چارەنووسی کابینەی وزاریی نوێی عێراق لە نێوان پشووی پەرلەمان و سازانی لایەنەکاندا
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی فەرمی “سەباح”، کە ڕۆژی 08-06-2026 بڵاویکردووەتەوە، دۆسیەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و تەواوکردنی کابینەی وزاری بە فەرمی دواکەوتووە و یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکان کەوتووەتە دوای پشووی یاسادانانی پەرلەمان. ئەم دواکەوتنە لە کاتێکدایە شەقامی عێراقی چاوەڕێی هەنگاوی خێرا دەکات بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی خزمەتگوزاریی حکومەت.
گرنگیی تەواوکردنی کابینەکە بۆ کارنامەی حکومی
کولسول موخلس، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە کۆتاییهێنان بە دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت، دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ ستافی وزاری دەڕەخسێنێت تا بەبێ کۆسپ دەست بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان بکەن. هاوکات حەسەن ساعدی، وەک چاودێرێکی سیاسی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، جەخت دەکاتەوە ئەم بابەتە هێشتا لە لووتکەی کۆبوونەوەکانی سەرکردە هێزە شیعەکاندا ماوەتەوە و سەرۆکوەزیران هەوڵی تەواو دەدات بۆ پەلەکردن لە پرۆسەکە.
ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نائاسایی
قوسەی عەباس، ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی بەدر ئاشکرای دەکات، بڕیار بوو دەنگدان لەسەر وەزارەتە بەتاڵەکان دوای پشووی جەژن بێت، بەڵام دەستپێکردنی کتوپڕی پشووی یاسادانانی پەرلەمان بووە هۆی پەککەوتنی پرۆسەکە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو ڕوونی دەکاتەوە ئەگەر ئیرادەیەکی جددیی سیاسی و پەرلەمانی لە ئارادا بێت، پشووی یاسادانان نابێتە ڕێگر و دەکرێت پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی تەنیا بۆ دەنگدان بە وەزیرەکان ساز بکات.
کێشەی نۆ وەزارەتە یەکلانەکراوەکە و پرسی بودجە
لە ئێستادا نۆ وەزارەتی گرنگ لە کابینەی نوێدا بەبێ وەزیر ماونەتەوە، لە نێوانیاندا وەزارەتە سیادییەکانی وەک بەرگری و ناوخۆ هەن. یەکێکی دیکە لەو وەزارەتە هەستیارانەی کە ململانێی لەسەرە وەزارەتی پلاندانانە، لەم قۆناغەدا ڕۆڵێکی سەرەکی و ستراتیژی هەیە لە داڕشتن و ئامادەکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا، بەو پێیەی بەبێ یەکلاییکردنەوەی ئەم پۆستە، مەترسیی دواکەوتنی پڕۆژە ئابوورییەکان و بودجە زیاتر دەبێت.
ڕەهەندە سیاسییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم سازان
لە پشت پەردەی ئەم دواکەوتنەوە، ململانێی نەریتیی هێزە سیاسییەکان کورد و شیعە، سوننە، لەسەر دابەشکردنی پشکەکان و پۆستە سیادییەکان بەردەوامە. بەشێک لە چاودێران پێیان وایە پشووی پەرلەمان تەنیا بەهانەیەکی یاساییە، بەڵکو هۆکاری ڕاستەقینە نەگەیشتنی لایەنەکانە بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ناوی کاندیدەکان. ئەگەر لەم ماوەیەدا سازانی سیاسی نەیەتە بەرهەم، حکومەتی نوێ ناچار دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژتر بە شێوازی وەکالەت کارەکانی بەڕێوەببات، ئەمە تەمەنی چاکسازییەکان درێژخایەنتر دەکات.
ڕاسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت
لە ڕێککەوتی 27ـی نیسانی 2026، دوای چەندین هەفتە لە بنبەستی سیاسی و کێشەی نێوخۆیی چوارچێوەی هەماهەنگی، عەلی زەیدی وەک کاندید دەستنیشانکرا، لەلایەن نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری نوێی عێراقەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێردرا.
لە ڕێککەوتی 14ـی ئایاری 2026، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیدا، عەلی زەیدی سوێندی یاسایی خوارد، بەڵام هێشتا نۆ وەزارەتی کابینەکەی ماونەتەوە. زەیدی وەک گەنجترین سەرۆکوەزیرانی مێژووی عێراق دادەنرێت کە تەمەنی 40 ساڵە.
ناوی سەرجەم وەزارەتەکانی عێراق
وەزارەتە سیادییەکان: بەرگری، ناوخۆ، دەرەوە، دارایی، نەوت.
وەزارەتە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان: تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ئاوەدانکردنەوە، گواستنەوە، کارەبا، پلاندانان، بازرگانی، کشتوکاڵ، سەرچاوە ئاوییەکان، پیشەسازی، کۆچ و کۆچبەران، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکان.
وەزارەتە ڕۆشنبیری و مرۆییەکان: داد، ڕۆشنبیری، لاوان و وەرزش، ژینگە.