاوەن رەوشتێک بوون و مۆرەکان بەدوور لەم ڕەوشتە، ئەم دوویەش لە بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ یەکتری، دیارە چ دەقەومێ.

لەسەر ڕۆژهەڵات با دوو شت  لەیەکتری جیا بکەینەوە. خەڵک و حیزبەکان. خەڵک ئامادەیە، حیزبەکان نا. ئەوە بەو واتایە نیە کە خەڵک حیزبی نیە نا! بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە کە ئەگەر حیزبەکانیش نەبن یان ئەگەر حیزبەکان ئاوا بن کە هەن، خەڵک کاری خۆی دەکا. نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، لە شەش ساڵی ڕابردوو، لانیکەم شەش جار بە کۆمەڵ و شەش هەزار جار بە تاک سەلماندوویانە کە نە ئێرانین، نە ئێرانی دەمێننەوە و نە فیدرالیزمیان گەرەکە و نە دێموکراسی بۆ ئێران بە ڕەوا دەزانن و نە ئامادەن لەم پێناوەدا خوێن بدەن. لە ڕۆژهەڵات هەموو شت ڕوونتر لەوەیە کە تەنانەت یەک بەڵگەی گەرەک بێ. تەنیا لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا یەک نووسراو دابنێ و بنووسە من ئێرانیم بزانە چۆنت بەرەوڕوو دەوێستنەوە.

باڵكێش: پێویستە حزبە كوردیەكان لە ئێران چۆن خۆیان ئامادە بكەن.

هەڵمەت مەعروفی: حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات ناتوانن و ئیزنیشیان پێنادرێ کە لە ناو هەموو ئێراندا گەمە بکەن، نە کورد ئەو ئیزنەیان دەداتێ و نە فارس ئەو خوێندنەوەیان بۆ دەکا. لەوانەیە ئێوە کوردی باشوور فارس نەناسن و شەیدای زمان و نەتەوە و شاعیرەکانیان بن، بەڵام ئێمە خاس دەزانین فارس چ دڕندەیەکە. ئێمە دەزانین فارس چ کەلتووردزێکە، ئێمە خاس دەزانین فارس چ درۆزن و پیلانگێڕ و تیرۆریستێکە. لەوانەیە ئێوە مێژوو نەزانن بەڵام ئێمە هەمزاغای مەنگوڕ و سمکۆ و پێشەوا و قازیەکان و ئاغاکانی فەیزووڵابەگیی سەقز و قڕانی سنە و قاڕنێ و قەڵاتان و سەرچنار و پاوە و …هتدمان لەبیر نەچۆتەوە، ئێمە پەرتووکی 23 ساڵی عەلی دەشتیشمان خوێندووەتەوە و دەزانین موسەدیق چۆن دەیگوت: “ئەوە بیستوومانە لە باکووری ئیران جمووجۆڵی جیاخوازی هەیە، ڕەحم بە ژن و منداڵیشیان مەکەن و بیانکوژن.” ئێمە دەزانین سەدا حەفتای زمانی فارسی عەڕەبیە.

بەڵام ئەوەی کە حیزبەکان چۆن خۆیان لە کوردستان ئامادە بکەن، وڵامەکەی ڕوونە:

یەک: بگەڕێنەوە بۆ کورد بوون و ناو کورد و واز لە هیواخواستن بە سڵاوی فارسەکان بێنن.

دوو: خۆیان یەکلایی بکەنەوە و عەین و زەینیان بکەن بە یەک، ناکرێ بە کوردی کوردستانی بی و بە فارسیش کتکە کوێرەی مەتبەخی ئەیوانی فارس.

سێ: بگەڕێنەوە ناو خوڵک و واز لە سیاسەتی چاوەڕوانی بێنن و تەشکیلات نوێ بکەنەوە.

چوار: هێزی پێشمەرگەی هاوبەش و سپای هاوبەش پێک بهێنن و پێشمەرگە نەکەن بە حیزبی. نە دەلوێ و بە دەشێ ئەوەی لە باشوور ڕووی دا و پێشمەرگەیان کرد بە چەکدار و نۆکەری ئاغای قەدیم و هەر کەس ئەڕا خۆی یەک تاقم چەکداری بە ناو پێشمەرگە دانا و شەڕە گەڕەکی پێکردن و ناوی پێشمەرگەشیان سووک کرد لە ڕۆژهەڵات ڕوو بداتەوە. خەڵکی ڕۆژهەڵات فێری یاسایە.

 باڵكێش: پەیوەست بەم دۆخەوە هەبوونی ئەو هەموو حزبە كوردییە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان چۆن دەبینیت؟

مەعروفی: تەنیا دەتوانم بڵێم :

یەک: نیشانەی بێکاریە و لە بێکاریان حیزب دادەنێن.

دوو: دەستی پارتی و پەکەکەی تێدایە. هەر هەموویان بە پانەوە یان پیاوی پارتین یان پەکەکە ئەگینا چۆن هەرچی هەستا حیزبێک دادەنێ بە بێ ئەوەی بزانێ چی دەوێ و بێ ئەوەی پێگەی جەماوەری هەبێ.

سێ: تەنیا خۆیان سووک دەکەن ئەگینا خۆشیان دەزانن نە ئێستا و نە لە داهاتوودا هیچیان پێناکرێ. زۆریشیان حیزبی چرکەن.

باڵكێش:  بۆچی دیموكراتەكان و كۆمەڵە ناتوانن لە ئێران بەهێزتر ببنو یەك بگرنەوە و كاری بەهێزتر بۆ ڕۆژهەلات بكەن؟

مەعروفی: پێویست ناکا ئەوان لە ئێران بەهێزتر بن، ئەوان حیزبی ئێران نین. دوکتور قاسملوو کە پاشگری ئیرانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان زێدە کرد، لەبەر سەرەڕۆییەکانی ئەحمەد تۆفیق بوو کە ببوو بە پیاوی پارتی دێموکرات و ڕۆژهەڵاتی وەک ڕۆژاوا لە خزمەت بارزانی نابوو کە ئەویش دۆستی شای ئیران بوو و بکوژی موعینی و …تاد، دوکتور قاسملوو ئەم پاشگرەی زێدە کرد تا مەیدان و گۆڕەپانی خەباتەکە دەستنیشان بکات و بڵێ ئێمە لیرە خەبات دەکەین، “کوردستانی ژێردەستی ئێران”، ئەگینا حیزبی کوردی هیچ کات نە لە ئێران نە بۆ ئێران خەباتی نەکردووە. ئەوان کوردن و دەبێ لە کوردستان کار بکەن، ئەم ساڵانەی دواییش هەموو هەوڵی خۆیان لەسەر ئیران دانا بۆیە کوردستانیان لە دەست داوە. لە پرسیارەکانی ئێوەشڕا دیارە کە ئێوەش کوردستانی بیر ناکەنەوە و هەر بیرتان لە تاران و دیمەشق و بەغدا و ئەنقەرەیە. کێشەی کورد لە ماڵی خۆی و لەتەک خۆیدا چارەسەر دەکرێ. ئەگەر هون بچن تەهرانێ، بۆمبە دێ وەکە بارانێ، ئەگەر بچن بەغدایێ، وای چ شەرمە لە دوایێ. خۆ مامۆستا جگەرخوین زوو ئەمەی بۆ ڕوون کردووینەوە و مامۆستا ئەحمەدی خانیش سەدان ساڵە فەرموویەتی:  گەر دێ هەبا مە ئینقیادەی، ڤێکرا بکرا مە ئیتفاقەک، رۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی، هەمیا ژ مە را دکر خولامی. ئێمەی کورد نابێ چیتر خۆ بگنخێنین و دەبێ بیر لە پێکهێنانی جیهانێکی کوردی بکەینەوە. پێشنیارتان پێدەکەم کتێبەکەی دوکتوور هێرش قادری لەسەر ئەقڵیەتی ئێرانی و کورد بخوێننەوە.

باڵكێش: دۆخی ئابوریی و سیاسی ڕۆژهەلاتی كوردستان كە بوەتە مایەی خێر بۆ ئێران چۆن سودی لێوەربگیردرێت بۆ ئابوریی كوردستان بەگشتی ؟

هەڵمەت مەعروفی: ڕۆژاوا،فارس داگیرکەرە، داگیرکەر دژی خەڵکی وڵاتی داگیرکراوە و تەماحی لە خاک و ژێرخاک و هەواکەیەتی. ئەوە یانی دەیهەوێ تا دواچرکە بیدۆشێ و ئەگەر خەڵکەکە لە دژی بوەستنەوە، دەیانکوژێ و دەیانبڕێ. ئەگەر لە هەمبەریشی نەوەستنەوە، هەوڵ دەدات ئەقڵیەتیان بکوژێ و ببڕێ و دیل و کۆیلەی بکا واتا ئاسمیلاسیۆن و تواندنەوە. جارێ ئێمە ناتوانین هیچ کەڵکی لیوەربگرین چون لەژێر دەستی داگیرکەری ئێرانیی فاشیست دایە. ئێستا تەنیا دەتوانین لە دیپلۆماسیدا بەکاری بێنین ئەویش بڕوا ناکەم ئەقڵیەتی سیاسیی حیزبەکان لەم ئاستەدا بێ کە بزانن بەکاری بێنن. من پێشنیارتان پێدەکەم وتووێژێک لەتەک پرۆفیسۆر باقر فەرەنگیز و ئەندازیار کامبیز فاتحی لەسەر ڕادەی دەوڵەمەندیی چاوکانیە کوردەکان بکەن، بۆتان دەردەکەوێ کە کورد تەنیا بە هەتاو و با دەتوانێ خۆی بژێنێ. ئەوان گەڵاڵەیان هەیە لێ حکومەتی باشوور ئەقڵیەتی بازرگانی هەیە نەک سیاسی بۆیەش لێیان وەرنەگیراوە.

باڵكێش: ئەدای باشور و ڕۆژئاوا لە بەرامبەر ڕۆژهەلات چۆن دەبینیت؟

مەعروفی: ڕۆژئاوای جیهان وەک گوتم نازانێ کورد چی گەرەکە. ئێمە دەبێ بەپێی یاسا ناودەوڵەتیەکان بدوێین، مافی ناودەوڵەتی دەڵێ، کاتێک دوو برا لە ماڵی خۆیان کێشەیان هەیە کەس بۆی نیە خۆتێوەردا. کوردیش (حیزبەکانی) دەڵێن فارس برا هیچ، برا گەورەمانە، کەواتە ڕۆژاوا ناتوانێ هەڵوێستی بێ، سعوودیە و وڵاتانی عەڕەبی و ئیسراییلیش هەروەها. کورد تا کێشەی خۆی لە کێشەی فارسی داگیرکەر لە ڕۆژهەڵات جیا نەکاتەوە و داوای سەربەخۆیی نەکات، هەموو هەوڵەکانی لەمبارەوە بە فیڕۆ دەچن.

باشووری کوردستان، بەداخەوە سیمای کوردی لە هەموو جیهان ڕزاند. لەتەک ڕۆژنامەوانێکی ئەمریکایی نیشتەجێی سویس قسەم دەکرد، گوتی: “هیوامان زۆر بە حکومەتی باشوور بوو، هەوڵمان زۆر بۆی دا، بەرگریمان زۆر لێی کرد، وەک ترامپ دەڵێ 5 تریلیۆن دۆلارمان تێداچاند و ڕۆبرد، کەچی بەداخەوە ئێستا لە ڕوومان هەڵنایە بڵێین دەبوو بەرگری لێبکەین.” باشوور لە جیاتی ئەوەی کە ببێ بە لانیکەیەکی نوێی دێموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و کوردایەتی، بوو بە ئێرانی دووهەم و لەگەڵ بەغدا و ئەسەد ململانێی ئەوەیەتی کە بیسەلمێنێ زیاتر لەوان کۆیلەی ئێرانە. من لە باشوور نەمامەوە چونکوو دەمزانی ئەگەری تیرۆر هەیە. دەزانی هەر لەم سێ ساڵەدا چەند کوردی باشوور لەوێ تیرۆر کران، دەزانن مستەفا سەلیمی ڕادەست کرایەوە. دەزانین چەند حیزبی نوێ داندراون؟ دەزانن چەند ئیسلاحتەڵەب دێن و دەچن و دەزانن چەند وتووێژی بەرپرسان لەگەڵ گۆڤاری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هەیە؟

باشوور لەوەتا هەیە، هۆرەی خەباتی ڕۆژهەڵات و باشوورە و تا سەرمانهەڵداوە، لەسەریان داوین، ئەم سی ساڵەی ڕابردوو، پەکەکەش بەم خێر و بەرەکەتەی باشوورەوە زێدە بوو. بەڵام خۆری خۆرهەڵات خەریکە هەڵدێ، من دڵنیام، مامۆستا هێمن گوتەنی: “ئاسۆ ڕوونە”، ڕوونیش نەبێ، ڕوونی دەکەینەوە، ئیرادەمان هەیە، خەڵکمان لەسەر پێیە و لە ڕووی تیۆریكەوە، بناخەیەکی پتەومان داناوە. مەبەستم هەموو ڕۆژهەڵاتە. ئێستا ئەگەر لە پارچەکانی تر هیچ ڕوانینێکی تیۆریک نیە، لە ڕۆژهەڵات دوو ڕوانینی داگیرکاری و کلۆنیالیستی هەیە کە لە پەنای یەکتری گەشە دەکەن و یەکتری تەواو دەکەن ئەگەرچێ کەمێکیش پێکناکۆکن.

ھەواڵی زیاتر