ئەو پەرلەمانتارانەی کە دەچنە بەغدا، لەوێ رووبەڕووی چەندین پلانی تێوەگلان بە کردەی ئابڕووبەرانە و گەندەڵی دەبنەوە و دواتر لە بەرامبەر ئەوەدا هەڕەشەی بێدەنگبوونیان لێدەکرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، هەر پەرلەمانتارێکی کورد دەچێتە بەغدا، چەند کەس و گرووپ هەن هەوڵدەدەن لە سەرەتاوە دەستەمۆیان بکەن و ڤیدیۆیان لێبگرن و وتیشی” ئەو کەسانەی ئەو کارانە دەکەن لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانیشدا هەن”.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کارە بەرامبەر بە چەند کوردێک و چەند سوننەیەکیش کراوە، لەبەرامبەر بڵاونەکردنەوەی ڤیدیۆکانیان، لە پەرلەماندا هەر کارێکیان ویستبێ بە پەرلەمانتارەکەیان کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو پەرلەمانتارانەی دەچنە بەغدا، سەرەتا ئافرەتێکی لێ نزیک دەکەنەوە و دواتر دەیبەنە شوێنی تایبەت و ڤیدیۆی ئابڕووبەرانەی تۆماردەکەن و بەو ڤیدیۆیەش هەڕەشەی لێدەکەنەوە.
ئوسامە جەمیل، پەرلەمانتاری پێشووتری پەرلەمانی عێراق دەڵێ” یەکەم رۆژ کە چوومە پەرلەمان، سیمکارتێکیان پێداین، دوای کەمێک ئافرەتێک پەیوەندی کرد و وتی: کچی جوانمان هەیە لە 14 ساڵی تاوەکو 40 ساڵی، ئەگەر دەتەوێ با بۆت بهێنین، منیش رەتم کردەوە، کەچی دوای کەمێکی دیکە دیسان پەیوەندی کردەوە، تاوەکو پێمنەگوت من ئیسلامیم و نوێژ دەکەم، وازی نەهێنا”.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێ” جگە لەم رێگەیە، بە رێگەی پارە و پرۆژە و پێدانی مۆڵەتی بازرگانی، چەندین پەرلەمانتار لە خشتە براون”.