بەشی هەرە زۆری دانیشتووانی باشووری کوردستان مسوڵمانن، لەنێو مسوڵمانانیشدا چەندین بەرە و حزب و گرووپ هەن، دیارترین بەرەی نا سیاسییش سۆفی و دەروێشن، واتە شوێنکەوتووانی ئەهلی نەقشی و قادری.
لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە، هێزە شیعییەکان بە پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێران، جگە لە تەعریب، دەستیان بە تەشەیوعیش کردووە. بۆ ئەم هەوڵەش سەرەتا لە نێو گرووپە ئیسلامییە رووحانییەکانەوە دەستیان پێکردووە.
شوێنکەوتوویەکی ئەهلی قادری “دەروێش” کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکەین و ئێستا لە سنووری کەرکووکە بە باڵکێشی ڕاگەیاند، شیعەکان بە بەرنامە و بڵاوکردنەوەی فکر لە رێگەی وتار و نامیلکە و کتێبەوە، هەوڵی تەشەیوع دەدەن و هەندێ جاریش پارە دەخەنە خزمەتی هەندێ کەس و لایەنەوە بۆ ئەوەی کارئاسانییان بۆ بکات.
ژمارەیەکی زۆر لە پەیڕەوانی تەریقەت لە سنووری کەرکووک و سلێمانی هەن، ئێرانیش بەپێی بوونی هەژموونی لەو سنوورە، ئامانجییەتی لەو سنوورەوە دەست بە بڵاکردنەوە و جێبەجێکردنی پلانەکانیش بکات.
ئەو دەروێشە دەڵێ” بەو پێیەی هەندێ بۆچوونی هاوبەش لەنێوانماندا هەیە، هەوڵدەدەن لە خشتەمان ببەن”.
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بە فەرمی چوونی بۆ سەر مەزهەبی شیعە رانەگەیاندووە، بەڵام وەک ئەو دەروێشە دەڵێ” بە فکر بە شیعە کراون و پرۆسەکەش بەردەوامە”.