لە موسڵ دوو کەس دەستدرێژی دەکەنە سەر کچێکی 15ساڵان

لە موسڵ دوو کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی تەمەن 15ساڵان دەستگیرکراون، ئەو دوو کەسە چەکداری حەشدی شەعبین و دەگوترێ ئازادکراون، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری رەتی دەکاتەوە.

ئەو دوو ئەندامەی حەشدی شەعبی لەلایەن فەوجی نەهێشتنی تاوان دەستگیرکران و زانراوە کە سەر بە لیوای 76ی حەشدن.

چالاکوانان بە هاشتاگی (مافی_کچە_موسڵاوییەکە) دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە، ئەمەش وەک خۆیان دەڵێن: لەپێناو بەدەستهێنانی هاوکاری بۆ قوربانییەکە و هاندانی دادگا لەپێناو دادگایی کردنی تۆمەتبارەکان.

دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە ئازادکردنی یەکێک لەو تۆمەتبارانە دەکەن، ئەنجومەنی دادوەریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا وتی “هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنە و ڤیدیۆی جیاوازیان بڵاوکردووەتەوە، کە زانیاری ناڕاستی تێدایە لەبارەی کەیسەکەوە، کە تا ئێستاش لەلایەن دادگایەکی سەر بە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی نەینەوا لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت”.

رووداوی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ئەو کچەی خەڵکی موسڵ، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و بەکارهێنەرانی سۆشیالمیدیا داوای دادگایی کردنی تاوانباران دەکەن.

ھەواڵی زیاتر