سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات هاوەڵی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ناوەرۆک و دەرەنجامی ئەو 22 کۆبوونەوە و دانیشتنەی خستە ڕوو کە مەسرور بارزانی، لە ماوەی دوو ڕۆژدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت و حزبە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامی دابوون.
کێشەی مووچە و گەنمی جووتیاران
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: “لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، مەسرور بارزانی، جەختی کردەوە کە نابێت مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە دوای مووچەی فەرمانبەرانی عێراقەوە بدرێت؛ لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق هاوڕابوونی خۆی نیشانداوە و وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە کە پێویستە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت.”
هەروەها باسی لەوەش کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا گرفتی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هێنراوەتە بەرباس، بە تایبەت ئەو ناحەقییەی لە دیاریکردنی بڕی گەنمی وەرگیراوی ئەمساڵدا لە دژیان کراوە، لەم بارەیەوە وەزیری کشتوکاڵی عێراق بەڵێنی هاوکاری داوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەنمی جووتیاران و هەر بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە کەرتی کشتوکاڵەوە.
پرسی گومرگی نێوان هەرێم و بەغدا
لەبارەی دانانی دەروازە و وەرگرتنی گومرگ لە کاڵای ناوخۆیی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان گوتوویەتی: “لە کوێی دونیادا هەبووە لەنێوان هەرێمێک دەروازە دابنێیت و گومرگ لە کاڵای ناوخۆیی وەربگیرێت”. بەپێی گوتەی د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە وەڵامدا گوتوویەتی کە ئاگاداری ئەو بابەتە نییە.
سەرسامیی بەغدا بە چاکسازییەکانی هەرێم
د. شاخەوان ئاماژەی بەوە کرد کە بەشی زۆری لایەنە عێراقییەکان سەرسامیی خۆیان بە هەنگاوەکانی چاکسازیی هەرێمی کوردستان نیشانداوە، تەنانەت سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردووە هەرێم لەم چاکسازییانەدا هاوکاریان بێت.
هاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عەممار حەکیم، کە پارێزگاری نەجەف و چەند وەزیرێکیشی بانگهێشت کردبوو، وەزیری دارایی و عەممار حەکیم سەرسام بوون بەو چاکسازییانەی لە کەرتی کارەبا و کشتوکاڵی هەرێمدا کراون و داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە سوود لەم ئەزموونە وەربگرێت. لەو دانیشتنەدا وەزیری دارایی باسی ئاستەنگەکانی بەردەم خۆی کردووە و وتوویەتی: “کێشەی گەورەی نەختینەمان هەیە، ئەو پارەیەی هەیە لە ماڵەکانە و ناچێتە بانکەکان.” لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە کە دەیانەوێت بە نەفەسێکی نوێوە مامەڵە بکەن، وەزیری دارایی عێراقیش کە باوەڕی بە چاکسازی هەیە و حەز بە هەدەردانی پارە ناکات، گوتوویەتی: “پارێزگاکانی هەرێم و عێراق وەک یەک دەبینین.”
پەیوەندییە سیاسییەکان و دۆخی پارێزگاکان
سەبارەت بە کەسایەتی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕوونی کردەوە کە عەلی زەیدی پێشووتر هیچ هێزێکی سیاسی لە پشت نەبووە، بۆیە لە ڕابردوودا هیچ هەڵوێستێکی توندی دژی هەرێم نەبووە؛ زەیدی داوای هاوکاریشی کردووە کە هەرێم لە بواری غاز و کارەبادا هاوکاری عێراق بکات.
سەبارەت بە بنەماڵەی حەکیم، د. شاخەوان باسی لەوە کرد کە ئەوان پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ بنەماڵەی سەرۆک بارزانی هەیە و ڕێزێکی زۆر بۆ پێگەی هەرێم دادەنێن.
لە لایەکی دیکەوە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ پارێزگاری بەسرە، شاندی هەرێمی کوردستان بۆیان دەرکەوتووە کە پارێزگاکانی عێراق بەرەو لامەرکەزیەتی ئیداری دەڕۆن و موعاناتی ئەوانیش لەگەڵ حکومەتی عێراق زیاترە. لە پرسی دەستووریشدا، هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی جەختیان لەسەر پابەندبوون بە دەستوور کردووەتەوە و سەرۆکوەزیرانی کوردستانیش گوتوویەتی: “لە مافەکانی خۆمان زیاترمان ناوێت.”
نیگەرانییەکان لە پەرلەمان و پێگەی سەرۆک بارزانی
د. شاخەوان عەبدوڵڵا ڕایگەیاند کە دانیشتنی پەرلەمان نیگەرانی زۆری لای لایەنە عێراقییەکان دروست کردووە. لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ محەممەد حەلبووسی و هەیبەت حەلبووسی، جەخت کراوەتەوە کە نابێت تەوافق پەک بخرێت. حەلبووسی پاساوی بۆ گلەییەکانی دوا دانیشتنی پەرلەمان هێناوەتەوە بەوەی دەیانویست حکومەتەکە تێپەڕێت و دواتر گلەییەکان چاک بکرێنەوە. هەروەها ڕایانگەیاندووە: “سەرۆک بارزانی یەکێکە لە سەرکردە دروستکەرەوەکانی عێراقی نوێ و هەڵوێستی هەرێمی کەردستان لەبیر ناکەین،” پاشان بەڵێنیانداوە کە سەردانی هەولێر بکەن. سەبارەت بەو بەربژێرانەش کە دەنگیان نەهێناوە، سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کردووە کە دادگا یەکلایی دەکاتەوە ئایا دەتوانن دووبارە خۆیان کاندید بکەنەوە یان نا.
دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان
سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان و هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، د. شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشکرای کرد کە ئەم بابەتە لە داواکاری هەرێمی کوردستان دەرچووە؛ لەبەر ئەوەی لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا لایەنە شیعەکانیش هاوڕابوون کە پێویستە ئەم دۆسیەیە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە ناکرێت ئەو گرووپانە زیان بە سومعەی عێراق بگەیەنن و ئەو پەیوەندییانەی عێراق لە ماوەی چەند ساڵێکدا لەگەڵ وڵاتان دروستی دەکات، لە ناوی ببەن.