پەروەردە ڕێنمایی توند بۆ تاقیکردنەوە وزارییەکان دەردەکات: بردنە ژوورەوەی مۆبایل و وێنەگرتنی پرسیارەکان قەدەغەیە

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زنجیرەیەک بڕیار و ڕێنمایی توندی بۆ تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی دەرکرد. بڕیارەکان بە مەبەستی پاراستنی شەفافییەت و ڕێگریکردن لە هەر سەرپێچییەک دەرکراون و هۆشداری توندیش دەدرێتە قوتابیان و مامۆستایان.

بەپێی ڕێنماییە نوێیەکانی وەزارەت، بردنە ژوورەوەی مۆبایل، هەر جۆرە کاتژمێرێک و ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بۆ ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە. ئەم بڕیارە نەک هەر قوتابیان، بەڵکو سەرپەرشتیار و چاودێرەکانیش دەگرێتەوە:

بۆ مامۆستایان: هەر مامۆستایەک مۆبایل بباتە ژوورەوە، بە “هاوکاری گزی (قۆپیە)” هەژمار دەکرێت و ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە دەبێتەوە.

بۆ قوتابیان: پابەندن بەوەی پەڕەی پرسیار و پەڕەی وەڵام (سۆما) پێکەوە ڕادەستی چاودێرەکان بکەنەوە. هەر قوتابییەک پەڕەی پرسیارەکەی نەگەڕێنێتەوە، نمرەی ئەو بابەتەی بۆ هەژمار ناکرێت.

وەزارەتی پەروەردە جەخت دەکاتەوە کە وێنەگرتنی پرسیارەکان و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێڵی سوورە و تەنانەت مامۆستایان و سەرپەرشتیارانیش بۆیان نییە بڵاویان بکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، میکانیزمی تایبەت بۆ ناسینەوەی سەرچاوەی هەر وێنەیەک دانراوە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێنەوە.

بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ قوتابیان، هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن بۆی نییە ڕووماڵی ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە بکات. زانیاری و ئامارەکان تەنیا لە ڕێگەی گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتەوە بۆ میدیاکان دەخرێنە ڕوو.

خشتەی کاتیی تاقیکردنەوەکان

پۆلی 9ـی بنەڕەتی (خولی دووەم): لە 15ی حوزەیرانی 2026 دەستپێدەکات.

پۆلی 12ـی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی):

خولی یەکەم: لە 14ی حوزەیرانی 2026 دەستپێدەکات و لە 08ی تەممووزی 2026 کۆتایی دێت.

خولی دووەم: لە 11ی ئابی 2026 بەڕێوەدەچێت.

ھەواڵی زیاتر