Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
گشتی
29-07-2026

زیدان: خەونەکەم هاتە دی و ئامادەم بۆ ئەو تەحەدایە

زینەدین زیدان بە فەرمی بووە راهێنەری هەڵبژاردەی فرەنسا، سێ یاری داهاتووی زیدان بەرامبەر تورکیا، بەلجیکا و ئیتاڵیا دەبێت، هاندەران دەخوازن زیدان ئەزموونی ریال مەدریدی بۆ فرەنسا بگوازێتەوە و ناسناوی گەورە بۆ هەڵبژاردەکەیان بباتەوە. چاوەڕوانییەکان بۆ زیدان کۆتایی هات، ئەستێرەکەی پێشووی هەڵبژاردەی فرەسنا و راهێنەری پێشووی ریال مەدرید لە تەمەنی 54 ساڵی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فرەنسای وەرگرت.  زیزۆ لە ساڵی 2021ـەوە لە ماڵەوەیە لەو کاتەی وازی لە ریال مەدرید هێنا، چاوەڕێ دەکات ببێتە راهێنەری فرەنسا، زیدان لە ساڵی 2016 تـا 2018 سێ ساڵ لەدوای یەک چامپیۆنزلیگی بۆ ریال مەدرید بردەوە، ئێستا هاندەرانی فرەنسا دەخوازن زیزۆ ئەزموونی لەگەڵ ریال مەدرید بۆ کەڵەشێرەکان بگوازێتەوە، دوای چواردە ساڵ دیشامپ لە راهێنەرایەتی فرەنسا دەستی لەکار کێشایەوە، کە لە دواین مۆندیال لە قۆناخی پێشکۆتایی ماڵئاواییان کرد، فرەنسا ساڵی 2018لەگەڵ دیشامپ مۆندیالی بردەوە، ساڵی 2022 لە یاری پێشکۆتایی بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە دۆڕان، لە لایەکی دیکەشەوە ساڵی 2016 فەرەنسا پاڵەوانییەتی ئەوروپای لەناو خاکی خۆی بەرامبەر پۆرتوگال دۆراند. زیدان یادەوەری سەرنجراکێشی لەگەڵ هاندەرانی فرەنسا هەیە، ئەو کاتەی لە یاری کۆتایی مۆندیالی 1998 سەرکردایەتی فرەنسای کرد و دوو گۆڵی بەرامبەر بەرازیل تۆمار کرد، دوو ساڵ دواتریش ناسناوی پاڵەوانییەتی ئەوروپای بۆ فرەنسا بردەوە، هەروەها ساڵی 1998 باڵۆندۆریشی بەدەستهێنا.  زیزۆ وەک یاریزان 108 یاری بۆ فرەنسا ئەنجامدا 31 گۆڵی تۆمار کرد، لە نێویاندا لێدانە سزاکەی بەرامبەر ئیتاڵیا بەشێوەی پانینگا یەکێک بوو لە گۆڵە سەرنجراکێشەکانی، بەڵام لەم یارییە زیزۆ بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و فەرەنسا مۆندیالی لەدەستدا. زیدان سێ یاری دهاتووی بەرامبەر وەکو راهێنەری فەرەنسا بەرامبەر تورکیا، بەلجیکا و ئیتاڵیا دەبێت، لە ئێستا نرخی بلیتەکانی یەکەم یاری زیدان وەک راهێنەری بەرز بووەتەوە و بلیتێکی ئاسایی نرخەکەی گەیشتە 175 یۆرۆ.  زیدان: خەونەکەم هاتە دی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا، زینەدین زیدان هاوشانی دیالۆی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا رایگەیاند لە ماوەی چوار پێنج ساڵی ڕابردوودا زۆر ئۆفەرم ڕەتکردەوە، دەشڵێت: دوای ڕیال مەدرید تەنیا یەک کارم دەویست، ئەویش ڕاهێنەرایەتی فەرەنسا بوو، هیچ شتێک لە هەڵبژاردەی فەرەنسا گەورەتر نییە، وەرگرتنی ئەم رۆڵە هەستێکی خۆشی لەڕادەبەدەری پێبەخشیوم. زیدان گوتیشی: سوپاسی دێشامپ دەکەم بۆ کارەکانی، چونکە ئەرکی منی ئاسان کردووە، ئێستا من ئامادەم بۆ ئەم تەحەدایە، هەستێکی زۆر خۆشم هەیە و دەشزانم سەرکەوتنەکان چۆن بەدەست دێت.

هەواڵ
29-07-2026

بەرپرسانی نەینەوا هاتنە دەنگ

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نیگەرانی و ناڕەزایەتی توندی خۆی بەرامبەر ئەو هێرشانە دەربڕی کە کرانە سەر چەند شوێنێکی پارێزگاکە و بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس، هاوکات جەختی لە پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و نەینەوا کردەوە. رۆژی چوارشەممە، 29ی تەممووزی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، بە نیگەرانییەکی زۆر و داخی قووڵەوە چاودێری ئەو هێرش و دەستدرێژییانە دەکەن کە کراونەتە سەر چەند پێگەیەک لە ناو خاکی عێراق و بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا، کە بەهۆیانەوە چەندین کەس شەهید و بریندار بوون. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە توندی سەرکۆنەی هەر هێرش و دەستدرێژییەک دەکات کە ئاسایش و سەروەریی نەینەوا بکاتە ئامانج. هاوکات ئەنجوومەنەکە جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی کردەوە و رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک بەکارهێنانی خاکی پارێزگاکە وەک بنکەیەک بۆ هێرش یان بە ئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ رەتدەکەنەوە. ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارەیان لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانە. لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئەنجوومەنی پارێزگاکە سەرەخۆشی لە کەسوکاری کوژراوان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.

هەواڵ

دوو پەڕەشووتەوان کەوتنە خوارەوە

لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، دوو پەڕەشووتەوانی گەنج کەوتنە خوارەوە و گوتەبێژی پۆلیس دەڵێ: "هۆکارەکەی ناجێگیریی کەش و هەوا بووە." دوو پەڕەشووتەوانەکە لەکاتی خۆ هەڵدان لە بەرزاییەکانی گوندی (ئەحمەد ئاوا) کەوتوونەتە خوارەوە. رائید ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، "رووداوەکە کاتژمێر 5:30ی ئێوارەی ئەمڕۆ روویداوە و هەردوو پەڕەشووتەوانەکە برینداربوون و برینی یەکێکیان کەمێ سەختە." پەڕەشووتەوانەکان بۆ مەشقی وەرزشی چوون و یەکێکیان ناوی کامەران کەریمە و خەڵکی قەزای پیرمامە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئەوی دیکەشیان ناوی فائیب محەممەدە و خەڵکی شاری سلێمانییە. رائید ئاکام قوتبەدین گوتی، "کامەران لە نەخۆشخانەی هەڵەبجە تیمار دەکرێ، بەڵام برینی فائیب کەمێ سەختە و رەوانەی سلێمانی کراوە."

هەواڵ
28-07-2026

کارەبا دەگەرێتەوە دۆخی ئاسایی

وەزیری کارەبا کە هاوکات وەزیری سامانە سروشتییەکانە بە وەکالەت، ڕایگەیاند، لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بەرهەمهێنانی کارەبا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی و 24 کاتژمێریی.  کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات؛ لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەی کۆمپانیای دانا غاز لە شەوی ڕابردوو بۆ بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، توانراوە ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا بگەیێنرێتە 3800 مێگاوات و لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا کارەبای کوردستان دەبێتەوە بە 24 کاتژمێریی. بەپێی زانیارییەکانی وەزیری سامانە سروشتییەکان، پرۆسەی بەرهەمهێنانی غاز و کارپێکردنەوەی یەکەکانی کارەبا بەشێوەی قۆناغبەندییە و تا سبەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە 4000 بۆ 4500 مێگاوات کارەبا، ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێداویستیی ناوخۆ 4500 بۆ 4700 مێگا واتە.  پێشتر 85٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان 24 کاتژمیریی بوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی، بەڵام بەهۆی وەستاندنی کارەکانی دانا غاز، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە و بڕیارە لە 24 کاتژمێری داهاتوودا ئاستی دابەشکردنی کارەبا ئاسایی ببێتەوە.

هەواڵ
28-07-2026

زێلێنسکی و ترەمپ لەبارەی دروستکردنی مووشەکی پاتریۆت کۆبوونەوە

زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند, پرسی مۆڵەتدان بە بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی بەرگریی سیستەمی پاتریۆت و چەند بیرۆکەیەکی تریان بۆ زیندووکردنەوەی پڕۆسەی دیپلۆماسی تاوتوێ کردووە. سێشەممە 28ـی تەممووزی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاو کردەوە و تێیدا سەرنجی خستە سەر تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی نێوانیان. زێلێنسکی نووسیویەتی: "ئێمە گفتوگۆمان لەسەر پێدانی مۆڵەتی یاسایی بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی بەرگریی سیستەمی پاتریۆت کرد، هاوشانی کۆمەڵێک بیرۆکەی دیکە کە دەتوانن یارمەتیدەرێکی باش بن بۆ هێزەکانمان." سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بە پردی چارەسەری ئاشتیانە کرد و گوتی: "قسەمان لەسەر لایەنە دیپلۆماسییەکانیش کرد؛ گرنگە کە دەرفەتی نوێ بدەینەوە بە پڕۆسەی دیپلۆماسی، و تیمەکانمان لە داهاتوودا هەماهەنگیی ورد دەکەن لەسەر دەرەنجام و وردەکاریی زیاتری ئەم پەیوەندییانە." سەرۆکی ئۆکرانیا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد لە بەرامبەر بەردەوامیی پشتگیرییەکانی واشنتن بۆ ئۆکرانیا. پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو سەرکردە بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە بەراورد بە گرژییەکانی مانگی شوباتی 2025، کاتێک ترەمپ زێلێنسکی بە لایەنگری جەنگی جیهانیی سێیەم و کەمتەرخەم تۆمەتبار کردبوو. ترەمپ لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەیاندا لە تورکیا ستایشی کارەکانی زێلێنسکی کرد و پێشنیازی مۆڵەتدانی فەرمیی بە کیێڤ بۆ بەرهەمهێنانی پاتریۆت کرد. هەرچەندە ترەمپ لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە 2025 ناردنی راستەوخۆ و فەرمیی چەکی ئەمریکی بۆ ئۆکرانیا راگرت و پڕۆگرامی کڕینی چەکی لە لایەن وڵاتانی ئەوروپییەوە بۆ کیێڤ پەسەندکرد، بەڵام واشنتن وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی لە پێدانی زانیاریی هەواڵگری و دابینکردنی متمانەی مانگی دەستکردی "ستارلینک" بەردەوامە. لەم سەردانەدا، زێلێنسکی رووبەڕووی ئەرکێکی جیاواز دەبێتەوە کە قایلکردنی ئەو دیموکراتانەیە کە هێشتا بە گومانەوە سەیری دۆخەکە دەکەن، دوای ئەوەی ڕێگریی پێشووی راستڕەوەکانی کۆمارییەکان تا رادەیەکی زۆر کەمبووەتەوە. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە گرژیی توند لە نێوان واشنتن و مۆسکۆ هەیە؛ دوێنێ دووشەممە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) بوونی هەر گفتوگۆیەکی ئەمنی سەربازیی کاتیی رەتکردەوە و رایگەیاندبوو، هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر رووسیا جەنگەکە زیاتر درێژ دەکاتەوە. چەند کاتژمێرێک پێش کۆبوونەوەکەی ترەمپ و زێلێنسکی، کیێڤ دەیان درۆنی ئاڕاستەی خاکی رووسیا و مۆسکۆ کردبوو، لە بەرامبەردا رووسیاش بە زیاتر لە 100 درۆن هێرشی کردە سەر بەندەری ئۆدیسا لە ئۆکرانیا.

هەواڵ
28-07-2026

ئاماری هێرشە درۆنییەکانی سەر کۆیە و شارباژێر بڵاوکرایەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بە شەش درۆن هێرشکراوەتە سەر ناوچەکانی کۆیە و شارباژێر و هیچ زیانێکی گیانیشیان لێ نەکەوتووەتەوە.   ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی تەممووزی 2026، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری هێرشە درۆنییەکانی شەو و رۆژی رابردووی بۆ سەر سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دوێنێ دووشەممە 27ـی تەمموزی 2026، لە نێوان کاتژمێر (12:35) بۆ کاتژمێر 14:00ـی پاشنیوەڕۆ، لە رێگەی پێنج درۆنەوە هێرشکراوەتە سەر شارۆچکەی کۆیە و دەوروبەری. ئاسایش ئاماژەی بەوەش داوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 5:20 خولەک، لە رێگەی یەک درۆنەوە هێرشکراوەتە سەر ناوچەی شارباژێر لە سنووری پارێزگای سلێمانی. لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا ئەوە خراوەتە روو، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە.

هەواڵ
28-07-2026

عەلی زەیدی بەرەو تورکیا بەڕێکەوت

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی بۆ تورکیا رایگەیاند، خواستیانە لەگەڵ تورکیا بەڕێوەبردنێکی هاوبەشیان بۆ ئاو هەبێت. دەشڵێت ئاسایشی عێراق، ئاسایشی تورکیایە لەسەر بنەماى رێزگرتن لە سەروەریی یەکدی. ئەو قسانەی عەلی فالح زەیدی لە گوتارێکدا بووە کە سێشەممە 28ی تەممووزی 2026 لە ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردووەتەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە چەند دەیەی رابردوودا ئەوەی لە پەیوەندیی نێوان عێراق و تورکیا خراوەتەڕوو، لە گۆشەی دۆسیەکانی ئاسایش، ئاو، بازرگانی و جووڵەی سنوورییەوە بووە، بەڵام ئێستا ناوچەکە لەبەردەم دەرفەتێکی جیاوازدایە، کە وا دەکات بە خواستێکی زیاترەوە بەرەو داهاتوو بڕوانن و چۆن ئاڵنگارییە هاوبەشەکان بکەنە دەرفەتی بووژاندنەوە بۆ هەردوو گەلی عێراق و تورکیا. گوتارەکەی زەیدی، ئەمڕۆ سێشەممە لە ئاژانسەکە بڵاوکراوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ عەلی فالح زەیدی و شاندێکی یاوەری سەردانی تورکیا بکەن. سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسیویەتی، "ئەو عێراقەی کە ئەمڕۆ لێوەی دەچمە ئەنقەرە، ئەو عێراقە نییە کە ناوچەکە بەر لە چەند ساڵێک دەیناسی، ئێستا رێگەی سەقامگیری و چاکسازی و گەشەپێدانی گرتووەتەبەر و کارە لەپێشینەکانی لەسەر بنەمای ئابوورییەکی بەهێز رێکخستووەتەوە." زەیدی ئەوەی خستووەتەڕوو، تورکیا بنەمایەکی پیشەسازیی پێشکەوتووی هەیە و پێگەکەشی ستراتیژییە، کاتێک لە توانای هەردوو وڵات دەڕوانین، تەنیا سنوورێکی هاوبەش لە نێوانیاندا نییە، بەڵکو مەودایەکی فراوان هەیە بۆ بونیاتنانی یەکێک لە گرنگترین هاوبەشییە ئابوورییەکان لە ناوچەکەدا. هەردوو وڵات دەتوانن پێگە جوگرافییەکانیان بکەنە بەهایەکی ئابووری و ببنە ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان کەنداو، ئاسیا و ئەورووپا. یەکێک لەو پرسانەی کە سەرۆکوەزیران باسی کردووە، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانە و دەڵێت، "تەنیا وەک پڕۆژەیەکی عێراقی لێی ناڕوانین، بەڵکو پڕۆژەیەکی هەرێمییە و دەستەواژەی پەیوەندیی ئابووری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پێناسە دەکاتەوە." پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بۆ گواستنەوەی کاڵا و گەشتیارانە، درێژییەکەی 1200 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات و دەگاتە تورکیا و باکووری کوردستان، بڕیارە لە 2050دا تەواو ببێت. عەلی فالح زەیدی دەڵێت، ناکرێت هاوبەشیی ستراتیژی بێتەدی بەبێ ژینگەیەکی سەقامگیر و ئارام، عێراق تێڕوانى وایە کە ئاسایشەکەی، ئاسایشی تورکیایە و پێویست دەکات هاوکارییەکی بەهێز هەبێت لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی یەکدى و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوانی رێکخراو. سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە، ئاو تەنیا دۆسیەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو پرسێکە کە پەیوەندیی بە داهاتووی ملیۆنان هاووڵاتییەوە هەیە، لەو روانگەیەشەوە خواستیان ئەوەیە کە بەڕێوەبردنێکی هاوبەش هەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هەردوولا بۆ هێنانەدی ئاسایشی خۆراک و ئاوی هەردوو گەلی عێراق و تورکیا.

هەواڵ
23-06-2026

کەشناسی: پلەکانی گەرما تا 9 پلە نزم دەبنەوە

بەشی پێشبینی لە بەرێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوولەرزەزانی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما دادەبەزن بۆ کەشی پێشبینیکراوی 48 کاتژمێری داهاتوو.. کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت کەشی ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەراوورد بە دوێنێ . بەرێوەبەرایەتی کەشناسیی هەرێم لەبارەی ڕۆژانی داهاتووەوە دەڵێت، نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، کە لە زۆربەی ناوچەکان لە ژێر 40 پلەی سیلیزی دەبێت یان نزیک دەبێتەوە لە 40 پلەی سیلیزی وە هیچ شەپۆڵێکی گەرما نیە لەسەر ناوچەکەمان .بەڵام سبەی چوارشەممە لە ئەنجامی کاریگەری بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵ، پێشبینی کەم بوونەوەی مەودای بینین دەکرێت.

ڕاپۆرت
22-06-2026

پێکەوەژیان لە گەڕان بەدوای تەرمی "ڕوقیە" و ناونانی شەقامی هەڵەبجە لە ک...

بە خنکانی کچێكی عەرەب لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، تابلۆیەکی دیکەی میواندۆستی و پێکەوەژیانی نەتەوەیی کورد لە ناوچەکە کێشرا و خنکانی منداڵێکی گەشتیاری عەرەب، بووە هەوێنی یەکگرتوویی و پیشاندانی ڕووە ڕاستەقینەکەی خەڵکی ناوچەکە کە چۆن لە پێناو بەها مرۆییەکاندا سنوورەکان دەبەزێنن، تەنانەت کار گەیشتتە ئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە. لە 9ی حوزەیرانی 2026 دەستیپێکرد، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ بە ناوی ڕوقیە ڕافد، لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری کەربەلاوە هاتبوونە سەیرانگای ئەحمەدئاوا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە. بەهۆی ڕووداوێکی نەخوازراوەوە، ڕوقیە کەوتە نێو سەرچاوەی ئاوی زەڵم و خنکا. بۆ ماوەی 10 ڕۆژ، تیمی بەرگری شارستانی هەڵەبجە و دووکان، لەگەڵ سەدان گەنج و خۆبەخشی ناوچەکە، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی گەڕانیان دەستپێکرد. دواجار لە کاتژمێر 12:35 خولەکی نیوەڕۆی ڕۆژی  چوارشەممە،  دواجار نیوەڕۆی سێشەممە 17-06-2026، تەرمەکەی لە نێو چەند تاشەبەردێکدا دۆزرایەوە. دەرهێنانی تەرمەکە نزیکەی 10 کاتژمێر بەردەوام بوو، دوای دەرهێنانی تەرمەکەیشی بە مەبەستی پشکنینی یاسایی ڕەوانەی پزیشکی دادی هەڵەبجە کرا. شێوازی مامەڵەکردنی خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ خێزانی قوربانییەکە، بووە جێی سەرنج و ستایشی هەمووان. شورای گوندی زەڵم (پێکهاتوو لە ڕیشسپی و گەنجان) بۆ ماوەی 10 ڕۆژ میوانداری خێزانی ڕوقیەیان کرد و نەیانهێشت هەست بە نامۆیی و غەریبی بکەن. ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ڕوقیە بەرەو کەربەلا ڕۆژی پێنجشەممە 18-06-2026، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجە و بەرپرسان و خەڵکی شارەکە، لە مەراسیمێکی فەرمی و پڕۆتۆکۆلیدا تەرمەکە ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە. سەدان کەس لە پیر، گەنج, ژن و منداڵ ڕیزیان بەست بۆ بەڕێکردنی تەرمی کچەکە و خەڵکی ناوچەکە نەک تەنها ئۆتۆمبێلی فریاگوزارییان دابینکرد، بەڵکو ژمارەیەک لە هاووڵاتیان یاوەری تەرمەکەیان کرد تا گەیشتەوە کەربەلا. پەیامی کەسوکاری ڕوقیە کەسوکاری ڕوقیە بەردەوام دەیاونت، مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیانی خەڵکی هەڵەبجە ئێمەی سەرسام کرد. سەلماندیان کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان نەتەوەکاندا ناکەن.  ئەم هەڵوێستە بەرزە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە. پەیامی سەرۆکوەزیران ڕۆژی پێنجشەممە 18-06-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی خەڵکی جوامێری هەڵەبجە و هەورامان کرد و گوتی: سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست و جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان هەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەوڵێکی بێ وچان و کۆششێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی ڕوقیە. پەیامی پارێزگای کەربەلا دوای گەیشتنەوەی تەرمەکە، لەلایەن نەسیف جاسم خەتابی (پارێزگاری کەربەلا) پێشوازی لێکرا. ناوبراو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، سوپاسی خەڵکی ناوچەکەی کرد. دواتر وەک وەفایەک بڕیاردرا یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی سەنتەری شاری کەربەلا بە ناوی "شەقامی هەڵەبجە"ـەوە بکرێت. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیان ڕۆژنامەنووس، کەسایەتیی دیار و هاووڵاتی عێراقی لە ڕێگەی ڤیدیۆ و پۆستەوە ستایشی مرۆڤدۆستیی خەڵکی هەڵەبجەیان کردووە. ڕووداوی خنکانی ڕوقیە، هەرچەندە ناخهەژێن بوو، بەڵام بووە پردێکی نوێی ئاشتی و مرۆڤایەتی. هەڵەبجە جارێکی تر بە جیهانی وت: ئەو شارەی قوربانیی دەستی ستەمکارییە، گەورەترین پەیامبەری لێبوردەیی، پێکەوەژیان و خۆشەویستییە بۆ مرۆڤایەتی. سەردانی خیزانەکەی ڕوقیە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڕوقیە ڕافدی تەمەن 12 ساڵ، ڕۆژی نۆی ئەم مانگە لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری کەربەلاوە بە مەبەستی گەشت و بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی سەیرانگای ئەحمەد ئاوایان کرد، بەڵام ڕوقیە کەوتە نێو سەرچاوەی ئاوی زەڵم و خنکا، تیمەکانی بەرگری شارستانیی سلێمانی، هەڵەبجە، دوکان و سۆران و خۆبەخشەکان بە گۆڕینی ڕێڕەوی ئاویی سەرچاوەی زەڵم توانییان تەرمەکەی دەربهێننەوە، خەمخۆری خەڵکی ناوچەکە و شێوازی بەڕیکردنی تەرمەکەی کاردانەوەی لێکەوتەوە و پێکەوەژیان و مرۆڤ دۆستی کوردی دووپات کردەوە. سەیرانگای ئەحمەدئاوا سەیرانگای ئەحمەدئاوا یەکێکە لە ناسراوترین، فێنکترین و جوانترین ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان، بە سروشتە سەرنجڕاکێشەکەی و ئاوە سازگارەکەی ناوبانگی دەرکردووە. ئەحمەدئاوا دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە و نزیکەی 84 کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە، سەر بە ناحیەی خورماڵە. شوێنەکە کەوتووەتە بناری چیاکانی هەورامان، ئەمەش وایکردووە دیمەنێکی شاخاوی ناوازەی هەبێت. لە وەرزی هاویندا کە پلەکانی گەرما لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر بەرز دەبنەوە، ئەحمەدئاوا کەشێکی فێنک و دڵڕفێنی هەیە. ناوچەکە داپۆشراوە بە درەختی چڕی گوێز، چنار و باخی هەنار و هەنجیر. سەیرانگاکە لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا، پێشوازی لە سەدان هەزار گەشتیار دەکات لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، تەنانەت وڵاتانی دەرەوەشەوە سەردانی دەکەن. شوێنەکە گونجاوە بۆ کەمپین، حەوانەوە و کات بەسەربردن لەگەڵ خێزاندا.

هەواڵ
21-06-2026

مزگەوتێک لە هەولێر دروست دەکرێت کە جێگای 700,000 نوێژخوێنی تێدا دەبێتە...

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی "مزگەوتی گەورەی بارزانی" دادەنێت. کە شوێنی نوێژکردن بۆ زیاتر لە 700,000 کەس لەیەک کاتدا دەبێتەوە. ئەم پڕۆژەیە لەسەر راسپاردە و فەرمانی سەرۆکی حکوومەت و لە رێگەی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و راسپاردنی ئەندازیار گۆران رەشید فەتاح، سەرۆکی تیمی "گراف" وەک تیمێکی خۆماڵی، دیزاین کراوە.  ئامانجی ئەم پڕۆژەیە، زیندووکردنەوەی تەلارسازیی کوردی و بەرجەستەکردنی سروشتی کوردستان و مێژووی ژیانی شکۆمەندی بارزانی نەمرە، کە قۆناخ بە قۆناخ و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جێبەجێ کراوە. پڕۆژەکە لەسەر رووبەری زیاتر لە 2 ملیۆن مەتر دووجا دیزاین کراوە و چەندین پێوەری جیهانیی شکاندووە. پڕۆژەکە لە چەندین بەشی گرنگ پێکهاتووە، لەوانە: هۆڵی سەرەکیی مزگەوت کە گەورەترین گومبەت و بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان لەخۆدەگرێت. هەروەها گەورەترین هۆڵی بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، و شوێنی نوێژکردن بۆ زیاتر لە 700,000 کەس لەیەک کاتدا. بەشێکی تری مزگەوتەکە بریتییە لە باخچە و دارستانی تایبەت کە زیاتر لە 1 ملیۆن دار و درەخت و گوڵ لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دروستکردنی گەورەترین شەلالی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان کە بە بەرزیی 48 مەتر دەرژێتە ناو دەریاچەیەکی دەستکرد لەناو مزگەوتەکەدا. لە روانگەی ئەندازیاری و دیزاینەوە، بیرۆکەی ئەم مزگەوتە لەسەر بنەمای ناسنامەی کوردی و نەقش و نیگاری کوردەواری دامزراوە؛ باڵەخانەی سەرەکیی مزگەوتەکە لەسەر شێوازی "رەشماڵی کوردی" و باڵەخانەکانی تر لەسەر شێوازی "خێوەتی کوردی" دیزاین کراون. بەشەکانی مزگەوت: - هۆڵی سەرەکیی نوێژکردن: جێگەی 9,000 کەس دەبێت و لەسەر گردێکی دەستکرد دروست کراوە. - حەوشە و باخچەی مزگەوت: جێگەی زیاتر لە 700,000 کەس دەبێت. - هۆڵی بۆنە ئایینییەکان. - گەورەترین کاتژمێری رۆژی. - گەورەترین نافوورەی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان. - بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان. - 4 منارە و بوونی بەرزکەرەوە (ئەسانسۆر) بۆ بینینی تەواوی شاری هەولێر. - گەورەترین گومبەت لەسەر ئاستی جیهان. - کتێبخانە و شوێنی گەورەترین ئەرشیفکردنی نووسراوە کوردی و ئایینییەکان. - هۆڵی کۆنفرانس. - مۆزەخانەی تایبەت بە مێژوو و دەستنووسی کوردی. - قوتابخانەی ئایینی. - هۆڵی نانخواردنی گشتی.  - هۆڵی تایبەت بە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان. - گەورەترین شەلالی دەستکرد و دەریاچەی دەستکرد. - گەورەترین پارک. - بازاڕی تایبەت بە کەلوپەلی ئایینی و کوردی. - شوێنی تایبەت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل.

هەواڵ
18-06-2026

دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرە گرێبەستەکان

مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت. لە لایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە، ڕاگەیەندرا کە مووچەی ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە دابەشدەکرێت کە بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون، کە شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت دەقی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی: مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت. ڕۆژی یەک شەممە ( ٢١ ی حوزەیران تا ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە گرێبەستن و تەمویلیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە. هاوکات لەهەمان کاتدا مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای ( ٢٠٢٤/٧/١ ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

هەواڵ
17-06-2026

دوای 9 ڕۆژ لە ونبوونی تەرمی ڕوقیەی تەمەن 11 ساڵان لە سەرچاوەی زەڵم دۆز...

دوای تێپەڕبوونی 9 رۆژ لە گەڕانی چڕ و بەردەوام، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە توانییان تەرمی ئەو کچە منداڵە بدۆزنەوە کە لە هاوینەهەواری زەڵم لە دەڤەری هەورامان کەوتبووە ناو ئاو و خنکابوو. لە رۆژی 9ـی حوزەیرانی 2026، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ کە لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری کەربەلاوە بۆ گەشتکردن سەردانی هاوینەهەواری زەڵمیان کردبوو، کەوتە ناو ئاوەکەوە و بەهۆی خێرایی و زۆریی ئاوەکەوە خنکا. زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە رایگەیاند: "دوای هەوڵێکی زۆر و بەکارهێنانی چەندین شێوازی جیاوازی گەڕان لەلایەن تیمەکانمانەوە، سەرەنجام تەرمی کچە گەشتیارەکە لەناو ئاوەکەدا دۆزرایەوە." ئاماری خنکان لە هەرێمی کوردستان: سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 29 کەس لە هەرێمی کوردستان خنکاون و زۆرترین رووداویش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تۆمار کراوە.

1 2 ... 17 18 19 ... 1142 1143