پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ لایەنە سیاسییەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جیا لە پیرۆزبایی، داوایەکی گرنگی ئاراستەی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان.

سەرۆک مەسعود بارزانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان کرد، بەتایبەتیش جەژنی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم هاونیشتمانییان پیرۆز کرد.

سەبارەت بە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی داوای لە لایەنەکان کرد بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی بەرتەسکەوە دابنێن. ئەو گوتی: “پێویستە واز لە ململانێی بێ ئەنجام و ئەو خۆخۆرییە بهێنن کە ماوەیەکە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بە دەستیەوە دەناڵێنێت.”

سەرۆک بارزانی داوای کرد دوای پشووەکانی جەژنی قوربان، لایەنە سیاسییەکان بە دڵسۆزی و هەستی نیشتمانپەروەرانەوە بەیەکەوە کۆببنەوە تاوەکو کۆتایی بەو “چەقبەستووییە سیاسییە” بهێنن. جەختیشی کردەوە کە ئەمە ئەرکێکی ویژدانی و نەتەوەییە و دەبێت لایەنەکان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و بگەڕێنەوە سەر رێگەی راست.

لە کۆتاییدا هیواشی خواست ئەم جەژنە ببێتە دەستپێکێک بۆ باشتربوونی بارودۆخی هەرێمی کوردستان، تێپەڕاندنی گرفتە سیاسییەکان و بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا.

ھەواڵی زیاتر