3ی10ی 1932.. ڕۆژی جاڕدانی نێودەوڵەتیی داگیرکردنی کوردستانە

ئەمڕۆ (3ی ئۆکتۆبەری 2022)؛ ساڵڕۆژی بەئەندامبوونی دەوڵەتی عێراقە لە کۆمەڵەی گەلان.

(3ی10ی 1932)، کە هاوکاتی کۆتاییهاتنی ماندێتی (ئینتیداب)ی بەریتانیایە بەسەر دەوڵەتی دروستکراوی پاشایەتیی عێراق؛ کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان؛ ئیدی لەوڕۆژەوە سەروەریی وەدەست هێنا و بوو بە دەوڵەتێکی تەواو سەربەخۆ.
بەڵام، ئەو بۆنەیە بۆ کورد لە باشووری کوردستان و بگرە بۆ تەواوی کوردستان، ڕۆژێکی ڕەشە؛ چونکە بوونی عێراق بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەر و دانپیانراو لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە؛ ئیدی ئەمە بە مانای ڕەوایەتیی بەخشینی (ناڕەوای) نێودەوڵەتی بوو بە داگیرکردنی ئەم بەشەی کوردستان (باشوور) و ئیدی لەوەبەدواوە دەرگا لەسەر هەموو هەوڵ و داخوازیێکی کورد بەتەواوی داخرا؛ کە وەک نەتەوە و نیشتمانێکی داگیرکراو داوای مافی سەروەربوونی خۆی بکا. نەک هەر هێندە، ئیتر لەناو ئەو دەوڵەتەدا و بە پشتیوانیی بەریتانیا و دواتر زلهێزەکانی تریشەوە؛ هەموو هەوڵێک چ بە نەرمی و چ بە ئاگر و ئاسن و کوشتاریشەوە درا، تا کورد؛ داگیرکردن و ژێردەستەبوون وەک قەدەرێکی سەپێنراو و چەسپاوی نێودەوڵەتی قبووڵ بکا و ڕێی توانەوە لەناو نەتەوەی عەرەبدا (لە بەشەکانی تریشدا، لەناو نەتەوەکانی فارس و تورک) بە تاکەڕێگای قبووڵکراو ببینێ، بەڵام خۆشبەختانە، کورد بە هەموو شێوازەکانی بەرەنگاری و بەرخۆدان، تا ئەم ساتەوەختەش، ئەو قەدەرەی ڕەت کردەوە؛ هەرچەندە بە زۆر دۆخی توندوتیژ و خوێناویشدا تێپەڕیوە.

لێرەدا؛ ئەبێ ئاماژە بەوەش بدەم، لە ڕێكکەوتنی (لۆزان )ەوە؛ کە بەهۆیەوە (سیڤەر) هەڵوەشایەوە و دواتریش بەریتانیا و کۆمەڵەی گەلان لە (1926)دا، لە سیناریۆیەکی گوماناویدا، ویلایەتی مووسڵیان بە دەوڵەتی دروستکراوی عێراقەوە لکاند و گرێ دا؛ کە هەموو باشووری کوردستان بە کەرکووکیشەوە، بەشێک بوو لە ویلایەتی مووسڵی عوسمانی، بەڵام بەدەر لە کێشەی مووسڵیش، ناوچەکانی خانەقین و گەرمەسێر بە قازانجی عێراق یەکلا ببوونەوە؛ چونکە ئەو ناوچانە (خانەقین و گەرمەسێر) سەر بە ویلایەتی بەغدای عوسمانیی بوون و بەشێک نەبوون لە دۆسیەی (کێشەی مووسڵ)، کە لەنێوان بەریتانیا و تورکیادا ماوەیەکی زۆر کێشمەکێش و هەروەها دانوستانی لەسەر بوو.

لەڕاستیدا، لەو مێژووەوە زەمینەسازیی بێبەشکردنی کورد (باشوور) کرابوو، تا لە هەموو ئەو مافانە بێبەش بکرێ؛ کە لە (سیڤەر)دا هاتبوون، بەڵام دواجار؛ کە دەوڵەتی پاشایەتیی عێراق؛ بە جوگرافیای ئێستایەوە، بەفەرمی وەک دەوڵەتێکی سەروەر دانی پێدا نرا؛ ئیتر کورد (باشوور) تا دوای پتر لە هەفتا ساڵ؛ لە هەموو ڕەهەندە جیاجیاکانەوە لەژێر جەور و ستەمی داگیرکردندا بوو، بەڵام وەک جاری تریش گوتوومە؛ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان (25ی 9ی 2017) تیۆرییەکی نوێی سەربەخۆیی باشووری کوردستانی بەرهەم هێنا؛ کە تەفسیرکردنەکانی ئەوانی دیكەی هەر لە (کۆمەڵەی گەلان) و (بەریتانیا) و (دەوڵەتی عیراقی ئەوساوە) تا تەفسیرەکانی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوشێوەکانی و عێراقی ئێستا و بەریتانیا و ئەمریکا و زلهێزەکانی دیكەی دنیا و ناوچەکە ڕەت کردەوە و بە هەمووانی گوت: “ئیتر کورد خۆی بۆی هەیە مافەکانی خۆی تەفسیر و پێناسە بکات، نەک ئەوانی دیکە”.

بۆیە؛ ئەمڕۆ (3ی10) بۆ کورد بیرهێنانەوەی ڕووداوێک و ڕۆژێکی شووم و تاریک و نەگبەتە و کەسیشمان ناچار نین لەدەرەوەی بۆنەیەکی کارەساتباردا یادی بکەینەوە. من خۆم بیرهێنانەوەی ئەو ڕووداوە؛ وەک سەرلیستی ڕووداوە تراژیدییەکانی نەتەوەکەم هەژمار دەکەم و هەر ئەوەندە بە ڕەوای خۆم ئەبینم، کە نەفرەتی لێ بکەم؛ چونکە ئەمە تۆماری داگیرکردنێکی نوێی چەشنی دڕندانەیە؛ لە بابەتی تیۆرییەکەی مامۆستا بێشکچی؛ کە ئەو ستایلە لە داگیرکردن بە کۆلۆنیالزمی نێودەوڵەتی ناودێر کردووە.

ئەمە هیچ پەیوەندی و ڕایەڵێکی ئەخلاقی بۆ منی کورد و تۆ و ئەوانی دیكەی کوردەوە تێدا نییە؛ چونکە ئەمە ڕۆژی جاڕدانی داگیرکردنی کوردستانە.

ھەواڵی زیاتر