بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاگاداری بۆ کەسانە بڵاوکردووەتەوە کە زەوییەکانیان بەر پشتێنەی سەوزایی هەولێر کەوتووە، بچن سەردانییان بکەن بۆ وەرگرتنی قەرەبوو.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند “هەموو ئەوانەی زەوییان بەر قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی کەوتووە، دەتوانن سەردانمان بکەن و قەرەبووی زەوییەکەیان وەربگرن، قەرەبووەکەش بە زەوی نیشتەجێبوون دەبێت.
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە پشت شەقامی 150 مەتری و لەنێوان رێگەی پیرمام و بەحرکەیە. هێمن سەید موراد دەڵێت: “قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بووە کە 500 هەزار نەمام ڕووێندراوە؛ بۆیە قەرەبوو دەستپێدەکات”
کۆی پڕۆژەکە هەشت قۆناخ دەبێ بە دەوری هەولێردا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 30-10-2025 بەردی بناخەی پشتێنەی سەوزی هەولێری دانا و رایگەیاند، بە تەواوبوونی “پشتێنەی سەوز و رێڕەوی ژیان”، قۆناخێکی دیکە لە هەولێر دەستپێدەکات و دەبێتە یەکێک لە شارە هەرە گرنگەکانی ناوچەکە.